پرسیارە نەپڕسراوەکان

Tuesday, 09.08.2020, 21:03

227 بینراوە


بۆ ساتێک بهێنە بەر چاوی خۆت کە لە ساڵی ١٩٠٠زایینی لە دایک بوویت، تەمەنت ١٤ ساڵە کە جەنگی جیهانی یەکەم دەست پێ دەکات و کاتێک دەبیت بە ١٨ ساڵ و دوای تۆمار کردنی بیست و دوو ملیۆن قوربانی جەنگ کۆتایی پێدێت ( نزیکەی نیوەی دانیشتوانی ئێستای عێراق و چوار ئەوەندەی دانیشتوانی ئێستای کوردستان).
زیاتر لە چەند مانگێک پێناچێت کە پەتاوی ئیسپانی بەسەردا دێت و دوو ساڵ دەخایەنێت و ئەمجارە پەنجا ملیۆن کەس دەکاتە قوربانی...تۆ تازە بوویت بە بیست ساڵ.
تاکو ئەو ساتەی کە تەمەنت بەرەو سی ساڵ دەڕوا، هەموو ژیانت تێپەریوە لە نێو شەرێکی جیهانی و پەتایەکی مەرگەساتبار و - تۆزێک دوای ئەو- لە نێو قەیرانێکی سەختی ئابووری کە نزیکەی ١٠ ساڵ ئابووری دونیای قوپاندووە و جیهانێکی پر لە بڕسێتی، ناخۆشی و بێکاری پاش خۆی بەجێدەهێلێت.
سێ ساڵ دوای قەیرانە ئابووریەکە، ڕژیمی دڕندەی نازی لە ئەڵمانیا دێتە سەر دەسەڵات و دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی شەرێکی تری جیهانی و شەست و پێنج ملیۆن کەسی تر لە ئەرز دەدات ( نزیکەی یەک و نیو ئەوەندەی دانیشتوانی ئێستای ئێراق، وە زیاتر لە ١٠ ئەوەندەی دانیشتوانی ئێستای کوردستانی باشور). تۆ هێشتا گەنجیت و تەمەنت ٤٥ ساڵە.
کاتێك ٥٢ ساڵتە، شەری کۆریا دەست پێدەکات، کاتێ دەبیت بە ٦٤ ساڵ شەری ڤیەتنام دەست پێدەکات و کۆتایی نایەت تاوەکۆ ئاودیت نەکات بۆ ٧٥ ساڵی.
(وەرگێراوە)
----
هەرباش نەبوو چیاکان وەک دۆستی هەمیشەیی ئەملاو ئەولامانی گرتبوون بە کەنگر،کوارک، مازی، گوێزی دەم کانی و رەوشی کوێستانەوە، کاتێک لە ولاتانی تری جیهان لە ئەرد و ئەسمان نەکبەت دەباری؟! ئەمە دەکڕێت بە نوکتە بگۆترێت کاتێک دوای خوێندنی ئەم سێناریو تڕسناکە ئاخێکی شڵەژێنەر بە هەناسەت ئازاد دەکات . بەڵام، بەڕاست، کە بە زوومێکی بەرین تر سەیری جیهان و رووداوەکانی دەکەم، پرسیاری ناخ هەژێن بەلامەوە دروست دەبێت. پێداچوونەوەیکی جیاواز لە هۆکاری ئازارەکانی کورد کە هاوسەردەمن لەگەل ئەم رووداوانە، چۆن دەشێت داهاتوو ڕوونتر بکات؟
هەڵبەت، پێش سەدەی بیستەمیش جیهان لە مانگی هەنگوێندا بەسەری نەبردووە، بەڵکو بەردەوام دوچاری شەر و ناخۆشی جۆراوجۆر بووە. هەرچی ئەمەی سەرەوەیە، باسی ڕۆژگاری سەدان ملیۆن لە دانیشتوانی ئەمریکا و ئاسیا و ئەوروپا بووە لە نێوان ساڵەکانی ١٩١٤ تاکو ١٩٨٠ ز . لێرەدا باسی ئەو چەند سەد ملیۆنەی ناکەم کە کوژڕاون یاخود بە دەربەدەری و ناخۆشی مردوون. باسی ئەو زیندووماوانە دەکەم کە سەرەڕای دەیان ساڵ ماڵوێرانی و ئاوارەیی و بڕسێتی، بۆ ئاشتی و ئاوەدانی بیریان کردووتەوە. ئەوانەی کە بەسەرهاتیان وەک نەخشە رێگایەکی ڕوون بۆ نەوەی داهاتوو داڕشت تاوەکو ئەوان ڕێچکەیان بۆ ئاسۆی سەختی هاوشێوە لاڕ نەبێتەوە.
کە خوێندنەوەیەی کەسیی کورت لەم بابەتە دەکەم ئەوەی بە زەقی لە نێو دێرەکان دووبارە بوویتەوە ئەوەیە کە شەر بەرهەمی سیاسەتی تاک لایانەیە؛ بەرهەمی شکستی دیپلوماسیەتە؛ کارنامەی کەسانی ناشاڕەزا لە گفتوگو؛ شەر بەرهەمی ڕەچاو نەکردنی ئالتەرنەتیڤە مرووییەکانە؛ دەرەنجامی ستڕاتیجیەتی خراپ و ئەقلیەتی ناشارستانیە ـــ نەک رەق و کینەیی هەمیشەیی و بنچینەیی نێوان نەتەوەکان. گڕینگ نیە کام لەم لێکدانەوانە بە دڵی کێ بێت، بەلام قەد کۆک نابن لەسەر لێکدانەوەیەک کە بەرهەمی نەبێت بۆ پرۆسەی ئاشتی و ئارامی.
ئەوەی کە کێ شەرمەزار بکڕێت، یاخود کێ قوربانی بووە نەکڕاوە بە بابەتی سەڕەکی خوێندەوەیان بۆ ئەم کارەساتانە. بۆیەش کەس پەنجەی شەرمەزاری بۆ کەس درێژ ناکات؛ کەس خۆی بە تاکە قوربانی ڕووداوەکان نازانێت. کەسیش لە بەرگی تاوانلێکراوەکان پۆز لێ نادات. ئەوانەی تاوانبارن دادگایی دەکرێن، ئەوانەی قوربانین یادیان دەکرێتەوە. لەهەمان کاتدا، رۆژگارەکە بە سەدان شێوەی جۆراوجۆر لێکدانەوەی بۆ کراوە.
نەهامەتیکانی سروشتیش نەخراونەتە ئەستوی سروشت ، ڤایرۆس و بەکتریاکانی، بەڵکو "ئامادەنەبوون بۆ بەرەنگاربوونەوەی کارەساتەکانی کت و پڕ" بە سەرچاوەی کێشەکان زانراوە و دواتر کار لەسەر کراوە. بە کورتی، شی کردنەوەی وورد و بێ پێشداوەری بۆ هەموو ڕووداوەکان کراوە؛ شی کردنەوەیەکی بەسوود بۆ ڕێگرتن لە دووبارە بوونەوەی کارەساتەکان. خۆ بە راستیش پێداچوونەوە لە ڕابردوو بێجگە لە ڕێگری کردن لە دووبارە بوونەوەی دەبێت چ سوودێکی تری هەبێت؟ خوودی دووبارە نەبوونەوەی ئەم کارەساتانە ڕەنگە دڵنیاییمان پێ نەدات بۆ داهاتوویەکی باشتر لە ڕابردوو بەڵام دڵنیام تاڕادەیەک فێرمان دەکات چۆن قوول تر بیر بکەینەوە کاتێک بارودۆخێک و کاردانەوەیکی هاوشێوەی سیاسی و کۆمەڵایتی بەدی دەکەین. بارودۆخ و کاردانەوەیەک کە لە ڕابردوو ووڵاتی بەرەو وێرانی بردووە.
هەربۆیەش لە رۆژئاوا، ڕەنگە بۆ هەریەک لەم ڕووداوانەی کە لەسەرەوە باسم کرد، چەندین فیلم،ریپۆرتاژ، کتێب، شانۆ، گۆرانی، کۆنفرانس و هەزاران خوێندنەوەی ماستەر و دکتۆرا لە دەیان لقی زانستی و هەزاران بابەت لە رۆژنامەکان و گوڤارەکان چاپ کراون. شیکردنەوەی هەمە چەشنە و هەمە بابەت بۆیان کراوە. سالانەش نە بە بەپشوو کردنی رۆژەکە، بەڵکو لە قوتابخانەکان، شوێنی کار و ڤیستیڤال و شەقامەکاندا یادیان نوێ دەکەنەوە.
لە ڕاستیدا پێموایە لە نێو نووسینەکانی مێژوویی و لێکوڵینەوەکانی نووسەران و ڕووناکبیرانی کورد وورد بوونەوە لە پەیوەندی جۆراوجۆری ئەم کارەساتانە لەگەل ڕۆژگاری ئەو ساتی گەلەکەمان فەراموش کراوە. بۆیەش ئەمانەی سەرەوە و سەدان پشێوی خوێناوی و پەتای کوشندە و برسێتی گشت گیر و ڕاپەرینی پڕسامی تر لەسەر ئاستی ناوچەیی و کیشوەری لای ئێمە نامۆن یا خۆد هەرگیز بە ووردی بیرمان لێنەکردووتەوە. زۆرجاریش ڕەنگە وەک بابەتێکی نا پەیوەست بە ئێمە و ڕابرودوومان باسی ئەم ڕووداوانەمان بیستووە؛ وەکچۆن بلێین لەسەر هەسارەیەکی تر ڕوویاندابێت.
لەهەمان کاتدا، کە باسی نەهامەتیەکانی خۆمان دەکەین، وەک ڕووداوەکانی دوورگەیەکی دوور و تەنیا لە نێو گەردەلوولێکی سیاسی ڕەسمیان دەکەین. بۆیە کە باسی نەهامەتی گەل دەکرێت خۆمان بە ستەملێکراوترین خەڵکی سەر گۆی زەوی دەزانین. هەرچی هەمانە و نیمانە، دەخەینە ئەستووی بەدبەختیەکانمان.
هەر لەم بارەیەوە، کاتێ لە مێژووناسی و سیاسیەکانی کورد، لەسەر مێژووی کورد لە سەدەی بیستەم و بیست و یەکەم دەبیستین، کەش و هەوای سیاسی،ئابوری، تەندروستی و مرویی ئەوکات بە هیچ شێوەیەک بەرچاو ناگیرێت. واتە نەهامەتیەکانی میلەتی کورد پێوەست ناکرێت بەم کەش و هەوانە! پێشهاتە مێژوویەکانی کورد، تەنیا بە جوگرافیەوە گرێدراوە- ئینجا بە رەگەزەکەمان. بچووک کردنەوەی کێشە هەلپەسێراوەکانی ناوچەکە بۆ جیاوازی رەگەز و ئایین، نەک تەنیا لە رۆژهەلاتی ناوین بەڵکو بگرە لە ئەفریقیا و ئەوروپاش بووەتە مایەی ماڵوێرانی ئینسانەکان.
بۆ کارەساتە نابەرچاوەکان، دەکڕیت واز بهێنین لە پێداگری کردن لە خوێندنەوەی قووڵ و چەند لایەنە. بەڵام کاتێک باسی کارەساتێکی مەرگەساتبار دەکەین دەبێت و دەبوایە لێکۆلینەوە لەسەر بکرێت. بۆ نموونە، ئەنفال لە دژی کورد ئەنجامدراوە بەلام لێکۆلینەوەی لەم چەشنە کارەساتانە نابێت تەنیا بگەرێت بەدوای ئەوە کە کێ قوربانیە؟ چەند کەس قوربانین؟ بەلکو دەبێت ئەنجامدەرانیش بخرێنە ژێر خوێندنەوەی قووڵ بۆ ئەوەی لە داهاتوو بزانیت مەترسیەکانی رێک نەکەوتن، پێداگرتنی بێباکانە و بەگژداچوونەوەکان لەگەلیاندا چین؟ چۆن، لەلایەک، داخوازیەکانت بە پێی چەک و هێزی خۆت دەگونجێنی و لەلایەکی ترەوە بە پێی رێژەی خۆێنمژی و دڕندەیی بەرامبەرەکەت و کەش و هەوای لۆژیک و ئەقلانیەت.
ئایا نابێت مەودای ئەو ئاگرەی خەڵکەکەتی پێیا هەلئەکێشی بزانیت و سوتانیش لە پێش چاوی خۆت بگریت؟ ئەمە بابەتێکە خوێندنەوەی دەوێت چوونکە بەردەوام لە مێژووی کورد دووبارە بوویتەوە. لە هیچ یەکێک لەو چەند سەرچاوانەی لەم ماوەیەدا گەڕاوم، پانتایی بیر کردنەوەی نووسەرە کوردەکان تێناپەرێت بۆ ئەو دیوی نەتەوایەتیەوە بۆ گەران بەدوای چارەسەر و لێکدانەوی بە سوود(تر). بەڵکو بە زوومێکی بچووک بابەتەکانیان شی کردووتەوە، بۆیە ئەنجامەکان دووبارەن و لێکدانەوەکان بێ سوود. کەچی کە سەیری نووسینی نووسەرە بیانیەکان دەکەیت، ئەوان زوومیان گەورەتڕە وە وادەکەن لێکدانەوەی جیاواز و نوێت هەبێت کە ڕەنگە ببێتە هۆی باشتر بیرکردنەوە، ئەگەر بە دیدێکی ڕوونتر سەیریان بکەین.
مێژوونووسە بیانیەکان تاوەکو باسی کێشە جیهانیەکان و ناوچەییەکانی ئەو سەردەمەمان بۆ ڕوون نەکەنەوە باسی دۆسیەی کورد لە کاتێکی دیاری کراو ناکەن. ئینجا لایەنەکانی دژ بە کورد و خودی کورد وەک دوو یەکەی جودا و فاکتەری تایبەت لەسەر مێزی تاقی کردنەوە شی دەکەنەوە. تەنیا دوای ئەم قۆناغانە، دەست دەکەن بە ڕیوایەت کردنی ڕووداوەکان. ئەمەش جێ سەرسوورمان نیە چونکە ڕووداوەکان دەرەنجامی فاکتەرەکانن، نەک بە پێچەوانەوە. ئەگەر بڕوات بە پێچەوانەی ئەم هاوکێشەیە بێت، ئەلقەکە دوبارە دەبێتەوە و پێشهاتەکان کۆتایی نایێن.
من، ئەندامی کۆمەڵگایەک کە (لەدوای ڕاپەرینی ١٩٩١) بەلای کەم هیچ نەبێت ساڵانە دەیان ملیون دۆلاری خەرجی پەروەردە و خۆیندی باڵا کردووە چاوەڕوان بووم ببینم کە خوێندنەوی ئەکادەمیک و زانستیانەتر بۆ مێژووی کورد کراوە. هەر بۆ نموونە؛ بە دەگمەن کاردانەوەکانی سیاسی کورد بۆ ڕوداوەکانی هاوچەرخی دەوراپشتی هەلەسەنگێنراوە.کاردانەوەکانی سیاسی ناکۆکیئامێزی کورد، ئەوجا چ بە ناو نیشتیمانی یا خۆد تەڤگەری نەگەیو بووبێت - بە ناچار لە چوارچێوەی خەباتی نیشتیمانخوازی پۆلین کراوە.
باس نەکراوە کە ئایا پێنگاوەکانی سۆزداری سیاسی کورد بۆ مافەکانی گەل بە ڕاستی لە بەرژەوەندی گەلی کوردستان بووە یاخود - لە دەرەجەی یەکەم بۆ جێبەجێ کردن ئەجندای دەرەکی بووە ( هەر بۆ نموونە؛ ئەجندای یەکێتی سوفیەت دژ بە ئوسمانیەکان، ئەتاتورک دژ بە بەریتانیا، و پاشان بەریتانیا دژ بە ئەتاتورک تا دەگات بە ئەمریکا، ئیسرائیل و شای ئێران، دواتر مەلاکان دژ بە سەدام و بەعس؛ حافیظ ئەسەد دژ بە تورکیا، و ئێستاش هی ئوردوگان و خامنە ای دژ بە حکومەتی فیدرالی ئێراق و ئەمریکا و ئیسرائیل و بە پێچەوانەوە).
لە جیاتی ئەمانە مێژوونوس و ڕووناکبیرانی کورد خوێنەر بە جۆرە خەیانەتێک خەڕیک دەکەن، کە لە نێو کوردەوە دژ بە کورد کراوە. ئینجا بە خەیانەتێک کە وولاتە زڵهێزەکان بەڕامبەر کورد ئەنجامیان داوە. ئەم جۆرە ریوایەت کردنانە بە تەنیا هەست و سۆز هەژێنە بۆ لایەنێکی دیاریکراو بەلام ناتوانێت ئەنفال و کیمیا باران و ئاوارەبوونی سەدان هەزار کوردستانی روون بکاتەوە، تەنانەت ڕێ لە دووبارە بوونەوەی بگیرێت. بۆیەش دیسان پێش دوساڵ هەزاران کورد لە شنگال، کەرکووک و دەوروبەریەوە ئاوارەبوون و سەدان کوردیش شەهید کڕان.
هەرگیز بە جورئەت باس نەکراوە کە ئایا ئەمانە دەرەنجامی پێداگڕی سەرکردەکان لە بەشداربوون لە یاریەکی سیاسی مەرگەساتبار نین؟ یاری کردن، و بەشداری پێ کردنی میلەتێک لە گەمەیەکی دڕندانەی شوفینیەتی ڕۆژهەلاتی ناوەند لە لایەک و شەری ساردی زلهێزەکان لە لایەکی تر.
یاریەکی ئاگڕین کە تێیادا تەر و ووشک پێکەوە دەسوتێن؛ ململانەیەک کە بەهاکانی ژیانی مرۆڤ بە گشتی تێیایدا پێناسە نەکراوە؛ گەمەیەک کە هیچ هێلێکی سۆر ناناسێت. میلەتێک کە پێش ئەوەی چێژ لە ژیانی تاکەکەسی خۆی ببینێت پارچە پارچە کرا بەسەر رەگەزی کورد و عەرەب، مەزهەبی سوننە و شیعە؛ ئێراقی و کوردستانی و مسلمان و زەردەشتی؛ دۆست و دوژمنی ئیسرائیل، ئێران و تورکیا ، هتد. لە کاتێکدا کە بە ئاشکەرا هەموو ناوچەوکە لە نێو ووشکەساڵی مرۆڤایەتی بوو، ئایا شەر بۆ ئاڵا و دروشمی نەتەوەیی خۆی کارەساتێک نیە؟
ئایا هێزی ئیرادەی خەلک - چ کورد لە کوردستان، چ عەرەب لە باشور - بۆ چەقاندنی ئەجیندای دەرەکی لە ناوچەکە بەکار نەهاتووە؟ ئایا کاتێک لە کەش و هەوای باراناوی، سارد و مژاوی، لە ریگایەکی خراپ سەیارە دەهاژوویت، هیچ ئەولەویتێک هەیە کە گرینگتر بێت لە "بە سەلامەتی لێ دەرباز بوون"؟ بێگومان نەخێر، ئەگەر خودی مرۆڤ بەهایەکەی لە ئاڵا و ئایدۆلۆجیا بەرزتر بێت کەواتە لە هەموو گەمەکانی سیاسی و ئابووری، دەبێت و دەبووایە، گیان و کەرامەتی مرۆڤ بە ئەولەویەت بەرچاو بگیرێت. دەبێت و دەبووایە هاوکێشەکان وا دەستکاری بکرێت کە دەرەنجامەکەی پاراستنی گیانی مرۆڤ و ئاسوودەیی تاکەکان بێت. بۆیەش ئالتێرناتیڤەکانی بەردەم گەڵی کورد هەرگیز زانستیانە وە لەبەرژەوەندی تاکی داماوی کورد شی نەکراونەوتەوە؛ بەدیلێکی سیاسی مروویی هەلنەبژێردراوە کە ئەنجامەکەی شتێک بێت بێجگە لە مەرگ و ئاوارەیی.
هۆکاری نەهامەتیەکان هێشتا بەلۆژیک شی نەکراونەتەوە وە خوێندنەوەی بۆ نەکراوە، لەبەر ئەوەی هێشتا فێری خۆیندن نەبووین. لە تورکیا لە خوێندن بێبەشین چونکە خۆێندن بە کوردی نیە، لە ئێران و سوریاش هەروا. کێ دەلێت زانست و ئەقل زمانی هەیە؟ لە زمانی دایک بێ بەش کراوین، بۆچی خۆمان، خۆمان لە ئەقل و زانست بێ بەش دەکەین؟ سەیر ئەمەیە کە رەنگە خوێندی کوردی قەدەغە بوو بێت، خۆ هیچ کاتێک قەدەغە نەبووە بۆ کورد کە بخوێنیت!
ئیستاش زامەکانمان گەز دەگرین و ناڵەناڵی ئازارەکانمان بووەتە وڕێنەی مێژوو. بۆیە ڕوون و ئاشکەرایە کە زیانە گەورەکە ئەوەیە کە لە مێژوو بە نیگایی بێ ئاگایی بڕووانین؛ عەدەسەیکی کورت بین و یەکلابین. هەر ئەوەندە. بیردۆزێکی تازە نیە بەڵام پرسێکی تازەیە لە مێژووی گەلەکەم.

چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر


(دەنگدراوە: 0)