ئاگادارییەک بۆ دیپلۆماتکارەکانی بیانی لە هەولێر

Wednesday, 28/10/2020, 19:06

7418 بینراوە


خەتەری تیرۆری کۆمەڵێک دیپلۆماتکاری وڵاتانی دەرەوە 

قوڵ بونەوەی قەیرانەکانی باشوری کوردستان و زەختی تورکیا لە سەر بنەماڵەی بارزانی بۆ شەڕێکی هاوبەشی گەورە و چارەنوس‌ساز دژی پارتی کرێکارانی کوردستان لە ئارا دایە.
پارتی دێموکڕاتی کوردستان بە ڕەسمی ڕایگەیاندوە کە ژمارەیێک کادری پ ک کەی دەستگیر کردوە کە بەتەما بون دیپلۆماتکارانی بیانی تیرۆر بکەن.
(شایەد هێندێک کەسی لایەنگری پ ک کەیان گرتبێ و لە ژێر ئەشکەنجە دا ناچاریان بکەن لە سەر شاشەی تەلێویزیۆن دان بە تاوانێکی ئاوا دابنێن.)
ئەم ڕاگەیاندنەی پارتی بە هیچ جۆرێک بە مانای تەواوبوونی سیناریۆیەکە نیە. بەڵکو دەکرێ سەرەتای پیلانەکە بێت.

ئەمەی سەرەوە پلانی ئەی میت و پاراستی پارتیە!

پلانی بی لە ئارا دایە. بە کردەوە دەرهێنانی کوشتنی ژمارەیێک دیپلۆماتکار و تۆمەتبار کردنی پ ک ک . دوایە ڕایدەگەیێنن کە پ ک ک تیمێکی دیکەی ناردوە بۆ هەولێر و ئەم کەسانەی تیرۆر کردوە.
بنەماڵەی باڕزانی بۆ ڕەوایەتیدان بە هاوکاوری تورکیا بۆ شەڕی ڕاستەوخۆ دژی پ ک ک پێویستی بە بیانویەک هەیە تا بیر و ڕای جەماوەری کوردستان بە لای خۆی‌دا ڕابکێشێ و پشتیوانی وڵاتانی بێگانەش بەدەست بێنێ.
مێژوو داستان و ئەفسانە نیە کە لە ڕابردو دا قەومابێ و تەواو بوبێ، بەڵکە دەرسەکانی ژیانە کە دەتوانین لە ژێر ڕۆشنایی ئەم دەرسانەدا ئێستای کۆمەڵگا بناسین و دواڕۆژیش پێشبینی بکەین.
هاوکاری بنەماڵەی بارزانی لە گەڵ داگیرکەرانی کوردستان تاکتیکی و کاتی نیە، بەڵکە ئیستڕاتژیکە
مێژۆۆی بنەماڵەی بارزانی پڕە لە سیناریۆی هاوبەش لە گەڵ دەسگا هەوڵگریەکانی دەوڵەتانی ناوچە بۆ چەواشەکردنی گەلی کورد و ئامادە کردنی پێشمەرگە و لایەنگرانیان تا بیانکەن بە دەستەچیلەی شەڕی براکوژی.

لێرەدا بۆ بەرچاوڕونی باسەکە، چوار نمونەی مێژووییتان وەبیر دێنمەوە: 

١- پیلانی هاوبەشی میتی تورک و پاراستنی پارتی بۆ کوشتنی ڕێبەرانی پارتی دێموکڕاتی کوردستانی تورکیا(١٩٧١)
لەو کاتەدا پارتی دیموکراتی کوردستانی تورکیا (پ د ک ت) بوبو بە دوباڵی چەپ و ڕاست. باڵی چەپی د. شڤان (د.سەعید قرمز توپراخ) و باڵی ڕاستی سەعید ئاڵچی ڕێبەرییان ئەکرد. بنکەی هەردوکیان لە کوردستانی عێراق بو.
سەرەتا پاراستن لە گوندی قومری، نزیك سنوری توركیا لە دیوی كوردستانی باشور، سەعید ئاڵچی كوشت. دوایی بە بیانوی ئەوەی دكتۆر شڤان، سەعید ئاڵچی كوشتووە، بە فەرمانی بارزانی خرایە زیندانی ڕایات و پاش چەند مانگێك گوللـە باران كرا و پ د ک ت توشی شکست و ئاشبەتاڵ بو.
٢- ساڵی ١٩٨١ بە پیلانی هاوبەشی مەسعود و ئیدریس بارزانی+ ئیستخباراتی ئێران لە شاری شنۆ تەرمی مەلا مستەفا بارزانی لە گۆڕەکەی خرایە دەر و بە سەر حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێرانیان داهێنا.
هۆکاری ئەم کارە قیزەونە چی بو؟
بنەماڵەی بارزانی ببون بە چاشی کۆماری ئیسلامی ئێران و مانگانە دە ملوێن تمەنیان وەردەگرت. بەڵام پێشمەرگەکانیان شەڕیان بۆ نەدەکردن، کاتێک سیناریۆی دەرهێنانەوەی تەرمی بارزانی و تۆمەتبار کردنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران ئەنجام درا، چەکدارەکانی قیادە موەقەت بە دڵ و گیان کەوتنە شەڕی ڕۆژهەڵاتیەکان. بە جۆرێک کە لە یەک ڕۆژ دا لە دۆڵی بایزاوای شنۆیە ٢٢ پێشمەرگەی حیزبی دێموکڕات و ١١ی کۆمەڵەیان کوشت. لە درێژەی هێرشەکانیان دا توانیان بە هاوکاری هێزە کانی دەوڵەتی ئێران شاری شنۆ و خانێ و ناوچە کوردنشینەکانی ورمێ لە پێشمەرگەی ڕۆژهەڵات پاکسازی بکەن. بۆ ئاشنایی زیاتر لەم سیناریۆیە دەقی نوسراوەکەی دوکتور قاسملو لە کتێبی (خیانەتەکانی قیادەی موەقەت بە نەتەوەی کورد) لە یەکەم پڕاوێزی ئەم وتارە دا بخوێنەوە.

٣- تەقینەوەکەی زاخۆ،٢٧ی مانگی دووی ساڵی ١٩٩٥
میتی تورک و پاراستنی پارتی لە ناو بازاڕی گەورەی چه‌كفروشانی زاخۆ ئوتومبیلێك بە ٥٠٠ کیلۆ تی ئێن تی‌ دەتەقێننەوە، دەبێتە هۆی کوشتنی ٩٠ هاوڵاتی و برینداربونی زیاتر لە ٣٠ کەس.
ئەو دەمە گەرمەی شەڕی ناوخۆی کوردستان بو کە بنەماڵەی بارزانی بە هاوکاری ئێران، تورکیا و سەددام بەرەو پێشیان دەبرد.
ئەو زەمانە یەکیەتی نیشتمانی لە زاخۆ و زۆر ناوچەی دیکەی بادینان پێگەی جەماوەری باشی مابو.
پارتی دێموکڕات ئام تاوانە گەورە بەسەر یەکیەتی نیشتمانی دادەێنێت و دەست دەکات بە تەبلیغاتێکی قورس و دەتوانێ خەڵکانێکی زۆر بەم سیناریۆیە هەڵخەڵەتێنێ. بۆ زانیاری زیاتر ئەم سەرچاوەیە بخوێنەوە

٤- تیرۆری ڕۆژنامەنوس سەردەشت عوسمان (٢٠١٠)
ئەم ڕۆژنامەنوسە لە بەردەم زانکۆی سەلاحەدین لە لایەن پاراستنی پارتی دەڕفێندرێت. دوای دو ڕۆژ تەرمەکەی بە قۆڵبەستکراوی لە نزیک شاری موسڵ دۆزرایەوە.
سەردەشت عوسمان ناسرابو بە بابەتە ڕەخنەگرەکانی بەرامبەر دەسەڵات و حکوومەت، بە تایبەتی بەرامبەر پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود، نێچیرڤان و مەسرور بارزانی.
وتارێکی سەردەشت عوسمان بە ناوێکی موستەعار لە ژێر سەردێڕی«من عاشقی کچەکەی بارزانیم» بڵاو دەبێتەوە.
سەرئەنجام ئەم ڕۆژنامەنوسە دوای ڕفاندن دەکوژن و بۆ لابردنی شکی خەڵک لە سەر خۆیان تەرمەکەی لە نزیک شاری موسڵ فڕێ دەدەن و ڕایدەگەیێنن کە ناوبراو پێوەندی بە تیڕۆریستە ئیسلامیەکان بوە. بەڵام ئەم تۆهمەتە هێندە ساویلکانە و بێ بنەما بو کە دوایە خۆشیان درێژەیان پێنەدا.
لە زانستی کارناسی پۆلیسی دا ئەسڵێک هەیە کە دەڵێ: " ئەگەر قەتڵ یان تاوانێک ڕوویدا و تاوانبار نەدیترایەوە، دەسەڵاتدارانی ئەم شوێنە لە پشتی تاوانەکەن.
تا ئێستا تاوانباران لە لایەن دادگاوە نەناسێندراون.

پەڕاوێزەکان:

[1] - مەسەلەی دزرانی تەرمی مەلا مستەفا بارزانی 
پێش ئەوەی بێنە سەر ئەو باسە پێویستە بگوترێ دووساڵ و نیو پێش ئێستا کاتێک مەلا مستەفا بارزانی لە ئەمریکا و لە ماڵی دۆستە خۆشەویستەکانی مرد. لەگەڵ ئەوەی وەک لە پێشەوە باسمان کرد لە ئێران و بە تایبەتی کوردستان دا بیروباوەڕی دژی قیادە زۆر بە هێز بوو حیزبی ئێمە موافەقەتی کرد کە جەنازەی بارزانی بێتەوە شنویە بە خاک بسپێردرێ.
لە ڕۆژی ناشتنی تەرمی بارزانیش دا خەڵکی بەپەڕەفی شنۆیە زۆر پیاوانە میوانداری دەیان هەزارکوردی عێراقی و ئێرانی یان کرد کە هاتبوونە سەر قەبران. ئەندامانی حیزبی ئێمەش هەمو جۆرە خزمەت و هاوکاری یەکیان بۆ ناشتنی تەرمی بارزانی بەکار هێنا.
دیارە بۆ ئێمە تا ئێستاش ڕوون نەبوو کاتێک بارزانی کە لە ئەمریکا مردوە و حکوومەتی عێراقیش بە ڕەسمی ڕێگای داوە بیبەنەوە لە عێراق بی نێژن چۆنە کە لە نێو ئەو جێگایەی لێ مردوە و ئەو جێگایەی لە دایک بووە جێگایەک و وڵاتێکی دیکە بۆ ناشتنی تەرمەکەی هەڵدەبژێرن. ئەگەر مەبست ئەوەبێ کە گویا وەختێک بیبەنەوە عێراق خۆ ئەگەر لە ئەمریکاش نێژرابایە ئیمکانی ئەو کارە هەر هەبوو. کێ دەزانێ دارودەستەی بارزانی هەر ئەو دەم بویە یان تەرمی بارزانی نەهێناوەتەوە ئێران کەلە ڕۆژێکی پێویست دا شانۆسازی یەکی وەک ئەمساڵ بکەن و بیکەنە بیانووی پەلامار بۆ سەر خەڵکی کوردستانی ئێران . لەوانەشە ئەو وەخت شتی وایان بە نیازدا نەهاتبێ بەڵام تازە دەستیان لەوە هەڵگرتبێ جارێکی دیکە بچنەوە عێراق و بۆیە بیانەوەێ گڵکۆی بارزانی لە نزیک خۆیان بێ و هەر وەختیش ویستیان بە هۆی ئەوەوە پەنابەرەکانی کوردی عێراق لەدەوری خۆیان کۆبکەنەوە.

بەهەر حاڵ بێنە سەر باسەکە. رۆژی دەی پووشپەڕی ئەم ساڵ لە شنۆوە خەبەر بە بەڕێوەبەەرایەتی حیزبی ئێمە گەیشت کە تاقمێکی خۆ فرۆش و خوانەناش بەشەو گڵکۆی مەلا مستەفا بارزانی یان داوەتەوە تەرمەکەیان دزیوە. بەڕێوەبەرایەتی حیزبی ئێمە زۆر بەو خەبەرە ناڕەحەت بوو و بەڕەسمی لە دەنگی کوردستانی ئێرانەوە ئئەو تاوانەی وەک کردەوەیەکی دژی ئینسانی و دژی ئیسلامی مەحکووم کرد. بە خۆش یەوە هەر ئەو رۆژە خەبەر گەیشت کە تەرمەکە دۆزراوەتەوە و بە حورمەتەوە تەسلیمی بنەماڵەکەیان کراوەتەوە. دیسانیش کۆمیتەی ناوەندی بڕیاری دا کە لەو کارەساتە بکۆڵێتەوە و تێ بکۆشێ ئەو تاوانبارانە بدۆزێتەوە بە سزای خۆیان بگەیەنێ. لەو بارەوە ڕێنوێنی و دەستووری پێویست بە کۆمیتەی شارستانی حیزب لە ناوچەی شنۆیەش درا.

بەڵام زۆر بە سەر سوڕمانەوە دیتمان دارودەستەی قیادە و لە سەرووی هەموویانەوە مەسعود بارزانی کە گویا سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانە زۆر پێتانە و بێشەرمانە دەستیان کرد بە بەیاننامە دەرکردن و درۆ و بوختان هەڵبەستن بۆ حیزبی ئێمە کە گویا دزرانی تەرمی بارزانی بە ئاگاداری و دەستووری حیزبی دیموکراتی کوردستان بووە. هەر بە دوای ئەو درۆ و دەلەسەیەش دا بە ڕەسمی هەڕەشەیان کرد کە ئەو کارە بێ سزا ناچێ و یان روحیان لەبەر دانابێ یان قینی دڵیان بە گەلی کورد لە کوردستانی ئێران دەڕێژن. رادیۆ شڕەکەشیان کە بە ئیمکانی ڕیژێمی کۆنەپەرستی خومەینی لە مەرگەوەری ناوچەی ورمێ دامەزراوە لێکدا لێکدا دەستی کرد بەبڵاو کردنەوەی تۆمەت و بوختانی بێشەرمانە لە دژی حیزبی دیموکراتی کوردستان و بزوتنەوەی میللی دیموکراتیکی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران.

تەنیا جوابی ئێمە بۆ ئەو هەمو درۆ و دەلەسەیەی بەکرێگیراوانی ئیمپریالیزم ئەوەندە بوو کە لە ڕادیۆ دەنگی کوردستانەوە ڕامان گەیاند ئێمە دەرهێنانی تەرمی بارزانی جارێکی دیکە مەحکووم دەکەین و بە هەموو توانامانەوە بۆ دۆزینەوەی تاوانبارەکان تێدەکۆشین. بەڵام ئەگەر هێندێک کەس بیانەوێ ئەو ڕووداوە بکەنە بیانوو بۆ ئاژاوە نانەوە لە ناوچەی شنۆ و ورمێ دەبێ بزانن کە لەگەڵ هێزی یەکگرتووی شەش میلیون کوردی ئێرانی بەرە و ڕوو دەبن.
پاش نیو بژی کردنی هێندێک لە هێزە سیاسی یەکانی کوردستان لە سەر داواو و پێشنیاری ماڵی بارزانی ! بڕیاردرا کۆمیسیۆنێکی هاوبەش لە نوێنەرانی حیزبی ئێمە و قیادە و ئەوهێزە کوردستانی یانە بۆ لێکۆڵینەوە لەو کارەساتە پێک بێ. کەچی کاتێک ئەو کۆمسیۆنە لە شنۆیە کۆبووەوە ، هیچ نوێنەرێک لەلایەن قیادەوە نەهات.کاتێک نوێنەرانی حیزبی ئێمە هۆی نەهاتنەکەی پرسیبوو برایانی کوردستانی گوتبوویان کە قیادە پێ خۆش بوە ئەمجارە تەنیا ئێمە بێن و بۆ جاری دووهەم ئەوانیش نوێنەری خۆیان بنێرن.

هەر ئەو دەم نوێنەری حیزبی ئێمە بە نوێنەری هێزە کوردستانی یەکانی گوتبوو کە ئەو هەڕەشە و گوڕەشەی بارزانی یەکان دەیکەن و ئەوە کە حازرنین بێنە لای ئێمە و لە کۆمسیۆن دا بەشداربن ئەو فکرە بۆ ئێمە دێنێتە پێش کە ئەو کارە دەستی خۆیان کراوە.

چونکە ئێمە ئەگەر بمانەوێ شەڕ بە قیادە بفرۆشین پێویستمان بەو جۆرە کارە دژی ئینسانی یانە نیە. ئەوان زۆر تاوانیان دەرهەقی ئێمە کردووە کە ئەگەر بمانەویستایە شەڕیان لەگەڵ بکەین دەبوو لەسەریان وەدەنگ بێین. بەڵام وادیارە ئەوان دەیانەوێ شەڕێک بە ئێمە بفرۆشن و ئەو شانۆیەشیان بۆ ساز کردوە کە هەستی هێندێ لە برا کوردە عێراقی یەکان لە دژی ئێمە هان بدەن.

پاشان نوێنەرانی هێزە کوردستانی یەکان گوتبوویان کە ئێستا قیادە ئەو توند و تیژی یەی نەماوە و زیاتر بە شێوەیەکی سیاسی و ئووسووڵی بۆ مەسەلەکە دەچێ و لەوانەشە بۆ جاری دووهەم حەتمەن نوێنەری خۆی بنێرێ.

 هەڵبەتە ئێمە زۆرمان پێ خۆش بوو کە قیادە ڕێگای ئەقڵ و مەنتیقی گرتبێ و ئامادە بێ پێکەوە تاوانبارانی ئەو کارەساتە بدۆزینەوە. کەچی بەداخەوە دەرکەوت کە بەو جۆرە ویستویانە براکانی نوێنەری هێزە سیاسی یەکانی کوردستانیش فریو بدەن و لەبن پەردەوە خۆیان بۆ پێلانی شەیتانی خۆیان ئامادە بکەن.

لێکۆڵینەوە لەمەسەلەی دزرانی جەنازەی بارزانی هێندێک شتی سەرنج راکێشی خستە ڕوو جارێ تەرمی بارزانی تەنیا بیست میتر دوورتر لە قەبرەکەی بە ساغ و سڵامەتی دۆزرابووە.

 ئەمجار دەرکەوت کابرایەک بە ناوی ڕحیم میران کە لەلایەن ماڵی بارزانەوە ئاگاداری گۆڕستانەکەی پێ سپێراوە سێ چوار مانگ بووە بەو نێوەدا نەهاتوە. تەنیا ڕۆژی پێش ئەو ڕووداوە پەیدابووە و پیاوێکی بەکرێ گرتوە کە سبەینێ بێ گیای سەر گۆڕی بارزانی بدروی. بۆ بەیانیش پێش دنیا ڕووناک بوون هەر ئەو کابرایە چوتە لای باوکی کرێکارەکە و گوتوویە با کوڕەکەت نەیە چونکە جەنازەی بارزانی دزراوە.

دوای ئەو شانۆسازیە ڕەحیم میران چوتە مەرگەورە خەبەری بە بارزانی یەکان داوە. بەڵام لە ڕێگا تووشی هەرکەس بووە گوتویە دەچمە ورمێ و کاتێک هاتوتەوە شنۆیش وای نیشان داوە کە ئاگای لە دزرانی تەرمی بارزانی نیە. پاشانیش هەڵاتوە و چوتە لای مەسعود بارزانی و ئێستاش کە ئێستایە لە باوەشی خۆیان گرتوە نەیان هێشتوە بێتەوە شنۆیە کە تەحقیقی لێ بکرێ.

بەڵام ڕووداوەکانی دواتر هێندی شتی تازەشیان دەرخست. جاری دەرکەوت کە کوڕانی بارزانی بۆ بردنە پێشی پیلانی دژی گەلی خۆیان زۆریان لەو ڕووداوە کەڵکی خراپ وەرگرتوە. ئەوان هێندی لە کوردە پەنابەرە عێراقی یەکانیان بەو جۆرە لە دەوری خۆیان کۆکردوەتەوە و لەدژی خەڵکی کوردستانی ئێران و بە تایبەتی حیزبی ئێمە هانیان داون.

... نەخشەی هێرش بۆ سەر ناوچەکانی مەرگەور و تەرگەورە و دە.... و شنۆیان کێشاوە. ئەوە بوو کە بەکەڵک وەرگرتن لە دڵپاکی ئێمە و بە ئاگاداری لەو ڕاستی یە کە پێشمەرگە خۆی بۆ شەڕێکی وا ئامادە نەکردوە پێش جاش و پاسدار و ئەرتەشی ئێران و بە کوشتدانی دەیان کەس لە کوردە- هەڵخەڵەتاوەکانی عێراق لە پشتەوە خەنجەریان لە گەلی کور دا. ناوچەی مەرگەوەر و شنۆیان لەدەستی پێشمەرگە دەرهێنا و دیانە دەستی دوژمنی فاشیست و کۆنەپەرستی گەلی کورد.

بەڵام دوای ئەو خیانەتەی قیادە لە هێندێک سەرچاوەی باوەڕپێکراوی نێو خۆیانەوە چەند گۆشەیەکی دیکەی مەسەلەکەش ڕوون بوونەوە. دەرکەوت کە هەشت مانگ بووە ڕیژێمی خومەینی جاشانەکەی نەداوە بە قیادە. بەڵام بە دەست خۆشانەی ئەو خیانەتە بێجگە لە چەک و تەقەمەنی جاشانەی هەشت مانگیان لەسەریەک دوانێ. کە ئەگەر زیادی نەکردبێ. دەکاتە هەشتا میلیون تمەن...

[1] - https://www.kurdistanpost.nu/?mod=news&id=80774

خیانه‌ته‌کانی قیاده‌ مووقت به‌ گه‌لی کورد


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە