کەمپەکانی کۆی سەنجەق و زڕگوێزە لە شوێنی حاوانەوەن لاهوری شێخ جەنگی؟

Friday, 06/08/2021, 16:16

8219 بینراوە


لە دوایین سەفەریی رەوانشاد قازی محەممەد بۆ شاری باکوودیدار دەگەڵ باقرئۆف کە ئەوکات دەبیریی یەکەمی حیزبی کومونیستیی ئازەربایجان بوو، بە ڕاشکاوی بە قازی محەممەدی گووت، تۆ داوات لە ئەڕتەشی سوور کردوە دەوڵەتی کوردیتان لە کوردستانی ئێڕان بۆ دامەزڕێنێ! ئەو کارە بە ئێمـە ناکرێ وهیچ زلهێزێکیش رازی نابێ.  بڕۆن وەدووی خودموختاری کەون و کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد هەڵوەشێنن و حیزبی دیمۆکراتی کوردستان دامەزرێنن و دەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیی بسازێن.  کاتێك قازی گەڕایەوە مهاباد ئەو بابەتەی دەگەڵ جەماوەر باس کرد، خەڵکیش گووتیان هەر چێ قازی بیڵێ ئێمە قەبوڵی دەکەین!
ئەوەبوو بەکورتیی چۆنیەتی دامەزراندنی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان لەو بەشە لە وڵات.  پاشان دروشمی دیمۆکراسی بۆ ئێڕان وخودموختاری بۆ کوردستان هەڵدرا و لەسەر ئەو دروشمە هەڵەیە هەزاران مرۆڤی بێ تاوانی کورد بە کوشت چون! خودموختاری بە بێ دامەزراندنی دیمۆکراسی مانای نییە،ناوەرۆکی پڕۆسەی دیمۆکراسیش بە بێ پێدانی خودموختاری بۆ گەلانی سەرخاکی ئێڕان بەدی ناکرێ. لاوازیی ئەو دروشمە بێ ناوەرۆکە لێرەدایە. 
لە ئاست کۆمەڵەکانی ناوکەمپەکانی زڕگوێزەڵەش دەکڕێ بڵێن کە جەلال تاڵەبانی رۆلێکی بەرچاوی هەبووە لە دروستکردنی کۆمەڵەی ئەوکات لە سەر رێبازیی مائۆییزم و دروشمی بێ واتای (یان کوردستان یان نەمان). تاقمێک گەنجیی ساویلکە روویان لە شاخ کرد و هۆگریی خۆیان بۆ تاڵەبانی نیشان دا و ئەویش کۆمەڵەی (کۆمەڵەکان) دەباوەشی رۆژهەڵاتی کوردستان هاویشت کە تا ئەوڕۆ لە نەهامەتی زیاتر هیچیان بۆ خەڵك دەباران دانەبووە.
لە کتێبی دیداری تەمەندا تاڵەبانی بەڕاشکاوی دەڵێ: حیزبی دیمۆکرات جەماوەری خۆی هەیە، بەڵام کۆمەڵە شۆڕشگێڕترە و بابەتێکی جودا لە حیزبی دیمۆکراتە، کەچی کۆمەڵەکان نزیکە چوار دەیەی کە لە ناو کەمپەکاندا خەریکی داڕشتنی قسەی قۆڕ و بێ واتان.
ئەو چەند رستەیەی سەرو وەبیرهێنانەوەیەک بوو بە کورتی لە سەر بارودۆخی کۆمەڵەکانی زڕگوێزەڵە و دیمۆکراتەکانی کۆی سەنجەق. 
لاهوری شێخ جەنگی چی گووت؟
کاری سیاسەت ڕۆیشتنە لە تاریکیدا و بینینەوەی ئەو بابەتانەن کە مرۆڤی ئاسایی نایبینن و نایزانن. لە کورتە ویدئۆیەکدا گوتنەکانی لاهوری شێخ جەنگیم بیست. سرنجڕاکێش بوون. ئەو بار و دۆخەی کە لە زۆنی سەوز بە فیتی بنەماڵەی بارزانی پێکهاتوون، سەرانسەری بۆ چارەسەری کێشەی کورد نییە. گرفت دەسەڵات و پارە و دزین وفرۆشتنی نەفت وتاڵانکردنی ژێر خانی ئابووری ئەو گەڵە بە (دیل ) گیراوەیە لە باشووری کوردستان. کەسانێکیش کە لایەنگری لە لاهورجەنگیی دەکەن بۆ ئەوەی کە دژایەتی خۆیان لە ئاست خائینەکانی بنەماڵەی بارزانی دەرببڕن. لە سیاسەتدا بەو ئاکارا دەڵێن: بێ ئەخلاقیی. داهاتووی باشووری کوردستان بەرەو داڕمان وناهۆمێدیی دەڕوات جگە لەوانەش کاریگەری زۆر خراپیش دەکاتە سەر بەشەکانی دیکەی وڵات!
لە بەشیک لەو کورتە ویدئۆیەدا لاهوری شێخ جەنگی دەڵێ: ئیمە یارمەتی رۆژئاوای کوردستانمان داوە، یارمەتی کوردەکانی تورکیامان داوە، هەروەها کەمپەکانی کۆی و زڕگوێزەڵەمان کردۆتە شوێنی حاوانەوەی حیزبە براکانمان، کە هی بەشی کوردستانی ئیڕانن! باسی  زیندانییەکانی کوردستانی تورکیە بەتایبەت دەمیرتاشمان کردوە بۆیە ڕێگامان لێدەگرن و دەخوازن لە کاری سیاسی دوورمان بخەنەوە. بەتایبەت چەند وێنەشی دەگەڵ بەرێز مەزلوم کۆبانیی بڵاوبۆتەوە و چەند لایەنی نیگەران کردوە. 
لێرەدا پرسێکی دیرۆکی دەردەکەوێ کە مرۆڤ ناتوانێ خۆی لە بەر لادا و باسی لێوە نەکات. ئێستێ PKK  و پژاک لە قەندیلن، قەندیلیش بۆتە ناوەندی تیكۆشان بارودۆخی  رۆژئاواش لەبەر چاوانە کە تێکۆشانێکی مەزن و پیرۆز لە ئارادایە. هەرکەسیش دەزانێ لە هەر شار و شارۆچکەیەکی رۆژهەڵاتی کوردستان وێنەی قەندیل شوێنی ژیان و تیکۆشان و ئەشکەوت و  کانیاو و جێگای خۆ حەشاردانی لێیە. ئەدی بۆ حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ناگەڕێنەوە سەر ئەو شوێنانە و بەیارمەتیی خەڵک دەست بکەنەوە بە تێکۆشان دژی کۆماری ئیسلامی؟
ئەگەر بەگووتنی لاهوری شێخ جەنگی بێ کەمپەکان بوونەتە شوینی حاوانەوە و خۆ مەڵاسکردن! ئەدی خەبات وتیكۆشان چی بە سەر دێ؟
لە لاهوری شێخ جەنگی دەپرسم، ئەگەر  PKK   و  پژاک و. پێ. یە. دە. لە ناو کەمپەکانی باشووری کوردستان زەمینگیر کرابایەن و دیمۆکراتەکان و کۆمەڵەکان لە قەندیل بوایەن، بەئاشکرا پشتیوانیت لێدەکردن؟ وای دانی دەتوانی پشتیوانیان لێ بکەی ؟. ئەدی ئێستێ بۆ حەول نادەی یارمەتیان بدەی تا لە کەمپەکان بڕۆنە دەرێ  و روو لە چیاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بکەن  و دژی کۆماری ئیسلامی دەست بکەن بە تێکۆشان؟ بەڵام تۆ یەک شت باس تێگەیشتووی ئەویش ئەوەیە دەزانی پ،ک،ک و پژاک و پێ،یە،دە خاوەنیی هێز و باوەڕن و پشتیان بە گەلەکەیان بەستووە تا ئەو ساتەش نەبوونە دەستەمۆی هیچ داگیرکارێک. 
هەر هێزێکی کوردستانی فێڕی کەمپنشینیی بوو، هێدی هێدی وەک داری درنگ وەختە سیخواری پاییزیی گەڵا گەڵا هەڵدەوەرێ و بەرەو داڕمان هەنگاو دەنێ.
من ئەو قسەیەی تۆ بە باش  نابینم کە گووتت: حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان جگە لە (پژاک)  لە کەمپەکاندا شوێنی حاوانەمان پێداون. ئەوەش پەیامێکی نەرمی تۆیە بەو شێوە زارە بۆ کۆماری ئیسلامی کە جارێ ئەو حیزبانەتان بۆ دەحاوێنینەوە بۆ ئەوەی نیگەران نەبن. بار و دۆخی باشووری کوردستان سەری خەڵكی بەش مەینەتی ئەو بەشە لە وڵات دەخوات. شەڕلە سەرچارە سەری کێشەی کورد نییە، شەڕ بۆ پاراستنی کورسی و پلە و پارە وچەکداریی گوێ لە مستە. لەداهاتوویەکی نزیکدا زۆر بابەت روون دەبنەوە. با چاوەڕوان بین. 
جەعفەرکەریمیی
سەرچاوەی قسەکانی لاهوری شێخ جەنگیلەو لینکەدا ببیسن:
Htt PS://L. mee/WLLATMED

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە