خیانەت ئەوەندە زۆرە، ٣١ئاب و١٦ی ئۆکتۆبەر یان ئەوانی دی یاددەکەنەوە؟

Friday, 16/10/2020, 20:29

4991 بینراوە


سەرانی پارتی و یەکێتی بەقەدر ژمارەی مووی سەریان لە مێژوودا خیانەتیان بەرامبەر بە پرسی کورد لە باشوور ئەنجامداوە، بۆ سووککردنی زێتری یەکتر، هەوڵدەدەن ڕووداوی ئەو بەروارانە هەڵبژێرن و یادی بکەنەوە کە یەکێکیان زێتر لەویتریان لە خیانەتەکان ئاڵاون و شانیان ئارداوی بووە. خیانەتی ٣١ ئاب و ١٦ئۆکتۆبەر تەنیا مانگ و نێوێکیان نێوانە! ئیتر میدیای سەر بە پارتەکان و سێبەرەکانیان، بۆ بەرژەوەندیی و گیرفان پڕکردن، دەبێت ساڵی دوازدە مانگ خریک و سەرقاڵی ئەوەبن کە، یادی خیانەتەکان بکەنەوە، هەریەکە با ئارەزووی خۆیان خیانەتەکان پینەو و پەڕۆ بکەن، بیکەن بە بابەتی شێکردنەوە و توێژینەوە!
دوای ڕووخانی سەدام واتە دوای ٢٠٠٣، لەژێر چاودێری نەتەوەیەکگرتووەکان و ئیران و ئەمریکا دەستوری عیراقی نووسرا، کە زۆربەی سەرانی پارتی و یەکێتی، لە نووسینەوەیدا بەشداربوون و واژۆیان کرد و سەرانی ئەو دوو حزبە ڕازیبوون کە سنووری جوگرافیای کوردستان لە عیراق بچووک بکرێتەوە. ئەوان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان سازشیان لەسەر زۆربەی خاکی کوردستان کرد، بە ناونیشانی دی بۆ گەلانی عیراق و کورد ئەو ناوچانانەیان پێناسە کرد وەک، "ناوچە کێشە لەسەرەکان"، یان "ناوچە دابڕاوەکان"، یان "ناوچەکانی ماددەی ١٤٠". ئیتر دوای ئەو بەروارە هیچ ناوچەیەک لەژیر کۆنتڕۆڵ و ئەمر و ئیدارەی هەرێمی کوردستان نەبووە، بەگوێرەی ئەو ڕێککەوتنە لەگەڵ سەرانی کورد بە شێوەی فەرمی و ددانپێنراوی نێودەوڵەتی و لۆکەڵی بەهیچ شێوەیکە هێزی پێشمەرگە بۆی نەبووە ئیدارەی ئەو ناوچانە بکات، بێگومان ئەویش لەبەرئەوەی سەرانی پارتی و یەکێتی بەفەرمی لەسەر کاغەزی ڕەشوسپی ئەو تەنازولەیان بۆ حکومەتی ناوەند کردوە. ئەوەی لەوە زێتر بڵێت ئەوا هەوڵدەدا مێژوو بشوێنێت و لەدەستدانی ئەو ناوچانە لە ساڵی ٢٠١٧دا نەبووە، ئەڵبەتە لە ساڵی ٢٠٣وە بووە. گەلێک لە میدیای سەر بە پارتەکان و سێبەرەکانیان هەوڵدەدەن خەڵک چەواشە بکەن هۆی لەدەستدانی ئەو ناوچانە بگەڕێنەوە بۆ دوای جاڕدانی رێفراندۆمی بارزانی، واتە حکومەتی ناوەند ئەو بابەتەی کرد بە بیانو و دووبارە ئەو ناوچانەی کۆنتڕۆڵ کردەوە! وەک ئەوەی پێش ئەو بەروارە سەرانی پارتی و یەکێتی باشووری کوردستانیان ئازاد کردبێت و سەربەخۆیان ڕاگەیاندبێت! های، های!
جەنگی دژ بە داعش سنووری دیاریکراوی نەبوو، هێزی هاوپەیمانان لە عیراق چاویان دەنووقاند لەمەڕ هەر هێزێک کە عیراقیش نەبێت بەڵام بتوانێت شەڕی دژ بە داعش بکات. ئەو کات قاسم سلێمانی کە دواتر ئەمریکا خۆی تیڕۆری کرد، لە کەرکوک هەمەکارە بوو، لەگەڵ سەرانی هێزی پێشمەرگە وێنەی دەگرت و سەرپەرشتیاری گشت شەڕەکانی دەکرد، بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستیەش بە دەیان وێنە و دۆکیۆمێنت لەبەردەستە.
هێزی هاوپەیمانان چاوپۆشیان لە بەشداری پەکەکەش کرد، بەڵام ئەو هێزە بەهیچ جۆرێک تاکە وێنەیەکیشیان لەگەڵ هیچ یەکێک لە سەرانی سوپا و دەزگەی هەواڵگری وڵاتانی دراوسێ و قاسم سلێمانی نییە، هێزی پەکەکە لەژێر ئەمروڕای پەکەکە خۆی بوو و قارەمانانە لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان ڕۆڵی سەرەکییان بینی لە جەنگی دژ بە داعش، بۆ ئەو بابەتەش بە سەدان بەڵگە لەژێر دەستە، کاتێک کە لە شەنگاڵ هێزی پێشمەرگە ڕادەکەن و خەڵکی ناوچەکە گورگان خوارد دەکەن، لەبەرئەوە ئەوەش چەواشەکردنە لەلایەن میدیای دەسەڵات و سێبەرەکانیان ئەگەر بگوترێت، کە گوایە ئەو ناوچانە لەژێر کۆنتڕۆڵی پێشمەرگە بوون، ڕاستە پێشمەرگەی لێ بوو، بەڵام دوای ئەوەی پەکەکە داعشی دەرپەڕاند، هێزی پێشمەرگە گەڕایەوە و قاسم سلێمانی سوپا سالاری هێزی قودس بە ئارەزووی بەرژەوەندیی ئیران حەشدی شەعبی ئاسا جوڵەی بەوهێزەش دەکرد!
میدیاکانی سەر بەدەسەڵات و سێبەرەکانیان دەیانەوێت بە ئارەزووی خۆیان یاری بە بەروار و ڕووداوەکان و مێژووی خیانەتەکانی سەرانی باشوور بکەن و مێژووی بوونی داعش لە کوردستان بگەڕێنەوە بۆ ساڵی ٢٠١٤. بە دڵنیاییەوە پێش ساڵی ٢٠١٤ داعش بە ڕێککەوتن و دەستێکەڵاوکردن لەگەڵ زۆربەی سەرانی ینک و پدک، لە چەند ناوچەیەک لە ڕۆژئاوا و باشووری کوردستاندا گەشەیان کرد، بەهێزبوون، بنکە و بارەگەیان لە زۆربەی ناوچەکاندا دامەزراند، دەستدرێژیان کردە سەر خەڵکی ناوچەکە، نمونە لە دەڤەری قەرەچوغ و مەخمور، زۆر لە خەڵکی هەژاری بێتاوانیان سەربڕی، بەڵام سەرانی ینک و پدک خۆیان لێ مات کردبوو، تا لە ساڵی ٢٠١٤دا چەقۆ نزیکبۆیەوە لە ملی سەرانی ینک و پدک، داعش گەیشتە گەرەکی مامزاوەی هەولێر، ئینجا سەرانی ینک و پدک هاواریان لێهەستا، ئەو بابەتە کەوتە نێو میدیاکانی سەربەخۆیان! ئێران ئێستاش لە میدیاکاندا ئاماژە بەوە دەکات، کە ئەوان بوون سەرانی ینک و پدکیان لەدەستی داعش ڕزگار کرد نەک هێزی پێشمەرگە!
سەرباری هەموو ئەوانە دوای کۆڕەوی بەهاری ساڵی ١٩٩١، سەرانی پارتی و یەکێتی کوردستانیان پڕکرد لە سوپای پاسداران، ئیتیلاعات و و جەندرمە و میتی تورکیی، بە پراکتیک قاسم سلێمانی و فەدان بوون بە سەڕۆکی باشووری کوردستان، هەموو پارت و سەرانی حزبەکان بەتایبەتی ینک و پدک بە فەرمی بوون بە جاشی ئیران. هەنووکە پێمان بڵێن، ئەو کوردستانە کەی ئازاد بووە تا بەشێکی لە ساڵی ٢٠١٧دا لەدەست دابێت! ئاخر وا باشترە کە ئێوە درۆیەک بکەن ڕێی تێچێت!

تێبینی: پەڕتوکی "لە سێبەری شاخ" تەواو بووە، لەو چەند ڕۆژەی داهاتوودا، لە کوردستانپۆست ڕادەگەیندرێت.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە