ئەوانەی کانی دەروێشی لێڵ دەکەن

Friday, 17/07/2020, 21:30

8014 بینراوە


کۆچی دوایی یەکێک لە دیاری ترین ڕابەران و کەسایەتییەکانی تەریقەتی قادری شێخ محەمەدی کەسنەزانی و بە دوایدا لێشاوی دەروێشەکانی قادری بۆ بەشداری کردن لە پرسەی ڕابەرەکەیان، ئەویش لە سەردەمی کرۆنا و لەبەرچاونەگرتنی ڕێنماییەکانی تەندروستی، مشتومڕێکی کۆمەڵایەتی دروست کردووە کە پێویستم زانی چەند تێبینییەک ئاراستە بکەم.
لە کوردستان ئایین لە ڕێگای عیرفانەوە خۆی پێناسە کردوە کە لە شێوازی دەروێشی، تەریقەت و سۆفیگەری لە کۆمەڵگای کوردیدا پراکتیز کراوە و تەمەنێکی درێژی لە کۆمەڵگای کوردیدا هەیە. سۆفی، دەروێش، دێوانە و خاکسار ناوێکی کۆنە لە کۆمەڵگای کوردەواریدا و بوونی هەیە، واتە بەشێکە لە کەلتووری کۆمەلگای کوردەواری، وەک چۆن موحەڕڕەم و تاسوعا و عاشورا لە نێو خەلکی ئێران و شیعەکان بە تایبەتی کەلتوورێنراوە و ساڵانە دەیبینین .
هەرچەندە هەموو کوردێک ئەهلی تەسەوف نەبووە، بەس کورد بە گشتی ئاشنایی بە ئەو دیاردەیە هەیە، واتە حاڵ و جەزبەی دەروێشان و زیکری دەروێشان نمایشێک لە پەیوەست بوونی دەروێشان بە تەریقەتەوە نیشان دەدات. هەر ئەم ئاشنا بوونە هۆکارێک بوو بۆ پولیسەکانی هەرێمی کوردستان کە تەقەیان لە لێشاوی دەربازبوونیان بۆ دیوی باشوور نەکرد، بەڵام کەمتەرخەمی دەسەڵاتی ئێران و ئاگا نەبوون بە کەلتووری کوردی و شارەزا نەبوونی سەرباز و پۆلیسی ئیران بە فەرهەنگی دەروێشی لە کوردستان بووە هۆکاری تەقەکردن لە دەروێشەکان کە دەربازی باشوور دەبوون. سەربازێکی تارانی یان ئەسفەهانی کە شیعە مەزهەبن بە هەڵسوکەوتی تازیەبارێکی موحەڕەم ئاشنایە، ئەویش دیسان حازر نابێت تەقە لە ڕەشپۆشانی نێو تازییەی تاسوعا و عاشورادا بکات.

تەریقەت و تەسەوف ئایینی ئیسلامیان بە فیلتەری کەلتووری کوردیدا لە کوردستاندا تێپەڕاندووە و پەرە پێداوە. بە هۆی کوچبەر بوونی کۆمەڵگای کوردەواری، هەموو کوردێک بە ئایینی ئیسلام شارەزایی نەبووە، تەسوف واتە تەریقەتەکانی قادری و نەقشبەندی مکانێزمێک بوون بۆ ئیرشاد و بانگێشت کردنی خەلک و لەم بارەوە مێژوویەکی درێژیان تۆمار کردووە، کە زۆر جارێکیش پشتگیری و هاوکاری ماددی کۆمەڵگای بە خۆوە گرتووە. تەکیە و خانەقا و تەسەوفی ئیسلامی لە سەدەی سێیەمی پاش ئیسلام لە بەغداد و فەلەستین بەدی هاتووە و بەرەو کوردستان تەشەنەی کردووە و کاتێ کە تەکیە و خانەقا پەیدا بوون، ئیدی کەم کەم دەبنە سەنتەرێک بۆ لایەنگران و شوینکەوتوان و تەنانەت خەڵکانی دیکەش کەڵکیان لێ وەردەگرت و زۆربەی جاران هەژاران ڕوویان لەم سەنتەرانە کردووە و بە سەدان کەس لەم تەکیە و خانقانەدا گەورەبوون. کە ئەڵبەت دەیان کەسایەتی ئەهلی عیرفان هەبوون کە بۆ خۆیان ڕابەرێکی پەروەردیی بوون و شوێنکەوتووی زۆریان هەبووە کە بۆ نموونە، سەید رەزا و شێخ سەعیدی پیران و شێخ مەحمودی حەفید دەتوانین ناو ببەین کە ئەو پەروەردەی عیرفانییە هیچکات نەیهێشت لە بەرانبەر ستەمکار سەر دابنوێنن.

عیرفان و پەروەردەی عیرفانی لە ئەدەبیاتی کوردیدا زۆر گشتگیر بووە کە لە شێعر و شاعریدا خۆی نواندووە و لوتکەی زەق بوونەوەی تواناکانی نوخبەی ئەدەبی کورد بووە. هزر و بیری عیرفانی، پەیوەندی نیوان خالق و مەخلوق، لە شاکاری شاعیرانی وەک مەلای جزیری، مەحوی، نالی، مەولەوی، فەقێ تەیران، سەید یەعقوب مایەشتی، و دەیان شاعیری تر بووە. بەڕاستی عیرفان و مەکتەبی عیرفان هاندەرێکی حاشاهەڵنەگر بووە بۆ هاندانی ئەم کەڵە شاعیرانە، کە کەلتوور و ئەدەبیاتی ئەمڕۆی کوردی بەم کەسایەتییانە قەرزدارە کە بناخەی دەوڵەمەند کردنی زمانی کوردییان داناوە.
بەڵام ئایا کەسایەتییەکان کە ئەمڕۆ ڕیبەرایەتی تەریقەت دەکەن کەسانی عارفن؟ عارف بوونی کەسێک تەنیا لە چوارچێوەی تەریقەتدا پیناسە ناکرێت، بەڵکو بە دڵ ڕۆشنی مرۆڤ و پەیوەندی نێوان مرۆڤ و کردگار گرێدراوە. کەسانێک بە کەمئاگایی و بە هەڵەکانیان، کانی و سەراوی خاوێنی دەروێشی لێڵ دەکەن و کەسی ئەهلی عیرفان لەگەڵ چینی سیاسی، واتە پارتە سیاسییەکان و دەسەڵاتدارانی کوردی، کە بەداخەوە زۆربەیان میلەتی کوردیان سەرشۆڕ کردووە، بەراورد دەکەن. ئەو دەسەڵاتدارانە بە ناوی کوردایەتییەوە کەلتووری گەلی کوردیان تووشی هەرەسی ئاکاری کردووە و لە هاوردە کردنی دابونەریت و قۆڕیاتی رۆژئاوا بگرە تا هاوردەکردنی سەلەفییەتی تەعریبی و ئیخوانی ئەردۆغانی سەد ڕەحمەتیان بۆ کفن دزەکە دەرهێناوە. هەر بۆیە نابێ کەسێکی عارف و دەروێشێکی خاوەن ئاکار لە گەڵ دەسەڵاتێکی گەندەڵدا بەراورد بکرێت،

ئەگەر قەرار بێ شێخایەتی و دەروێشی بخرێتە ژێر کاریگەری زریق و بریقی دونیایی و پێناسەی کەسێکی عارف گرێ بدرێت بە پێگەی دونیایی و سەروەت و سامانییەوە و پشتیوانی حکومەتییان هەبێ، ئیدی مانایەکی تیادا نامێنێت، ئەودەم رۆحی عیرفانەکە دەمرێت. کردنەوی دەرگای تەریقەت بەڕووی دەسەڵاتی سیاسی و بەکار هێنانی تەریقەت لە سیاسەتدا لێڵ کردنی کانی پاکی دەروێشانەیە. عارف بوونی شێخێک لە دەروێش بوون و خاکی بوونیدا دەبینرێت، لە سەربەخۆبوون و هەڵوێستەکانیدا زەق دەبێتەوە. لە ڕاستیدا خەڵکانێک ئەهلی عیرفان هەموو کەسێک بە عارف ناناسن بەلکو کەسانی خاکی، واتە “خ” “ا” ک” “ی” . “خ “بە واتای خاکسارن و خاکی بوون ، خوداپەرەست، و خاوەن هیمەت، “ ا ” یان ئا ئەمین، ئیمان دار، “ک” بۆ کەرامەت پارێزی، “ی” بۆ یەقین بوون بە ئیمان و بڕوایەک کە بە رۆژی دووایی هەیەتی، واتایەکی تر عارف کەسێکە کە بتوانی دەستگیر و ڕێنمونی مرۆڤەکان بێ. نموونەی کەسانی عارف لە کوردستان کەم نین، وەک هەریەک لەنووسەرەکان (تەها سلێمان، عومەر مەحمەد، سمکۆسابیر، عەدالەت عومەر ساڵەح، مەحمەد حمەساڵەح تۆفیق، لەتیف فاتیح، عارف قوربانی) و چەندینی تر باسی ئەم چیرۆکەی خوارەوە دەکەن.

کاتێ شیخ حسەینی هەزارکانی و بنەماڵەکەی لەلایەن رژێمی بەعسەوە لەگەڵ بەشی زۆری دانیشتوانی ئاواییەکانی گەرمیان لەئاوایی ملە سورە دەستبەسەر دەکرێن و دواجاریش بەرەو بێسەرو شوێنکردن و کۆمەڵکوژکردن دەبرێن، حیزبی بەعس بە شیخ حسەین پێشنیار دەکات و پێی دەڵێ( خۆتوو بنەماڵەکەت ئازاد دەکەین و بڕیاری سەرەوەمان پێیە) شێخ دەڵێت: یان ئازادی خۆم و قەومەکەم یان منیش لە گەڵ ئەوان دەبم. شێخ باسی عەشرەتیش ناکات، دەڵێت قەومەکەم واتە هەموو و ئەو خەڵکەی کە دەستبەسەر کراون و دوایی ئەنفال کران. هەروەک لە دووساڵی ڕابوردوو لەسەر ئەم هەڵوێستە و دۆکیۆمێنت کردنی، نووسەر "سمکۆ سابیر" کتێبێکی بڵاوکردەوەو بەداخەوەم دەرفەت نەبووە ئەو کتێبە ببینم. هەربۆیە چاوەڕوانی جوانییەکان لە دەروێشێک یان شێخێک دەکرێت، شێخێکی باش دەروێشکی باشە. هەر لە ناوچەی گەرمیان دوورناکەوینەوە، شێخ فازیلی شیخ مەحمود گۆپتەپە لە شاری کفری، خەڵکی شارەکە بە دەیان کەرامەتی ئاکاری و خوداناسی لێ دەگێڕنەوە. سالی ١٩٨٢ حیزبی بەعس داوا لە برازایەکی شێخ فازیل واتا شیخ ئیسماعیل شێخ سەفائەدین دەکات کە چەک هەڵبگرێت و چەند فەوجێک دروست بکات کە لە گەڵ حکومەتی ئێران بە شەر بێن، ئەگینا ڕەوانەی کەمپی ئەلتاشی ڕومادییەی دەکەن، ناوبراو دەڵێ چەکی من تەزبیحەکەمە و پێشنیارەکە رەد دەکات و ئیدی بە هاوکاری چەند مەنسوبێکی بە دزییەوە شەوێک دەگەرێتەوە بۆ ئێران ، لەوێش لە کرماشان حکومەتی ئێران بۆ دووسال ڕوانەی بەندیخانەی دێزل ئابادی کرماشانی دەکات. بە کوردییەکەی لەم کەسانە لە کۆمەڵگای کوردەواریدا کەم نین.

بە گشتی جوانترین سیمای ئایین لە رۆخساری عیرفاندا دەبینرێت تا وەکو بە ئایدولۆژی کردنی ئایین و مەزهەبپەرستی و تەکفیر کردنی خەڵک و سەنگەر لە یەکدی گرتن کە ماڵوێرانی بەرهەم دێنێ و تەنانەت ئیدی لێرەدا ئایین وەک خەتەرێک بۆ تەبایی کۆمەلگا پێناسە دەکرێت. لە عیرفاندا باوەشێکی دایکانە بە ڕووی مرۆڤەکاندا هەردەم کراوەیە و بە بێ لە بەر چاو گرتنی نەتەوە و مەزهەب و ئایین، و هەر ئەو ڕۆحە عیرفانییەیە کە تالۆرەنسی کۆمەڵایەتی بەرز دەکاتەوە و تەبایی کۆمەڵایەتی بە هێزتر دەکات. ،ئەلبەت بەو مەرجەی کە مرۆڤی عارف کە پێوانەی “خاکی بوون” لە خۆدا بپارێزی, ڕێبەرایەتی بکات و ئنجا دەتوانێ دەستگیر و ڕێنما بێ، نەک هۆکاری گومڕایی بێ، ئایا ئەوانەی كانی دەروێشی لێڵ دەكەن لە دەروەی تەریقەتن، یان لە نێو خودی تەریقەتدان؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە