قەرەباغێکی دیکە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

Friday, 13/11/2020, 16:43

5665 بینراوە


پارێزگای ئازەربایجانی غەربی لە گەڵ قەرەباغ زۆرترین وێکچونیان هەیە.
لە هەردوکیان تورک کەمینەیە و لە بەشێکی زۆری شار و دێهاتەکانیان وەک کەمینەش بونی نیە. (شارەکانی باشوری ئازەربایجان وەک: مەهاباد، بۆکان، پیرانشار، سەردەشت و شنۆ) لە گشت شارەکانی باکور و ناوەڕاستی ئەم پارێزگایە کورد وەک دوهەمین پێکهاتەی نەتەوەیی دەژێت.
بەشێک لە شارە زۆرینە تورک‌نشینەکانی وەک ورمێ،نەغەدە، سایین قەڵا و تیکاب بە هۆی کوردنشینبونی زۆربەی دێهاتەکانیان، کوردەکان خاوەنی قوڵاییەکی ئیستڕاتژیکن. 
دێموگڕافیای قەرەباغ خەستتر لە پارێزگای ئازەربایجان بە زەرەدی پێکهاتەی تورک شکاوەتەوە.
ئیستالین لە دڵی ئەم وڵاتە دا کوردستانی سوری هەڵوەشاندەوە و دوایە کوردەکانی ئاوارەی ئاسیای ناوەڕاست کرد و خاکەکەی بە پێچەوانەی ویستی زۆرینەی دانیشتوانەکەی کە ئەرمەنی بون، بە کۆماری خودموختاری ئازەربایجانی لکاند.
گەلی ئەرمەنی چونکە ڕەگ و ڕێشەی قووڵی مێژویی لە زۆربەی شار و دێهاتەکان هەبو، لە کۆتایی هەڵوەشانەوەی یەکیەت سۆڤیەت خاوەنی ٧٥٪ی پێکهاتەی ئەم دەڤەرە بو.
دوای سەبەخۆیی کۆمارە خودموختارەکانی پاشماوەی یەکیەتی سۆڤیەتی جاران بۆ پێشگیری لە شەڕی گەلان لە ناوچە جێناکۆکەکان یاسایەک پەسەند کرا و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکانیش بە ڕەسمی ناساند. 
بە پێی ئەم یاسایە بێ ڕەچاوگرتنی ویستی پێکهاتە نەتەوەییەکان سنوری کۆمارە خودموختارەکان بێ دەستکاری وەک پێشو دەمانەوە.
ئەم یاسایە هەرچەند پێشگیری کرد لە زۆر شەڕی ماڵوێرانکەری نێوان کۆمارە تازە سەبەخۆکان، بەڵام بەستێنی(زەوینە) زوڵم و زۆر و شەڕی دەیان ساڵەی لە هێندێک ناوچە ساز کرد. 
دانیشتوانی زۆرینە ئەرمەنی قەرەباغ کە خۆیان وەک قوڕبانی دیتەوە، دوای شەش ساڵ شەڕ(١٩٩٤-١٩٨٨) و گیانلەدەست دانی هەزاران کەس توانیان خۆیان لە ژێر دەسەڵاتی ئازەریەکان ڕزگار بکەن.
بەڵام هیچ وڵاتێکی دونیا ئەم سەربەخۆییەی بە ڕەسمی نەناسی و وەک کێشەیێکی هەڵپەسێردراو مایەوە. 
ئیستالین قەباڵەی قەرەباغی بە نێوی ئازەربایجان کردبو. یاسای نوێ خاک و سنورە دەستکردەکانی دەورەی ئیستالینی بە سەر خەڵک و دانیشتوان فەرز و پیرۆز کرد.

گەڕانەوەیێکی مێژویی سامناک بۆ دوایە

بە پێی ئەم یاسایە دانیشتوانی سەر هەر خاکێک مافی دیاری کردنی چارەنوسی خۆیان لێ ستێندرا و سنور و سەنەدی خاک لە جیاتی مرۆڤ پیرۆز کرا. 
هەر خاکێک هی ئەو دەوڵەیە کە قەباڵە و سەنەدی ڕەسمی پێیە. وەک دەورەی فیئۆداڵی سەدەکانی ناوەڕاست کە لە بەشێکی زۆری دونیا دانیشتوانی ڕەعیەتی ناو مڵکی ئاغا و فیئۆداڵ گرێدراوی مڵک بون و تەنانەت لە گەڵ مڵکەکە کڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکرا. 
یەکێک لە گرینگترین پرینسیپەکانی مارکسیسم بە ڕەسمی ناسینی «مافی چارەی خۆ نوسینی گەلانە» پازدە کۆماری خودموختاری یەکیەتی سۆڤیەت بەرهەمی ئەم بیر و بۆچونە بون. 

لێنین لە درێژەی پابەندی بەم ئەسڵە ساڵێک پێش مردنی قەوارەی نیوە خودموختاری کوردستانی سوری بە پایتەختی لاچین لە بەشێکی گرینی قەرەباغ پێک هێنا(١٩٢٣)
ئیستالین ساڵی ١٩٢٦ سڕی کرد و ساڵی ١٩٢٩ بە تەواوی هەڵیوەشاندەوە و ساڵی ١٩٣٧ زۆربەی دانیشتوانەکەی لە ماڵ و مڵکی خۆیان هەڵقەند و بە سەر کۆمارە کانی قەزاقستان، ئۆزبەکستان، قڕقیزستان، ئازەربایجان، تورکەمەنستان و تاجیکستان دابەشی کردن.
لە دو دەیەی ڕابردو دا ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا ڕێبەڕایەتی دو فاشیسمی پان‌تورکی و پان‌ئیسلامی ئیخوانی کردوە ، بۆ وەدیهێنانی خەونی نوێ‌عوسمانی ئەم پلانانەی خوارەوەی خستۆتە بواری جێبەجێ کردن: 
١- بڵاو کردنەوەی ئایدۆلۆژیای پانتورکیسم لە ئیالەتی خودموختاری سینکیانگی چین تا دەگاتە کۆماری ئازەربایجان و ناوچە تورکنشینەکانی ئێران و...
٢- ڕێبەرایەتی ئیسلامی ئیخوانی و پشتیوانی و بە کارگرتنی جۆرها ئیسلامی سیاسی لە ئەلقاعیدە تا داعش.
٣- داگیرکردنی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی باکوری ئێراق و سوریە.
٤- داسەپاندنی دەسەڵاتی ئیخوانی لیبی بە سەر ئەم وڵاتە.
٥- دەستدرێژی بۆ ئاوەکانی نێونەتەوەیی و کەنارئاوەکانی قیبرس و یۆنان بۆ دەرکێشانی نەوت و گاز و ...
لە پاییزی ٢٠٢٠ پلانی تورکیا بۆ داگیرکردنی قەرەباغ بە هاوکاری تیکنۆلۆژیای ئیسڕائیل، ئامریکا و ناتۆ و تیرۆریسیە جیهادیەکانی قاعیدە، داعش و ... بە ئامانج گەییشت.
لە بەر چاوی هەمو دونیا کارەساتی ١٩١٥ی قڕ کردن و دەرکردنی ئەرمەنیەکان لە زێدی هەزاران ساڵەی خۆیان بە شێوازێکی دی دوپات کرایەوە.
کاردانەوەی دەوڵەتانی دونیا لە دو بەش دا بیندرا: 
بەشێکیان سیاسەتی بێدەنگیان هەڵبژارد و بەشێکی دیکەیان دانیشتوانی ئەرمەنیان بە داگیرکەری خاکی ئازەربایجان ناوزەد کرد! (مەحکوم کردنی قوڕبانی لە جیاتی تاوانکار)

زەنگێکی مەترسیدار

چارەنوسی قەرەباغ زەنگێکی مەترسیدارە بۆ کورد. ئەگەر وشیار نەبنەوە وعیلاجی ڕووداو پێش ڕوودان نەکەن، کارەساتی قەرەباغ لانی کەم لە بەشی کوردنشینی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا دوپات دەبێتەوە. 
هەر کەس یان گەلێک ئەگەر پلانی بۆ دواڕۆژ نەبێت، دەبێتە بەشێک لە پلانی کەس یان گەلانی دیکە. دروست وەک کوردی بێ پلانی دەورەی شەڕی جیهانی یەکەم کە کرا بە بەشێک لە پلانی تورک، ئینگلیس، فەڕانسە و دوایەش سوریە و ئێراقی عەڕەبی و ئێران.
لە ڕوانگەی حقوقی نێونەتەوەیی کۆماری ئازەربایجان وەک دەوڵەتێکی ئەندامی ڕێکخراوی نەتەوەیە یەکگرتوەکان بە ڕەسمی ناسراوە. 
کۆماری ئازەربایجان لە ڕێگای نەخجەوان لە گەڵ گەڵ ئازەربایجانی ئێران هاو سنورە. پێوەستەیی جوغڕافیایی، کەلتوری،زمانی و مێژوییان هەیە. بەم هۆکارانە دەتوانین بڵێین ٥٠٪ی سەنەدی ئازەربایجانەکانی ئێران بۆ لکاندنی بە کۆماری ئازەربایجان ئامادەیە.
بە کزبون یان ڕوخانی دەوڵەتی ناوەندی ئێران ١٠٠٪ی سەنەدەکەیان بۆ ساغ دەبێتەوە. ناوچە کوردنشینەکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاواییش لە باری دابەشکاری ئیداری بەشێکن لەم پارێزگایە. هەر وەکی دیتمان قەرەباغی زۆرینە ئەرمەنی نشین دوای ڕوخانی یەکیەتی سۆڤیەت بە پاساوی ئەوەی کە بەشێک بوە لە ئازەربایجان بە پێچەوانەی ویستی دانیشتوانی بە ڕەزایەتی هەمو دونیا لە سەر ئازەربایجانی نەتەوە پەرەست تاپۆ کرا. 
حەشیمەتی تورک دەگاتە ٣٠٠ میلیۆن و خاوەنی شەش دەوڵەتن( تورکەمەنستان، ئۆزبەکستان، قەزاقستان، قیرقیزستان، کۆماری ئازەربایجان و تورکیا) تورکیا وەک ڕێبەری زلهێزی تورکەکان هاوسنوری ئازەربایجانی ئێرانە.
تورکەکانی ئێران تا ئاخیرەکانی سەدەی بیستەم بە هۆی جیاوازی مەزهەبی نەکەوتبونە ژێر کاریگەری نەتەوەپەرەستی تورکیا. بەڵام لە بیست ساڵی ڕابردو نەتەوەپەرەستەکانی تورک توانیویانە بە کەڵک‌وەرگرتن لە ئامرازەکانی تەلێویزیۆن،ئینتێرنەت و مۆبایلی زیرەک ئایدۆلۆژیای مەزهەبی کەمڕەنگ بکەن و پان‌تورکیسم لە ئاستێکی جەماوەری فەراوان ڕەواج بدەن.
دروشمەکانیان مەیدانە وەرزشیەکانی تێپەڕاندوە و لە شەقام و خیابانەکان دەبیسترێن- وەک :
کورد، فارس، ئەرمەنی- ئازەربایجان دوشمەنی(کورد، فارس، ئەرمەنی- دوشمنی ئازەربایجانن) و مەرگ بۆ فارس و کورد. 
پانتورکیسمێک کە تورکەکانی ئێرانی پێ گۆش کراوە، لە نەوعی ئیتحاد و تەرەقی تورکە جەوانەکانی سەد ساڵ لەوە پێشە کە جینۆسایدی دو و نیو میلیۆن ئەرمەنی، ئاشوری و یۆنانی لە سەر دەستی ئەوان جێبەجێ کرا و دو بەشی نیشتمانی کۆنی ئەرمەنیەکان لە باکوری ڕۆژهەڵاتی تورکیای ئێستا و زێدی ملیۆنان یۆنانی، چەرکەس،ئاشۆری و ڕۆمی لە دانیشتوانە ڕەسەنەکانی چۆڵ کرا و بۆ هەمیشە بو بە مەوتەنی پیرۆزی تورکان. 
ئازەربایجانی ئێستای ئێران ئیتر ناگەڕێتەوە بۆ ١٩٢٤ کە بە ڕێبەری سەید حەعفەری پێشەوەری کۆماری خودموختاری ئازەربایجانی کردبو بە دەستە خوشکی کۆماری مەهاباد.
دەنگی تورکی مرۆڤ‌دۆست، پێشکەوتنخواز،چەپ و دێموکڕات وەک هاوبیرانی سەمەدی بێهڕەنگی، غوڵام حوسێنی ساعیدی و سەفەری قارەمانی زۆر کز بوە.
بە قەولی سوارە ئێلخانی‌زادە:
"جەنگەڵێ کە جێژوانی پۆلەپۆڕی باڕیە 
جێگە مۆڵی کەمتیار و گورگ و رێویە"

کورد چی بکات؟

ناسیۆناڵیسمی سوننەتی، ڕاستگەرا و دەرەبەگی نەوعی باشوری کوردستان نەک ناتوانێ هیچ بەدیڵێکی هەبێت، بەڵكە خۆی گەورەترین کێشەیە بۆ کورد. کۆپیەکی کاریکاتۆری و ناقیسی ناسیۆناڵیسمی دەوڵەتانی ناوچەیە. توانای بە ڕۆژ بونەوە و خۆ نوێ کردنەوەی نیە. 
زەقترین نمونەی ناسیۆناڵیسمی سوننەتی بنەماڵەی بارزانین(پ.د.ک.ع) کە لەم شەست ساڵەی ڕابردو دا هەمیشە بەشێک بون لە پیلانی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان. حیزبە سوننەتیەکانی چوار پارچەی کوردستانیش برا چوکە و شوێن‌کەوتەی ئەوانن. 
لێرە دا دو پلان دەخەمە بەر چاوی خوێنەران:

١- ئیستڕاتژی ڕۆژئاوای کوردستان

گۆڕینی مەیدانی شەڕ بە کەڵک وەرگرتن لە تەجروبەی ڕۆژئاوای کوردستان. کورد لە مەیدانی شەڕی نەتەوایەتی ناتوانێ لە گەڵ تورکەکانی ئێران بەربەرەکانی بکات.
ئەوان دەتوانن بە پشت بەستن بە شەش دەوڵەتی تورکی، پەیمانی ناتۆ، ئیسڕائیل، ئیخوان و جیهادیە ئیسلامیەکان بە ئاسانی قەرەباغێکی دیکە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە غەنیمەت بگرن. 
کورد دەبێ دەسکەوتە تیئۆری و تەجروبیەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بکاتە چرای ڕێنوێنی خۆی. 
بە تێکۆشان لە پێناو برایەتی گەلان، بەرابەری ژن و پیاو، دێموکڕاسی ڕاستەوخۆی شوڕایی، دادپەروەری کۆمەڵایەتی و ... حەول بدا بەشی زۆری ڕووناکبیران، هێزە چەپ و دێموکڕاتەکان، چینی ژێردەستی کۆمەڵگای تورک بۆ لای خۆی ڕابکێشێ. شەڕی تورک- کورد بکرێتە یەکیەتی گەلان بۆ دروست کردنی دونیایەکی نوێی ئینسانی. 

٢- "یەکیەتی ئاریایی"

لە چوارچێوەی حقوقی بەرابەر و بەها مرۆڤیەکان، ئازادی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی هاوپەیمانی لە گەڵ فارس و ئاریاییەکانی ئێران و ئەگەر مومکین بێت گەلانی غەیری ئاریایی دیکەی ئێرانیش بگرێتەوە.
ئەگەر پلانی یەک سەری نەگرت و تورک بە پیلانی ئەردۆغان و گورگە بۆرەکان هێرشی داگیرکاری بۆ ناوچە کوردنشینەکان بکات، پلانی یەک نابێ وەلا بنرێ، بەڵکە دەبێ وەک ئیستڕاتژی نەگۆڕی پێکەوە ژیانی گەلان بمێنێتەوە و لە گەڵ پابەندی بەم ڕێبازە پلانی دو(یەکیەتی ئاریایی) بۆ ڕوبەڕوبونەوە لە بەرانبەر داگیرکاری نەتەوەپەرەستەکانی تورک بخرێتە بواری جێبەجێکردن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە