چین تاوانبارە لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرونا

Saturday, 07/03/2020, 11:15

6660 بینراوە


لەمەڕ سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرونا هەریەکەی لە لایەن خۆیەوە ووڵاتێ یان لایەنێ تاوانبار دەکات بەبێ هیچ بەڵگەیەکی کۆنکریت. ئەمریکا،ماسۆنی،زایۆنیزم، خودی ڕژێمی چین تاوانبار دەکرێن، لە هەمووی خۆشتر لە هەندێ شوێن باس لەمە دەکرێت بەر لە ١٤٠٠ ساڵ پێغەمبەر محمد باسی کردووە چۆن خۆمان لە پەتای کوشندە بپاریزین دەقاو دەق ئەو پەتایە ڤایرۆسی کرۆنایەی ئێستایە.
گریمان ئەو بۆچوونانەی سەرەوە هەمووی بێ بنەمان و ئەو ڤایرۆسە لە ئاژەڵ پەڕیوەتە مرۆڤ. من باس لە بڵاوبوونەوەکەی کۆرونا دەکەم نەك سەرهەڵدانەکەی. لەمەڕ بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە کوشندەیە ڕژێمی چین بەرپرسیارە، بەگوێرەی زۆر لەسەرچاوەکان لە مانگی ١١ و ١٢ ی پارساڵ ئەم ڤایرۆسە سەری هەڵداوە کەچی چین بێدەنگی هەڵبژارد دونیای ئاگادار نەکردەوە وایانزانی بە ئاسانی کۆنترۆلی ئەو پەتایە دەکرێت. وابزانم زۆرینەمان چیرۆکی دکتۆرە گەنجەکەی وهانمان بیستووە، دکتۆرێکی گەنج هاوڕێکی ئاگادار دەکاتەوە و دەڵێت نەخۆش بینراوە هەندێ لە نیشانەکانی ئەم نەخۆشەیە لە پەتای سارس دەچێت کە ساڵی ٢٠٠٢ ڤایرۆسی سارس لە چین سەری هەڵدابوو. هاوڕێی ئەم دکتۆرە گەنجە ئەم هەواڵە لە فەیسبوك بڵاودەکاتەوە، یەکسەر پۆلیس دەچنە لای دکتۆرە گەنجەکە و ئاگاداری دەکەنەوە دەمی دابخات و ئەم جۆرە هەواڵە بێ بنەمایانە بە گوێی خەڵکا نەدا. ئەم دکتۆرە گەنجەش دوای ماوەیەك بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانی لەدەست دا. ئێستا ئەگەر چین ووڵاتێکی ئازاد بوایە لە جیاتی هەڕەشە لەم دکتۆرە و هاوڕێکەی بکرێت بە دواچوون دەکرا و لێکۆڵینەوە دەکرا لەوانەیە هەرزوو کۆنترۆلی ئەو پەتایە بکرایە.
ئێستاش واپێدەچێت ئەو پەتایە درێژە بکێشێت و کەس نازانێت دواڕۆژ چۆن دەبێت. ئێمەی کورد پێویستە هەندێ هەڵسوکەوتی ڕۆژانەمان بگۆڕین، ماچی یەکتر نەکەین، تەوقە لەگەڵ یەکتر نەکەین، کاتێ لەگەڵ یەکتر قسە دەکەین زۆر لە یەك نزیك نەبینەوە. تف فڕێ نەدەیەن لە هەمووی ناشیرینتر و ترسناکتر بەڵغەم فڕێ نەدەین. پێویستە لاشەی مردوو بە ڤایرۆسی کۆرونا نەشوردرێت هەر بە بلدۆزەر ژێرخاك بکرێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە