میساقی میللی و گرێبەستی نەوت

Sunday, 20/06/2021, 23:30

7974 بینراوە


تەفرەدانی خەڵک، بەھەر جۆرێکی بێت، دەچێتە قاڵبی تاوانەوە بەرانبەر بە نەتەوەکە.

سەرەتا دەبێت بپرسین، بە حوکمی ئەو ناچارییەی کورد تووشی بووە و بەسەر چوار وڵاتی کۆلۆنیالیستیدا دابەشکراوە، کە خاوەنی چوار سپای خوێنڕێژ و سێ کلتووری دڕ و چوار ئابوورین، کە بەشێکی بەرچاوی ئابوورییەکەیشیان بۆ سەرکووت کردنی کورد و بە سووتماک کردنی نیشتمانەکەی بەکاردەھێنن، تا چ ڕادەیەک کورد وەک نەتەوە و دەمڕاستەکانی! کە بەناچاری بوونەتە بەڵای گیانیشی، دەتوانن تێکەڵییان لەگەڵ ئەو ڕژێمەفاشیستانەدا ھەبێت؟!.

دوو بەرە لێک جوودا دەکەینەوە، چوونکە دەبێت ھێڵەکان دیاری بکەین:
١- کورد وەک نەتەوە ( زۆرینەی خەڵکی کوردستان).
٢- حیزبەکان ( وەک کەمینەیەکی خەڵکی کوردستان).
ئیتر ئەوە پێویستی بە لێدوان نییە، کە ئەندامانی نەتەوەی کورد، بە ھەزاران ھەزار، داوی فەرھەنگی و زمان وخوێن و یەک چارەنووسی پێکەوەگرێدراون، وەک ھەموو نەتەوەکانی تری ئەم جیھانە.
بەرانبەر بە کورد، بە حوکمی ئەمری واقعی کۆمەڵگای کوردەواری، کەمینەیەک، کە ماوەی حەفتا ساڵ دەبێت، بوونەتە چینێکی بەرچاو لە ناو کوردا و پەتپەتێنی خوێناویان، بە نەتەوەکە کردووە، دروست بوون، ئەوانیش حیزبەکانن، کە ھەر لە ناو زۆرینەوەکەوە ھاتن، بەڵام چوونکە، تەنانەت لە دوای ترسناکترین کارەساتی نەتەوەیی، وەک ئاشبەتاڵ، ئەنفالەکان، ھەڵەبجە، شەڕی بیست ڕۆژەی سنە، ڕاپەڕینی باشوور و بەرخۆدانە کوردستانییەکەی باکوور و ڕۆژئاوا و ....ھتد، ھەمان کەسگەلێک بوونەوە بە دەمڕاستی نەتەوەکە و دیسان کوردیان تا لێواری مەرگ بردەوە و شەڕی کورد بە کوردیان کرد، بەڵام ھەر مانەوە و بڕیار ھەرھی ئەوان بوو، ئێدی ھێڵێکیان بەدەوری خۆیاندا کێشا و جوودا بوونەوە لە نەتەوەکە و بوونە ھێمایەک بۆ دەسەڵات و سامان و زێڕ و زۆرکردن، تا ڕادەی گاڵتەکردن بە خێزانی شەھیدی کورد و ڕێکلامکردن: بە ناو، پلە و ژمارەی شەھیدانی کوردەوە.
کەواتە لە باشوور دوو بەرە درووست بوون، نەتەوەکە لەلایەک: نەدار ، سەرگەردان، لێکدابڕاو، بێ متمانە، بەڵام ھێشتا ھیواداربەوەی کە دەتوانێ ڕۆژێکی نوێ بخوڵقێنێ، ھێزی ئەم ھیوابوونەش بەسبەینێ، لە مێژووی تێکۆشانی خۆیی و خەباتی باکوور و ڕۆژئاوا و ڕۆژھەڵاتەوە وەردەگرێ و ھێدی ھێدی، ئارام بەڵام تۆکمە و دوورلە حیزبەکانی، بەرە و ئایندە ھەنگاو دەنێ.
بەرەی دووەم بەرەی حیزبەکانە کە دەسەڵاتدار و فەرمانڕانی باشوورن، مەودای نێوان گەل و دەسەڵات، تا دێت فراوانتر دەبێت، کەلێنەکان زیاتر و جیاوازییەکان زەقتر دەبنەوە. نەتەوەکە بۆ لای خۆی دەگەڕێتەوە و حیزبەکانی ڕوو لە داگیرکەرانی دەکەن، لە ڕاستیدا بۆشاییەک دروست بووە، ئەوبۆشاییە زۆر لایەنی دەرەکی دەیانەوێ پڕی بکەنەوە لە ھزری - لە ئەجیندا- و کەسانی سەربەخۆیان، کە ئێستا تورکیا و ئێران لەم بوارەدا زۆر چالاکن و تورکیا لە ئێران چالاکترە، چوونکە زەمینەی بۆ سازدراوی زیاترە!!.
ھێرشی فەرھەنگی تورکی
ھێرشی داگیرکردنی باشووری کوردستان لەلایەن تورکەکانەوە، بە ھێرشی کلتووری دەستی پێکرد، کردنەوەی کەناڵی تەلەڤزیۆنی، قوتابخانەی تورکی ھەر لە پلەی سەرەتاییەوە تا زانستگە، لەو کەناڵانەوە فیلم و سریاڵی دۆبلاجکراوی تورکی جێی بەھەموو، بەرھەمە ناوخۆییەکان لێژکرد و ئەم کەناڵانە بوونە: 
• سەکۆی بۆمبارانکردنی ھزر و ڕەفتاری لاوەکان، بە ڕێکلامکردن بۆ کاڵای پۆخڵەواتی تورکی و ڕەفتاری تورکی.
• لەلایەکی ترەوە دروستکردنی فیلمگەلێک کە: بەھێزیی، لەشکان نەھاتن و بێڕەحمی پۆلیس و دەزگاسیخوڕییەکانی نیشان دەدا، بە نیازی دروستکردنی ترس لە گیانی تاکی کوردا و وردکردنی ورە ومتمانەی بەخۆی و نەتەوەکەی.
• بڵاوکردنەوەی بێڕەوشتی لە ناو خێزانەکاندا و ناشتنی تۆی گومان لەپەیوەندی خێزانیدا.
• کردنەوەی دەرگای سەفەر و تەنانەت، ھاندانی کوردی باشوور، بۆ کڕینی خانوو لە شارەکانی تورکیا وگیرۆدەکردنی خێزانەکانیان، بە شێوازی ژیانی تورکی و گوێگرتن لە پەیوەندی تەلەفۆنییان و تۆمارکردنی  وێنەیی ژیانی ناو ماڵەکانیان و ھەوڵدان بۆ کڕینی خەڵکانی نەفس نزم، بۆ کاروباری سیخوڕی کردن.
• دامەزراندنی کۆمەڵێکی زۆر، لە بەناو کۆمپانیای بازرگانی خانووسازیی و بوارەکانی تری پیشەسازی سووک و بێ بایەخ و کردنەوەی دوکانی گەورەی فرۆشتنی کەلوپەلی ناوماڵ لە شارەکانی باشووردا.... ئەم شوێنانە بەزۆری لەلایەن دەزگا سیخوڕییەکانەوە، بەڕێوەدەبرێن و کاریان لە داوخستنی، بەتایبەتی ( ژنان وکچانی کوردە ) و دروستکردنی تۆڕی لەشفرۆشی و بڵاوکردنەوەی بێڕەوشتییە لە ناو کۆمەڵگای باشووردا، بۆ داڕزاندنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و داڕماندنی کەسایەتی کورد.
• کارکردنی بەبەرنامە بۆ سەرگەرمکردنی، لاوان / کیژانی کورد، بە لاساییکردنەوەی کۆمەڵێک ھەرزەی بەناوھونەرمەند و ھونەرکاری ئاست نزمی تورکەوە، کە ناوەرۆکی فیلم و سریالەکانیان، داڕشتنی پلانی خیانەتی خێزانی و تۆڵە و ھەڵگرتن و بەکارھێنانی چەکە بەرانبەر بە خێزان و کەسوکاریی خۆشیان، بۆ بەئاساییکردنی ئەم ڕەفتارانە و  کارکردن لە نەستی ( لا شعور) ی کچان و کوڕانی کۆمەڵگای کوردی لە باشووردا، وەک ئامڕازێکی ڕاستەوخۆی ئەو جەنگە دەروونییەی، دەزگا سیخوڕییەکانی، زۆر بە وریایی و بە بەرنامە، بەرامبەر نەتەوەی کورد و لە ئێستادا، بەرانبەر بە ئەوبەشە لە نەتەوەی کورد لە باشووردا، دەستیان پێکردووە و زەمینە سازکەریی ھێرشە ئاسمانی و زەوینییە ناوبەناوەکانێتی، ئەم شێوازەش ( تاکی کورد، بەتایبەتی کیژان/ کوڕانی لاوی کورد) ئامانجی یەکەمیەتی.
• کارکردن لەسەر تێکدانی زمانی گفتوگۆی خەڵک، بەتایبەت، گەنجەکان، چوونکە ئەوان لەم پاشاگەردانیی زمان و ڕەفتارانەدا لە دایک بوون و گەورە بوون و پاشخانی زمانی دایکییان کە کوردییە، لاوازە وبناغەیەكی سستی ھەیە. 
دوژمنانی نەتەوەکەمان، باش دەزانن تا زمانی دایکیی کوردێک بەھێز و تۆکمە بێت، شانازییەکانیشی بەکوردبوونییەوە، زیاتر و گەشاوەتر دەبن، بۆیە چ لە ئێران و چ لە تورکیاش، یەکەم پەلاماردانیان بۆ سەر زمانە و بە قەدەغەکردن و سزادان و سووکایەتی کردنیان بە زمانی کوردی، دەیانەوێت گرنگترین ڕایەڵەی پێکەوەبەستنی نەتەوەکە کە زمانەکەیەتی، لە بناغەوە بپسێنن و ئەگەر بۆشیان نەکرا، لەلای لاوانی کورد بێ بایەخ ولاواز و شێواوی بکەن، لە ڕێگای کەناڵەکانی تێڤێ و قوتابخانەکانیانەوە.
• ھاندان و دروستکردنی دەستە و تاقمی ئاینی و پشتیوانی کردنی مەلاگەلێک ( بە ئاگا و بێ ئاگا) وھاندانیان بۆ پشتیوانی کردنی ھێرشە فاشیستیانەکانی تورک بۆ سەر پارچەکانی کوردستان و ڕەوایی دان بەم قەتڵ عام و ئەنفالکردنە بەردەوامەی کورد لە باکوور، باشوور، ڕۆژئاوا و ڕۆژھەڵاتدا، لەژێر ناوی ئاین ومەزھەبی سونە و خەلافەت و ...ھتد، بۆ گەوجاندنی کۆمەڵگای بەناو موسڵمانان، کە لە ڕاستیدا بەھیچ جۆرێک پەیوەندی بە پەیامی خواوە نییە، بەڵکو : ئەجندایەکی ڕەگەزپەرستی تورکیی و فارسییە و زۆر جاریش بەدەستی حیزب و تاقم و کەسایەتی کوردجێبەجێی دەکەن.
ھێرشی ئێرانی
 ھەرچی لایەنی ئێرانییە، شێوازێکی زۆر نائینسانی و تاوانکارانەی گرتۆتە بەر: لە دوو لاوە کار دەکات:
• ئەلف، بڵاوکردنەوەی ماددەھۆشبەرەکان و کارئاسانی بۆ گواستنەوەی و دروستکردنی تۆڕی بڵاوکردنەوەی لەناو شارەکانی کوردستاندا.
ھەموومان لەو قۆناغەی سەرەتاوە بینیمان کە چۆن، چایخانە و قاوەخانەکانی نێرگەلەکێشان لە شارەکانی کوردستاندا، وەک قارچک ھەڵتۆقین و کێشانی ئەم زەھرانە، بوویە خولیا و ڕەفتاری کیژ / لاوی کورد وسەرگەرمکردنیان بەم 
خوو پێوەگرتنەوە، کە ھەر زووش بوونە جێگای، گۆڕینەوەی زانیاری لەسەر ماددەھۆشبەرەکان و قاچاغچیانی سەر بە دەزگا سیخوڕییەکان، ئەم شوێنانەیان بۆ ئالودەکردنی کیژان / لاوانی شارە کوردەکانی باشوور بەکار دەھێنا و ئەم کارەیان بە لاوانی کوردی سەر بە دەزگاسیخوڕییەکانی ڕژێم لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان دەکرد.
• بێ، ناردنی ژمارەیەک ژنی ھەرزەی ئێرانی، بە ناوی بازرگانی و ھەندێ جار بواری ھونەری و چالاکی ھونەرییەوە، کە لە ڕاستیدا، شێواندنی ناوبانگە گەشەکەی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بوو، چوونکە ڕۆژھەڵاتی کوردستان، لانکە و ناوەندی ھونەری ڕەسەنی کوردەوارییە و من لەو باوەڕەدام، کە ڕۆژھەڵات ئەگەر کاتی خۆیان بۆ ھونەر و ئەدەبیات تەرخان بکەن، ئەوە ڕێبەرایەتی بەشێکی مەزنی تێکۆشانی کورد بەرەو سەرکەووتن دەبن و بناغەی تێکۆشانە کوردستانییەکی تۆکمەتر دەکەن و بواری خوڵقاندن و بەرھەم ھێنانی ئازادی و مرۆڤی کوردیی ئازاد، فراوان و خێراتر دەکەن.
گرێبەستی نەوتی کورد و میساقی میللی
ساڵانێکی زۆرە، نەوت بۆتە مۆتەکەی سەرشانی کورد لە باشوور و ئەگەر پیشەسازی نەوت بۆ وڵاتانی نەوتدار، بوویە مایەی ئاوەدانی و ژیانێکی باشتر و تەنانەت فراوانکردی ئازادیی تاکی کۆمەڵگا، ئەوا بەھۆی سیاسەتی پاشکەوتوو، حیزبی کلاسکی و بڕوا نەبوون بە نەتەوەکە و چارەنووسی نەوەکانی داھاتووی نەتەوەکەوە، بۆ کورد نەوت بوویە مایەی کڵۆڵی، دروستبوونی چینایەتی، وێرانکردنی ژینگە و بەرتەسک بوونەوەی ئازادیی تاکی کورد.
ھەموو دەرھێنان، گرێبەستی فرۆشتن، پارەی فرۆشتن و سەرفکردنی بەرھەمی نەوت لە باشووردا، لە نھێنییە پارێزراوەکانی چەند فەرمانڕانێکە، بەو ھۆیەوە، خەرمانێک لە درۆ و ھەڵبەستن و تەفرەدانیان بەدەوری ئەم بەرھەمدا، کۆکردۆتەوە چوونکە:
١-  ئەندازەی نەوتی دەرھێنراو، ئەو ئەندازەیە نییە.
٢-  گرێبەستەکان، سیاسین نەک پیشەسازیی و بازرگانی.
٣-  پارەکەی ئەو بڕە ئاشکراکراوە، کە جاروبار حوکومەت بۆ چەواشەکاریی و تەفرەدان بڵاوی دەکاتەوە، نییە.
٤-  پارەیەک لە نەوت، دەست حوکومەت ناکەوێت، چوونکە لە سەرەتاوە تێکڕای ئەو ناوچەنەوتیانەی گرێبەستی لەسەرکراوە، بەنھێنی بە قازانجی( دوو بنەماڵە) فرۆشراوە، ئەو ناوچانەی تریش، بە تانکەر و بۆری قاچاخ بەھۆی خەڵکانێک کە دەڵاڵی حیزبەکانی ( پارتی و یەکێتین)، لە بازاڕی ڕەشدا، ساغ دەکرێنەوە.
بۆچی گرێبەستەکان سیاسین؟!
لە سەرەتاوە بانگەشە و پڕوپاگەندەیەکی زۆر بۆ فرۆشتنی نەوت کرا، کە گوایە ئابوورییەکی سەربەخۆ بۆ کورد دروست دەکات و دەتوانێ ببێتە زەمینەی وڵاتێکی سەربەخۆ، ئەوەی باوەڕی بەم بانگەشەیە کردبێت، زۆر بەھەڵەداچووە، چوونکە:
١-  ئەوانەی ئەم بانگەشەیەیان بڵاو دەکردەوە، باوەڕیان بە وڵاتێکی سەربەخۆ بۆ کورد، نە ھەبووە نە ھەشیانە، ئەم مەسەلەیە، زۆر لەوە مەزنتر و ئاڵۆزتر و پیرۆزترە، کە حیزبگەلی داڕزاو، بتوانێ ھەنگاوی بۆ بنێ، لێی تێبگات وپیرۆزییەکانی پاراستبێ، ھاوکێشەکەش فرە ئاسانە، ھەرچیان کرد و وت، پێچەوانەکەی ڕاست دەرچوو، وەک لە وتە بە ناوبانگەکەی بیرمەندی گەورە مامۆستا مەسعوود محەمەدا ھاتووە:
{" ئەگەر کەوتمە سەر دووڕیانێک و نەمزانی کام ڕێگایە ھەڵبژێرم، ئەوا پرسێک بەم حیزبە شێت و وێتانەی کوردستان دەکەم، ئەوان کامیان پیشان دام، من ملی ڕێگاکەی تریان دەگرم و دڵنیام کە ڕێگا دروستەکەم ھەڵبژاردووە"}.
دەبوو کورد، ئەم دەرسە ھێژایەی ئەزبەر بکردایە و وەک چرایەکی گەش، بۆ ڕۆشنکردنەوەی ڕێگای تێکۆشانێک، جودا لە ڕابووردوی ئەو حیزبانە، سوودی لێ وەربگرتبایە.
٢-  دەوڵەتی کوردی نە لە پشت قولەی قافدایە، نە لە پێدەشتەکانی داوێنی چیادایە، نە نێرگز و گوڵاڵە سوورەی بەھارێکە و نە بەفر و کڕێوەی زستانێکی سەخت، نە چیرۆکی گوێ ئاگردانە و نەیش قسەی خۆشی پشتی مایکرۆفۆنەکان، بەڵکو:
• پڕۆسەیەکی شارستانی ھەمەلایەنەیە: سیاسی، ئابووری، زانستی، بەرخۆدان، دبلۆماسی و ئاینی کە پێکھێنانی بووبێتە کلتووری تاکەکانی نەتەوەیەک، بەرنامەی ڕۆژانەی پەیوەندی کورد بە کوردەوە، ڕەفتاری ڕۆژانەی و خواست وپەروەدەی باوان و منداڵانی.
چ ڕەگەزێک و پێکھاتەیەک لەو مەرجانەی سەرەوەدا لە: سیاسەتکردن، بەرنامەی ئابووری، ھەوڵی دیبلۆماسی، ڕۆشنگەریی ئاینی، دامەزراندنی ئابوورییەکی تۆکمە و پلانی زانستی و پەروەردەیی، دەستە و تاقمەکانی باشوور و ڕۆژھەڵاتدا، بینیوە و خوێندۆتەوە، تا ملی ئەو ڕێگایەی ئەوان پیشانت دەدەن بگری و دڵنیا بیت، چەوتە ڕێگات نەگرتووە؟!!.
لەبەر ئەو ھۆیانەی سەرەوە، دەبێ دڵنیابین، قسەو باسەکان لە باشوور، لە بازنەی یاریکردن و جوڵاندی سۆزتێپەڕ ناکەن، ئەوەش تاوانە بەرانبەر بە نەتەوەیەکی بریندار، چوونکە قوڵکردنەوەی زامەکانێتی، ڕاستییەکەی ئەوەیە کە: 
• حوکومەت، خاوەنی نەوت نییە، تا بۆ بەغدای بنێرێ، خاوەنەکانی ئەو کۆمپانیایانەن کە گرێبەستێکی سیاسییان لە گەڵدا کراوە.
• گرێبەستە نەوتییەکان، درێژکردنەوەی میساقی میللی تورکە بۆ پەنجا ساڵی تر لە باشووری کوردستاندا و ئەمجارە بەئیمزا و پشتیوانی نوێنەرانی حیزبەکانی ( ماڵی بەرزانی و تاڵەبانی)، داگیرکردنی بەشێکی گەورەی باشووریش لەلایەن تورکەوە، لەچوارچێوەی ئەو گرێبەستانەدان و ئەگەر خەبات و تێکۆشانی لە ڕادەبەدەرسەخت و دڵسۆزانەی، جەنگاوەران و شەڕڤانان و گریلای، ڕۆژئاوا و باکوور نەبایە، پلانی داگیرکردنی ڕۆژئاواش، بە دروستکردنی دەستەوتاقمی جیاواز بۆ پشێوی و لێکترازانی کوردی ڕۆژئاوا، لەناو ئەو گرێبەستانەدا ھەن کەلەگەڵ ماڵباتی بەرزانی واژۆ کراون.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە