ئەوەی نایزانیت لەسەر سیستمی لامەرکەزیەت بۆ یەکێتی ئەم پرسە دەجوڵێنێت ؟؟

Saturday, 02/05/2020, 2:21

10254 بینراوە


سیستمی لا مەرکەزیەت

واتە شۆڕبوونەوە و ووردکردنەوەی دەسەڵاتی مەرکەزە و گواستنەوەی دەسەڵاتە لە وەزیر و بەرپرسانی گەورەی مەرکەز بۆ ئەنجومەنێک کە خەڵک لە دەنگدانێکی بە کۆمەڵی دیموکراتی هەڵی دەبژێرێت بە ناوی ئەنجومەنی لۆکاڵی ، ئەم ئەنجومەنە پؿکهاتەی کەسانی پسپۆڕ و شارەزا و بەڕێوبەری ئیداری بە توانان و هەڵبژێردراوی میللەت یا گەل یاخوود دانیشتوانی ئەو هەرێمەی کە داوای لامەرکەزیەت دەکات طبیعی ئەمە لە ووڵاتێکی دیموکراتیدایە !

جۆرەکانی لا مەرکەزیەت

شارەزایانی ئەم بوارە، لامەرکەزیەت بۆ ئەم جۆرانەی خوارەوە دابەشدەکەن:
یەکەم/ لا مەرکەزیەتی جوگرافی: لەم جۆرەدا دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، بەسەر هەرێمە جیاوازەکان یان پارێزگا جیاوازەکانی یەک دەوڵەتدا دابەشدەکرێت. بەو مەرجەی هەرێمەکان یان پارێزگاکان خاوەنی شەخسیەتێکی مەعنەویبن، کە لەلایەن کۆمەڵگای خۆجێیەتی یان دانیشتوانی لۆکاڵی هەرێمەکە یا پارێزگاکە هەڵبژێردرابێت. واتە دانانی شەخسییەتە مەعنەوییەکە لەلایەن ناوەندەوە نابێت، بەڵکو لە پرۆسەیەکی هەڵبژاردندا دەستنیشان دەکرێت کە تێیدا دانیشتوانی پارێزگاکە یان هەرێمەکە بەشداری دەکەن. ئەم شەخسییەتە مەعنەوییە دەسەڵاتی تەواوی هەیە بۆ دەرکردنی بڕیارە کارگێڕییەکان، ئەو بڕیارانەی پەیوەندییان بە پرۆژەکان و سێکتەرە گشتییەکانەوە هەیە. ئەمە جگە لەوەی دەسەڵاتی دانانی بودجەیەکی تایبەتی بە هەرێمەکە یان پارێزگاکە هەیەو جۆرێک لە سەربەخۆیی دارایی هەیە. دەکرێت ئەم جۆرە لا مەرکەزیەتە ناوبنرێت بە ئیدارەی خۆجێیەتی. نموونە بۆ پۆستەکانی لا مەرکەزیەت یان ئیدارەی خۆجێیەتی، پارێزگار، قایمقام، سەرۆکی شارەوانی، بەڕێوەبەرایەتی گشتی و چەندین پۆستی دیکە.
دووەم/ لا مەرکەزیەتی وەزیفی: لەم جۆرەدا دەسەڵاتەکان و سەڵاحییەتەکان، لە ئاستە کارگێڕییەکانی یەک وەزارەتدا، دابەشدەکرێت بەسەر یەکە ئیدارییەکاندا، هەر یەکەیەکی ئیداری بەپێی پێگەی خۆی دەسەڵاتی بەڕێوەبردن و بڕیاردانی هەیە. تا ئەرکی وەزارەتێک لە وەزارەتەکان فراوانتربێت و زۆرترین چین و توێژ لەخۆبگرێت و زۆرترین یەکەی کارگێڕی هەبێت، پێویستی بۆ لامەرکەزیەتی وەزیفی زیاتردەبێت، ئەمەش لە پێناو بەخێرایی ئیشکردن، بە مەبەستی زوو تەواوکردنی کاروبارەکان. بۆ نموونە بەڕێوەبەری گشتی دەتوانێت بڕێک لە سەلاحییەتەکانی ببەخشێت بەسەرۆک بەشەکان بۆ پەکنەخستنی کاروبارەکان و زوو ئەنجامدانیان.
سێیەم/ لا مەرکەزیەتی سیاسی: ئەم جۆرە لە لا مەرکەزیەت، بریتییە لە پرۆسەیەکی یاسایی و پەیوەستە بە دەستوری دەوڵەتەوە، بۆ دابەشکردنی وەزیفە حکومییەکان، لەوانە یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەریی. بەم جۆرە دابەشکارییە دەوترێت یەکێتی فیدراڵی، وەک ئەوەی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و دەوڵەتی ئیماراتی عەرەبیدا بەرقەرارە. هەروەها سیستمی فیدراڵی و کۆنفیدراڵیش بەرهەمی ئەم جۆرە دابەشکردنەی دەسەڵاتە، وەک لە وڵاتانی بەرازیل و هندستان و سویسراو گەلێک شوێنی دیکە پیادەدەکرێت. سیستمی لا مەرکەزی سیاسی بۆ ئەو وڵاتانە گونجاوە کە قەبارەیەکی گەورەیان هەیە و چەندین نەتەوەو ئاین و زمانی جیاواز جیاوازو فرە ڕەنگ لەخۆدەگرێت.
چوارەم/ لا مەرکەزی ئیداری: واتە دابەشکردنی وەزیفە ئیدارییەکانی دەوڵەت لە نێوان حکومەتی مەرکەزی و حکومەتی هەرێمەکان یان پارێزگاکان. بەڵام بەو مەرجەی حکومەتی مەرکەزی سەرپەرشتی و چاودێریان بکات. لێرەدا مەرکەز سەرەکییەو لا مەرکەزی لاوەکییە. ئەگەر مەرکەزییەت بریتیبێت لە کۆکردەوەی سەرجەم سەڵاحییەتەکان لەدەستی یەک دەستەدا، ئەوا لا مەرکزی بریتییە لە گواستنەوەی هەندێک لەو سەڵاحیەتانە بۆ دەستە و یەکەی کارگێڕی سەربەخۆ، تا لەو سنورەی یاسا بۆی دیاریکرووە پیادەیان بکات. ئەمە بەبێ ئەوەی ناوەند توانای چاودێریکردنی بەسەریانەوە لەدەستبدات. هەروەها بەبێ ئەوەی دەوڵەت یەکێتییەکەی و پێکەوەبەستنەوەکانی لەدەستبدات.

تا ئێرە پێناسەی لامەرکەزیەت و جۆرەکانیمان زانی ئەوەی گرنگە باسی لێوە بکەین هەلومەرجی گونجاو بۆ لامەرکەزیەت چییە ؟؟

١- گەلێکی بە توانا و هۆشیار !
٢- سڕکردنی حزب لە دەست نەخستنە ناو ئەو سیستمە !
کێشەی سەرەکی ئێمە ئەوەیە کە نە گەلێکی ووشیارمان هەیە بتوانێت داوای مافی خۆی بکات یا درک بە کەم و کورتیەکان بکات و نە ئەحزابی سیاسی ڕێگە ئەدەن دەسەڵاتی ڕەها لای گەل بێت و گەل بڕیاردەری ڕاستەقینەی ئەو خۆ بەڕێوبەریە بدات .
ئؿمە لەم ساڵانەی دوایدا ئاشنا بووین بە جۆرە حوکمڕانیەک کە پؿی دەوترێت دەسەڵاتی مەرکەز یاخوود ناوە لۆکاڵیەکەی حکومەتی هەرؿمی کوردستان " کەلە واجیهە ئیعلامیەکەی سیستمێکی هەڵبژێردراوی دیموکراتی گەلە و گەل دەنگی داوە بەو سیستمە کە خاوەنی هەیکەلەیەکی ئیداری بەهێزە و هیچی کەمتر نیە لە سیستمی بەڕێوبردنی ووڵاتانی پێشکەوتوو بەڵام لە ڕاستیدا فاشیلترین سیستمی بەڕێوبردنە بەو واتایەی کە خێل و حزب خاوەنی دەسەڵاتی ڕەهان نەک گەل و هەڵبژێردراو و خواستی گەل بێت ، ئەوەی یەکێتی ئاماژەی پێدەکات و دەیەوێت ئەم پرسی لامەرکەزیەتە بجوڵێنێت لە هەڵخەڵەتاندن و بەلاڕیدا بردنی خەڵک زیاتر هیچی تر نیە بەو پێیەی سیستمەکە خۆی لە ئەساسدا لامەرکەزیە و تەنها جیاوازی ئەوەیە فاکتەری سەرەکی بۆ ئەم سیستمە کە ( گەل ) ە سڕ کراوە و دەیانەوێت گەل زیندوو بکەنەوە بە مەرج !
ئەوەی تاکی کورد لێی بێئاگایە خۆی لە ئەساسدا سیستمی حوکمڕانی لە کوردستان سیستمی لامەرکەزیەتە بەو پێیەی کوردستانی باشوور دابەشکراوە بۆ ٢ زۆن ، زۆنی سەوز و زۆنی زەرد لە دوای ساڵی ١٩٩٦ ەوە هەر زۆنؿک خاوەنی وەزارەتی خۆی و بەڕؿوبەری سەربەخۆی خۆی و داهات و خؿرو بێر و دزی و گەندەڵی و تەنانەت هؿزی تایبەت بە خۆی بووە ، هیچ کاتێک شتێک نەبووە بە ناوی حکومەتی هەرێم ..
وەک ئاگادارن لەم حکومەتەدا یەکێتی خاوەنی چەند وەزیرێک و جێگری سەرۆکی هەرێم و جێگری سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی پەرلەمان و چەندین بەڕێوبەرایەتی لەبەر دەستە بەڵام ئەوەی بوونی نەبؿت دەسەڵاتی یەکێتیە لە زۆنی زەرد بۆ نموونە هیچ وەزیرێکی پلە باڵای یەکێتی توانای لابردنی بچووکترین کارمەنی خوێندنگایەکی زۆنی زەردی نیە ، بە هەمان شێوەش بۆ زۆنی زەرد بۆ نموونە گەورەترین دەسەڵات لەم ساتەدا لە دەست مسرور بارزانیدایە بەڵام مسرور بارزانی ناتوانێت بچوکترین بەڕێوبەری زۆنی سەوز لا ببات یا محاسەبەی بکات ، یاخوود نمونەیەکی بەرچاو هێزی ٧٠ ی یەکێتی و هؿزی ٨٠ ی پارتی کە هەردووکیان لە ژێر ناوێکدا کۆکراونەتەوە کە وەزارەتی پؿشمەرگەیە !!! بەڵام ئەفسەرێکی پلە باڵای هێزی هەشتا ناتوانێت فەرمان بەسەر پێشمەرگەیەکی ئاسای هێزی حەفتا بکات ، لەوەش گرنگتر خاوەنی ٢ دەزگای دژە تیرۆرین ، خاوەنی دوو دەزگای ئاسایشین خاوەنی ٢ بەڕیوبەرایەتی پۆلیسین ، خاوەنی ٢ دەزگای زانیاری و هەواڵگرین ، واتە لە ئەساسدا سیستمەکە لا مەرکەزیە و شتێک نیە بەناوی حکومەتێکی یەکگرتوو .

پرسیار: بۆ لەم ساتەدا یەکێتی ئەم پرسە دەهێنێتەوە پێش؟

وەڵام : تەنها بۆ پاکردنەوە و لابردنی تاوان و گەندەڵیەکانی ڕابردووە بەو پێیەی وەک ووتمان ئەنجومەنی لۆکاڵی ئەبێت خەڵک هەڵی بژێرێت ، واتە یەکێتی ئەیەوێت لە داهاتوودا هەر شتێک هاتە پێش بیخاتەوە ملی میللەت و بە پێی یاساش کاتێک پارێزگایەک یا هەرێمێک لامەرکەزیەت وەردەگرؿت بۆی نیە داوای ئەموالی مسروقەی ڕابردوو بکاتەوە یاخوود گۆڕانکاری لەو بندیوارانەدا بکات کە لە ڕابردوودا هەبوون ئەو ئەنجومەنە لۆکاڵیە ئەتوانێت چاکسازی بکات و هەیکەلی بەڕێوبردن بگۆڕێت دەتوانؿت گەندەڵی کەمبکاتەوە بەڵام بۆیان نیە دەستکاری بندیوارەکانی ڕابردوو بکەن یاخوود لێپرسینەوە لە دزی و بەهەدەردانی داهاتەکانی ڕابردوو بکەن ، 
ئەوەی گرنگە کە ئەمەوێت بیڵێم ئایا حزب هەروا بە ئاسانی دەسەڵاتەکانی ئەدات بە گەل ئایا ئەندامانی ئەنجومەنی لۆکاڵی پێکهاتەی میللەت دەبن و یەکؿتی و لایەنەکانی تر هەروا بە ئاسانی لە دوورەوە تەماشاکەر دەبن ؟؟
بە دڵنیاییەوە نەخێر .
ئێستا خۆت بڕیار بدە تۆ لە چ ئاستێکی معادەلەکەدایت ، تۆی گەل تەنها بەکار دەهێنرێیت بۆ مەرامی تایبەتی و گەر لە ئێستادا کەمێک بتوانیت ناڕەزای دەر ببڕیت ئەوکات ناتوانیت پەلەقاژێی هیچ شتێک بکەیت و ناتوانیت دەستی تۆمەت بۆ دزە گەورەکان درێژ بکەیت و ناشتوانیت حزب تۆمەتبار بکەیت بە گەندەڵی لەبەر ئەوەی تۆیان بەکار هؿناوە و وا وێنایان کردووە کە خۆت ئەنجومەنە لۆکاڵیەکەت هەڵبژاردووە و بەرپرسیارێتی هەر کارێک بە چاک و بە خراپ ئەخرێتە ئەستۆی ئەنجومەن و ئەندامانی ئەنجومەنی لۆکاڵی .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە