ئیبلیس و سۆفیگەری

Saturday, 04.17.2021, 22:40

1285 بینراوە


کە مێژووی سۆفیگەری دەخوێنیتەوە و لەگەڵ ژیانی سۆفییەکان تێکەڵ دەبیت، بەر شتی سەیر و سەمەرە و بڕوای ناوازە دەکەویت،  کە لەگەڵ لۆژیکی دینەکەدا یەک ناگرێتەوە، (ئیبلیس  کە تەنیا فریشتەی نەفرەتکراوە و وا ناسێنراوە تا ڕۆژی قیامەت خەڵک فریو دەدات بەو وێنە ناشرینەی کە ئاینی ئیسلام داویەتی، کەچی لای هەندێک لە سۆفییەکان جێی ڕێز و خۆشەویستی بووە).
نوری ڕەشی ئەو، لەبەرانبەر نوری محەمەدیدا دادەنرێت.
سۆفییەکان لەهەندێک جێگە بەرگرییان لە ئیبلیس کردووە و پێیان وایە کە سوجدەی بۆ ئادەم نەبردووە، لە عەشقی ڕاستەقینەی بۆ خوداوە بووە، چونکە عاشقی ڕاستەقینە جگە لە مەعشوق سەر بۆ کەس دانانەوێنێت، هەندێکیان بەدروستی نازانن کە نەفرەت لەشەیتان بکرێت، وەک (شێخ ئەبو قاسم کورەکانی)، کە سۆفییەکی سەدەی پێنجەمی هیجری بووە لە ڕووی ڕێزەوە ئیبلیسی بە (خواجەی خواجەکان ناوبردووە).
(سهیل بن عبداللە تستری) دەڵێت: بە ئیبلیسم ووت دەربارەی تەوحید قسە بکە  هات و بەشێوەیەک لەبارەی تەوحیدەوە قسەی کرد، کە ئەگەر عارفەکان لەوێ ئامادە بونایە، پەنجەی حیرەتیان لەزار دەنا.'' 
  لەبارەی نووری ئیبلیسیشەوە (حسن بصري) دەڵێت: ''گەر ئیبلیس نوری خۆی دەربخات هەموو دروستکراوەکان ڕووی تێدەکەن وەک خودای خۆیان دەیپەرستن''.
مەحوی لە شیعرێکدا دەڵێت:
بەدەرسی من نەشا (والشمس) یاری  طەلعەتت ئەمساڵ
ئیجازەم دە موتاڵاکردنی (والیل)ی خەطط و خاڵ
(ل/٢٠١)
دیارە الشمس و الیل دوو سورەتی مەکیی دوابەدوایەکی قورئانن و مەحوی لێرەدا جارێ وەک مجازی تاریکی و ڕووناکی بەکاری هێناون و جارێکیش وەک پێچواندنێکی ڕووی یار (یار لێرەدا ئیبلیسە) بە سورەتاکانی (الشمس و الیل)، 
تەفسیری شیعرەکەی مەحوی دەڵێت: بەکاری منی نەخوارد (الشمس-ڕووناکی محمدی)ی یار، ئەمساڵ ڕوخسەتم بدە  موتاڵای (الیل-نوری سیاهی ئیبلیس) بکەم.
لێرەدا بۆمان دەرئەکەوێ مێژووی ئیسلام لەپاڵ خودا شەیتانیشیان پەرستووە و ڕێزیان لێناوە، پێیان وایە کارێکی زۆر باشی کردووە سوجدی بۆ ئادەم نەبردووە.
بەس وەک ئەبینین ئیسلام هەموو ١٠٠ ساڵ جارێک ئەپدەیتی تازەی بۆ دێت، لە ئێستادا ئیبلیس  فریشتەیەکی خراپە و تەنها ئیش و کاری ئەوەیە هزر و هۆشی خەڵکی بەلاڕێدا بدات، جا نازانم چۆن فریای ئەو هەموو مەلا و پیاوە ئاینییە کەوتووە و لە خشتەی بردوون...!