ئایا هاوڕەگەزخوازی ویست و بژارەیە؟

Tuesday, 04.13.2021, 4:13

4923 بینراوە


تێڕوانینی ئاین و کۆمەڵگەکان بۆ هاوڕەگەزخوازان

ئایا هاوڕەگەزخوازی سێکسی خۆخواز و بژارەی کەسەکانە، یان پاڵنەر و هۆکاری بایۆلۆژی و ژینگەیی و پەروەردەیی هەیە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە لای کۆمەڵگە خۆپارێز و کەسانی ئایندار گرینگییەکی یەکجار زۆری هەیە، لەبەرئەوەی بەندە بە ڕوانگەی ئاینەکان بۆ ئەو پێوەندییە قەدەغەکراوەی بە تاوانێکی گەورە دادەنرێ و بەتووندی دژایەتی دەکرێت. بەو واتایەی ئەگەر هاوڕەگەزخوازی هۆکاری جینەکی هەبێت، ئەوا دەبێتە کردارێک کە لە ئارەزووی مرۆڤەکان بەدەرە، بەمەش بیرۆکەی سزادان لەسەر شتێکی خۆنەویست هیچ مانایەکی نامێنێت. لەڕاستیدا ئەمە کێشە و گرفتێکی قووڵ بۆ ئاینەکان دروست دەکات، چونکە دەشێ هەر یەکێک بپرسێت، چۆن خوا لێپرسینەوە لەگەڵ مرۆڤەکان دەکات، دەربارەی بابەتێک کە سەپێندراو بێت لەسەریان؟
ئەگەر هاوڕەگەزخوازی ئارەزوو و ڕەفتارێکی خوازراویش بێت، بەهۆی فاکتەرە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان، ئایا دەکارین ببێژین مرۆڤ بەتەواوی ئازدە لە هەڵبژاردنی، یان دوورکەوتنەوە لێی؟ بەدەربڕینێکی دیکە دەمانەوێ بزانین، منداڵ لە کاتی لەدایکبوونەوە هاوڕەگەزخوازە، یاخۆ پاش پێگەیشتن وەری دەگرێ، یانیش گۆڕانێکە لە سروشتی مرۆڤ، دەرەنجامی چەند ڕووداو و هەلومەرجێک؟
هاوڕەگەزخوازی لە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەکاندا بوونی هەیە، هەر لەناو سیاسەتکاران و بەرپرسان و ڕۆشنبیرانەوە بگرە، تا دەگاتە مامۆستای ئایندار. بەڵام لەبەر هەستیاری بابەتەکە و تێڕوانینی نەرێنی کۆمەڵگەکان بۆ کەسانی هاوڕەگەزخواز، تا ئێستە ڕاپرس و ئەژمارێکی ورد بۆ ژمارەی هاوڕەگەزخوازەکان نییە، چونکە زۆربەیان خۆیان ئاشکرا ناکەن و نایانەوێ کەس لە نهێنی ئارەزوو و ئاراستەی سێکسیان بزانێت. هەرچۆنێکی بێت زانا و شارەزایان پێیان وایە خۆی لە 2 – 6% دەدات. ئەم ڕێژە سەدییە ئەگەر بەکەمیش بێتە بەرچاو، پێویستە بزانین بەکۆی گشتی سەدان ملیۆن کەس دەگرێتەوە لە جیهان.
ئەو بابەتە بەبەردەوامی بووەتە جێی مشتومڕی و گرفت هەتا لە وڵاتە کراوە و پێشکەوتووەکانیشدا، بەتایبەتی لە وڵاتانی جیهانی سێیەم و دواکەوتووەکان کێشەیەکی ترسناک و گەورەیە. کەچی لەگەڵ ئەوەش لە کۆمەڵگەکانی ئێمە و هاوشێوەی ئێمە بەهەر جۆرێک بێت نایانەوێت ڕاستەخۆ ڕووبەڕووی ببنەوە و چارەسەرێکی بۆ بدۆزنەوە، بۆیە هەندێک دەڵێن، ئەمە دیاردەیەکی نامۆ و لابەلاییە لەلای ئێمەدا، ژمارەیان زۆر کەمە و شایەنی بایەخپێدان نییە، پێیان وایە هاوڕەگەزخوازی هیچ کێشەکی لێ پەیدا نابێ، ئەگەر کەسەکان بەئاشکرا خۆیان دەرنەخەن.
ئەوانەی ئەم بۆچوونانەیان هەیە دەبێ بزانن، ترسی خۆناساندن و شاردنەوەی ئارەزوو و ڕەفتاری هاوڕەگەزخوازی، بابەتەکە چارەسەر ناکات، هاوکات پێوەندییان بە پتربوون و کەمبوونەوەی ڕێژەیان نییە. لەبەرئەوەشە هیچ تۆژینەوەیەک زێدەبوونی ژمارەی هاوڕەگەزخوازی تۆمار نەکردووە، لەو وڵاتانەی لێبووردەییان بەرانبەر بە هاوڕەگەزخوازان هەیە و بە هێزی یاسا مافەکانیان پاراستوون. بەهەمان شێوە ئەو کۆمەڵگانەی دژایەتییان دەکەن و بەتووندترین شێواز سزایان دەدەن، نەیان توانیووە ئەو دیاردەیە نەهێڵن و بنەبڕی بکەن.
لە کۆندا لە زۆربەی شارستانییەتی ناوچە جیاجیاکانی جیهان، ئاماژە دراوە بە پێوەندی و ڕەفتاری هاوڕەگەزخوازانە. بۆ نموونە، گۆڕێک لە میسر دۆزراوەتەوە بۆ پێش 2400 ساڵ دەگەڕێتەوە، دوو پیاو لەخۆ دەگرێت هاوشێوەی دوو دۆست، یاخۆ ژن و مێردێک نێژراون، دەشێ ئەم دووانە کۆنترین هاوڕەگەزخواز بن لە مێژوودا. جگە لە کەسانی ئاسایی، گەلەک کەسایەتی بەناوبانگیش هەن بە هاوڕەگەزخواز ناسراون وەک، پاڵەوانی داستان و ئەفسانەکان، ئەسکەندەری مەزن، ئەفڵاتون و فەیلەسووفانی دیکەی گریکییە کۆنەکان، چەندان خەلیفەی موسڵمانان و شاعیر و کەسایەتی ناودار، ژمارەیەک لە داهێنەر و هونەرمەندی وەک، مایکل ئەنگیلۆ و لیۆناردۆ داڤینشی. لەم سەردەمەشدا کۆمەڵێک هاوڕەگەزخواز هەن لە گشت بوارە جۆراوجۆرەکانی ژیان، زۆربەشیان خۆیان دەناسێنن و بوێرانە ئاراستە و ئارەزووی سێکسییان ئاشکرا دەکەن. 
بەدرێژایی مێژوو هەڵوێستی جیاواز گراوەتەبەر بەرانبەر بە چالاکییەکانی هاوڕەگەزخوازان، لە سەرسامی و نکووڵی و دژایەتیکردن. تێڕوانینی کۆمەڵگەکان بۆ پرسی هاوڕەگەزخوازی، بەگوێرەی هەڵوێست و بیروڕای ئاینەکان گۆڕانی بەخۆوە بینیووە.
ئاینە ئاسیایی و هیندییەکان و کۆمەڵگەی ژاپۆنی کۆن، پتر لێبوورەدەییان نواندووە بەڕانبەر بە هاوڕەگەزخوازان، ئەو ئاینانە ئەگەر ئەو ڕەفتارەیان پێ ڕاستیش نەبووبێ، بەڵام سزایانی نەداون، هەندێکیشیان بە کێشەیان نەبینیووە و بە کەسانی ئاساییان سەیر کردوون.
سێ ئاینەکەی جووەکان و کرستیانەکان و ئیسلام بەشێوەیەکی گشتی، بەتووندی دژی هاوڕەگەزخوازی دەوەستنەوە و بە تاوانێکی گەورەی دادەنێن. سزای تووندیان بۆی داناوە، شێوازی سزادانەکە لە ئاین و ئاینزایەک بۆ هی دیکە دەگۆڕێت وەک، لێدان و ئەشکەنجەدان، بەندکردن و کووشتن. ئەوەی جێی سەرنجە ئیسلام لە زۆربەی ئاینەکان تووندڕەوترە، بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی ڕەفتار و هەڵسوکەوتی هاوڕەگەزخوازان، گەلەک لە موسڵمانان سزای کووشتن و هەڵواسین، بۆ خوارەوە هەڵدانیان لە شوێنە بەرزەکانەوە، یان بەردبارانکردن تا مردنیان (سزای زیناکردن) بۆ بەڕەوا دەزانن.
هاوڕەگەزخوازی بۆ ماوەیەکی دورودرێژ بە کارێکی دزێو و بەدڕەوشتی، لادان و نەخۆشی دەروونی دەژمێردرا، بەداخەوە بە شێوازێکی دڕندە و نامرۆڤانەش (چارەسەریان) دەکردن، بۆ نموونە، لێدانی تەزووی کارەبایی، یان بریندارکردنیان تا (خوێنی پیس و گیانی بەد) لە لەشیاندا بێتەدەر و زۆر ئازار و ئەشکەنجەدانی دی.
لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمەوە بەرەبەرە لێرە و لەوێ تێگەیشتنێک سەری هەڵدا، لە چەندان وڵاتانی پێشکەوتوو و جیهانی خۆرئاوا، چیدیکە وەک نەخۆشییەک لێی ناڕواندرێ. خاڵی وەرچەرخان لە مێژووی هاوچەرخ ئەوە بوو لە ساڵی 1973دا، کۆمەڵەی ئەمریکایی پزیشکیی دەروونی (American Psychiatric Association)، هاوڕەگەزخوازی لابرد لە لیستی نەخۆشییە دەروونییەکان، بۆ ئەمەش کۆمەڵەی دەروونناسی ئەمریکایی (APA – American Psychological Association)، پشتەوانی خۆی بۆ ئەم بڕیارە دەربڕی. 
دوای ئەم بڕیارە تا دەگاتە ئەمڕۆ، ڕێکخراوەکانی لایەنگرانی مافی هاوڕەگەزخوازەکان، هەنگاوی مەزنیان ناوە بۆ گۆڕینی بۆچوونی کۆمەڵگەکان، بەرانبەر بەو مرۆڤانەی کە ماوەیەکی یەکجار دوورودرێژە فەرامۆش و دوورەپارێز کراون.
ئەوەی جێی سەرنجە، لێبووردەیی گەیشتە مەزنترین ئاینی جیهان، کاتێک پاپا فڕانسیس گوتی: "داوا لە سەرجەم کرستیانەکان دەکەم، ڕێز لە هاوڕەگەزخوازەکان بگرن، چونکە کلێسا هێندە مەزن و فەرەوانە دەتوانێ هەمووان لە باوەش بگرێت، بەبێ جیاوازی کردن لە نێوان ئاراستە و ئارەزووە جۆراوجۆرەکان".

هاوڕەگەزخوازی لە ڕوانگەیەکی زانستییەوە

بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکار و سەرچاوەی هاوڕەگەزخوازی، چاوی هەموومان ئاراستەی زانستە بۆ ئەوەی وەڵامێکی ڕاست و گونجاومان پێ بدات. چونکە زانست لایەنگریی نازانێت و بەهیچ شێوەیەک خۆی لە دیارکردنی پێوەرە ئەخلاقییەکان نادات، دەرەنجامە زانستییەکان هەرچییەک بن دەبێ بڵاو بکرێنەوە، بەبێ گوێدان بە بیروباوەڕە ئاینییەکان و دابونەریتە کۆمەڵایەتییەکان.
سەرەتا بەباشی دەزانین زۆر بەکورتی پێناسەی هەندێ لە زاراوە و چەمکەکانی ئەو بابەتە بخەینە ڕوو.
ئاراستەگری سێکسی، یاخۆ زایەندی (Sexual Orientation)، چەشنە ئارەزوو و هەستێکی سۆزداری، یان لەشییە بۆ ڕەگەزێکی دیارکراو. بە چوار شێوازی جیاجیا لە کەسەکاندا بەدەر دەکەوێت؛
جیاڕەگەزخوازی (Heterosexuality): پێناسەیەکە بۆ ئاراستەیەکی سێکسی یەکێک کە هەست و ئارەزووی سۆزداری، یان سێکسی، یاخۆ هەردووانی پێکەوە هەبێت بۆ کەسێکی دیکە لە ڕەگەزی جیاواز (پیاو و ژن).
هاوڕەگەزخوازی (Homosexuality): ئاراستەیەکی سێکسی یەکێکە کە هەست و ئارەزووی سۆزداری، یان سێکسی، یاخۆ هەردووانی پێکەوە هەبێت بۆ کەسێکی دیکە لە ڕەگەزی خۆی (پیاو و پیاو، ژن و ژن). کەواتە دەکارین هاوڕەگەزخواز بۆ هەردوو ڕەگەز بەکار بهێنین، چونکە بەشی (هۆمۆ) لە زاراوەکەدا لە وشەی (هۆمۆس)ی گریکی وەرگیراوە و هیچ پێوەندییەکی بە هۆمۆ بە واتای مرۆڤ، یان پیاو نییە. لە زمانی ئینگلیزیدا، کەسانی ئەم چەشنە ئاراستەیە لە ڕەگەزی نێرینە پێیان دەگوترێت، گەی (Gay)، ڕگەزی مێیینەش لێزبیان (Lesbian).
جووتڕەگەزخواز (Bisexuality‏): ئاراستەیەکی سێکسی یەکێکە کە هەست و ئارەزووی سۆزداری، یان سێکسی، یاخۆ هەردووانی پێکەوە هەبێت بۆ کەسێکی دیکە لە ڕەگەزی خۆی و ڕەگەزی جیاواز. 
ناسێکسی (Asexuality): کەسێکە ئارەزووی سێکسی بۆ هیچ ڕەگەزێک نەبێت، یان زۆر کەم بایەخ بە چالاکی سێکسی بدات.
شایەنی ئاماژەپێکردنە، لە زۆربەی چەشنەکاندا بابەتەکە هەمووی بۆ سێکسکردن نییە، بگرە پتر حەزێکی سێکسی و سۆزدارییە بۆ هەمان ڕەگەز، یاخۆ ڕەگەزی جیاواز. هاوکات ئاراستەگری بە واتای ڕەفتار و هەڵسوکەوتی هەمیشەیی نایەت، چونکە هاوڕەگەزخواز هەیە، هەرگیز سێکسی لەگەڵ هاوڕەگەزەکەی نەکردووە، بەرانبەر بەمە هەندێ جیاڕەگەزخوازیش هەن، سێکسی هاوڕەگەزیان ئەنجام داوە.
تێزێک هەیە بە شێوانی ناسنامەی سێکسی (Gender Identity Disorder – GID) دەناسرێت، ئەمەیان دەستنیشان کردنی هەستێکی نەخوازراوە لەلایەن زاناکانی دەروونناسی، لە کەسانێکدا پێیان خۆش نییە، لەسەر ئەوە ڕەگەزەن کە پێی لە دایکبوونە. وەک ئەوەی پێاوێک بە ڕەگەزی نێرینە لەدایک بووە، بەڵام حەزی لێناکات و پێی وایە دەبووایە مێینە بێت، بەپێچەوانەوەش لەلایەن هەندێ ژنانەوە ئەمە هەستە دەبیندرێت. پێویستە چاک ئاگادار بین و ئەو دوو بابەتەی هاوڕەگەزخوازی و تێکچوون و شێوانی ناسنامە تێکەڵ بەیەک نەکرێن. 
زاناکانی پسپۆری ئەم بوارە دەبێژن، ئاراستە و ئارەزووی سێکسی لە مرۆڤدا، سنوورێکی دیارکراو و ڕێژەیەکی جێگیر و نەگۆڕی نییە. دەربارەی ئەمە ئەلفرێد چارڵز کینزی (Alfred Charles Kinsey)، زانایەکی بایۆلۆژی ئەمریکی بوو و گەلەک تۆژینەوەی بۆ ڕەفتار و هەڵسوکەوتی سێکسی پیاو و ژنان ئەنجام داوە. ئەم زانایە بۆی بەدەر دەکەوێت کە هیچ کەسێک نییە، بەتەواوی هاوڕەگەزخواز، یان جیاڕەگەزخواز بێت، ئەوەی هەیە پلەپلەییە و هاوشێوەی پەیژەیەکە، بەم شێوەیە؛
پەیژەی کینزی (Kinsey Scale)
0: جیاڕەگەزخوازی تەواو.
1: زۆربەی جار جیاڕەگەزخوازە، لەگەڵ کەمێک ئارەزووی هاوڕەگەزخوازی.
2: زۆربەی جار جیاڕەگەزخوازە، لەگەڵ زیاتر لە کەمێک ئارەزووی هاوڕەگەزخوازی.
3: جووتڕەگەزخواز.
4: زۆربەی جار هاوڕەگەزخوازە، لەگەڵ کەمێک ئارەزووی جیاڕەگەزخوازی.
5: زۆربەی جار هاوڕەگەزخوازە، لەگەڵ زیاتر لە کەمێک ئارەزووی جیاڕەگەزخوازی.
6: هاوڕەگەزخوازی تەواو.

هۆکار و سەرچاوەی هاوڕەگەزخوازی

زاناکان تا ئێستە پاڵنەر و هۆکاری تەواوی ئاراستەگری هاوڕەگەزخوازی نازانن چییە، بەڵام زۆربەیان پێیان وایە دەرەنجامی کۆمەڵێک لە کارلێکی ئاڵۆز و تێکهەڵکێشی نێوان جینەکان و هۆڕمۆنەکان، هەروەها پەروەردە و ژینگەیە. زیاتر کاریگەریی بایۆلۆژی و هۆکارە بۆماوەییەکانی قۆناغی ئاوەلەمەیی و سروشتی ژیانی ناو منداڵدان، لەگەڵ هەلومەرجی کۆمەڵایەتی، لە دیارکردنی دیاردەکەدا دەبینن.
دەربارەی ئەمە کۆمەڵەی دەروونناسی ئەمریکی دەڵێت: ژمارەیەکی زۆر لە تۆژینەوەکان ئاماژە دەدەن بە هۆیە جینەکی (genetic)، هۆڕمۆنی (hormonal)، و کۆمەڵایەتی (social) و فەرهەنگییەکان (cultural)، بەڵام لەڕاستیدا تا ئێستە هۆکارێکی دیارکراو و بنەڕتی بۆ هیچ کام لە ئاراستەکان، دەستنیشان نەکراوە.
لێکۆڵینەوە زانستییەکانیش بە چەندان بەڵگەوە پێمان ڕادەگەینن، ئاراستەی سێکسی هەڵبژاردە نییە، بگرە شتێکە لەناخماندا ڕواوە، بەڵام کامە جینە و لەچی شوێنێکی جینۆمدایە؟ تا ئەمڕۆکە نەدۆزراوەتەوە. واتە ئەگەر هیچ گومانێکیش لە بوونی کاریگەری جینەکی نەبێ، کەچی ناکرێ بیردۆزێک دابڕێژرێت، لەسەر ئەوەی کردارێکی جینەکی ڕووتە و هیچ بابەتێکی دیکە ڕۆڵی تێدا نەگێڕێت. بۆیە هەر یەکێکمان کاتێک گوێبیستی هەواڵێک دەبین کە دەبێژێت، ئەم جینە هۆکاری ئەو ڕەفتارەیە، دەبێ زوو بزانین ئەمە زێدەڕۆییە و تەنیا کەسانی دوور لە زانست وا بیردەکەنەوە، چونکە هیچ جینێک ڕاستەخۆ نابێتە هۆی ڕەفتارەکان، بگرە جینەکان هێما بۆ پڕۆتینەکان دروست دەکەن، بۆ زنجیرەیەکی دوورودرێژ لە کردارە کیمیایی و زیندەکییەکان. 
لە بەرانبەر ئەمانە دەرەنجامی هەندێ ئەزموون، پێنج ڕووبەری جینەکییان دەست نیشان کردووە و دەڵێن، ئەگەری هاوڕەگەزخوازی لەلای جمکەکان و برای هاوڕەگەزخواز پترە لە جیاڕەگەزخوازەکان، بەهەمان شێوە ئەمە لەلای ڕەگەزی مێیینەدا بوونی هەیە. نموونەیەکی بایەخدار ئەوە بوو لە ساڵی 1993دا ئەنجام درا، پێی ڕاگەیاندین خێزانەکانی خاوەن دوو برای هاوڕەگەزخوازن، ئەگەری زۆرە کە هەڵگری هێما جینەکییەکن لە کرۆمۆسۆمی X کە ناسراوە بە (Xq28). ئەمەش بواری ئەوەی بۆ ڕەخساندین بۆ بوونی ئەو شتەی بشێ ناو بنرێت بە، جینی هاوڕەگەزخوازی (gay gene). 
پێکهاتەی مێشکیش کاریگەری هەیە لەسەر ئارەزووی سێکسی، تۆژینەوەکان دەبێژن، هەندێ بەش لە مێشک دەست بەسەر دەردانی هۆڕمۆنە سێکسییەکان دەگرن، لەلای هاوڕەگەزخواز و جیاڕەگەزخوازەکان وەک یەک نین. بە لێکۆڵینەوە و ئەزموونەکانی لەسەر مشکەکان کراون، دەری دەخەن کە کاری هۆڕمۆنە سێکسییەکان لە منداڵداندا لە قۆناغی ناجێگیری گەشەکردنی مێشک، کاریگەرییان هەیە لە ئارەزوو و دیارکردنی ئاراستەی سێکسی لە ئایندەدا. بۆیە دەستکاری کردنی ئاستی هۆڕمۆنەکان لەو دەمانەدا، وای لەو مشکانە دەکرد بەرەو ڕەفتاری هاوڕەگەزی بچن. واتە مێشک پێوەندی بە ئارەزووە سێکسییەکانمان هەیە، پێش ئەوەی لەدایک ببین، لەبەرئەوەشە گەلەک لە کەسە هاوڕەگەزخوازەکان هەست دەکەن گشت کاتێک وا بوونە. بەڵام لێرەشدا پێویستە بزانین، گەشەکردنی مێشک بە لەدایکبوون ناوەستێت، چونکە بەشێکی دیکەی گەشەی مێشکی منداڵ ئەو دەمە ڕوو دەدات فێرە شتی نوێ دەبێ، لە بیروباوەڕ و ئەو ڕەفتارەانەی کەسانی خێزان و پێگەیشتووەکان بە ڕاستی دەزانن. پەروەردە و فێرکردنی تەمەنی منداڵیی، گرینگییەکی زۆریان هەیە لە چۆنەتی گەشەکردنی مێشک، دەشێ مێشک لەگەڵ ئەزموونەکانی ژیان بگۆڕێت تا پاش پێگەیشتن، ئەمەشە هۆکاری ئەوەی کە بەلاوەنان و کپکردنی هاوڕەگەزخوازی لەڕێی چارەسەری هۆڕمۆنییەوە، هەرگیز سوودی نابێت.
 گەلەک ئەزموونی زانستی هەیە ئاراستەی سێکسی دەبەستێتەوە بە نەخشەی مێشکی بوونەوەرەکە. لە پێکهاتەی مێشکی ئاوەلەمەدا، سێ هۆڕمۆنی بنەڕەتی پێکهاتەی سێکسی دیار دەکەن کە ناو دەنرێن بە، تێستۆستێرۆن (Testosterone) و ئیسترۆجین (Estrogens) و پرۆجێسترۆن (Progesterone). جیاوازی لە ڕێژەی ئەم هۆڕمۆنانە ڕاستەوخۆ کار دەکەنە سەر مێشک و ئەندامەکانی ئاوەلەمە و ئاراستەی سێکسی، بەو واتایەی گۆڕانی بڕی هەریەکە لەمانە، کاریگەری لەسەر ئایندەی ئەو منداڵە دەبێت. لەلای مرۆڤ 8% لە کۆی گشتی لەدایکبووان، بڕی ئەو هۆڕمۆنانە نەگونجاون لەگەڵ ڕەگەزی کۆرپەکان، بەمەش منداڵەکە چی نێر بێ، یان مێ دەبێتە هاوڕەگەزخواز، یاخۆ نێرەمووک. بۆ نموونە بوونی ڕێژەیەکی بەرز لە تێستۆستێرۆن لە ئاوەلەمەیەکی مێیینە، دەبێتە هۆی بەبەرهەم هێنانی کچێکی هاوڕەگەزخواز، کەمی ڕێژەی ئەم هۆڕمۆنە لە نێرینەدا، کوڕێکی هاوڕەگەزخوازی لێ دێتە بەرهەم، بەڵام زێدەیی هەمان هۆڕمۆن لەلای نێرینە، کوڕێکی جیاڕەگەزخوازی لێ پەیدا دەبێت ... هتد.
بۆ زانینی ئاست و ڕادەی بوونی ویستی ئازاد لە هەڵبژاردنی ئاراستە و ئارەزووی سێکسی، با لە نموونەیەک ورد ببینەوە: ئەگەر چەند وێنەیەکی ڕووتی ڕەگەزی مێینە نیشانی پیاوێک بدەین، دەبینین خۆبەخۆ هەست بە ورووژاندنی سێکسی دەکات، کەچی ئەو دەمەی وێنەی پیاوانی نیشان بدرێ، هەست بە وروژاندن ناکات، ئەمەش واتاکەی ئەوەیە ورووژاندن و نەورووژاندن، کردارێکە بەویستی خۆمان ئەنجامی نادەین. هەمان دیاردە لای هاوڕەگەزخوازان بەدەر دەکەوێت، واتە پیاوی هاوڕەگەزخواز بە وێنەی پیاوان هەستی دەبزوێت نەک هی ژنان، لای ژنانی هاواڕەگەزخوازیش بەهەمان شێوەیە.
لەمەوە تێدەگەین ئارەزووی سێکسی بەدەست خۆمان نییە، بەڵام پێویستە بزانین کە خۆمان بڕیاردەری ڕەوشت و ڕەفتارمانین. ئەگەر پیاو ئارەزووی ژنانی کرد، ئەوە ناگەینێت ئەو پیاوە چییە هەستی ورووژاوە، لەدەرەوە هەر ژنێک ببینێ داوای سێکسکردنی لێ بکات، لای ژنانیش بەم جۆرە. هاوڕەگەزخواز وەک هەر کەسێکی دیکە پەروەردەی خێزان و کۆمەڵگەکەیەتی، ئەویش خاوەنی ڕەوشت و بیرکردنەوەی خۆیەتی بۆ کردن و نەکردنی هەڵسوکەوتەکان. 
هەرچەندە گەلەک بیروبۆچوون هەن، پێیان وایە رەفتاری هاوڕەگەزخوازی نەخۆشی و لادانە لە سروشت، بەڵام تۆژینەوەکان دەری دەخەن، هاوڕەگەزخوازی هیچ کاریگەرییەکی نەرێنی دروست ناکات لەسەر دەروون و لەشی کەسەکان. هەر بۆیە کۆمەڵەی دەروونناسی ئەمریکایی دەبێژیت: هاوڕەگەزخوازی و جووتڕەگەزخوازی پێوەندییان بە نەخۆشییە دەروونییەکانەوە نییە، بگرە دوو شێوازی سروشتین بۆ چالاکییە سێکسییەکانی مرۆڤ، هاوڕەگەزخوازان کەسانی بێهێز نین، لە ڕووی لەشساغی هیچیان لە جیاڕەگەزخواز کەمتر نییە.
لەبەرئەوەی وەک گوتمان، هاوڕەگەزخوازی لادان نییە لە سروشت، بۆیە لە جیهانی ئاژەڵاندا چەندان ڕەفتاری هاوڕگەزیی دەبیندرێن. لە زیندەوەراندا پتر لە 1500 جۆر هەن، هاوڕەگەزخوازییان تێدا بڵاوە وەک، مێش، قالۆنچە، جاڵجاڵۆکە، ماسییەکان، قاز و مراوی، شەمشەمەکوێرە، کوندەبۆ، ورچ، ئاسک، زەڕافە و گەلەکی دیکە.
لە هەمووی سەرنجڕاکێشتر کە هەرایەکی گەورەی نایەوە، دۆزینەوەی هاوڕەگەزی بوو لەلای مەیموونە جاڵجاڵۆکەییەکان (Spider monkey)، ئەو جۆرەی کە سەربە سەرەکییەکانە. هۆکاری هەرانانەوەکەش ئەوە بوو، سەرەکییەکانی جیهانی نوێ تا ڕادەیەک بە دابڕاوی لە سەرەکییەکانی دی و جۆرە نیوچەمرۆییەکانی جیهانی کۆن پەرەیان سەندووە. واتە هاوڕەگەزخوازی لەڕووی چەمکە ڕەفتارییەکان و بنەماکانی پەرەسەندن، شتێک نییە کە تەنیا لای مرۆڤ هەبێت. دەرەنجامی ئەم دۆزەوەیە، ئەگەری چەندجارەبوونەوەی لە لکەکانی دیکەی ژیاندا پتر دەکات.
لێرەدا لەسەر بنچینەی تیۆری پەرەسەندن پرسیارێک خۆی دێنیتە پێشەوە ئەویش، چۆن پەرەسەندن ڕێ بە تایبەتمەندییەک دەدات کە تەواو دژی مانەوە و بەردەوامبوونی جۆری زیندەوەران بێت؟ چونکە بوونەوەری هاوڕەگەزخواز نەکارێ نەوە بنێتەوە، بەمەش لەناو دەچێت، بەخۆی و بە جینەکانی کە هەڵگری ئەو ڕەفتارەن.
چەندان لێکدانەوە و وەڵام هەن بۆ سازان و گونجاندنی ئەو دوو بابەتە و هۆکاری مانەوە و گواستنەوەی جینی هاوڕەگەزخوازی. یەک لەوانە دەڵێت، هاوڕەگەزخوازی زۆر جار بە شێوەی جووتڕەگەزخوازی و ئارەزووی سێکسی بۆ هەردوو ڕەگەز خۆی دەنوێنێت، ئەمەش واتای بوونی ڕێژەیەکی بەرز لە ویستی سێکسی دەبەخشێ، دەبێتە هۆی ئەوەی هەلی کرداری سێکسی و گوێزانەوەی ئەو تایبەتمەندییە پتر بێت. هەندێکی دی پێیان وایە، هاوڕەگەزخوازی بەندە بەو جینانەی لەلای ڕەگەزی مێینە پیتداری زیاد دەکات، بەمەش دەگوازرێتەوە، ئەگەرچی ڕێگر بێت بۆ نێرینەکان. هەندێکیش وای بۆ دەچن، هاوڕەگەزخوازی سوودی هەبێ بۆ هەموو کۆمەڵەکە، بەوەی هاوڕەگەزخوازی دەبێتە بەشداریکردن لە هەڵگرتنەوەی مناڵ و باوکایەتی. کەواتە هاوڕەگەزخواز ناتوانێت جینەکەی خۆی بگوازێتەوە، بەڵام ئەو جینانە پشتگیری لە زۆربوونی جینەکانی کۆمەڵەکە بەگشتی دەکەن، بێگومان لەنێو ئەوانەدا جینی هاوڕەگەزخوازەکانیش هەن.

چەند بەهەڵە تێگەیشتنێک و بۆچوونێکی نازانستی

کەمی هۆشیاری و نزمی ئاستی ڕۆشنبیری، وا لە هەندێ کەس دەکات دەربارەی هاوڕەگەزخوازی و ئاراستە سێکسییەکانی دیکە، بڕوا بە زۆر بیروڕای هەڵە و پڕوپووچ بکات. لێرەدا پێمان باشە ئاماژە بدەین بە چەند دانەیەکی ناسراو لەو دید و بۆچوونە هەڵانە؛

- ئایا هاوڕەگەزخوازان کەسانی نەخۆش نین؟

هاوڕەگەزخوازی لە بنچینەوە نە نەخۆشی دەروونییە نە جەستەیی، بەڵام هاوڕەگەزخوازان لەبەرئەوەی لە زۆربەی کۆمەڵگەکاندا بە بێ ڕەوشت دادەندرێن و دژایەتی دەکرێن، بۆیە هەست بەنامۆیی دەکەن و نەکارن ئاراستەی سێکسی و سۆزی خۆیان ئاشکرا بکەن، ئەمەش وایان لێ دەکات دووچاری داڕوخان، شڵەژانی دەروونی، خەمۆکی و دڵەڕاوکێ ببن، دەرەنجام هەندێکیان ماددەی هۆشبەر بەکار بهێنن، یان هەوڵی خۆکوژی بدەن. 
هیچ دەرمانێک ناتوانێ ڕێگری بکات لە ئارەزووە سێکسییەکان، خۆ ئەگەر پزیشکەکانیش پەنای بۆ ببەن، ئەوا بۆ ئەو نەخۆشییانەیە کە ناومان بردن، نەک وەک چارەسەرییەک بۆ ئارەزووی سێکسی کەسەکان. هاوڕەگەزخوازان ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی دیکەش، هەمان ڕێژەیە بە بەراورد بە جیاڕەگەزخوازان. بۆ نموونە، ئایدز بۆ هەمووان وەک یەکە، هەر کەسێک بەبێ خۆپارێزی سێکس بکات، دەشێ دووچاری ببێتەوە.

- ئایا هاوڕەگەزخواز دەتوانێ خۆی بگۆڕێت بۆ جیاڕەگەزخواز؟

لە ڕاستیدا پێویستە وشەی (گۆڕین) و (چارەسەرکردن) لە یەکدی جیا بکەینەوە، چونکە پێشتریش گوتمان، هاوڕەگەزخوازی لە بنەڕەتەوە بە نەخۆشی داناندرێت، تا ئێستە شتێک نییە ناو بنرێت بە، چارەسەرکردنی هاوڕەگەزخوازی. ژمارەیەکی کەمی هاوڕەگەزخوازان ئەگەر بیانەوێت دەتوانن ئاراستە سێکسییەکەیان بگۆڕن، ئەوانەشی ئەم کارە دەکەن ئازادن، کەسانێکیش کە نەیانەوێت، بەهەمان شێوە ئازادن و خۆیان خاوەنی ئەو بڕیارەن. ئەوەشی دەکارێت و بەڵام پێی خۆش نییە، بە تاوانبار ناژمێردرێ و هیچ یەکێک بۆی نییە، ناچاری بکات خۆی بەرەو جیاڕەگەزخوازی بگۆڕێت. 

- ئایا کەسێکی ئاسایی دەتوانێت ببێتە هاوڕەگەزخواز؟

ئارەزووە سێکسییەکان لە تەمەنی پێگەیشتندا بەتەواوی دەچەسپێن، بۆیە سەختە کەسێکی (ئاسایی) ببێتە هاوڕەگەزخواز، بەپێچەوانەوەش هەر وایە، لەبەرئەوەشە هەموو ئەو پزیشکە دەروونییانەی مەبەستیان چارەسەرکردنی هاوڕەگەزخوازی بووە، لە هەوڵەکانیاندا سەرکەوتوو نەبوونە.
کەسانێک هەن پەنا دەبەنەبەر سێکسی هاوڕەگەزی، بە بوونی هەندێ هۆکاری وەک، چێژوەرگرتن لە شێوازێکی نوێی سێکسکردن، یاخۆ ئەوانەی دوورن لە ڕەگەزی جیاواز. ئەم ڕەفتارانە وا لەو کەسانە ناکات بە هاوڕەگەزخواز بناسرێن، چونکە بەناچاری و نەبوونی ڕەگەزی دیکە هەڵی دەبژێرن. بۆ نموونە، ئەگەر لە کێڵگەیەکدا لە وەرزی زاوزێ بێین و لە مێگەلێکدا مێیینە و نێرینەکان لێک داببڕین، دەبینین چەندان نێرینە پەلاماری نێرینە دەدەن، بۆ خاڵیکردنەوەی وزە سێکسییەکانیان.

- ئایا هاوڕەگەزخوازی تێکچوون و شێوانی هۆڕمۆنییە؟

بەداخەوە هەندێ لە هاوڕەگەزخوازەکانیش بڕوا بەم بۆچوونە هەڵەیە دەکەن. شێوانی هۆڕمۆنی نەخۆشییەکی ترسناکە تووشی لووی بەرپرس لە دەرهاویشتەی هۆڕمۆنە سێکسییەکان دەبێ، پێویستە بەزوویی چارەسەر بکرێت، هیچ پێوەندییەکیشی بە ئاراستە و ئارەزووی سێکسییەوە نییە. لەوانەیە جاروبار کەسێکی هاوڕەگەزخواز دووچاری نەخۆشییەکی هۆڕمۆنی ببێتەوە، چونکە هاوڕەگەزخوازیش هاوشێوەی مرۆڤانی دیکە تووشی نەخۆشییەکان دەبێ، نەک دەرنجامی هاوڕەگەزخوازی بێت.
- ئایا هاوڕەگەزخواز دەتوانێت هاوسەرگری لەگەڵ جیاڕەگەزخوازێک بکات؟
سەرەتا دەبێ بزانین، بڕیاری هاوسەرگری خۆویست و بژارەیەکی کەسییە، کەسانێک هەن لە هەردوو شێوازدا نایانەوێ هاوسەریان هەبێت. مەبەست لێرە توانای هاوسەرگرییە لە لایەنی سێکسی و سۆزدارییەوە، لەبەرئەوەی چی ژن چی پیاوی هاوڕەگەزخواز، دەکارێ پێوەندی سێکسی ئاسایی ببەستێ و هیچ ڕێگرییەک بۆ ئەم کارە نییە. 

- گۆڕەکی سێکسی، یان ڕەگەزی سێیەم کێن؟

هەرچەندە هاوڕەگەزخوازی و گۆڕەکی سێکسی، یاخۆ گۆڕەکی ڕەگەزی دوو بابەتی جیاوازن، کەچی لەلای زۆر کەس تێکەڵ بەیەک دەکرێن. گۆڕەکە سێکسییەکان ئەوانەن تووشی شێوانی ناسنامەی سێکسی بوونە، بەوەی منداڵێک وەک نێرینەیەک لەدایک دەبێت، بەڵام خۆی بە مێینە دەبینێت، بەپێچەوانەوەش منداڵی مێینە هەست دەکات نێرینەیە. ئەمە هاوڕەگەزخوازەکان ناگرێتەوە، چونکە ژن و پیاوی هاوڕەگەزخواز بەتەواوی هاوشێوەی کەسانێکی ئاسایی و سروشتی، لەگەڵ لەش و چەشنی ڕەگەزەکەیان گونجاون.
هەست و هۆشی گۆڕەکە سێکسییەکان لەو بارەیەوە زۆر تووندە، بە جۆرێک هەر یەکەیان لە منداڵییەوە هەموو هەڵسوکەتی وەک ڕەگەزەکەی دیکەیە. دەبینین کوڕێکی بچووک هەمیشە لاسایی دایکی دەکاتەوە و حەزی بە یاریی کچانە و جلوبەرگیانە، بەرانبەر بەمانە گەلەک جار نە چارەسەری دەروونی و نە نەشتەرگەری سوودی دەبێت، لەبەرئەوەی ناتوانیت کەسێک بگۆڕی، ئەگەر لەناخەوە هەست بەڕەگەزێکی دی بکات.
ئەوەی لەلایەنی نەخۆشی و شڵەژانی هۆڕمۆنی و توانای هاوسەرگری لەسەر هاوڕەگەزخوازان پێڕەو دەکرێ، هەمان شتە لای گۆڕەکە سێکسییەکان، دەربارەی ئەمە چەندان نموونە هەن لەوانەی هاوسەرگرییان کردووە و بوونەتە خاوەن منداڵ، پاشان جیابوونەتەوە و نەشتەرگەری گۆڕانی سێکسییان ئەنجام داوە.

- ئایا کەسێک هەیە بەڕەگەزی پێچەوانە خۆی بچووێنێت، بەبێ ئەوەی گۆڕەکی سێکسی بێت؟

بەڵێ، لە چەندان کۆمەڵگەدا ژمارەیەک لە مێیینە هەن ئارەزووی گۆڕانن بۆ نێرینە، ئەمەش پێوەندی بە تێکچوون و شێوانی ناسنامە نییە، بگرە هۆکارەکەی ئەو جیاوازکاریەیە کۆمەڵگە بەسەر مێینەکان دەیسەپێنێت، بەمەش مێینەکان وەک نێرینە هەلسوکەوت دەکەن بۆ پڕکردنەوەی هەستی خۆبەکەم زانین. بەرانبەر بەمە هەندێ پیاویش دەبیندرێن ڕەفتاریان ناسک و ژنانەیە، بە جووڵە و ئاخاوتنیان وا دەردەکەوێت ڕەگەز گۆڕاو، یان هاوڕەگەزخواز بن، بەڵام لەڕاستیدا لە هیچ کامەیان نین و مرۆڤی ئاسایین. دەشێ لەبەرئەوە بێت لە خێزانێکی پڕ لە ژن پەروەردە بووبن، یاخۆ نەزاندرێت دەرەنجامی چی شتێکە، چونکە ئەوان خۆیان هیچ مەبەستێکیان بۆ ئەم هەڵسوکەوتەیان نییە. بەداخەوە زۆربەیان لەلایەن کەسانی دیکەوە سووکایەتییان پێ دەکرێ، لەناو کچانیشدا ئەمە ناسراوە، هەرچەندە کۆمەڵگە کچێکی کوڕانییان پێ ئاساییترە لە کوڕێکی ڕەفتار کچانی.
- ئایا گۆڕەکی ڕەگەزی دوو ئەندامی سێکسی هەیە؟
نەخێر، کەسێکی گۆڕاوی سێکسی خاوەن لەشێکی سروشتی و بێ کێشەیە، بەڵام هەندێکیان لەبەرئەوەی هەست و هۆشیان لەگەڵ ڕەگەزەکەیان ناگونجێت، بۆیە پێیان وایە شڵەژانێک لە لەشیاندا هەیە. لەوانەیە چەندانێک بانگەشەی ئەوە بکەن خاوەنی ئەندامی سێکسی ڕەگەزی پێچەوانەن و پێویستیان بە ڕاستکردنەوەی ڕەگەزییە، بێگومان ئەمەش دوورە لەڕاستییەوە، چونکە ئەو دیاردانە یەکجار کەمن لە جیهاندا، دەشی گەلەکیان وەک بەرگریکردن و دۆزینەوەی بیانووەک بەکاری بهێنن. ئاشکرایە کەسانێک هەن، بە دوو ئەندامی سێکسی، یان ئەندامێکی ناتەواو لەدایک دەبن، لێرەدا نەشتەرگەری کارێکی ناچارییە و نابێ فەرامۆش بکرێت.

- هاوڕەگەزبازی چییە؟

بۆ جیاکردنەوەی هاوڕەگەزخوازی لەگەڵ ئارەزووی هاوڕەگەزی وەک ویست و بژارەیەک، دەکرێ ناوی بنێین بە هاوڕەگەزبازی. لەمەیاندا کەسەکان بە جیاڕەگەزخوازی لەدایک بوونە، بەڵام لەبەر بوونی چەند هۆکارێک پەنا دەبەنەبەر کاری هاوڕەگەزی. زۆربەی جار ئەم ئارەزووە سەرهەڵ دەدات، بەهۆییە پەروەردەییەکان و جیاکردنەوەی دوو ڕەگەزەکە لەیەکدی، ئەمە لە زانستدا پێی دەگوترێت، ڕەفتاری سێکسی ڕەوشی، یاخۆ شوێنەکی (Situational Sexual Behavior). دابڕانی مرۆڤ لە ڕەگەزی جیا بۆ کاتێکی درێژخایەن فشاری دەروونی لێ دەکەوێتەوە، پاش خۆگرتن دەگۆڕێ بۆ چەپاندن و گەڕان بەداوی جێگرەوە و بەتاڵکردنەوەی وزەی کەڵەکەبوو.
ئەژمارەکان پێمان دەڵێن، ڕەفتاری هاوڕەگەزبازی ڕێژەکەی پتر دەبێت لە نێوان پیاوانی ئاینی دوورەپارێزی کلێسا و پەرستگەکان، هەروەها لەلای دەریاوان و سەرباز و بەندبووەکان، یان هەر شوێنێک کە مێیینەی لێ نەبێت، یاخۆ ژنانی لەچکدار و پەردەپۆش بکرێن. ئەو پیاوەی ماوەیەکی درێژ لە ژن دوور بێت، ئارەزووی بۆ کوڕە شێوە و ڕەفتار ژنانییەکان دەچێ، بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی ژن بەجێی دەهێڵێت. هاوڕەگەزخوازی لای کچان هاوشێوەی پیاوان، ئەو دەمە ڕوو دەدات لە دەوروبەریاندا پیاوی لێ نەبێ، ئەمەش وایان لێ دەکات پەنا ببەنەبەر هاوڕەگەزەکەیان، لەمەدا پێوەندی بەستن لەگەڵ کچێکی دیکە لە کۆمەڵگە داخراوەکان ئاسانە و جێی گومان نییە. لەڕاستیدا زۆربەی ئەو پێوەندییە سێکسییانەی بەتایبەتیش لە نێوان گەنجاندا دەبەسترێن، کاتییە و تەنیا قۆناغێکە لەژیانیاندا، بۆیە هیچ کامێکیان خۆیان بەهاوڕەگەزخواز نازانن.

- کامە ڕەفتار دەچێتە چوارچێوەی دەستدرێژی سێکسی؟

هاوڕەگەزبازی ئەگەر ڕەفتارێکی خۆخوازیش بێت، دەبێ جیا بکرێتەوە لە دەستدرێژی سێکسی، بەتایبەتیش ئەوەی دەکرێتە سەر منداڵان و پێی دەگوترێت، منداڵبازی (Pedophilia) کە بێگومان تاوانێکی قێزەوەنە. دەستدرێژی بۆ سەر منداڵان کاریگەرییەکی یەکجار مەزن و ترسناکی هەیە بۆ باری دەروونییان، دەشێ جێماوی لە لەش و هەست و نەستیاندا، بەدرێژایی ژیان بمێنێ و لەبیر نەکرێن. دەستدرێژی سێکسی بە هەموو شێوازەکانی بەدکارییەکی گەورەیە، جا لە هەر یەکێکەوە بێ و بەرانبەر بە کامە ڕەگەزیش ئەنجام بدرێت. دەبێ بزانین، لێرەدا بابەت خواست و هەڵبژاردەی کەسەکان نییە، چونکە کاتێک سێکس لەگەڵ منداڵێکدا دەکرێ لەلایەن کەسێکی پێگەیشتوو، هەر دەچێتە چوارچێوەی دەستدرێژی و نابێ باس لەڕازیبوون و ئازادی بکرێت. بەداخێکی زۆرەوە ئەم دیاردە ناشیرینە لە کۆمەڵگەی ئێمە و گەلەک لە وڵاتانی ئیسلامیدا، بەڕێژەیەکی یەکجار زۆری مەترسیدار بوونی هەیە.
دواجار دیسانەوە جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە، پێویستە باوەڕمان بەوە هەبێ کە هاوڕەگەزخوازان، وەک ئێـمە مرۆڤن و کەسانی بێ ڕەوشت نین، ئازادن و دەبێ گشت مافێکیان پێ بدرێت لە هەڵبژاردنی ڕەفتار و چۆنەتی ژیانیان، بەمەرجێک زیان بە خەڵکانی دی نەگەینن. بەکارهێنانی زەبروزەنگی بەرانبەریان، شێوەیەکی دیکەی ڕەگەزپەرستی و توخمگەرییەکی قێزەوەنە، تەواو هاوشێوەی جیاوازکاریی ڕەش پێست و سپی پێستییە. 
هاوڕەگەزخوازی لەگەڵ پەیدابوونی مرۆڤ بوونی هەبووە، تاکو بنەبڕبوونی ڕەگەزی مرۆڤ دەمێنێت، بۆیە دژایەتیکردنیان تاوانە و لە زیان زیاتر، هیچ سوودێکی نییە.
..........................