هاوارێك بۆ ئازادی

Tuesday, 11/05/2021, 14:39

6065 بینراوە


چەند ڕۆژێک لەمەوپێش بابەتی گەنجێکم بینی بە ناوی هاوکار سەلیم، لەژێر ناونیشانی "مەسیحیم بەشانازییەوە". کێشەی ئەو بەڕێزە زۆر کاری لێکردم چونکە ئاگادارم چ سوکایەتی و بێ ڕێزییەکی پێئەکەن، لەکاتێکا ئەو هیچ تاوانێکی نەکردوە و تەنیا ئازادییەکی خۆی مومارەسە کردوە. جا وەکو هاوسۆزییەکی مرۆیی ئەم بابەتەم نووسیوە-


کێشەی ئینسان لە جیاوازیی بیروڕادا نیە، لە قبوڵنەکردنی یەکتردایە. ئەوە جیاوازییەکان نیە کە پێکەوەژیان ئەخاتە مەترسییەوە، ئەوە یەکترقبوڵنەکردن و یەکترسڕینەوەیە کە پێکەوەژیان کاول ئەکات.
کێشەی خیاتبی ئیسلامییەکانیش ئەوەیە، کە ئەم گیانی یەکترقبوڵکردنەی تێدانیەو ئەویتری بەرامبەر، وەکو کافرو زندیق و بێزراو ئەبینێت، نەك وەکو مرۆڤێکی جیاوازی خاوەن ماف، کە ئەرکی تۆیە بە جیاوازییەکانییەوە قبوڵی بکەیت و ژیانی لەگەڵدا بکەیت.
ئەم گیانی سڕینەوەو قبوڵنەکردنەش هەر ڕۆژەی لە ڕێگەی کارەساتێکەوە دێتەوە بەردەممان. ڕۆژێك لە ڕێگەی ژنکوژی و ڕۆژێك لە ڕێگەی جینوسایدی ئێزیدییان و ڕۆژێك لە ڕێگەی شەڕی ناوخۆی سونەو شیعەو ڕۆژێکیش لە ڕێگەی هەڕەشەو تۆقاندن و ناوزاندنی کەسانێك کە بیروباوەڕی جیاواز هەڵئەبژێرن.
چی لەوە مافترو ڕەواترە، کە تۆ بیرو باوەڕی خۆت ئازادانە هەڵبژێریت و ئازادانە بەیانی بکەیت؟ ئەمە بۆ ببێت بە کێشەو کارەسات لەکاتێکدا تۆ هەمان مرۆڤیت و پێش ئەوەو دوای ئەوە تۆ هەر خۆتیت و هەر مرۆڤیت. بۆ لە ناچارییدا توشی نیفاق بکرێیت و بەدرۆوە لەسەر باوەڕێك بێت؟ بۆ لە ئازادیدا باوەڕی خۆت ئاشکرا نەکەیت و شتەکە ڕاستەقینەبێت؟ بۆ مەگەر چی جوانترە لە ڕاستی؟ بۆ مەگەر خودا هەر ئەوەنیە کە ڕاستی ئەوێت و کە دژی درۆیە؟
ئەمڕۆ زۆر بەداخم بۆ ئەوەی کە بیستم، گەنجێك بە ناوی (ژارۆ سەلیم) دوای ئەوەی کە بووە بە مەسیحی و لە فەیسبوكی خۆی ئاشکرای کردوە،، ئیتر هەم لەلایەن ئیسلامی توندڕەو و تیرۆریست هەڕەشەی کوشتنی لێکراوە، هەمیش لەلایەن کە سوکارو بنەماڵکەی حاشای لێکراوەو خوێنی حەڵاڵکراوە. تاوانەکەشی هەر ئەوەیە کە بە ئازادی باوەڕی خۆی هەڵبژاردوە، نەكئەوەی عەزێتی کەسێکی دابێت، یان دنیای کاول کردبێت!
ئاخر جوانیی باوەڕ لە ئازادییدایەو خۆ لە ترس و ناچارییدا جگە لە نیفاق و باوەڕی درۆ، یان جگە لە ستەم و کوشتن لەسەر جیاوازیی، شتێکی تر لە گۆڕێدا نیە!
ئیلاهی تۆ چەن جوانیت و کاهینەکان وبازرگانەکانی دینیش، چەن ناشرین. ئیلاهی جەهل چەن کێشەو کارەساتەو ئازادی چەن جوان و چارەسەرە.

نوسینی ڕێبین ئەحمەد



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە