ئەم جارەیان نۆرەی شۆرتی کارەبایە!

Wednesday, 10.14.2020, 22:15

269 بینراوە


من لە دوو ووتاری تردا سەبارەت بە "چاکسازیەکانی" ئەحزابی دەسەڵاتداری کوردستان کە لە ژێر خێمەی "حکومەتی هەرێم" دا دەیانەوێت بیبەنە پێشەوە سەرنج و پێشنیارەکانی خۆم خستۆتە ڕوو. لە کۆتایی ئەم ووتارەدا، لینکی هەر دوو ووتارەکە دادەنێمەوە تا خوێنەر بتوانێت بە شێوازێکی ڕۆشنتر و لە گۆشەنیگایەکی چینایەتیەوە پەی بەو ڕاستیە بەرێت کە چۆن ئەم "چاکسازیانەی" بورژوازی دەسەڵاتداری کورد نەک هیچ پەیوەندیەکی بە باشبوونی بار و گوزەرانی ئەوانەوە نیە، بەڵکو بۆ برسیکردن و هەژارکردن و ڕاگرتنیانە لەبەرامبەر برسێتیەکی سک هەڵگوشینەردا و پێشبڕکێیەکە بۆ ئەوەی لە دەستە خوشکەکانیان دانەبڕێن لە ئاستی جیهانیدا و بتوانن وەڵامگۆی بورژوازی جیهانی بن کە ناوچەیەکی ڕادەستی ئەوانکردووە بۆ بەڕێوەبردن و بردنەپێشەوەی سیاسەتەکانیان.
بەپێی هەواڵێک کە لە تۆڕی میدیایی ڕووداو دا بڵاوکراوەتەوە، وا بڕیارە کە "حکومەتی هەرێم" لە مانگی ١٢ ی ساڵی ٢٠٢٠ دا پڕۆژەی دابەشکردنی کارەبا بداتە کەرتی تایبەت. بە پێی گووتەی ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا، کە بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاندووە، "کۆمپانیاکان لە ناوە و دەرەوە هەن. کۆمپانیای ئەوروپی هەیە و کۆمپانیای ناوخۆش. هەڵبەتە ئەو کۆمپانیایانە دەبێت تێگەیشتنی باشیان بۆ داواکاریی وەزارەتی کارەبا هەبێت و بەشێوەی مونافسە" دەبێت و کێ توانیی زۆرترین مەرجەکانی ئێمە قبووڵ بکات، بەو سیقەیە کە باسم کرد، بەو دەدرێت.
هاوکات لە ڕاگەیاندنەکەدا هاتووە کە ئامانجەکانی وەزارەت بریتین لە: گراننەکردنی نرخی كارەبا، كۆنترۆڵكردنی سیستەمی بەڕێوەبردنی كارەبا، كەمكردنەوە و نەهێشتنی سەرپێچیەكان، رێگری لە بەفیڕۆدانی کارەبا و کەمکردنەوەی پاڵەپەستۆی سەر تۆڕەکان.
بەر لەوەی سەرنجەکانم لەسەر ئەم خاڵانە و ناوەرۆکی سیاسی ئەم هەنگاوە بدەم، پێم باشە کەمێک بگەڕێینەوە دواوە بۆ ئەو کاتەی کە نێچیرەوان بارزانی سەرۆکی "حکومەتی هەرێم" ی ئێستاو "سەرۆک وەزیرانی ئەو کات لە داوایەکی دا بۆ دکتۆر جیم کیم یۆنغ سەرۆکی کۆمەڵەی بانکی نێودەوڵەتی لە مانگی شوباتی ٢٠١٦ دا، داوای هاوکاری لەم دەزگایە دەکات لە پێناو گەشەو بەرەوپێشچوون و وەستانەوە بەرامبەر ئاستەنگیە ئابوری و گەشەپێدراوەکاندا. ئەوانیش لەبەرامبەر ئەم داوایەدا ڕاپۆرتێک ئامادە دەکەن و پێشنیارەکانی خۆیان دەخەنەڕوو کە کورتکراوەکەی لە ٢٧ خاڵ پێکهاتووە و بەشێکی زۆر لە گرتنەبەری ئەم پڕۆسانەی کە ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا بەڕێوەدەچێت و لە لایەن ئەحزابی دەسەڵاتدارەوە دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە لەوێدا هاتووە. ڕاپۆرتەکە، هەروەک ئەوەی دەسەڵاتدارانی کوردستان دەیکەن، وا خراوەتە ڕوو کە ئەمە کۆمەکێکە بە چین وتوێژە مەحرومەکانی کۆمەڵگا و بە مەبەستی پاراستنیانە لە کاریگەریە کۆمەڵایەتی و ئابوریەکانی ئەم قەیرانەی کە "حکومەتی" تێدایە. هەر لە هەمان ڕاپۆرتدا هاتووە کە وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێم دەیەوێت تا ساڵی ٢٠٢٠ ئەم چاکسازیانە بکات. ئەم ڕاپۆرتەش وەک هەنگاوی یەکەمی ئەو یارمەتیانە نووسراوە کە بانکی نێودەوڵەتی دەتوانێت پێشەکەشی بکات بۆ بردنەبەرەوەی ئەو چاکسازیانەی کە ماوەیەکی زۆرە چاوەڕواندەکرێت. لە هەنگاوی دووەمیشدا لە باری تەکنیکیەوە یارمەتی حکومەتی هەرێم دەدەن کە چۆن جێبەجێیان بکات.
هەموو ئەوهێرشانەی کە "حکومەتی هەرێم" دەیکاتە سەر سفرەی خاڵی پڕۆلیتاریای کوردستان و هەموو توێژە وەتەنگهاتووەکانی تری کۆمەڵگا، لە کورتەی ئەم ڕاپۆرتەدا خراونەتە بەردەست ئەحزابی دەسەڵاتداری کوردستان بە مەبەستی جێبەجێکردنیان و داماڵینی شانی خۆیان لە بچووکترین بەرپرسیاریەت لە ئاست کۆمەڵگادا. ئەمانە ئەو سیاسەت و چاکسازیانەن کە دەسەڵاتداران، هەنگاو بە هەنگاو و یەک لە دوای یەک دەیبەنە پێشەوە بۆ ئەوەی مەرامەکانی بانکی نێودەوڵەتی و جێبەجێبکەن و لە ماراسۆنەکە دوانەکەون. هەنگاو بە هەنگاو ئەم بە تایبەتیکردنە (پرایڤەتایزەیشن)ە هەموو ئەو کەرت و سێکتەرانەی تریش دەگرێتەوە کە تا ئێستا بە ناو لە ژێر سایە و دەسەڵاتی کەرتی گشتیدان، وا ئەم جارەیان نۆرەی کارەبایە.
خەڵکی کوردستان ٣٠ ساڵە بە دەست نەبوونی کارەباوە دەناڵێنن. پرسیارێکی گرنگ کە پێویستە لە خۆمانی بکەین ئەوەیە کە ئایا ئەم ٣٠ ساڵە کارەبا بۆ دواکەوت؟! ئەم کارەبایە بۆ پیشتر نەهات؟! بۆچی ئێستا دێت و دەیانەوێت کوردستان ڕووناک بکەنەوە و بیکەن بە چراخان؟! ئاشکرایە کە مەسەلەی سەرەکییان ئەم بە پرایڤەتکردنەبووە و وا ئێستا کاتی هاتووە و "کوڵاوە". ئەوان ژیان و قازانجیان بۆ خۆیان و چینەکەی خۆیان دەوێت وبە بێ سوودی خۆیان و کۆمپانیاکانیان ئامادەنین ڕوناکی بدەن بە خەڵکی کوردستان. هەموو کۆمپانیاکان یان هی خۆیانە و یان شەریکن و بەشیان هەیە تیایدا. بۆیە ئەم هەنگاوەیان دەبێتە هۆی دەوڵەمەندبوونی زیاتریان و قۆرخکردنی سەرمایە لە دەستی کۆمپانیاکانی خۆیاندا.
بە تایبەتکردنی هەر یەکێک لەم کەرتانە، بە مانای خستنەڕوویانە لە بازاڕدا بۆ فڕۆشتن. واتە کارەباش وەک هەر کاڵایەکی تر دەخرێتە بازاڕاوە بۆ ئەوەی بکڕدرێت. بە مانایەکی تر ئەوەی توانای کڕینی هەبێت دەتوانێت لە کارەبا بەهرەمەند بێت و ئەوەشی توانای کڕینی ئەم خزمەتگوزاریەی نیە و ناتوانێت بە دانی پارەی کارەبادا ڕابگات، دەبێت لێی بەهرەمەند نەبێت. کەسێک کە نانی شێوی نەبوو بیخوات ئەو کات ناشتوانێت کارەبا بکڕێت. بۆیە بانگەشەکانی یەکسان بەهرەمەندبوون لە کارەبا وەک بەهرەمەندبوون لە هەر پێداویستیەکی تری ژیان و کۆمەڵگا درۆیەکی ئاشکرایە. ئەگەر ئێستا هاووڵاتیان لەبەر نەبوونی مووچە و بێدەربەستی "حکومەت" دا، دەتوانن گوێی خۆیان لە دانی پارەی کارەبا بخەوێنن و ئەوانیش ناتوانن فشاریان بۆ بێنن، ئەوا ئیتر دەستی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت ئاواڵەدەبێت بۆ ئەم کارە و دەسەڵاتدارانیش شانیان خاڵیە و وەڵامیان دەبێت بەوەی کە کارەبا لای ئەوان نیە.
هەر بۆیە وەک پێشتریش ووتم هەموو ئەمانە چاکسازی بورژوازین و "حکومەتی هەرێم" یش بەرنامەڕێزی بۆ کردووە بە هاوکاری بانکی نێودەوڵەتی و هەر جارەی چەپکێکیان پێشکەشدەکات. وا ئەم جارەیان نۆرەی کارەبا بوو. حەتمەن وێڕای ئەوەی نەخۆشخانە و قوتابخانەکان نیواونیو بەڕێوەدەبرێن، بەڵام ئەمانیش دوور نیە لە ئایندەیەکی نزیکدا بە تەواوەتی ڕادەستی کەرتی تایبەت نەکرێن. هەر ئێستا پاکوخاوێنی و فڕێدانی زبڵ و خاشاکی شارەکانیش لەدەست کۆمپانیا تایبەتەکاندایە و ئەگەر چینی پڕۆلیتاریای کوردستان نەتوانێت پارەکەی بدات ئەوا شارەکان زبڵ و پیسی دەیانخوات.
خاڵێک کە پێویستە زۆر ڕۆشنبێت ئەوەیە کە مەسەلەی پڕۆلیتاریا، حکومەت و پرایڤەتکردن نیە، کەرتی تایبەت و دەوڵەتی یان گشتی نیە. پڕۆلیتاریا وەک چینێک پێویستە لە بەرانبەر چینی بورژوازی و سەرمایەداری دا ڕابوەستێت و بە هیچ کەرتێکیان خۆشخەیاڵ نەبێت. هەر بۆیە چاکسازی ڕیشەیی لە کۆمەڵگادا تەنها بە خاوەنانی ئەسڵی کۆمەڵگا دەکرێت کە ئەویش پڕۆلیتاریایە. پڕۆلیتاریە دەبێت بەهێزی ڕێکخراوی خۆی و بە هەموو شێوازێکی لەبەردەستدای ڕێکخراوبوون خۆی ڕێکخراوبکات تا بتوانێت ئەم چاسکازیانەی بورژوازی بە کەرتی تایبەت و گشتی یەوە توڕهەڵدا و لە جێیان چاکسازی و دەسەڵاتی خۆی پیادەبکات کە هەم هەنگاوێک بێت بۆ باشتربوونی ژیانی و هەم ببێتە خشتە سەرەکیەکانی گۆڕێنی کۆمەڵگا و دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی سۆشیالیستی کە هەموان تیایدا بە پێی توانای خۆیان کاربکەن و بەپێی پێویستی خۆیان لە سامان و بەرووبوومی کۆمەڵگا بەهرەمەندبن. هەنگاوی سەرەکیش لەم ڕاستایەدا و لە ئێستادا ئەوەیە کە پڕۆلیتاریا هۆشیارانە لە مەیداندابێت بۆ بەدەستهێنانی موچەی تەواو و مانگانە لە کاتی خۆیدا و هاوکات خەبات بکات بۆ زیادکردنی مووچە و بەدستهێنانی بژێویەکی باشتر. بۆیە خواستی کارەبای ٢٤ سەعاتە بە ئەمپێری تەواوەوە و بە نرخی گونجاوەوە، کە نرخەکەی ئەگەر لە هی ئێستا هەرزانتر نەبێت ئەوا نابێت بە هیچ شێوەیەک گرانتربێت، بە شێوەیەک کە هاوڵاتیان توانای کڕینیان هەبێت، خواستێکی هەر ئێستا و دەستبەجێیە لە پاڵ خواستی دانی مووچەی تەواودا لە کاتی خۆیدا و بێ دواکەوتن.



(دەنگدراوە: 0)