دکتۆر قەرەچەتانى.. لە قاپی تەویلەکەى بارزانی ئەدات

Tuesday, 24/03/2020, 23:19

25725 بینراوە


قوڕى هەموو جیهان بەسەرى ئەو میللەتە داماوە، ئەمە دکتۆرەکەى بێت کەوا ئەڵێت:

 (سڵاو لە گیانی پاکت باوکە گیان، حەز دەکەم پێت ڕابگەیەنم تۆ هەتا ئەو رۆژەی کە ماڵئاویت لێکردین هەر دەتوت هیچ کەس وەک پارتی و کاک مسعود و بارزانی باوک دڵسۆزی کورد نین و لە زۆر کۆڕ و کۆبوونەوە لەسەر ئەو بۆچوونەت کێشەت بۆ خانەوادەکەمان دروست دەکرد و مامە سابیرم کە برا بچووکتە پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلول بوو دوای ئەوەێ ٩ شەو لە قوڵە پووشینەی شاخی پیرەمەگرون بە بریندای مایەوە و تا شەهید بوو کەس بە دەنگیەوە نەچوو. هەموو پارتیەکانی گوندی قەرەچەتان ئەو راستیە دەزانن.
بەڵام بەداخەوە ئەوە سێ شەوە تۆ لە ژێر خاکی یەکێک لە بچووکترين ئەندامی لقی چواری ئەو پارتەی هەر دیفاعت لێدەکرد تەنها بە کۆمێنت یان تەلەفۆنێکیش بەشداری پرسەکەتیان نەکرد لە کاتێکدا هەر ئەم شەو لە بارەگای بارزانیەوە دوو پرسە نامە ئاراستەی دوو بنەماڵە کراوە.
لەوانەیە باوکە گیان هۆکارەکەی ئەوە بێت كه ( ) ئەگینا دەبوایە ئەوەندە وەفایان بۆ برای شەهید و پێشمەرگەیەکی خۆیان هەبوایە کە زیاتر لە دوو ساڵ لەسەر جێگا کەوتبویت یەک کەسیان بهاتایە پێنج خوولەک سەردانیان بکردیتایە، یان هیچ نەبوایە دوای مردنەکەت بە تەلەفونێک بەشداری پرسەکەتیان بکردایە، هیوادام ئەمە لەگەڵ خانەوادەی شەهیدانی تر دووبارە نەبێتەوە، روحت شاد.)
د.شەریف قەرەچەتانی
--------------------------------------
  ئەمە نامەکەى دکتۆر کەریم قەرەچەتانیە، مافم بەخۆم نەدا قسەیەکى لەسەر بکەم، چاوەڕێ بووم نەوەکو پەشیمان ببێتەوە یان ڕەتى بکاتەوە، هەتا ئەم کاتە هیچکام لەوانە نەبوو، ئێستا کاتیەتى قسەى لەسەر بکرێت.
لە سەردەمێکدا کە ڤایرۆسى کرۆنا بەرۆکى بەخەڵکى کوردستان و جیهان گرتووە و ژیانى ملیۆنەهاى خستۆتە گرەوى مەرگەوە، لەسایەى حکومەتێکى ؛ تاڵانکەرى گیرفان و داهاتوى خەڵک، حکومەتێک کە سیاسەت و پلان و چارەنوسى خەڵکى لە لا نامۆیە و هیچ مەخزونێکى ستراتیژى بۆ بەرەنگاربونەوە و قاتوقڕى لە لا نییە. بەهیمەت و بەئاگایى خەڵک و خەمخۆران و دکتۆران و کارمەندانى تەندروستى دڵسۆز، کە بەتەنگ ژیانى خەڵکەوەن، بەوەش تروسکەیەکى هیوا بەخش پەخشبووە، ئینسان ئاهێک بە گیانى شەکەتیدا دێتەوە.
ئا لەم سەردەمى کرۆنا و نەهامەتى و مەرگە نادیارەدا ئەبوایە دکتۆر قەرەچەتانى ڕۆڵى کاریگەر و بەرچاوى هەبوایە و ڕینمایى تەندروستى دەروونى بدایە و ورەى هاوڵاتیانى بەرزبکردایەتەوە، لەکاتێکدا ڕێکخراوى تەندروستى جیهانى (WHO) ڕینماییەکى شەش خاڵیى دەرکردووە لەو بارەیەوە: ئەم ڤایرۆسە نە ڕەگەز و نەجوگرافیا ناناسێت، نابێت توشبوان بە قوربانى بناسێت، بەلکو وەکو کەسانێک کە بەرەنگارى کرۆنا ڤایرۆس ئەبنەوە، دوورکەوتنەوە لەو هەواڵ و باسانەى ئەبنە مایەى نەسرەوتن و دڵەڕاوکێ، خۆت بپارێزە هەتا خەڵکیش پارێزراوێت....هتد.
ئەوەى بەرنامە تەلەفیزیۆنیەکانى دکتۆر قەرەچەتانى بینیبێت، ئەڵێت: هەمومان مردنێک قەرزدارین، ڕاستیکەى ئینسان شەرمەزار ئەبێت کە گوێبیستى ئەوە ئەبێت، بۆ لە برى پەیامى ژیندۆستى ئەم دکتۆرە پەیامى مەرگى پێیە، ئەگەر دکتۆر لە وڵاتێکى پێشکەوتودا بوایە خۆیان ئەبرد بۆ چارەسەرى دەروونى، با لە سۆنگەى ئەم مەرگدۆستیەى دکتۆرەوە بزانین چ پەیامێکى بۆ مەرگى باوکى پێیە؟
دکتۆر پەیامى باوکى بەم میللەتە کرۆنا گەستەیە ئەگەیەنێت کەوتویەتى:
حەز دەکەم پێت رابگەیەنم تۆ هەتا ئەو رۆژەی کە ماڵئاویت لێکردین هەر دەتوت هیچ کەس وەک پارتی و کاک مسعود و بارزانی باوک دڵسۆزی کورد نین.
دکتۆرێکى زانکۆ کە چەندەها نەوەى لەبەردەستدایە، شەرمهێنەر و ڕوو ڕەشى نییە کە قسەیەکى وەها بڵێتەوە و بیکات بەدەروازەیەک هەتا لەقاپی تەویلە و بارەگاى مەسعود بارزانی پێبدات.
* چ سوکایەتییەکە دکتۆرێکى زانکۆ، مێژووى خیانەت و ناپاکى و عەمالەت و ئاشبەتاڵ و کوشتن و زیندانیە ترسناک و پڕ لە مەرگەکانى ڕایات و خەلان و کلکە لەقێى مەلا مستەفا بۆ شاهەنشاى ئێران و کوڕەکەى بۆ خومەینى و سەدام و ٣١ى ئاب، ڕیفراندۆمى میتى تورک و ٢٩ ساڵ دزیى و ڕاو ڕوت و نەوتدز و گومرگ دز و گیرفانى هاوڵاتیان دز، بڵێت دڵسۆزیە.
* چ سوکایەتییەکە دکتۆرێکى زانکۆ بۆیاخى دڵسۆزى بدات لە حیزبێکى بە ناو (دیموکراتى) کە ٧٤ ساڵە دوو سەرۆکى بەڕێکردوە و ئەویش کوڕ و باوک، ئەم میللەتە ئەوەندە دەبەنگە کەسانى شایستەى تێدا نییە بێجگە لەم بنەماڵە کێویە و نەوەکانیان !
* چ سوکایەتییەکە بۆ دکتۆرێکى زانکۆ، کوتاڵى دڵسۆزى ئەئاڵێنێت بە باڵاى مەلا مستەفا و بێچوەکەى، کە ئەوەتى هێنراونەتە مەیانى سیاسەتەوە: خەریکى بێحورمەتیکردن بوون بە کەرامەتى کورد و سەرکوتى هەموو دەنگێکى ئازا و بوێریانکردووە.
* ٧٤ ساڵە حیزبێک، بە ناوى کوردایەتی و کوردستان یان نەمانەوە، هەموو ئومێد و هیوایەکى کوردى لە چاڵناوە، لەلایەک وەجبە وەجبە ئینسانى ستەمگەر و ئەشکەنجەگەر و سیخوڕ و لەلایەکیترەوە ئینسانى کۆیلە و خەساو و بێئیرادەى بەرهەم هێناوە.
دکتۆر بە دڵسۆزى ئەزانیت، مەلا مستەفایەکى جاهیل لەبرى تۆ بیر بکاتەوە و لەبرى تۆ بڕیار لە چارەنوسى تۆ بدات و ئاشەکەى بەتاڵ بکاتەوە و خەڵک سەرگەردان بکات و پارە و دارایى (شۆڕش) قوت بدات و لەسەر هەمان ڕێبازى ئاشەکە، کوڕەکەشى بەردەوام لەخاک فرۆشى سڵی نەکردۆتەوە.
ئەوانەى دکتۆر بە دڵسۆزیان ئەزانیت.. کەسانى سەر و یاساوەن کەس بۆى نییە لێیان بپرسێتەوە، ئەم میراتیە بۆ نەوەکانیشیان ماوەتەوە، ئەبێت سەدانى وەکو دکتۆر قەرەچەتانى لەدوایى دواوەی نەوەى نەوەکانیانەوە ئەگەر بوارى بدەن ئەو شەرەفەى پێببڕێت لە مەجلیسیاندا دابنیشێت.


دکتۆر لە بڕگەیەکی ترى پاڕانەوەنامەکەیدا ئەڵێت:
مامە سابیرم کە برا بچووکتە پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلول بوو دوای ئەوەێ ٩ شەو لە قوڵە پووشینەی شاخی پیرەمەگرون بە بریندای مایەوەو تا شەهید بوو کەس بە دەنگیەوە نەچوو هەموو پارتیەکانی گوندی قەرەچەتان ئەو راستیە دەزانن.
قەرەچەتانى.. لەبرى ئەوەى مامى وەکو مڵکى میللەتێک، کە سەردەمێک بەشوێن ئازادیەوە بوبێت بناسێنێت، ڕووى لە مەسعودە، کە پێی بڵێت ئەوە مامیشم هەر مڵکى بارزانی و ئەیلولە، لەبنەڕەتدا ئەم پیاوە ئەگەر دکتۆر و ئاکادیمى بوایە ئەبوایە پەیامى دابڕانى لەگەڵ ئەو کەلتورە بۆگەندا پێبوایە.
دکتۆرەکەى قەرەچەتان لەداخا دەرونى ئەکوڵێت خەریکە وەکو مینێکى تەقیو ئەبێت بەهەزار پارچەوە و ئەڵێت: بەڵام بەداخەوە ئەوە سئ شەوە تۆ لە ژێر خاکی یەکێک لە بچووکترين ئەندامی لقی چواری ئەو پارتەی هەر دیفاعت لێدەکرد تەنها بە کۆمێنت یان تەلەفۆنێکیش بەشداری پرسەکەتیان نەکرد.
چ شورەییە چ ئابروییەکى تکاوە دکتۆر و مامۆستاى زانکۆ بیت داببەزیت ئاستێکى ئاوەها نزم و قێزەون سواڵى کۆمێنت و تەلەفون لە بچوکترین ئەندامى لقى چوارى پارتى بکەیت، ئەمە ڕشانەوەی ویژدانێکە لەهەموو مەعریفەیەک خاڵیە، زانکۆیەک دکتۆرەکەى ئەمە ئاستى درک پێکردنى بێت ئەو کەلاوەیەى لێدەر ئەچێت کە لەبەر چاومانە.
هەرچەند لەسەرەتاوە ئاستى داخوازى دکتۆر نزمە و دواى سواڵى کۆمینت لەبەردەم لقى چوارى پارتیدا، لە پڕ سەقفى داخوازیەکەى بەرزئەکاتەوە و ئەڵێت: لە کاتێکدا هەر ئەم شەو لە بارەگای بارزانیەوە دوو پرسە نامە ئاراستەی دوو بنەماڵە کراوە. دکتۆر چاک ئاگاى لە چالاکییەکانى بارەگاى بەرزانییە، هەتا ئێستا ڕۆشنبیرێک و ئاکادیمیایەکى بەویژدانم نەبینیوە وشەی (بارەگا) بخاتە ڕستەوە، چونکە ئەوە مەسعود بۆ خۆى داتاشیوە پاش ئەوەى بە سەرشۆڕى کورسى سەرۆکایەتى هەرێمیان لەژێرى ڕاکێشا.
بارەگا و بارەگاى مەلا مستەفا ڕەمزە بۆ کێوى بوون و ناعەدالەتى و تاک ڕەوى و بنەماڵەگەرێتى، لەناو ئەو بارەگایەدا جۆرەها بڕیارى خیانەتکارانە و خۆفرۆشانەدراوە. ئەو بارەگایە ڕەمزبووە بۆ ڕەشەکوژى و تیرۆرى کەسانى نیشتمانویست و ئازادیخواز، بارەگا ڕەمزبووە بۆ زوڵم و غەدر، بارەگاى بارزانی هێلانەى جاسوسى وڵاتان بووە، مەسعودیش ئەیەوێت ئەم کەلتورەى باوکە جاهیلەکەى زیندوو بکاتەوە، دکتۆر قەرەچەتانیش ئەیەوێت پرسەنامەیەکى لەم بارەگا گڵاوەوە بۆ بنێردرێت هەتا ڕەوانى باوکى پێشاد بکات و ئەم شەرەفە بە دکتۆر کەریم شەریف ڕەوا نەبینرا.
لە دکتۆر قەرەچەتانى بپرسین، هەرچەندە بەهۆى ئەوەى، کە لقى چوارى پارتى بەشایستەى تەنها کۆمێنتێکیان نەزانى و بەهۆیەوە بارى دەرونى جێگیر نییە:
باشە باوکى تۆ چی بووە و چیکردووە هەتا بارەگاى بارزانی پرسەنامەى بۆ بنێرێت؟
ئاخر باوکى تۆ تەحسین شاوەیس بووە، ئاخر باوکى تۆ شیمەى هارونى بووە، ئاخر باوکى تۆ حەمەخانى حاجى دارا بووە، ئاخر باوکى تۆ فەتاح بەگى جاف بووە، ئەگەر یەکێک لەوانە بێت و بە شایستەى کۆمینت و تەلەفون و پرسەنامەیان نەزانیبێت ؟! ئەوە ناهەقییەکە و فرانسۆ حەریرى لە گۆڕدا دێنێتە ناڵە و فغان.
دکتۆر هەلى پرسە و کۆچى باوکی کردووە بەهۆیەک بۆ ستایش و پاڕانەوە لە بارەگاى بەرزانیدا! دکتۆر لەم پیشەیەدا هێشتا گاگۆڵکێ ئەکات و هەتا کامڵ ئەبێت زۆرى پێدەچێت و ئەچێتە لاى باوکى ئازیزى.
کەى تۆ وەکو سەرۆ قادرت پێدەکرێت!؟
چۆن ئەتوانیت بگەیتە مەرتەبەى مەهاباد قەرەداغى!؟ قابیلە تۆ داواى خەڵاتى نۆبڵت بۆ مەسعود کردبێت، یان کاتێک پێنج کەس لە پەیڕەوانى ڕێبازەکەى بارزانی دەستدرێژى ئەکەنە سەر کچۆڵەیەک لە هەولێر. مەهاباد ئەڵێت لەو بروایەدا نیم پەیرەوانى ڕێبازى بارزانی نەمر کارى لەو شێوەیە بکەن و تێوە گلاون.
یان تۆ ئەتوانیت وەکو مەسعود حەیدەر کلکەلەقێ بکەیت!؟
یان وەکو پێشەوا هەورامى.. بەرزانییەکان بە بلیمەت بزانیت کە توشى کرۆنا نەبوون! یان هاوشانى ئەمریکا چارەسەرى کرۆنا ئەدۆزنەوە،
دکتۆر هەتا بارەگاى بارزانی دەرگاى بۆ بترازێنێت، ئەبێت ببێت بە قوتابى مەهاباد قەرەداغى هەتا فێرى ئەتەکێتى بکات، ئەوکاتە خوێنکاران لە زانکۆى سلێمانى هەر بەفیکە سنور داشى ئەکەن .




ئەگەر بە گۆگڵ بۆ ناوى دکتۆر قەرەچەتانى لەم سەردەمى پەتاى کرۆنایەدا بگەڕێین سەیر و ئەنتیکە ئەبینین وائەزانین ئەم زاتە لە جیهانێکیتردایە و پێدەچێت ئەقڵى کەرەنتینە کرابێت، ئایا ئەقڵێکى بەرپرسیار ئەمە لە دکتۆرێکى دەروونى قبوڵ ئەکات؟. ئەوەش نمونەیەکێتى:
منداڵبوونەکەی پیشدەخات بۆ ئەوەی بەروارەکەی جوانبێت"
"جاران رەقەمی مۆبایل یان ئۆتۆمبێلێک جوان بوایە دەفتەرێکیان پێدەدا، ئێستا منداڵیشیان والێکردووە"
د.کەریم شەریف قەرەچەتانی

دکتۆر قەرەچەتانى قبوڵیەتى فاشیزمى ئیسلامى فەیسبوک بەناویەوە بکەنەوە و ژەهرى ناخى خۆیان بەسەر کۆمەڵدا بڕێژن و دژایەتى هەموو عەقڵ و بیرێکى ئازاد و کراوە بکەن و ئیخوانچێتى و ئەردۆغانى و کەلتورى بیابان بخەنە جێگاى کەلتورى رۆحى و عیرفانى، ئەوەش نمونەکەیەتى:


دکتۆر قەرەچەتانى ئەبوایە سەرقاڵ و خەمخۆرى کێشەى گەنجانى ئەم نیشتمانەوە بوایە، کە موبتەلان بەدەست جۆرەها نەخۆشى دەرونیەوە ئەنجامى ٢٩ ساڵ لەحوکمى کۆمەڵێک شاخاوى کە: سیاسەت و تاڵانى و بازرگانى و خاکفرشى و کوردفرۆشى و نەوتفرۆشیان تێکەڵاو کردووە.
دکتۆر بەم مەسیج و کڕوزانەوەیە خوازیارە ئەیەوێت بە مەسعودى بارەگاچى بڵێت منیش هەم هەر لە باوکەوە ناخمان زەرد ئەکاتەوە و بۆچى لە زانکۆ نەبم بە سەرۆک بەش بۆ منیش کلینکێکى پزیشکى نەکەمەوە بۆ منیش بەر مەرحەمەتى زەردتان نەکەوم.
کەرامەت بەهاى ئینسانە، بناغەى بون و ئامانجى بونیەتى، کەشکا ئەو ئینسانە لەخودى خۆیدا ئەمرێت و ئەچێتە قۆناغى کۆیلەبون.
کەرامەتێک نەما.. کۆیلەیە زیاد بوو 


تێبینی: دوای بڵاوبوونەوەی ئەم نووسینە، خوێنەرێک کە لە نزیکەوە د. قەرەچەتانی دەناسێت، ئەم زانیارییەی بۆ ناردین، کە بۆ پاراستنی لە ئەرشیفی قەرەچەتانی بە پێویستمان زانی لێرەدا بڵاوی بکەینەوە.:
-------------
سڵاوو لە بەڕێزتان
من ئەم چەند دێڕەی کە دەینوسم لەسەر کەریم قەرەچەتانی بۆ زانیاریتان دەی نێرم، نەوەک وەڵام بداتەوە، چونکە وتارەکەی کاک ئاکام دەرگەزێنیم خوێندەوە وا تێدەگەم باگراوندی کەریم باش نەزانێت.
کەریم قرەچەتانی مامٶستا بوو، لەمامۆستاییەوە لە کۆلێجی پەروەردە لە زانکۆی موسل وەرگیرا. چونکە بەعسی بوو خۆتان باش دەزانن لەو کاتەدا کێ لە مامۆستای سەرەتاییەوە لە زانکۆ وەردەگیرا، ئەگەر بەعسی نە بووبێت.
لەو کاتەی لە کۆلێجی پەروەردەی موسل بوو، تێکەڵی کوردەکان نەدەبوو بۆ ئەوەی نەزانن، کە بەعسیە. دوای ئەوەی، کە کولیەی تەربییە تەواو دەکات لە ماجسێریش وەردەگیرێت .
لەگەڵ ئەم قەرەچەتانییەدا یەکێک کە بە یەکەم لە پەروەردە دەرچوو، بەڵام لە ماجستەر وەرنەگیرا، چونکە نەبوو بە بەعسی، بەڵام کەریم قەرەچەتانی تەقدیمی ماجستێری کرد، یەکسەر وەرگیرا ئیتر بزانن یانی چی.
ئەمڕۆش کریم دەزانێت لە زۆنی سەوز لەپێ کراوە، نەیان کرد بە وزیر، ئێستا ئەو مشە خۆرە بەم ماستاوکردنەی دەیەوێت لە زۆنی زەرد بیکەن بە وەزیرێک. زۆر درۆ و پڕوپاگەندەش دەکات کە گوایە هەڵبژێراوە بۆ وەزیری پەروەردە خۆی بڵاوی دەکاتەوە.
کەریم قەرەچەتانی خۆی توشی نەخۆشی دەرونی بووە، کە قسە دەکات زوو زوو تورە دەبێت کە ئەمە پێچەوانە کەسێکی دەرونناسە کە دەبێت زۆر هێمن و لە سەرخۆ بێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە