بەرەو ئاراستەی دابەشبوونی عێراق

Sunday, 31/01/2021, 1:55

2885 بینراوە


لە دوای روخانی ڕژێمی ( بەعس)ەوە و گرتنەدەستی دەسەڵات لە لایەن ( شیعە ) مەزھەبەکانەوە، سەرھەڵدان و ھاتنی گروپی توندڕەوی ئیسلامی ( داعش ) و بۆ ناوچەکانی ( سوننە ) مەزھەب و ڕاودونان و کوشتن و وێرانکردنی ناوچەکانی ( سوننە )، تا دێت ناکۆکی و ململانێکان توندتر دەبنەوە. ھەر بۆیە دەوڵەتی ئێران لێکدانەوەیەکی باشیان نەبوو بەرانبەر بە دەسەڵاتدارانی کورد، کە لەم دوایەدا لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا دوناڵدترامپ دیدارو گفتوگۆیان ساز کرد.
زۆرێک لە لایەنە ( شیعیە)کانی ناو عێراقیش داوای ئەوەیان لە سەرۆک کۆماری عێراق ( د.بەرھەم ساڵەح )، کە چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا رەفز بکاتەوە، بەڵام لە کۆتایدا دیدارەکەی لە ( داڤۆس ) ئەنجامدا.
دەسەڵاتدارانی ئێرانیش ئەوەیان بە بیری ھێنایەوە، کە ئەمریکیەکان زۆر بە شێوەیەکی کوت و پڕوو لە ناکاو ھێزەکانیان لە خاکی ( سوریا ) پاشەکشە پێکردو کوردانی ( ڕۆژئاوا ) یان خستەبەر چەپۆکی زلھێزی دەوڵەتی ( تورکیا )و گروپی توندڕەوی ئیسلامی داعش .
جێھێشتنی کوردانی ڕۆژئاواو ئەم پشتتێکردنە ئەمە وەک پەڵەیەکی شەرم و عەیبە بوو بۆ ئەمریکا، کە لە ھەموو دنیادا باسکراو تەنانەت لە ناو دام و دەزگا ئەمریکیەکانیش بوو بە جێگای رەخنەو قسەوباس.
سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترامپ بۆ گێرانەوەی شەرم و ھەیبەتی خۆی لە دیدارەکەی لە داڤۆس، لەگەڵ سەرۆک کۆماری عێراق ئاراستەی قسەکانی بۆ ڕۆژئاوا بوو. ئەمانەش وەکوو سروشتی خۆی باسی پارێزگاری لە بیرەنەتەکان کرد وەک دەستکەوتێکی ھەرە گەورە، بەڵام لای سەرکردەکاننی ئێران وایە ڕێککەوتنەکەی نێوان تورکیا و ئەمریکا بۆ سەرکوتکردنی کوردەکان لە ناوچە سنورییەکانی باکوری سوریا بووە ھۆی ئەوەی کوردانی ڕۆژئاوا ئەمریکا بە خیانەتکار تۆمەتبار بەکەن.
ئەوان پێیان وایە ھێشتا ماوەیەکی زۆر بە سەر ئەو کارەسات و ڕوداوە تێنەپەڕیووە، بەڵام ئەو ھەوڵ و جموجۆڵەی لە لایەن ھەندێک بەرپرسی کوردی عێراقەوە دەستیپێکردووە، وێنای ئەوە دەکات کە ئەوان بێ ئاگان لە ڕوداوەکانی ناوچەکە ئەوان ھێشتا بە پاڵپشتی ئەمریکا دڵخۆشن و ئامادەن لە گەڵ سەرۆکی ئەمریکادا کۆببنەوە، ئەمانەش وەک نیگەرانیەک لە سیاسەتی کوردەکانی باشور باس دەکرێت و وەک ھەوڵی سەربەخۆی دەبینرێتەوە.
زۆربەی چاودێرانی سیاسی پێیان وایە چوار وڵاتی ناوچەکە زۆر بە ڕاشکاوانە دژایەتی خۆیان بۆ دابەشبوونی عێراق ڕاگەیاندوە. تەنانەت ئەگەر ئەمریکاش ئەوەی بوێت پلانی لەم شێوەیە سەرناگرێت. دیارە جیابوونەوە نەیاری زۆرە تەنانەت بە پێچەوانەشەوە پێکەوە لە ناوچەکە نەیار و دژی یەکن .
بە ئاشکرا دژایەتی خۆیان بۆ دابەشکردنی عێراق دەربڕیوە بە ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانیشەوە، ئەمەش بەشێکی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە خواستی سەربەخۆی لای کوردەکان بەھێزەو، لەگەڵ ئەوەشدا لە ئەگەری ڕودانی جیابوونەوە توانای خۆپارێزیان لە ئاستی پێویستدا نییەو مەترسی ئەوە زۆرە ڕوداو و کارەساتی گەورەی لێبکەوێتەوە.
ھەرێمی سوننە بەرپرسانی سعودییە لەچەندین کۆبنەوەدا ، لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و وڵاتانی ھاوپەیمانان گفتوگۆی پێکھێنانی ھەرێمی سوننەیان تاوتوێکردوە، کە چەندین مانگ بەرلەئێستا گروپێک لە کەسایەتییە سیاسییەکان بازرگانانی پارێزگای ئەنبار و سەلاحەدین و نەینەوا بانگێشتی شوێنی حەوانەوەی باڵوێزی سعودییە لە پایتەختی ئەردەن کراون، لە کۆبنەوەدا سامر بن سەبھان وەزیری کاروباری وڵاتانی کەنداو حکومەتی سعودییە پێشوازی لە عێراقییەکان کردووە، وەک نوێنەری تایبەتی محەمەد بن سەلمان جێنشین لەگەڵیان کۆبووەتەوە کە باس لەوە دەکرێت محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاگاداری کۆبووەکە و وردەکارییەکانێتی دیارە ئەمە یەکەم جار نیە پێکھێنانی ھەرێمی سوننە لە میدیاکان باسی لێووە بکرێت یا کۆبوونەوەی بۆ ساز دەکرێت
بە گوێرەی راپۆرتی میدییای ئێرانی ئەنبار بە پارێزگایەکی تەواو سوننە دادەنرێت، بەڵام سەڵاحەدین و نەینەوا وا نین. ئەگەر پلانەکە لە ئەنبار سەربگرێت ئەو پارێزگایانەش کە زۆرینەی سوننەیان ھەیە دەبنە بەشێک لەو ھەرێمەی کە باس دەکرێت، باس لەوە دەکرێت لەو کۆبونەوەیەدا بەدەر لە بەرپرسی سعودییە و شاندی سوننەکانی عێراق لایەنی تریش بەژدارییان ھەبووە زانیارییەکان باس لەوە دەکەن، کە عادل عبدوالمھدی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە دانشتنەکان ئاگادار بووە، ھەر بۆیە دواتر ئەو پرسە لە گەڵ جێنشینی سعودییە باس کردووە. ھەر لە درێژەی ھەواڵەکەدا محەمەد بن سەلمان ھەواڵەکەی ڕەتکردووەتەوە، بەڵام بەڵێنی ئەوەی داوە کە فەرمانی ڕاگرتنی ھەیە.
ئێرانییەکان لە دۆخی ئێستادا گومانیان زیاتر بووە کە ئەو پرسە گەرمتر بەردەوامە بە تایبەتی لە دۆخی ئێستای عێراقدا بووەتە ئەگەرێکی زۆر نزیک. ئەوان گومانیان لەوەش ھەیە کە ئەم جارە جدیتر باسکراوەو لە دانیشتنەکاندا نوێنەری ئەمریکا و ئیسرائیلش تێدا بەژداریان ھەبووە.
ئەمە وایکردووە ئێران لە گەڵ ھێزە نزیکەکانی خۆی لە عێراق بکەوێتە ڕاوێژ و ھۆشداری ئەوەیان بداتێ پەلەبکەن لە دامرکاندنەوەی خۆپیشاندەران و دیاریکردنی کاندیدێک بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران
ھەرچەندە ئەوترێت نوێنەری ئەمریکا لەو کۆبونەوەیەدا پاڵپشتی لە پلانەکە نەکردووە و تەنھا کاتێکی کەم لە کۆبونەوەکەدا بووە، بەڵام نوێنەری سعودییە وتویەتی ، ئەگەربتوانین پلانەکە جێ بە جێ بکەین ئەوا دواتر واشنتۆن خۆی پێشوازی لێدەکات.
ئەمەش وا شرڤەی بۆ دەکرێت ھەرچەند ئەمریکا لە ئێستادا راشکاوانە لەو بارەیەوە ھیچی نەگوتووە و نایەوێت مباشر بەژداری لەو پرسەدا بکات، بەڵام بە غەیرە مباشر ئەوە واتای ئەوە نیە کە دژی پلانەکە بێت، بە پێچەوانەشەوە ئەو دەیەوێت پرسەکە وەک کارتێکی گوشار بە سەر ھەموو لایەنەکانەوە بیھێلێتەوە و ھەرەشەی لە لایەنە شیعیەکان پێبکات و دڵنەوای سوننەشی پێبکات، بە تایبەتی دوای ئەوەی سوننەکان بە مانەوی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق ڕەزامەند بوون.
وڵاتی ئەردەن نیگەرانە ھەرچەندە دەزگای ھەواڵگری گشتی ئەردەن نوێنەری لەو کۆبونەوەیەدا بەژدار بووە، بەڵام دژایەتی خۆی لەوە ئاشکرا کردووە کە بەرپرسانی سعودییە و لایەنەکانی تر ئەردەنیان کردووەتە ئەو کۆبونەوانە و ئەوەش زیان بە پەیوەندییەکانی لە گەڵ عێراق دەگەیەنێت.
لە کۆبونەوەی دوەم کە لە ئەردەن سازکرا نوێنەری ئیمارەتیش بەژداری کردووە، ئەمەش وا وێنای بۆ دەکرێت دوای ھەوڵەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق سعودییە بیەوێت سەری پەتەکە بداتە دەست ئیمارەت، تا پەیوەندیەکانی خۆی لە گەڵ عێراق کە تازە گەرم و گوڕی تێکەوتووتەوە زیانی پێنەگات
دانیشتنی سێیەم بۆ ھەمان مەبەست لە دوبەی بووە، ئەوەی جیاوازە ئەوەیە ئەمجارە حەلبوسی و ژمارەیەک ئەندام پەرلەمانی سوننە بەژدارییان لەو کۆبونەوەیەدا کردووە، ھەندێک لە چاودێرانی سیاسی پێیان وایە ئەم ھەوڵانە، گەر بەشێکی پەیوەندی بە دۆخی کێشەکانی نێوان شیعە و سوننەوە ھەبێت
بەشێکی تری پەیوەستە بەوەی وڵاتانی کەنداو دەیجوڵێنن و بەڵێنی ھاوکاریان داوەو پشتگیری ئەو ھەرێمە دەکەن تا ئەوانیش وەک ھەرێمی کوردستان خۆیان بەڕێوەبەرن و ھاوشێوەی کوردستان بتوانن سود لە برگەو مادە دەستورییانە وەربگرن کە لە دەستوریی ئێستای عێراقدا ھەیە
ھەندێکیتر لە چاودێرانی سیاسی پێیان وایە لە دوای دروست بوونی ھەرێمی سوننە ئێتر شتێک نامێنێتەوە بە ناوی دەوڵەتی عێراقەوە، چونکە دروست بوونی ئەم ھەرێمە زوو یا درەنگ سەرەتایەک دەبێت بۆ دابەشبوونی یەکجاری عێراق.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە