چین، چیمان لێ دەشارێتەوە ؟

Sunday, 19/04/2020, 0:06

5705 بینراوە


چین وەک هەمو سیستەمێکی دیکتاتۆری زانیاریەکانیان دەشارنەوە: لە کاتی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ژمارەی مردوەکان و توشبوەکانیان بە راستی رانەدەگەیاند، لەهەمان کاتا چین زانیاری نادات لە شوێن و سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکە، کە ئایا ئەم ڤایرۆسە بە ڕیکەوت لە تاقیگەی شاری Wuhan وە بڵاو بۆتەوە یان لەبازاڕی باڵندە و ئاژەڵی شارەکەیانەوە؟
ئەوەی بۆ زانست ئاشکرایە ئەوەیە کە ڤایرۆسی کۆرۆنا ڤایرۆسێکی دروستکراو نییە، چونکە ڤایرۆسی دروسکراو وەک مرۆڤەکەی فرەنک ئاینشتاین وایە و بەئاسانی دەناسرێتەوە، بۆیە داوای ئەمریکیەکان و ئەوروپیەکان لە چین ئەوەیە کە زانیاری تەواویان بداتێ لە سەرچاوەی بلاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە.

شاری وان Wuhan لە چین دانیشتوانی یانزە ملێۆنە ، وەک دڵێن گەورەترین شاری فەرەنسایە لەبەر ئەوەی کە شەمەندەفەری TGV و مۆزەخانەی فەرەنسی و سەدەها کۆمپانیای فەرەنسیی لێیە.
ساڵی 2003 لەکاتێك پەتای SRAS بڵاوبووەوە، چین پێویستی بەیارمەتی بو بۆ بەرەنگاربونەوەی ئەو پەتایە، لەسەرەتاوە فەرەنسا چەند زانایەکی چینی وەرگرت لە تاقیگەکانیاندا هەتاوەکو لەو بوارەدا لە خولی زانستی فێرگەکاندا زاانیارییان بداتێ. دوای ئەوەوە فەرەنسا لە بواری ڤایرۆسدا بووە هاوپەیمانێك بۆ چین. لەبەر ئەوەی کە زۆر لەو ڤایرۆسانە لە چینەوە دێن بۆیە بۆ فەرەنساش هەلێکی زێڕین بوو کە دەست بکات بەلێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەواندا بەهاوبەشی.
لەساڵی 2004 دا لەسەردەمی جاک شیراکدا بڕیاردرا کە تاقیگەیەکی P4 لە شاری Wuhan لە چین دروست بکرێت، تاقیگەی P4 وەک سەنتەرێکی ئەتۆمی وایە و شوێنی چەندەها ڤایرۆسی کوشندەیە، بۆیە تاقیگە پێویستی بە کۆنترۆلێکی ئێجگار وردە .
ساڵی 2015 پرۆژەکە تەواو بو، بەلام ئالان میرۆ کە بەڕێوەبەری هاوبەشی تاقیگەکە بو وازی لەکارەکەی هێنا، هەرچەندە بە ڕاستەوخۆ ڕەخنە لە چینیەکان ناگرێت لەبەر ئەوەی کە چین هاوپەیمانێکی ئابوری گرنگە بۆ فەرەنسا، بەلام بە قسەکانیدا وادەردەکەوێت کە ڕازی نیە لە جۆری کارکردنیان، گوایە چینیەکان رێنمایەکانی تاقیگەکە جێبەجێ ناکەن، پاشان دەڵیت ؛ ئێمە دەمێنینەوە لەگەڵ چیندا بەکاری هاوبەشمان لەبواری ڤایرۆسدا لە نێوان تاقیگەی Wuhan و تاقیگەی P4 ی شاری لیۆن لەفەرنسا، بەلام وادەردەکەوێت کە چینیەکان کاری نهێنی دەکەن و ئاڵوگۆڕی زانیاری ناکەن لە نیوانیاندا وەک ئەوەی کە ڕێکەوتون لەسەری لەوە و بەر.
لەساڵی 2018 دا کاتێک باڵویزخانەی ئەمەریکی سەردانی تاقیگەکە دەکەن بەمەبەستی زانیاری، لە دوای سەردانەکەیان بە رۆژنامەی واشنتۆن پۆست رادەگەیەنن کە گوایە بەگوێرەی سەردانەکەیان بۆ تاقیگەکە وای دەبینن کە چینیەکان هێشتا بەگوێرەی پیویست سیستەمێکی باوەڕپێکراوی سیکوریتێیان نیە لە تاقیگەکەیاندا و بە مەترسی دەزانن، لەکاتێکدا چینیەکان لەو سەردەمەدا لێکۆڵینەوەیان لەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنای شەشەمەکوێرە دەکرد. بۆیە ئیتر لەو کاتەوە شک دروست دەبێت لەجۆری کارکردنی چینیەکان لە تاقیگەکەیاندا. هەرچەندە بڕیار وابو کە لەگەڵ فەرەنسادا ئەو کارە بکەن بەڵام بەگوێرەی زانیاری، فەرەنسیەکان دەڵێن کە چین بەتەنیا کاری کردوە و هیچ زانیاریەکی نەداوە بە فەرەنسا لەسەر کارەکانیان، لەهەمان کاتا تێنەگەیشتون کە بۆچی چینەکان پارەیەکی زۆریان لە دروستکردنی تاقیگەیەکی گەورەدا سەرفکردوە بە بێ ئەوەی بە پێی پێوسیت گرنگی پێبدەن، وەها نیازبووە کە نزیکەی 250 زانا خولی فێرکردن  ببینن بۆ کارکردن لەو تاقیگەیەدا بەلام ئەوە جێبەجێ نەکراوە و بەگوێرەی پێوسیت گرنگی پێ نەدراوە . ئەوەی ئاشکرایە ئەوەیە کە تەنها تاقیگەیەک کە بونی هەبێت لە ولاتی چیندا لەشاری Wuhan ە و بەڕێکەوتیش یەکەم جار لەو شارەدا ڤایرۆسی کۆرۆنا سەری هەڵداوە.
خۆ ئەگەر لە وڵاتێکی وەک ئەمەریکادا ترەمپ بیەوێت ژمارەی توشبوان و مردوەکان بشارێتەوە ئەوا توانای نییە ئەوە بکات لەبەر ئەوەی کە سیستەمەکە ڕێگەی پێنادات، تاقیگەیەکیش لەلایەن پیاوانی سیاسیەوە بڕیاری لەسەر نادرێت کە چۆن کاربکەن و چ بڕیارێک بدەن، ئەوە کاری کەسانی زانایە لەو بوارەدا، بە پێچەوانەوە لە ولاتێکی وەک چین پیاوانی سیاسی بڕیاری لەسەر ئەدەن.
بۆیە ئەم رووداوانەن کە وا دەکەن وڵاتانی وەک ئەمەریکا و ئەوروپا داوا لە چین بکەن کە زانیاری تەواو بدەن لەسەر بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە