فەرەنسا و قەوارەی هەرێمی کوردستان

Tuesday, 16/02/2021, 23:53

5127 بینراوە


دوای درووستبوونی بەرەی کوردستانی و یەکڕیزی کورد توانرا بەرنامەیەکی باش دابنرێت بۆ ڕاپەڕین، لەڕۆژی «٥»ی ئاداری «١٩٩١» لەڕانیەوە ڕاپەڕین دەستی پێ کرد و توانرا لەماوەیەکی کەمدا تەواوی ناوچە کوردییەکان بەکەرکوک و خانەقینیشەوە لەدەستی بەعسی فاشیست دەربھێنرێت و ڕزگار بکرێت، بەعس بەشێوەیەکی دڕندانە ووڵامی ڕاپەڕینی گەلی کوردستانی دایەوە و بە تەواوی هێزی زەمینی و ئاسمانی خویەوە هێرشی هێنا بۆ سەر ناوچە ڕزگارکراوکان و لەڕۆژی «٣١» ئاداری «١٩٩١» میللەتی کورد ڕووبەڕووی کۆڕەو بووەوە، ملیۆنان لەمرۆڤی کورد لەترسی کۆمەڵکوژی و پاکتاوکردن و قڕکردن ملی ڕێگەی گرت و ماڵ و حاڵ و شوێنی خۆیان بەجێ ھێشت و بەڕێکەوتن بۆ ئەودیوی سنوورەکانی ووڵات، کۆڕەو بەمەزنترین خەباتی مەدەنی سەردەم 
و ناوازەترین ڕووداوی مێژووی مرۆڤایەتی دادەنرێت کە بەتەواوی گەلانی دنیای ووت: گەلی کورد بێ کەس و بێ پەناگەیە، ھەتیوترین نەتەوەی دنیایە، کەس نییە بیپارێزێت.
لەدوای ئەوەی کورد ئاوارەی ئێران و تورکیا بوون، دانیاڵ میتران ھاتەجواب و سەردانی ھەریەک لەووڵاتانی ئەڵمانیا و ڕووسیا و ئەمریکای کرد بۆ دابین کردنی پاڵپشتی لەئەنجومەنی ئاسایش بۆ کورد، بەهاوکاری ئەمریکا و بەریتانیا و ئەندامانی تری ئەنجومەن توانرا لەڕۆژی «٣»ی نیسانی «١٩٩١» یاداشتێک بەرز بکەنەوە بۆ سکرتێری گشتی و لەڕۆژی «٥»ی نیسانی «١٩٩١» پڕۆژە بڕیاری «٦٨٨» لەئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پەسەند کرا، تێیدا ناوچەی ئارام بۆ باکوری ھێڵی پانی «٣٦» بۆ کورد دانرا، دوای پەسەندکردنی ئەم پڕۆژە بڕیارە فڕۆکەکانی فەرەنسا و ئەمریکا بۆردوومانی ھەر ھێزێکی عێراقیان دەکرد کە ھێڵی پانی «٣٦» تێپەڕاندایە، جگە لەوە دانیاڵ میتران سەردانی ئاوارەکانی کرد لە ئامەد و ماردین و ھاوکاری مرۆیی پێ گەیاندن، ھەروەھا فرانسۆ میترانی سەرۆکی ئەوکاتی فەرەنسای ڕازی کرد کە ژمارەیەک ئاوارەی کورد وەربگرێت و ئیقامەی فەرەنسیان پێ بدات.
دیارە بەرئەنجامی ئەو پڕۆژە بڕیارە سوپای بەعس لە ناوچە کوردییەکان کشانەوە و  ووردە ووردە ئارامی بۆ ناوچەکە گەڕایەوە و دەستە دەستە خەڵکی گەڕانەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، ناوچە كوردییەکان (جگە لەو ناوچانەی کە لەدەستووری تازەی عێراقدا بەناوچەی مادەی «١٤٠» ناسراوە) کەوتە دەست ھێزە کوردییەکان. لەسەردەمی بەڕێوەچوونی یەکەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی حکومەت و بنیادنانی دیموکراسیدا، فەرەنسا پشتیوانییەکی سەرسەختی مافە ڕەواکانی گەلی کورد بووە، لەدوای ھەڵبژاردنی پەرلەمانیش بەڕەسمی نوێنەری خۆی ناردووەتە پەرلەمان و دانی ناوە بەبوونی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان، وە چەندین ڕێکخراوی فەرەنسییان لەبواری هاوکاری مرۆیی و ئاوەدانکردنەوە ناردووەتە هەرێم بۆ  بنیادنانەوە و خزمەتکردنی خەڵک، جگە لەوە فەرەنسا ڕۆڵێکی گرنگی بینی لەهێنانەدی ئاشتی ناوخۆیی و نەهێشتنی شەڕی ناوخۆ لەهەرێمی کوردستان.
لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسیش فەرەنسا یەکەم ووڵات بوو کە بەفەرمی سەرۆکی خۆی ناردە هەرێمی کوردستان، هەروەها یەکەم ووڵات بوو کە کۆنسوڵگەری خۆی لە هەولێر کردەوە، لەشەڕی داعشدا و لەسەخترین و مەترسیداترین کاتدا هاوکاری سەربازی و چەک و تەقەمەنیان گەیاندە هێزی پێشمەرگە، لەدوای ڕیفراندۆم و ڕووداوەکانی (١٦)ی ئوکتۆبەری (٢٠١٧) کە پاڵپشتی نێودەوڵەتی بۆ هەرێمی کوردستان گەیشتبووە نزمترین ئاست، لەوکاتەدا فەرەنسا گەلی کوردی بەتەنیا جێ نەهێشت و مەترسییەکانی سەر هەرێمی کوردستانی ڕەواندەوە.
لەکۆتایدا دەتوانین بڵێین قەوارەی هەرێمی کوردستان بەدرێژایی تەمەنی و لەسەر ئاستی ئەقلیمی  و ناوخۆیی  هەڕەشەی لەسەر بووە، فەرەنساش بەشێوەیەکی بەردەوام و لەقۆناغە جیاوازەکانی تەمەنی ئەم قەوارەیە ڕۆڵی گرنگ و بەرچاوی هەبووە لە پاڵپشتی کردن و پاراستنیدا. هەروەها نابێت ئەوە لەیاد بکەین کە فەرەنسا ئەو ووڵاتە بوو کە یەکەمجار تەبەنی پرۆژە بڕیاری (٦٨٨)ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد، ئەگەر ئەو پرۆژە بڕیارە نەبوایە ئێستا شتێک نەبوو  بەناوی قەوارەی هەرێمی کوردستان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە