تورکیا دۆڵی گورگە بۆرەکان (بەشی دووەم)

Monday, 14/12/2020, 20:17

8386 بینراوە


- لە دوای تێکشکانی شێخ مەحمود لە 19 / 6 / 1919 لە شەڕی دەربەندی بازیان، کاتێک بە برینداری دەکەوێتە دەست، ئینگلیزەکان و دادگایی دەکەن، فەرمانی کوشتی بۆ دەردەکەن، دوایی دەیگۆڕن بە نەفیکردن و دوورخستنەوەی بۆ هیندستان. بۆ ئەو کارەساتە کاوێس ئاغای هونەرمەند، لاوکێکی بەناوبانگی هەیە، لە بەشێکی لاوکەکەیدا دەڵێت: (کورد خائینە).
مەبەست لە خائین، بەو کەوا سورە (جاش)ـانە دەڵێت، کە یارمەتی ئینگلیزەکانیان دا و شێخ مەحمودیان بۆ ئینگلیزەکان دەست نیشان کرد، هەروەها مەبەست لە هەڵوێستی ئەفەندیەکان (خوێنەوار و روناکبیرەکان)ی ئەو سەردەمەش بوو، کە دەنگیان بە دەوڵەتی عێراقی داو و لەگەڵ دروستبوونی دەوڵەتی کوردییدا نەبوون.
لە نێوان ساڵانی ١٩٥٠/ ١٩٦٠ بە زمانی کوردی تەنیا لەم شوێنانە رادیۆی بەشی کوردی هەبوون (یافا، بەغدا، قاهرە). تورکیا هەموو هەوڵێکی دەدا و فشاری دەخستە سەر ئەو وڵاتانە، تا رادیۆی بەشی کوردی دابخرێت، بەڵام هەوڵەکانی سەریان نەگرت.
دوای رووخانی حکومەتی پادشایی لە عێراق لە 14 / 07 /1958 و دروست بوونی کۆماری عێراق، تورکەکان دیسان هەوڵی ئەوەیان لەگەڵ عەبدولکەریم قاسم دایەوە، کە بەشی کوردی دابخرێت، هەروەکو چۆن داوایان لە جەمال عەبدولناسریش کردبوو، بە بیانووی ئەوەی میللەتێک نییە بە ناوی کورد، داوایان کرد رادیۆی بەشی کوردی لە قاهرە دابخات، دوای ئەوەی لەم هەوڵانەیاندا سەرکەوتوو نەبوون، ئیتر سەفارەتی تورکیا لە بەغدا چەند فەرمانبەرێک وەکو چاودێر بەسەر بەشی کوردی رادیۆی بەغداوە دادەنێت، بۆ ئەوەی لە کاتی کردنەوە، تا کۆتایی بەشی کوردیی چاودێری پرۆگرام و بەرنامە و گۆرانییە کوردییەکان بکەن.
رۆژێک رادیۆی کوردی بەغدا ئەو گۆرانییەی کاوێس ئاغا لیدەدات. هەروەکو هونەرمەند رەفیق چالاک گێڕایەوە، کاتێک سەفیری تورکیا لە بەغدا گوێی لە لاوکە دەبێت و ماناکەی بۆ لێک دەدەنەوە، بە تایبەتی لەو بڕگەیەیدا کە دەڵێت: (کورد خائینە) پەیوەندیی بە رادیۆی بەغداوە دەکات، بە بیانووی ئەوەی ئەو لاوکە زۆر خۆشە، پێشنیار دەکات، رۆژانە چەند جارێک لێبدرێتەوە.
ئەو کوردەی لە تورکیا ناوی کوردستان بهێنێت لە ژێر ئەشکەنجەدا دەبێت بە خوێنی خۆیان لە دیوارەکە ناوی تورکیای بۆ بنووسن

مەبەست لەوەی بۆچی داوای کرد بە زۆری ئەو لاوکە لێبدرێتەوە، تەنیا بۆ یەک مەبەست بوو، ئەویش زۆر وتنەوەی قسەیەک وەکو (کورد خائینە)، کاریگەریی خراپ لەسەر گوێگر دروست دەکات، لە بیرناچێتەوە و دەچێتە هزرەوە، لە ماوەیەکی دوورخایەنیشدا بێت،  ئەگەر رەخنەش بێت ئەو قسەیە دەبێتە سوکایەتی و جنێویش، کەسەکەی پێ دەشک و بڕوای بەخۆی نامێنێت، وەکو چۆن ئەمڕۆ بووە بە باو، لەو هەموو تێکشکان و خیانەتانەی پارتیی و یەکێتیی، کۆمەڵێک خەڵک پەیدابوون جنێو بە کوردبوونی خۆیان دەدەن، ئاوا تورکەکان مەبەستیان لەم کارە ئەوە بوو، وا لە کورد بکەن هەست بە تێکشکانی خۆی بکات و بەورەو ئەو ئامانجە بیانبات قسە بە نەتەوە و شوناسنامەی خۆی بدات. کاتێک میللەتێک تێکشکاندنەکانی خۆی بە روویدا دەدرێتەوە، ئیتر وزەی لێدەبڕێ و هەناوی دەشکێت، متمانەی بە خۆی نامێنێت. هەستکردن بە تێکشکان، بێهیوایی بە دوای خۆیدا دەهێنێت، هەست بە کەمی و بچوکی و بێتوانایی خۆی دەکات. ئەمڕۆ ئەو بەشە بۆ تێکشکانی کورد سپێردراوە بە بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی و ئەو نووسەرانەی، کە بە رۆمان و وتارەکانیان نائومێدیی و رەشبینی بڵاودەکەنەوە، گەنجان رەشبین و نائومێد دەکەن، هیچ هیوایەکیان بە ژیانی کوردبوونیان نامێنێت. هەڵبەت ئەو کاتەی کاوێس ئاغا ئەم لاوکەی وتووە، تەنیا رەخنەیەک بووە لەو خەڵکانەی کە پشتیان لە شێخ مەحمود کردووە، بەڵام تورکەکان کەڵکیان لەو ئەو قسە وەرگرتووە، پارتیی و یەکێتییش ئەمڕۆ سوپای تورکیا و ئێران و دەزگا هەواڵگرییە سیخوڕەکانیان هێناوەتە باشوور، ئەو ئەرکەیان بەوان سپاردووە، کە لە رێگای رەخنەگرتن لە پارتیی و یەکێتیی، کوردەکە خۆی جنێو بە کوردبوونی خۆی دەدات.
وەکو ئەم قسانە، کە ژمارەیەک لە خوێنەر دەستخۆشیان لێدەکەن، کە دەڵێن:
(شەق لە کوردایەتی هەڵدەدەم)،
(جا چی تییایە ، بۆ کوردبوون ئەوەنە موهیمە)
(زێرابی کوردایەتی)
(ئیستیحماری سیاسیی و حەماقەتەکانی کوردایەتیی)
هەموو ئەم قسە و نووسینانە لە خزمەتی سیاسەت و ئەجندای داگیرکەراندایە، کاتێک کوردیش هەمان هەستی رق لە خۆبوونی بە ناسنامەی خۆی دروست دەبێت، ئیتر داگیرکەر بە ئاسانی دەتوانێت نیشتیمانەکەی داگیر بکات، چونکە پێشوەخت ناخی کەسەکانی داگیرکردووە.
تورکیا ئەمرۆ پێویستی بەوە نییە لاوکی (کورد خائینە) لێبداتەوە، چونکە بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی بەردەوام بە کردار  ئەوەیان سەلماندووە، کە خۆیان و ئەوانەی لەگەڵیاندان خائینن، کە وای دادەنێن زۆربەی کورد لەگەڵیاندان..
ماندێلا: ئەگەر بە راستیی دەتەوێت دەسەڵاتی تورک بناسیت، بۆ تەنیا کاتژمێرێک ببە بە کورد

دوژمن و داگیرکەرانی کوردستان، زۆر لە پارت و سیاسییە کوردەکان و ئەو رووناکبیر و نووسەر و رۆماننوسانە وریاتر و زیرەکترن، سایکۆلۆژیی تاک بە تاکی کوردیان خوێندۆتەوە، بەردەوام کاریان لەسەر کردووە، کاتێک گەلێک لە ناو هزری خۆیاندا داگیردەکرێت، بە ئاسانی دەتوانرێت نیشتیمانەکەشی داگیربکرێت، ئەویش بەوەی بەردەوام تێکشاندنەکانی خۆی بە روویدا بدرێتەوە، ئیتر، تەسلیم بەو واقیعە دەبێت کە بۆی خوڵقێنراوە. لە کوردستان رەوەیەک لە خائین و سیخوڕی سیاسیی و نووسەر و روناکبیر خراونەتە نێو ماڵی کوردەوە، بۆ ئەوەی بەردەوام بە چاویدا بدرێتەوە و کورد هەست بە تێکشکانی خۆی بکات، بیر لە ئازادیی و سەربەخۆیی نەکاتەوە، ئەمەش یەکەم هەنگاوە بۆ وازهێنان لە ناسنامەی نەتەوەبوون. زۆربەی ئەو کوردانەی خانەقین و کەرکوک و موسڵ، بەرماوەی ئەو هەوڵەی داگیرکەرە، کە کوردەکە وازی لە خۆی هێناوە و بۆتە تورکمان و عەرەب. دوایین دیاردەش شەبەک و یەزیدییەکانە، کە بنەماڵەی بارزانی وای لێکردن وا خەریکن دوور دەکەونەوە و واز  لە کوردبوونی خۆیان دەهێنن.
دیاردەیەکی دیکەی ئەو تێکشکانە، جاشایەتیی و خیانەتە، کە پارتەکانی باشوور برەوی پێدەدەن. جاشایەتی بەرهەمی بچوکی تاکی کوردە، بە کردار لە رێگای خۆفرۆشییەوە واز لە ناسنامە و کوردبوونی خۆی دەهێنێت. دەبێتە پێشرەوی سوپای داگیرکەر، ئەمەش بەردەوامییدانە بە کەلتوری تێکشکاندن، کە هەمیشە کورد لەگەڵ مێژووەکەیدا هێناوێتی، هەر وەکو چۆن دەزگا هەواڵگرییەکانی ئێران و تورکیا بۆ پارتیی و یەکێتییان داڕشتووە ئەمڕۆ پارتیی بۆ لێدانی پەکەکە پێشڕەوی سوپای تورکیا دەکات.. سەرەنجامەکەشی ئەو پەیامەی تێدایە، کە داگیرکەر دەیەوێت ئەوە بە هەموومان بڵێت، کورد شایانی ئەوە نییە، کۆمەڵگا و وڵات و نیشتیمانی خۆی هەبێت و  بەڕێوەی ببات.
نمونەیەکی تر ١٦ ئۆکتۆبەرە، کاتێک گوێمان لە دەنگی ناڕەزایی کوردەکانی کەرکوک دەبوو، کە زۆریان پێ خۆش بوو، لە دەست پارتیی و یەکێتیی رزگاریان بووە. بەوەی ئەمڕۆشەوە، کە ژمارەیەکی زۆر بوونەتە (حەشدی کوردی)، هەموو ئەمانە سەرەنجامی رەفتاری پارتیی و یەکێتییە لە کەرکوک و تێکشکانی کەسایەتی کوردە لە 16ی ئۆکتۆبەردا، کە پێشتر تورکیا و ئێران ئەو چەند سالە بە پلان و سیاسەت وایان کرد پارتیی و یەکێتیی لە کەرکوک بمێنێتەوە، رێگایان دا (د. نەجمەدین کەریم)ی نارەحمەتی بکرێت بە پارێزگا ئاڵای کوردستانی لە کاتی ریفراندۆمەکەدا لە کەرکوک هەڵکرد، و ئەوسا ریفراندۆم و  16ی ئۆکۆبەریان کرد بەسەردا، تا پەلامارەکەی بە دوادا بێت، کەرکوکیان چۆڵ کرد، بەمە کورد  تێکشکانێکی دیکەی تۆمار کرد و گیانی بەرگری نەما و کەرکوکییەکان رازی بوون کە دوژمن و داگیرکەرەکەی بێتەوە و داگیری بکات، هەروەک چۆن ئەمڕۆ، سەردەمی سەددام بە باشتر و بەسەردەمی زێڕین دەزانن، لەبەر ئەوەی وەکو دەسەڵاتی کوردی نەبوو، موچەخۆر لە کاتی خۆیدا موچەی وەردەگرت، خەڵکەکە بوژابووەوە کەس وەکو ئەمڕۆ برسی نەکرابوو، ئیستاش بە هۆی پارتیی و یەکێتییەوە حەز دەکەن کە حکومەتی بەغدا بگەڕێتەوە و هەرێم نەمێنێت، تا موچە و ئاو و کارەبایان بۆ بگەڕێتەوە، چونکە ئەوانەیان لە سەربەستیی و سەربەخۆیی بەلاوە گرنگترە.
ئەوەی پارتیی و یەکێتی دەیکات تەواوکەری پرۆپاگەندە و هەوڵەکانی دوژمن و داگیرکەرانن، کە (کورد) لە رێگای بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی بەناو حکومەتی هەرێمەوە،  ئەوەش دەسەلمێنێت کە کورد ناتوانێت خۆی بەڕێوە بەرێت، بۆیە شایستەی ئەوەش نیین دەوڵەتیان هەبێت، چونکە گەلێکی خائینە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە