ئاژەڵەکانی چاڤی لاند و ئاژەڵەکانی دەسەڵات!

Saturday, 14/08/2021, 17:55

6314 بینراوە


رێکلامیی یەکێک لە تیڤییە کوردیەکان بۆ چاڤی لاند لە شاری سلێمانی جێگای سەرسووڕمانە. جگەلەوەش کابرای رێکلامکەروەک گوونی بكیشن دەنەڕڕینێ ودەڵێ، گەورەترین شوێنە چافی لاند لە تەواوی عێڕاقدا. وەبیر خەڵكی ژاپۆن کەوتمەوە کە دوای شەڕی مەزنیی جیهانیی چی بەسەرهات وئێستیش بڕۆن چاوی لێبکەن چۆن سەر لە نوێ بونیادنراوەتەوە بونە نەتەوەیەکی زیرەک وهوشیاروکاریگەر ودڵسۆز بۆ وڵاتی خۆیان. مرۆڤ چاولە ژیانی خەڵكی سلێمانی ویەکێک لە شارەکانی ژاپۆن دەکا ئەوجار بۆی دەردەکەوێ کورد لە باشووری کوردستان بەرەوکام هەڵدێر خزاوە!
نە یاساهەیە، نەدادگا، نە ژیان،  نەزانکۆی  حیسابی، نە سیستمێکی پەروەردەوڕاهێنانێ سەردەمیانە،  نە دەواو دوکتورێکی بە کەڵك، نیشتمانێک کە بەرەوداڕمانی ئەخلاقی هەنگاوی ناوە نە متمانە بە دەسەڵات لە جێی خۆیداماوە. بەڵام بەپێچەوانە چەکدار زۆرە، دزدەسەڵات زۆرە، زیندان وشکەنجە بە پێی فیلانە، رۆژنامەوان دەگێرێ، مووچە لە کاتی خۆیدا نادرێ ودەیان دەردووئازاریی دیکە. 
چەند ساڵ لەوەی پێش بۆ جاری یەکەم سەردانی گڵكۆی براکەم کرد کە لە ژێڕ سای دەسەڵاتی جەلال تاڵەبانی کوردکوژ بە دەستی سیخۆرەکوردەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی لە سلێمانی تیرۆرکرابوو. گۆڕستانێکم بینی پڕ لە دڕووداڵ، بێ ئاو وشک، بەهەزار زەحمەت گڵکۆی براکەم دۆزیەوە. 
شار دەتگووت کەلاوایە. دارتێلی کارەبای سەرشەقامەکان وەک پرچی دەروێشی حاڵ گرتو و ئاڵۆزو تێکەڵ کرابوون! سواڵكەریی ژن وپیاوی پیریی سەرشەقام زۆر ئازاریی دەدام. گووتم: ئەوەیە شارە رەوشەنبیریەکەی کە تاڵەبانی ناوی لێنا؟ نزیک ئێوارە بوو هاوڕییانم گووتیان با بچینە دیتنی چاوی لاند. منیش پێمخۆشبوو، گووتم میوانی منن. هەرچۆنێک بوورازیم کردن. چوین. 
منداڵ نازانێ دایک و باوک پارەی هەیە یان بێ پارەیە. دەخوازێ وەک منداڵە ساماندارەکانی ناو چاڤی لاند یاریی بکا. سەرتان نەهێشێنم ونە بێتە نانەجیبیی هەرئەو شەوە زۆر هاسان ٢٠٠ دۆلارمان تێچوو هەبوو بۆ چەند کاتژمێر لە چاڤی لاند!ئەوە داستانی چەند ساڵ لەوەی پێشە. بەڵام ئیستێ ئاژەڵیشان بۆ هاتووە کە زۆرجیاوازە دەگەڵ ئاژەڵەکانی دەسەڵات. 
ئاخر ئێوە شەرم لە خۆتان ناکەن خۆش خۆش لە سەر مێدیاکانتان شانازیی بە چاڤی لاند دەکەن. بۆ مەگەر منداڵەهەژارەکان توانای چوونیان هەیە بۆ ئەو جۆرە شوێنانە. ؟ ئەگەریش چینی مامناوەندیی و خوارووی مام ناوەندیی روولە چاوی لاندیش بکات، هەر بۆ چاولێکردنەی خەڵكی ساماندارە. لەوەش بترازێ، کام چین وتوێژ لە شاری سلێمانی هەیە کە هەر جارێک بتوانێ بە دڵی خۆی لەو شوێنە منداڵەکان یاریی بکات و خواردنێکی بە پێزبخوا لە منداڵە دەوڵەمەند زیاتر؟. هیندە شانازیی بە چاڤی لاند مەکەن. رێژەی کتێبی ناو کتێبخانەکانتان چەندە؟ لەساڵێکدا تاکێکی کورد لە سلێمانیی چەند کاتژمێر یان چەند چرکە خەریکی کتێب خوێندنەوەیە؟ 
بۆ باسی رادەی دزیەتی و سەروەت وسامانی بەرپرسەکانتان ناکەن؟ چاڤی لاند بۆ خەڵكی هەژار نابێتە زانکۆو دامەزراندن، نابێتە دەرمان ودوکتور، نابێتە نان وئاو. ژێرخان وسەرخانی وڵاتتان فرۆشتووە کەچی زۆڕنای چاڤی لاندمان بۆ تێدەتووڕێنن!
ماوەیەک لەوەی پێش باخچەی ئاژەڵان لە چاڤی لاند زیدە کراوە. من ئەو بەشەم زۆر بە دڵە. چون ئاژەڵەکانی چاڤی لاند دەبنە مایەی خۆشیی وشادی ئەو کەسانەی کە چاویان لێدەکەن. بۆیە ئەو ئاژەڵانە لە لای من لە ئاژەڵەکانی دەسەڵاتداربەنرخترن. ئاژەڵەکانی چاڤی لاند وڵات نافرۆشن وکەسیش زیندانیی ناکەن وکەسیش تیرۆرر ناکەن. بوونەتە مایەی خۆشیی بۆ خەڵك، بەڵام ئاژەڵەکانی دەسەڵاتدار بوونەتە مایەی نەکبەتیی بۆ خەڵكی هەژار.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە