دەزگای پاراستن بە نیازی تیرۆرکردن و کوشتنی کۆمەڵێک لە نەیارانی پارتییە


دەستگیرکراوانی هەولێر و بادینان و "سەرایەی ئەولیای دەم"!

Wednesday, 02.17.2021, 10:22

2025 بینراوە


 میدیای کوردی، هەواڵی دادگایکردنی "شێروان شێروانی و هاوڕێکانی" بە سزای شەش ساڵ لە دادگەی هەولێر جاڕدا. زوو دوای ئەوە، کۆمەڵێک پەرلەمانتار و لایەنی دیکەی سیاسی گیرفانگەرم و  هەلپەرست، کە بۆ دەیەک زێترە بەشدارن لە حکومەتی بنکە فرەواندا، بۆ هەڵخەڵاتاندنی خەڵک و ڕاکێشانی دەنگی شەقام و سەرنجی زۆرینەی سادە، لە بەرامبەر کامیرادا کەوتنە لە سینگدان و هەرانانەوە، کە گوایە ئەوان، ئەو بڕیارەی دادگای هەولێر بە ناهەق و نادادپەروەرانە لە قەڵەم دەدەن، وەک ئەوەی خۆیان بەشێک نەبن لەو دەسەڵاتە!
جێگەی سەرنجە جگە لە میدیای دەسەڵات و حزبەکان، ئەو ماڵەپەڕ و میدیایانەی کە خۆیان بە ئۆپۆزسیۆن و دژە دەسەڵاتیش دەزانن، بوون بە گۆڕەپانێکی پانوبەرین بۆ بڵاوکردنەوەی وێنە و دڕۆودەلەسەی ئەو جۆرە گیرفانگەرم و هەلپەرستانە، وەک ئەوەی ئەوان دەرک بەوە نەکەن کە ئەو جۆرە کەسانە وەک "کەری نێو جۆگەن و لە هەردوولادا دەخۆن"، ئەوەش لەیاد خۆیان دەبەنەوە کە بڵاوکردنەوەی وێنە، گوتە، وتار و بابەتی ئەو جۆرە کەسانە لە ئەنجامدا ناسنامەی میدیای ئۆپۆزسیۆنبوونیان دەخەنە ژێر پرسیارەوە!؟
خەباتی مەدەنی و هەوڵدان بۆگۆڕینی دەسەڵاتی سیاسی لە باشوور لە گۆڕەپانێک ناکرێت کە دەسەڵات فەراهەمی کردوە بۆ خەڵک لە سیستەمێکی خێزانی و خێڵەکییدا کە ناوی ناوە سیستەمی دیموکراتی. لەوجۆرە گۆڕەپانەدا خەڵک تەنیا دەبێت دروشم بە بەژنوباڵای دەسەڵاتدا هەڵبڵێت، کڕنۆشبەرێت، ملکەچبکات و بێبێت بە مەسینەهەڵگر، هەر کاتێک پێچەوانەی ئەوانەی ئەنجام دا دەبڕدرێتە بەردەم دادگەیەک لەژێر فشار و باڵی دەسەڵاتدا دەمی چەورکراوە لە شانۆگەریەکی گاڵتەجاریدا بە سەدان تاوانی بەسەردا دەسەپێنن،  لەبەرئەوە ئەوەی بیەوێت خەبات دژی دەسەڵات بکات، دەبێت خۆی دروستکەر و بنیاتنەری ئەو گۆڕەپانە بێت، جا بە دروستکردنی ڕێکخراوی نهێنی بێت، یان بە خەباتی چەکداری بێت، یان بەهەوڵدان بێت لە دەزگە سەربازییەکان بۆ ئینقلابی عەسکەری و دەیان ڕێگەی دی، مڕۆڤ کە خەبات بکات نابێت لەوەش بترسێت کە شانی ئارداوی نەبێت و ژیانی خۆشگوزەرانی لێ نەشێوێت!
دادگەی هەولێر و هەموو شارەکانی دی باشووری کوردستان دامەزراوەیەکی بێلایەن نییە و دەزگەیەکی حزبییە، وەک هەموو دامودەزگەکانی دی حکومەت، دادوەر و دادگە لەسەر بیناغەی پاراستنی بەرژەوەندیی  و بڕیارەکانی دەسەڵاتداران و دەستڕۆیشتووەکان دامەزراوە ، لەبەرئەوە هەڵەیەکی مەزنە، ئەگەر چاوەڕەوانی ئەوە بکرێت کە بڕیاری سزادان یان بێتاوانی لەسەر بیناغەی دادپەروەری، دڵسۆزی و ڕێزگرتن لە یاسا و دەستوور بێت، ئەگەر چاوەڕوانی پرۆسەیەکی لەو جۆرە بین، کەواتە ئێمە لە سروشتی ئەو دەسەڵاتە نەگەیشتووین و خۆمان فریودەدەین!
دەستگیراوەکانی هەولێر و بادینان پێویستیان بەهیچ بەڵگەیەک نییە بۆ ئەوەی بێتاوانی خۆیان بسەلمێنن، چونکە لە بیناغەدا ئەوان هیچ تاوانێکیان ئەنجام نەداوە، نەسامانی گشتیان دزیوە، نەفلیم و گرتە ڤیدیۆی پۆڕنیان لەگەڵ لەشفڕۆشان هەیە وەک لێپرسراوەکانی هەولێر و سلێمانی، نەدەستیان لەگەڵ دوژمنان تێکەڵ کردوە، نەبوون بە سیخوری میت و ئیتیلاعات، نەخاوەن تۆڕی مافیا و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەرن، نەنیشتمانفڕۆش و خاینن، نەئەوان بوون هەولێریان پێش چەند ڕۆژێک دا بەر مووشەکان!؟ ئیتر ئەوانە چی تاوانێکیان هەبووە تەنیا ئەوە نەبێت کە نەبوون بە کۆیلە و مەسینەهەڵگری دەسەڵاتداران. 
دادگەی هەولێر، ئەگەر لەسەر بیناغەی بوونی بەڵگە مامەڵە لەگەڵ دۆسەکان دەکات و هەوڵدەدا بیانسەلمێنیت و ئینجا بڕیاری دادەپەروەرانە دەربارەیان بدات. ئەوا لەسەر مووشەکبارانەکانی  ١٥/٢/٢٠٢٠دا بەڵگەی سەلمێنراو هەیە وەک ئەو بەیانامەیەی خوارەوە:
دەفەرموو دادگە و دەسەڵاتدارانی هەرێم، ئەوا هێزی دژەتیڕۆر، پێشمەرگە، پاراستن و زێرەڤانی و دەیان چەکدار و میلیشیای دیتان لەپاڵە، ئەگەر ئێوە پیاون و بوێرن، ئەوانە ڕاپێچی دادگە بکەن و سزایان بدەن، نەک ئەو بێتاوان و دەستگیکراوانەی هەولێر و بادینان کە نەک چەک، بەڵکو بەردەقانیەکیان پێ نەگیراوە!؟