نامەیەکی کراوە بۆ پەرلەمانتاران سەرکەوت شەمسەین و غالیب موحەممەد

Sunday, 19/07/2020, 20:58

3260 بینراوە


ئەلبێرت ئاینشتاین دەبێژێت: کێشەکان هەرگیزا و هەرگیز بەو ئەقڵیەتانە چارەسەر ناکرێن کە مایەی خوڵقاندیان بوون.

-----------------------------------
سەرەتا دەمەوێت بە ووتەیەک دەست پێبکەم کە دراوتە پاڵ د. مەحمود سۆرانی ( بە شەرەفم کورد میلەتێکە نە بۆ تەحلیل دەشێت نە بۆ تەوەقوع ). چیرۆکی ئەو ووتەیە وا دەگێڕدرێتەوە :
لەسەروبەندی یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا ،بڕیار وابوو کە ( ڕابەر ) ێکیش بۆ هەرێم هەڵبژێردرێت. ئەو دەمە کاندیدەکان: مام جەلال ، کاک مەسعود ، د.مەحمود سۆرانی و مەلا عوسمان ( گەر بە هەڵە نەچووبم ) بوون.ئەو دەمە هیچ کام لەو کاندیدانە دەنگی تەواویان بەدەست نەهێنا. چەند کەسێک دەچنە لای د. مەحمود و لێی دەپرسن: دکتۆر ئەوە بە ڕێزتان دەنگی پێویستتان نەهێنا ، جا نازانین تەحلیل و تەوەقوعتان بۆ داهاتووی کورد چ دەبێت؟. ئەویش لەوەڵامدا بەو ووتەیەی پێشتر ئاماژەم پێکرد ،وەڵام دەداتەوە.
ڕۆژی ١٦.٧.٢٠٢٠ قەیس خەزعەلی توند ڕەو و دوژمنی سەرسەختی کورد بە گشتی و هەرێم بە تایبەتی ، هاوکات سەرۆکی یەکێک لە گروپە توندڕەوەکانی شیعە لە لێدوانێکیدا ئاماژەی بەوەدا بوو ، دەبێت کۆنتڕۆڵ کردنی دەروازە سنوورییەکان ،هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە، نەک تەنها دەروازە سنورییەکانی ناوەڕاست ، باشور و ڕۆژئاوای ئێراق.
دوا بەدوای ئەو لێدوانەی ناوبراو ، ئێوەش بەور ئاسا نەک هەر بە لێدوان ، بەڵکە نامەیەکی فەرمیتان ئاراستەی سەرۆک وەزیرانی ئێراق کردووە و تیایدا هەمان داواکەی قەیس خەزعەلیتان کردۆتەوە، بەڵکە بەوەشەوە نەوەستاون ، تیایدا و لە دوا دێڕی نامەکەتاندا ئەوەشتان بۆ داواکەی خەزعەلی زیاد کردووە، بەوەی هەوڵی کۆنتڕۆڵ کردنی دەروازە سنورییەکانی تری ئێراق ، بێ کۆنتڕۆڵ کردنی دەروازە سنورییەکانی هەرێم ئەنجامی ئەوتۆی نابێت.
پێی دەزانن، دیوی ئەو دیوی تەنها ئەو قسەیەتان چی دەگرێتەوە؟ ئەوە دەگرێتەوە کە بە مستەفا کازمی دەڵێن : یا ئەوەتا دەروازە سنورییەکانی هەرێمیش کۆنتڕۆڵ بکە، یان واز بهێنە و چۆن تا ئێستا سەرکردەی حەشدی شەعبی و بەرپرسانی حیزبی تری ئێراق داهاتی ئەو دەروازە سنوریایەیان حەپەلوش داوە، با هەروا بەردەوام بن و داهاتی ئەو دەروازانە با حەپەلوش بدرێن.
ئەم داواکارییەی ئێوە ، دوا داواکاری کوردزمان نابێت، بێگومانم کەسانی تریش بە دوای ئێوەدا دەکەونە ئەو پیشبڕکێیە، تا دواتر بیکەن بە دەست کەوت و بڵێن، ئێمە داوامان کرد.
سادەترین پرسیار کە هەر کەسە دەتوانێت لە خۆی بکات ئەوەیە: تۆ بڵێیت داواکاری و خواستی دوژمنێک لە بەرژەوەندی دوژمنایەتی کراودا بێت ؟
تۆ بڵێیت قیس خەزعەلی نەیاری سەرسەختی هەرێم، داواکار و خوازیاری کارێک بێت کە بەرژەوەندی کورد و هەرێمی تێدا بێت؟
تا ئیتر پەرلەمانتاری کورد هەمان داواکاری ئەوی هەبێت.
بۆ وەڵام پەنا دەبەینەوە بەر ووتەکەی د. مەحمود و دەڵێین: بەڵێ ئەوە بەس لە تاک و پەرلەمانتاری کورد ( کە نە بۆ تەحلیل و نە بۆ تەوەقوع دەشێت ) دەوەشێتەوە کە هەمان داواکاری نەیارانی خۆی هەبێت، بو خودی خۆی.
دەزانن ، خوازیاری ئەوەبووم ، بە نامەیەک کەنەک تەنها ئیمزای هەردوکتان ، بەڵکە هی تەواوی پەرلەمانتارە کوردەکانی پەرلەمانی ئێراقی لەسەربوایە و تیایدا داواتان بکردبایە:
/ دانیشتنێکی بە پەلەی پەرلەمانی ئێراق ئەنجام بدرابایە بۆ وەرگرتنی هەڵوێست لەسەر پێشێلکارییەکانی دەوڵەتی تورک و بەزاندنی سەروەری ئەو ئێراقەی ئێوە خەمخۆرنی.
/ سەرۆک وەزیرانی ئێراق بە و پێیەی سەرۆکی هێزە چەکدارەکانی ئەو ئێراقەیە، ئێوە خەمخۆرنی ، هەڵوێستی فەرمی حکومەتی ئێراقی لەسەر ئەو دەست درێژیانەی دەوڵەتی تورک ڕابگەیاندبایە.
/ تا نەتەوە یەکگرتوەکان، ئەنجومەنی ئاسایشی نێو دەوڵەتی و کۆمکاری عەرەبی دانیشتنی نائاساییان بکردبایە و ئاگار بکرابانایەوە و داوای هەڵوێست و دەست تێوەردانتان لێوە بکردبانایە.
ئەوانەتان هیچی نەکرد، چونکە پێدەچێت ئێوە تەنها بۆ ئەوە لە بەغدابن تا بەردەوام موچە و موچەی پاسەوانەکانتان و دەرماڵەکانتان وەربگرن ، دژایەتی هەرێم بکەن ، لە ئاست دەست درێژییەکانی تورکیا و ئێران بێدەنگی هەڵبژێرن و هەرکەس لە ئاستی خۆیەوە خەریکی پاشقول گرتن لەیەک ، ملشکاندن و سوک کردنی یەکتری بن لای سیاسەتمەدار و پەرلەمانتارە عەرەبەکان.

خوازیاری گوێبیستی ئەوەبووم، کە هەردووکتان ( بەر لە نووسینی نامەکاتان ) سەردانێکی یەک هەفتەیی شاری بەسرە و بەندەرەکەی بکردبایە، تا لە نزیکەوە بتاندیبایە کە ئاخۆ پێشکەوتنی ئەو شارە چۆنە و لەدوای ڕوخانی ڕژێمی بە عسەوە چ جۆرە بەرەو پێشچونێکی بە خۆیەوە دیوە، ئەمە لە کاتێکدا بەندەر و دەروازەی سنوری ئەو شارە و نەوتی ئەو شارە لە دوای ٢٠٠٣ وە لە ژێر کۆنتڕۆڵی حکومەتی ناوەنددایە.بۆ هەموانیش ئاشکرایە کە داهاتی نەوت و بەندەری ئەو شارە چەندەیە؟
خوازیاری گوێبیستی ئەوەبووم، کە هەردووکتان ( بەر لە نووسینی نامەکاتان ) سەردانێکی شارە کانی ناسریە ، میسان، عەممارە و قادسیەتان ( هەمویان لەژێر کۆنتڕۆڵی ناوەنددان )بکردبایە و بتاندیبایە کە ئاخۆ چ جیاوازیەک لە نێوانیان و نێوانی سێ شارەکەی هەرێمدا ( لە ژێر دەسەڵاتی ناوەنددا نین )، هەیە.
گەر ئەو دوو سەردانەتان بکردبایە و ئەوسا ئەو نامەیەتان بنووسیبایە و ئەو داوایەتان لە سەرۆک وەزیرانی ئێراق بکردبایە، ئەوجا ئیتر منیش پەنام نەدەبردە بەر ئەوەی کە درود بۆ د. مەحمود بنێرم بۆ خۆی و فەلەسەفەی.
دەروازە سنورییەکانی هەرێم لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمدان و ٢١ دەروازەی سنوری تر بە بەندەریشەوە لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ناوەنددان.لە خۆتان پرسیوە کە ئاخۆ :
/ شارەکانی هەرێم یان شارەکانی تری ئێراق بە بەغدای پایتەختیشەوە ئاوەدانترن ؟
/ شارەکانی هەرێم یان شارەکانی تری ئێراق بە بەغدای پایتەختیشەوە ئارامترن ؟
/ شارەکانی هەرێم یان شارەکانی تری ئێراق بە بەغدای پایتەختیشەوە پڕۆژەی خزمەت گوزاری و کەیف بازی ( ترفیهی ) تێدا کراونەتەوە ؟
/ شارەکانی هەرێم یان شارەکانی تری ئێراق بە بەغدای پایتەختیشەوە پارک و ڕێگاوبانیان تێدا کراونەتەوە؟
/ شارەکانی هەرێم یان شارەکانی تری ئێراق بە بەغدای پایتەختیشەوە خەستەخانە ، خوێندنگا و سەنتەری داڵدەدانیان تێدا کراونەتەوە ؟
/ شارەکانی هەرێم یان شارەکانی تری ئێراق بە بەغدای پایتەختیشەوە سەردانیکەریان زۆرترە ؟
/ شارەکانی هەرێم یان شارەکانی تری ئێراق بە بەغدای پایتەختیشەوە ئاوارە ڕویان تێدەکات ؟
/ شارەکانی هەرێم یان شارەکانی تری ئێراق بە بەغدای پایتەختیشەوە زانکۆ و پەیمانگایان تێدا کراونەتەوە ؟
/ شارەکانی هەرێم یان شارەکانی تری ئێراق بە بەغدای پایتەختیشەوە لەلایەن یەکێتی ئەوروپا ، ئەمریکا و ووڵاتانی تری کەنداوەوە گرنگیان پێدەدرێن و بەهەندتر وەردەگیرێن ؟
/ بۆ سەرۆک و وەزیرانی دەرەوەی ووڵاتان سەردانی هەرێم دەکەن و سەردانی شارەکانی تری ئێراق ناکەن؟
/ بۆ لە شارەکانی هەرێمی کوردستان نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارەی عەرەبی ئێراقی دەژین ؟
/ بۆ کریست ، یەزیدی، ئاسوری و کلدانییەکانی شارەکانی تری ئێراق بە بەغدادی پایتەختیشەوە ڕوویان لە کوردستان کردووە و تێیدا دەژین ؟
گەر وەڵامی ئەو پرسیارانەی سەروە ئەوە بێت، کە شارەکانی هەرێمن، ئەوا ئەوە ، لە سادە ترین شێوەیدا ئەوە دەگەیەنێت :
ئەو شارانەی کە خۆیان و خاڵە سنووریەکانیان لە ژێر دەسەڵاتی ناوەنددا ئارام و ئاوەدانتر نین.
یان بە شێوازێکی تر ئەو شارانەی کە خۆیان و دەروازە سنوریەکانیان لە ژێر دەسەڵاتی هەرێمدان ئارام، ئاوەدانترن.
جا کە وابێت، ئیتر بۆ دەبێت قەیس خەزعەلی ئاسا خوازیار و داواکاری ئەوە بین با داهاتی خاڵە سنوریەکان بکەوێتە دەست ناوەند ، کە بزانین ئەوە دەبێتە مایەی دواکەوتوویی، نائارامی و نائاوەدانی.بە واتایەکی سادە و ساکار نمونەی ١٥ پارێزگامان هەیە کە لەژێر دەسەڵاتی ناوەندان و چۆنن، ئیتر بۆ بمانەوێت شارە ئاوەدانکراوەکانیش بە دەردی ١٥ شارەکەی تر ببەین.
من بەش بە حاڵی خۆم مستەفا کازمی وەک گەمەکەرێکی کارامە دەبینم و هیج ئومێدێکی بە تایبەتی بۆ هەرێمی کوردستان لەسەر هەڵناچنم، چونکە من لام وایە سەرۆک وەزیرەکانی پێشوتر لە چاویدا بە حەوت ئاو شۆراونەتەوە. بانگەشەی کۆنتڕۆڵ کردنی دەروازە سنورییەکانی شارەکانی تری ئێراق تەنها وەک بانگەشەیەک و کارتێکی فشارە بۆ ئەوەی کە کۆنتڕۆڵی دەروازە سنورییەکانی هەرێم بکات و بەس وەک هەنگاوێك بۆ پەڕ وباڵکردن یان هەڵوەشندنەوەی هەرێم. ئەگینا خودی مستەفا کازمی باش دەزانێت کە داهاتی دەروازە سنوریەکانی شارەکانی تری ئێراق جگە لە هەرێم موڵکی حەشدی شەعبی و سەرکردە شیعەکانە و حکومەتی ئێراق تەنها تەماشاکەرە کە ئەو داهاتانە چۆن لووش دەدرێن.
چەند ڕۆژێک لەمەوبەر سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی ئێراق لە ڕوونکردنەوەیەکیدا ئاماژەی بەوەدابوو ، لە کۆی داهاتی دەروازەی سنوری شارەکانی ئێراق تەنها لە %٧،٥ ی دەگەرێتەوە گەنجینەی حکومەتی ناوەند، ئیتر ئەوەی تری دەچێتە گیرفانی سەرکردەی حەشدی شەعبی و سەرکردەی حیزبەکانەوە. بۆ من مایەی سەرنجە بۆ چەندین ساڵە بە ئێستاشەوە یەک پەرلەمانتاری کورد بە تەنها دێڕێک لەسەر ئەوە قسەی نەکردووە، بەڵام لەسەر شارەکانی هەرێم سەدان لێدوانیان داوە و سەدان جار بە نووسین و بە ژمارە ئاماژەیان پێداوە.دیارە لەەدا ڕەچاوی تەواوی پەندە کوردییەکە کراوە.
لە ئێوەش و ئەندام پەرلەمانتارە کوردەکانی تری پەرلەمانی ئێراق دەپرسم تا ئێستا :
/ تاکە یەک دێڕتان ووتوە لەسەر هەرێمی کوردستان کە پۆزەتیڤ بووبێت و بەرژەوەندی هەرێمی تێدا بووبێت؟
/ کامتان بە دوادا چونتان کردووە کە ئاخۆ حکومەتی ناوەند لەساڵی ٢٠٠٣ وە هەتا ئەوڕۆ بڕی چەندەی لە پشکی هەرێم ، ئەنجا ئیتر لە ژێر هەر پەردە و بیانوویەکدا بووبێت، بڕیوە ؟
/ کامتان تا ئێستا تاکە نامەیەکی فەرمیتان ئاراستەی سەرۆکایەتی حکومەتی ناوەند کردووە لە سەر نەدانی پشکی لە%١٧ و دواتر لە %١٢؟
/ کامتان تاکە دێڕێکی نێگەتیڤ یان ڕەخنە ئامێزی لە سەر حەشدی شەعبی و داهات و خەرجی ووتووە؟
/کامتان تائێستا تاکە دێڕێکی لەسەر داهات و چۆنییەتی خەرج کردنی داهاتی نەوتی ئێراق ووتووە ؟
/ کامتان تا ئێستا تا کە دێڕێکی لەسەر داهات و خەرجی شارێکی تری ئێراق ووتووە؟
/ بۆ لەسەر دەستدرێژی بەردەوامی دەوڵەتی تورک لە بەرد بێدەنگترن ؟
/ بۆ تەنها بە باس کردن و ووروژاندنی موچە ختوکەی فەرمانبەر و خەڵکی بەش مەینەتی هەرێمەکە دەدەن ؟
/ ئەدی بۆ خەڵکی ئەو شارانە خۆپیشاندانیان کرد و نزیکەی ٧٠٠ قوربانیان دا؟لەکاتێکدا مانگانە موچەشیان وەردەگرت.
ڕەنگە لە داهاتوویەکی نزیکدا قەیس خەزعەلی لەسەر ئەو هەڵوێستەتان کە وەک ئەو داوای کۆنتڕۆڵ کردنی دەروازە سنورییەکانی هەرێم لە لایەن حکومەتی ناوەندەوە دەکەن، کەمێک جبە ڕەشەکەی هەڵبکیشێتەوە و بیداتەوە بەشانیدا و کەمێک مێزەرەکەی ڕاست بکاتەوە ، ئەوسا لوتف بفەرموێت و بەدەم دەست کێشان بە شانتانەوە پێتان بڵێت : بارک اللە بکم.
دواجار لێتان دەپرسم :
بۆ داواکارن دەروازە سنورییەکانی هەرێم لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە کۆنتڕۆڵ بکرێت تا داهاتەکەی بۆ ناوەند بێت، ئەدی بۆ داواکار نین ئەو سنوورانە لەلایەن هەمان ناوەندەوە سەروەرییەکەی بپارێزرێت و دەستدرێژی نەکرێتە سەری؟
داواکارن سنور خێری پارەکەی بۆ بەغدا بێت و بەغدا خاوەنی بێت، بەڵام بۆ ئەرکی بەرگری کردنی لێی وەک حاجی ئەبوبەکری تەمسیلی چەخماخە ، ئێوەش دەڵێن: ئەوە موسڵمانێک نییە بەرگری لەو سنوورە بکات.
مایەی سەرسوڕمان نییە، پەرلەمانتارە کوردەکانی پەرلەمانی ئێراق دەستیان لە بەغدا کراوەیە بۆ پارە وەرگتن ،لە هەولێر دەمیان کراوەیە بۆ قسە و ڕەخنە.
لە خۆتان پرسیوە بۆ ناتوانن لە ئاست ئەو هەموو دەست درێژییەی دەکرێتە سەر کەرکوک و ناوچەکانی دەوروبەری جگە لە بێدەنگی هیچ هەڵوێستێکی تر هەڵبژێرن؟ بۆ ئەو هەموو ناحەقییە بەرانبەر کوردەکانی کورد دەکرێت، کەچی ناخ و ویژدانتان ناجوڵێت و ناتوانن و ناشتانەوێت تاکە دیڕێک لەسەریان بڵێن؟ ئەوە خێرە ناتوانن نامەیەک ئاراستەی سەرۆک وەزیران بکەن و تیایدا داوایەک لەمەڕ کەرکوک بکەن؟ ئەها بۆ لەسەر کەرکوک هاتنە دەنگ، کەرکوک نە دڵ و نە قودسی کوردستانە!
کەرکوک کەنیزەیەکی کوردە و بەس. سەرانی ئێراق چۆنیان بوێت، وا ئەتکی دەکەن، چونکە کەستان لە ئاست ئەو ئەتک کردنەدا زمانتان لەدەمتان نییە و قڕو قەپ مۆدێرنترین هەڵویستانە. بە کوردی و کرمانجی لە پەرلەمانتارە کوردەکانی بەغدا ئەوەی هەڵوێست بێت لە بەرژەوەندی کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان و هەرێم لێیان چاوەڕوان ناکرێت، بۆ ئەوەی کە دژایەتی کردنی هەرێم بکەن، خەنجەری دەبانن ، بۆ ئەوەشی بێ هەڵوێستی بێت لەسەر کەرکوک و ناوچەدابڕاوەکان، چەقۆی دەم کولن.
خوازیارم بۆ بە لاڕێدا بردن ئەم نووسینە نەخزێرێتە سوچی بەرگری کردن لە گەندەڵی،چونکە لەدوور و نزیک باسەکەی من قسە کردن نییە لەسەر ئەوەی کە ئاخۆ داهاتی دەروازەکان لەدەست کێدان ؟ بەواتایەکی دی هەرێم کردن بە شەیتان و بەغدا کردن بە فریشتە ، یان بە پێچەوانەوە جگە لە گێلێتی چیتر نییە. گەر شارەکانی هەرێمی کوردستان لە دوای ڕاپەڕینەوە پێشکەوتن و ئاوادن کردنەوەیان بە خۆیانەوە نەدیبایە، ئەوا بێگومان نەدەبوونە پەنا و نشینگەی نزیکەی دوو ملیۆن ئێراقی . واتە گەر وا نەبوایە، بۆ بە سەدان هەزار عەرەبی شارەکانی تری بەغدا ، ناوەراست و باشوری ئێراق ڕوویان لە ژیان کردن لە شارەکانی هەرێمی کوردستاندا دەکرد. واتە ناکرێت بووترێت کە تەواوی داهاتی نەوت و دەروازەکان بۆ دەسەڵاتدارانە، دەنا دەبەایە شارەکانی هەرێمیش وەک سارەکانی تری ئێراق کاولە بوونایە.
هاوکات خوازیارم بە تاوانی حیزبی دانەپاڵ ، بە قسەی بازاڕی و بە جنێو کۆمێنتار لەسەر ئەم نامە کراوەیە نەنوسرێت، چونکە ئەو کارانە جگە لە خۆ بەتاڵ کردنەوە چیتر نین . هیوادارم کۆمێنتار نوسی کورد خۆی لە سوکایەتی پێکردن ، توانج و ناوناتۆرە ، جنێودان بە ئەندامی نێرینەی ،جیادەکردەوە و بە هزری دەینوسی. لەم ڕووەوە هیتلەر ووتوویەتی :
بە نێرینە لە دایک بوونت قەدەری تۆیە، بەڵام بە پیاوانە ژیانت هونەرە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە