هێزی بزوێنەری مێژوو...  شۆڕش و راپەڕینە، نەک قسەکردن و رەخنەگرتن


شەڕی زڕئامۆزاکان بەرەو کوێ؟ (بەشی دووەم)

Friday, 08.20.2021, 10:10

3641 بینراوە


دووفاقەیی لە سیاسەت و دووروویی لە قسەکردندا


هۆکاری دووەم:

ئەوەی لە سەرەتای مانگی رابردوودا رووی دا، خەڵکی خستە بەردەم چەند پرسیارێک، هەندێک وەڵامیان بەوە دایەوە، کە لاهوریان پێ باشترە لە بنەماڵەی بارزانیی. بەڵگەشیان بۆ ئەمە، ئەوە بوو، کە لاهور خۆی و براکانی کۆمەڵێک قسەیان دژی بنەمالەی بارزانی و پارتیی کردووە، شایانی ئەوەن لایەنگیرییان لێبکرێت. بەمەش چاوپۆشی لەو هەموو تاوانە کرا، کە رۆژانە لە دەڤەری سلێمانی دەیانکرد. تاوانەکان هاوشانی تاوانەکانی بنەماڵەی بارزانی بوون. ئەوان کە لەناو دەزگاکانی دژەتیرۆر و زانیارییدا دەسەڵاتی رەهایان هەبوو، دەستکراوە بوون بۆ دزیی و قاچاخچیتی، کوشتن و بڕین و گرتنی هاوڵاتی بێتاوان و دەستدرێژیکردن بۆ سەر ناموسی کچ و ژنانی کورد. لێرەدا هەوڵ دەدەم، بەشێک لەو لێکچوون و دووفاقەییەی لە سیاسەتیاندا کردوویانە بە بیر بهێنمەوە:
1. لە سەروبەندی ریفراندۆمەکەی مەسعود بارزانی و چۆڵکردنی ناوچە وازلێهێنراوەکانی کەرکوک و خانەقین و ناوچەکانی تر، کە زۆربەی ناوچە کوردییەکانی باشوور کەوتنە دەست حەشدی شەعبی و حکومەتی عێراق. لە سەرەتادا لاهور دژی ریفراندۆمەکە وەستایەوە، بەڵام لە رۆژی دیارییکراودا هەر بۆ خۆی رۆیشت و دەنگی پێدا. لە دوای ریفراندۆمەکەش کە سەرەنجامەکەی دەرکەوت، لاهور رایگەیاند و وتی: (ئێمە کەرکوکمان لە دەست دا). ئاراسی براشی وەک (رۆمڵ) خۆی نمایش کرد، خۆی کردبووە ئەفسەر و سەرکردەیەکی مەیدانیی، کەوتە هێرشکردنە سەر مەسعود و مەلا مستەفای باوکی، زمانی قسە و هەڵچونەکانی لە زمانی کەسێکی دانیشتووی چایخانەیەک دەچوو، کاتێک وتی: (مەسعود خۆی درۆزن و باوکیشی درۆزن بووە). ئەم قسانە هەرچەندە سوکایەتیی بوو بە پارتی و بە بارزانی، لای زۆر کەسی سادە ئەم قسەیەی ئاراس وەکو ئازایەتیی و بوێری لێکدرایەوە، لێ هێندەی دیکە ورەی خەڵکی پێڕوخاند، کە نیشانەی تێکشکان و تەسلیمبوونی پیشان دەدا و خەڵکیان بێ هیوا کرد، ئازایەتییکەشی بەهۆی ئەوەو بوو، کە لە پشتی قاسم سلێمانییەوە خۆی بادەدا و بە تەلەفونەکەی ئۆردوغان مەست و حەیرانی جاشایەتیی بوو بوون. (کلیکی ئێرە بکە) ئەمەش دیوێکی ئەو نەهامەتییەشی دەرخست، کە چۆن چارەنووسی ئەو نیشتیمانە کەوتۆتە دەست کۆمەڵێک کەسانی ناپاک و نەزان و نەشارەزا. جگە لەوەش نیشانەی درۆزنی و دووروویی هەموویانی پیشان دا.
- ئاراسی شێخ جەنگی کە ئەمڕۆ بەرهەم ساڵح کردوویەتی بە راوێژکاری خۆی لە کۆشکی کۆماریی، لەبەر ئەوە نییە کەسێکی سیاسیی و زیرەک و وریا و لێهاتووە، بەڵکو لەبەر ئەوەیە کە برازای جەلال تالەبانییە و بە هۆی ئەم بنەماڵەیەوە بەرهەم بۆتە سەرۆک کۆمار.
- هەمیشە ئێمەی کورد لە بڕیاری هەڵبژاردنەکانماندا، لەبەرامبەر دوو خائیندا، خائینێکمان کردۆتە باش و دەنگمان پێی داوە. مێژووی کورد پڕێتی لە سەدان نمونەی نەخوازراوی وا، نەک تەنیا دەرسمان لە خیانەتی کەسەکان وەرنەگرتووە، بەڵکو دەرسمان لە مێژووش وەرنەگرتووە، کورد خائینەکانی دادگایی نەکردووە لە خۆمان دوور نەخستۆنەتەوە، فرسەتی دیکەمان پێداون تا خیانەتی زیاتر و گەورەترمان لێبکەن. کردومانن بە نیشتیمانپەروەر و رابەری خۆمان، هەمان رۆڵی پێشووترمان پێداونەتەوە. ئێمە مەرجمان بۆ بوونی سەرکردەکانی خۆمان داناناوە، بۆیە مەلا مستەفا وەک مۆتەکە سواری مێژووەکەمان بووە و لە بەرۆکمان نەبۆتەوە، هەمیشە ویستوومانە لەگەڵماندا بن، کاتێکیش ئاشبەتاڵ دەکات، جارێکی دیکە نەوەکانی دەکەینەوە بە رابەر و سەرکردەی خۆمان، تا لە فۆڕمێکی تردا ئاشبەتاڵەکانمان بۆ دووبارە و سێبارە بکەنەوە، .. جەلال تالەبانی کە رێبەری خیانەت و کیمیاباران و ئەنفال و کاولکاری نیشتیمانە، کاتێک دەمرێت لە بری ئەوەی وەک گەلێکی وشیار لاکی پیسی بخەینە بەر دەم ئاژەڵ، کەچی بەرز رایدەگرین و دەیبەینە گردێک و پیرۆزی دەکەین، بنەماڵە و خزمەکانی دەکەینە بەرپرس و رابەر و سەرکردەی خۆمان، ئەمەیە نهێنی ئەوەی، کە بۆچی ئێمە بەردەوام شکست دەهێنین و مێژووی خۆمان دووبارە دەکەینەوە و دەستبەرای لاهور براکانیشی نابین. هەروەها لە شەڕی نێوان لاهور و پاڤێلدا نێوانگیری دەکەین، چونکە دەمانەوێت رۆحی جەلال تالەبانی ئاسودە و شاد بکەین. تا بۆ پاشەڕۆژ لە یادی ئەم خائینەدا نەوەکانی ئامادەبکەین بۆ ژەمێکی تر لە خیانەت، ئەوەتا دەنگۆی ئەوە هەیە، لاهور حیزب دروست دەکات، زۆر کەس لە ئیستاوە خۆیان ئامادە کردووە تا بە دەنگییەوە بچن و هاریکاری بکەن. هەروەک ئەیوب بارزانی ئەم دیاردەیەی ناوناوە (سیستەمی دزە پیرۆزەکان). ئێمە دز و خائینەکانی خۆمان پیرۆز کردووە، هەر جارەی لە رووداوێکدا یەکێکیان لە چاو ئەویتریان دەهێنین و پیرۆزیان دەکەین، دەیانپەرستین، بە پاساوی جۆراو جۆر بەردەوامی بە مانەوەیان دەدەین. نومان چۆمسکی دەڵێت: (زۆربەی خەڵک نازانن کە لە دەوروبەری خۆیان چی دەگوزەرێت، کەچی وا دەزانن دەزانن، بەڵام نازانن کەوا نازانن). لە نێو ئەم هەموو نەزانینەدا ئەمڕۆ نیشتیمانی کورد دز و نیشتیمانفرۆشەکان بەڕیوەی دەبەن.
- نێجیریڤان بارزانی بۆ پرسەی شێخ جەنگی باوکی لاهور رۆژی 6 / 2 / 2016 هاوبەشی پرسەکەی کرد. (کلیکی ئێرە بکە)، هەروەها بۆ مردنەکەی دڵوڤان برای نیێچیرڤانیش لە رۆژی 2 / 4 / 2018 ، لاهور و براکانی هاوبەشی پرسەکەیان کرد(کلیکی ئێرە بکە) . ئەم جۆرە سەردان و یەکتر بینین و بەسەرکردنەوەیە، بەشێکی بریتییە لە پەیوەندیی کۆمەڵایتیی و لە ژێریشەوە سیاسیی، نیشانەی لێکدانەبڕان و دۆستایەتییە. لە وڵاتانی خاوەن دەوڵەتدا سیاسییەکان ئەگەر پەیوەندییە سیاسیی و بازرگانیی و دیبلۆماسییەکانی نێوانیان نۆرماڵ بێت، تەنیا لەو جۆرە بۆنانەدا سەرخۆشی و سەردانی یەکتر دەکەن، ئەم جۆرە پەیوەندییە بە پێچەوانەوە بۆ زۆربەی وڵاتان بەرامبەر بە (کیم جۆنگ لۆن)ی سەرۆکی کۆریای باکور تەواو جیاوازە، بۆ نمونە ئەگەر کارەسات و ناخۆشییەک رووبدات وەک ئەوەی سەرۆکی کۆریای باکور نەخۆش بکەوێت، یان کارەساتێکی لێبقەومێت، بۆنەیەک بێتە پێشەوە، هیچ کام لەو وڵاتانە، کە پەیوەندییان لەگەڵیدا باش نییە، نامەی سەرخۆشی، یان پیرۆزبایی بۆ نانێرن، ئەمانەی کوردیش کە بە زارەکی ناحەزی یەکترن، لێ لە ناخۆشی و خۆشییەکانی یەکتردا بەشداری بۆنەکانی یەکتر دەکەن و لای خەڵکی سادەش وا پیشاندەدەن، پێکەوە ناکۆک و دوژمن و ناحەزی یەکترن. ئەوەی راستیشە ئەوەیانە، کە ئەمانە دۆستی یەکتر و دوژمنی راستەقینەی کوردن چونکە هەموویان سەرنشین و دانیشتووی ناو بەلەمێکن.

لاهور یارمەتی گەریلا و رۆژئاوای داوە، بە نەمانی ئەمان ئەو دەرگایە دادەخرێت!

هۆکاری سێیەم:

1- چەند بەڕێزێک پێیان وایە لاهور پشتگیری رۆژئاوا و گەریلاکانی قەندیلی کردووە. لە چەندین بۆنەدا چەک و یارمەتی لۆجیستیکی پێداون.ئەو بەڕێزانەی ئەم قسانە دەکەن، زۆربەیان لایەنگر، یان هەوداری پەکەکەن، یاخود رقیان لە پارتیی و بنەماڵەی بارزانییە، ئەوانە هەرچەندە کەسانی دڵسۆز و خەمخۆری ئەو گەلەن، بەڵام بە بێ ئەوەی بە خۆیان بزانن بەم پاساوانە چاوپۆشی لە هەموو تاوان و کارەکانیان دەکەن، کە وەک لەسەرەوە ئاماژەمان بە بەشێکی داوە. ئەوەی راستیشە ئەوەیانە کە دەسەڵاتی کوردی بەهەموو باڵ و حیزب و کەسایەتییەکانیانەوە دژی پەکەکەن، هەمیشە بۆ بیانوو گەڕاون تا بۆ رازیکردنی داگیرکەران شەڕی کورد دەستپێبکەنەوە، باشوور بە نیشتیمانی پەکەکە نازانن، بۆیە بەردەوام هەموو پارتەکانی باشوور داوادەکەن قەندیل چۆڵ بکات،. لە دوای تێکشکانی داعش بەدەست شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە و ئەو پشتگیرییە جیهانییەی کە بۆ کوردی رۆژئاوا دروست بوو، بەرپرسە پیسخۆر و ناپاکەکانی باشووری ناچار کرد، تا هەڵوێستی دووفاقەیی پیشان بدەن، تەنانەت وەک دەڵێن پاڤێل مندالەکەی خۆی ناونا (کۆبانێ)، ئەگەر جۆرێک لە یارمەتی بە رۆژئاوا درابێت، لە موڕاڵ و هەستی بەرپرسیارێتی خۆیانەوە نەبووە، ئەوان لە هەر پارچەیەکی دیکەی کوردستاندا بێت حەزیان بەتێکشکانی کورد کردووە، چونکە لە ناو جوانی گەریلا و شەڕڤانانی رۆژئاڤادا پیسی و ناپاکی خۆیان دەردەکەوت، مەلا بەختیار بۆ ئەوەی رۆژئاڤا وەکو خۆی ناشرین بکات، چەند جار داوای ئەوەی کردووە، کە با رۆژئاڤا ئەزمونی هەرێم تاقیبکاتەوە، ئەوان حەزیان بە ناشرینبوونی هەموو کوردە، ئیرەیی پێدەبەن، هەرگیز ئەو یارمەتییەیان نەداون کە لە ئاستی بەرپرسیارێتی نەتەوەییدا بووبێت، ئەوەی لە راگەیاندنەکاندا باسی لێوەکراوە، بەهۆی فەرمانی ئەمریکاوە بووە، چونکە ئەمەریکا بودجەی دژە تیرۆری بە لاهور دەدات، دەبوو فەرمانەکە جێبەجێ بکات، بەهەمان شێوە کەم تا زۆر لەناو پارتییشدا لەسەر ئاستی بەرپرسە سەربازییەکان ئەو کارە کراوە، کە لێرەدا قسەکردن لەسەر ئەمەیان بە پێویست نازانم، تەنیا ئەوە نەبێت بڵێم هەموو یارمەتییەکان بازرگانیکردن بووە بە خوێن و درێژەپێدان بووە بەو شەڕەی کە ئەمان قازانجیان لێکردووە. هیچ کام لە بەرپرسەکان وەکو ئەرکێکی نەتەوەیی بەو کارە هەڵنەستاون. تەنانەت دەزگای دژە تیرۆری یەکێتیی و زانیارییش لە رێگای کوڕی فاروقی مەلا مستەفاوە لەگەڵ داعشدا بازرگانی نەوت و چەکیان کردووە. ئەو چەکانەی دیارنەدەمان زۆربەیان لای چەکدارەکانی داعش سەریان هەڵدەهێنا.
سەرنجی ئەو ڤیدیۆیە بدە، کە چۆن لاهور بە شان و باڵی ئۆردوغاندا هەڵدەدات وەڵامی هەندێک لە گومانەکان دەڕەوێنێتەوە. ئەگەر تۆرکیا و ئۆردوگان لە لاهور ناڕازیین، تەنیا لەبەر ئەوەیە، کە لاهور نەیتوانیوە هێندەی مەسرور و بنەماڵەی بارزانی خزمەتی تورک بکات.

2- پەکەکە وەک رێکخراوێکی سیاسیی و هێزێکی چەکداری، کە لە قەندیل بوونی هەیە. زۆربەی لایەنگیر و هەوادارەکانیان لە باشوور لایەنگیری ئەو بەرەیەی دەسەڵاتی کوردی دەگرن، کە گوایا دۆستی پەکەکەن، یان لە بۆنەیەکدا قسەیەکی باشیان بۆ رۆژئاوا کردووە.
هەڵبەت دەبێت ئەوەش بزانین، کە بۆ ئەوەی پەکەکە لەگەڵ پارتیی و یەکێتیی بەرەو رووی شەڕی کوردکوژی نەبێتەوە بەردەوام سیاسەتێکی نەرمی بەرامبەریان بەکار هێناوە، ئەویش لەسەر حیسابی خەڵکی داماوی باشوور. لێرەدا من قسەم لەسەر ئەم سیاسەتەی پەکەکە نییە، کە لە هەندێک لایەنەوە بە بڕیارێکی باش و کارێکی نەتەوەیی و نیشتیمانیشی دەزانم. بەڵام ئەمە سیاسەتە سنوری خۆی بەزاندووە، بە خراپە بەسەر خەڵکی باشووردا شکاوەتەوە، کە لە سەر حسابی بەرژەوەندی خەڵکی باشوور ئەو پەیوەندییە راگیراوە. کوردی باشوور کە لە دەست تاوان و خیانەتی نەتەوەیی و نیشتیمانی دەسەڵاتی حوکمڕانی پارتیی و یەکێتیی و خیانەت و دەستدرێژییەکانی بەرپرسەکانیان بێزاربوون، بۆ رێگاچارەیەک دەگەڕێن تا لە دەستیان رزگاریی بێت، ئەمەش گەیشتۆتە ئاستێک کە لە نەبوونی ئەڵتەرناتیڤێک دژی ئەم خائینانە، ناچارن پاسیڤ بن و هیچ نەکەن، بۆیە بەشێک لە هاوڵاتیانی باشوور نیشتیمان جێدەهێڵن، کوردستان خەریکە لە کورد خاڵی دەبێت و دەبێتە خاک و موڵکی کەمەنەتەوەکانی ناو هەرێم، لە ئیستاوە بە یارمەتی تورکیا، تورکمانەکان دەنگیان لێهەڵبڕیوە، بانگەشەی ئەوە دەکەن، کە کەرکوک و هەولێر دوو شاری تورکماننشینە، عەرەبەکان بە لێشاو روو لە ناوچەی هەرێم دەکەن، ماڵ و موڵکی کوردان دەکڕن. پارتیی و یەکێتیی یارمەتیدەرن و لە پشتیەوە وەستاون بۆ خۆشیان هاندەرن بۆ ئەوەی کوردستان لە کورد خاڵی بکرێتەوە، لەمەدا لاهور و براکانی و بنەماڵەی تالەبانی تاوانباری سەرەکیین، بەوەش کە خۆیان دەستدرێژی دەکەنە سەر هاوڵاتیان کورد، برسیی و بێئاوایان دەکەن، موچەیان نادەنێ، بە بیانوی جیاوازەوە خەڵکی بێتاوان و دەنگی ناڕازی دەکوژن، یان دەگرن و دەستدرێژی دەکەنە سەر ژن و کچان. دەیان تاوانی تر، کە رۆژانە دەیبینین و دەیبیستین. ئەم سیاسەتەی پەکەکە لێرەدا دەبێتە هەڵەیەک و خیانەتی ئێجگار گەورە، چونکە لە رێگای هەودار و لایەنگرەکانی خۆیەوە لە باشوور گەرەنتی مانەوەی پارتیی و یەکێتییان مسۆگەر کردووە. ئەگەر ئەم سیاسەتەی پەکەکە بۆ قەندیل گونجاو بێت، ئەوا بۆ ناو باشوور گونجاو نییە، نابێت رێکخراو و دامودەزگانای سەر بە پەکەکە هەمان سیاسەتی قەندیل پیادەبکەن، بەڵکو دەبێت پشتگیری لە بوون و دروستبوونی ئەڵتەرناتیڤ و بزووتنەوەی رێکخراوێکی ئۆپۆزیسیۆن بکەن، نەک وەک لەم شەڕەی نێوان پاڤێل و لاهوردا هەموو دەنگەکان بۆ لاهور کۆبکرێتەوە و پشتگیریی لێبکەن. چاکترین و باشترین کار کە دەبوو بکرێت (بێدەنگی بوو).
بەشێک لە سیاسەتی پەکەکە و لایەنگرەکانی، ئەوەش بووە کە لە هەموو بۆنەیەکی خۆش و ناخۆشدا، لە شایی و پرسەکانی بەرپرسەکاندا نامە و بروسکە و پیرۆزباییان بۆ ناردوون. لە کۆنگرەی نەتەوەییدا لە ریزی پێشەوە دایانناون و داوایان کردووە مەسعود بارزانی بکرێتە سەرۆکی کۆنگرەی نەتەوەیی.لە خۆپیشاندان و راپەڕینەکاندا ئەوەی لە بەرژەوەدنی خەڵک بووبێت، بێدەنگیان لێکردووە.
من وەک مرۆڤێکی کوردی ئەم نیشتیمانە لەگەڵ دروستبوونی بزووتنەوەیەکی رادیکاڵدام، لەگەڵ ئەوەدا نییم، چاوپۆشی لە بچوکترین تاوان و هەڵەی هیچ بەرپرسێکی دەسەلاتدارانی باشوور بکرێت، ئەمانە دەبێت بە سزای دادگای گەل بگەیەنرێن، هەول بۆ نەمانی پارتیی و یەکێتیی و دادگاییکردنی سەرانی ئەو حیزبانە بدرێت. لەگەڵ نەمان و سڕینەوەی بەرماوەکانی ئەم دەسەڵاتە پیسخۆر و تاوانبارانەدام، گەرەکمە ئەمانە نەمێنن کوردستان لە پاشماوەی ئەم خائینانە بسردرێتەوە. پەکەکە دەبوو لایەنگر و هەوادارەکانی هان بدات تا بێلایەن بن، نەک بە دەیان پاساو پشتگیریی خائینێکی ئەم نیشاتیمانە بکەن و داوای مانەوەیان بکەن.
سیاسەتی پەکەکە لە قەندیل بەرامبەر بە باشوور دەبوو زۆر جیاوازتر بێت، وەکو لە سیاسەتی هەوادارەکانی لە نێو شارەکان.

چەند زانیارییەکی نەزانراو لەسەر شێخ جەنگی نیوەبرای جەلال تالەبانی!

لێرە بەدواوە لەسەر لاهور و براکانی وەکو خۆی، کار و پیشەی شێخ جەنگی باوکیان، ئەوەی کە تا ئیستا باسی لێوە نەکراوە، بۆ بەرچاوڕەونی و زانیاری بڵاوی دەکەینەوە:
- شێخ جەنگی کاتی خۆی کارمەندی ئیستیخبارات بوو لە کۆیە و هەفتەی یەک دوو جار سەردانی هەولێری دەکرد، پەیوەندیی بە بەڕێوەبرایەتی ئیستیخباراتی هەولێرەوە هەبوو، زانیاریی و چالاکییەکانی ئەو هەفتەیەی پێ دەدان. خەڵکی کۆیە و هەولێر خۆیان لێدەپاراست، تا ئەو رادەیەی لێی نزیک نەدەبوونەوە، بە قسەی هەولێرییەک، کە دەڵێت خۆمان لە بەڵای دووردەخستەوە. زۆربەی شەوانی پێنجشەممە و هەینی لە هەولێر لەگەڵ بەعسیی و ئەمن و ئیستیخباراتەکاندا لە یانەکاندا دادەنیشت دەیانخواردەوە، میوانەکان لە ترساندا چەند مێزێک لێیان دوور دەکەوتنەوە.
- رۆژێک لە هەولێر ئاواتی کچی شێخ جەنگی لە قوتابخانە مامۆستاکەی لێی توڕە دەبێت، پێی دەڵێت بڕۆ کچە جاش، ئەویش بە گریانەوە دەچێتەوە ماڵێ، شکات لە مامۆستاکەی دەکات، دوای ئەوە لەلایەن ئەمنەوە ژنە مامۆستاکە بانگ دەکرێت، تا ئیستا چارەنووسی ئەو مامۆستایە دیار نییە.
- پاش ماوەیەک شێخ جەنگی کارەکەی دەگوێزێتەوە دەچێتە کەرکوک.

کوڕەکانی تالەبانی و شێخ جەنگی دەڵێن یەکێتیی حیزبێکی بنەماڵەیی نییە!

یەکێتییەکان پێیان وایە کە حیزبەکەیان وەکو پارتیی بنەماڵەیی نییە، تالەبانی و نەوشیروان، تا دەگاتە کۆسرەت و ئەوانی تر لە زۆر بۆنەدا ئەو قسەیەیان کردووە، کە ئێمە لێرەدا لاهور و براکانی وەکو نمونە دەهێنینەوە، کە تەواویی خێزان و کەسەکانی خۆیان لە گەورەوە تا بچوک پۆست و پلەی حیزبی و ئیدارییان هەیە. ئاراس شیخ جەنگی، کە بەو لێدوانەی وتی (مەسعود خۆی و باوکیشی درۆزن بووە)، هۆکاری تێکدانی نێوان براکانی و بنەماڵەی بارزانی بوو، بۆ خۆشی ئەو درۆیە دەکات، کە دەڵێت یەکێتیی بنەماڵەیی نییە (تەماشای ڤیدیۆکەی خوارەوە بکە).
1. (ئاراس):- راوێژکاری سەرۆکی کۆماری عێراق
2. (لاهور):- هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان 
3. (پۆلاد):- فەرماندەی دژە تیرۆر 
4. (ئاکۆ):- سەرۆکی دەزگای زانیاری
5. (ئاسۆ):- نوێنەری یەکێتیی بوو لەسەر پشکی حکومەتی هەرێم لە روسیا، ئیستا بەرپرسی دارایی و سەرپەرشتیاری دەزگای زانیارییە.
6. (هیوا):- بەڕێوەبەری گروپی کۆمپانیاکانی کەڵکانە، کۆمپانیایەکی گەورەیە (سەر بە بنەماڵەی شێخ جەنگییە، خاوەنەکەی لاهورە)، هیوای برای راستەوخۆ سەرپەرشتی دارایی و کاری بازرگانی و مادەهۆشبەر و چاڵە نەوتییەکان دەکات.

دوو خوشکیشیان هەیە بە ناوی: (ئاواز و ئاوات)

7. (ئاواز):- ئەندامی پەرلەمانی کوردستانە، پێشتر لە ئینگلتەرا چاودێری منداڵی ساوایان بوو (Child Care worker) کاتێک وازی هێنا و بڕیاری دا بگەڕێتەوە بۆ کوردستان، بۆ خواحافیزی لەلای چەند ژنێکی کورد وتبووی: (ئیتر بەسە ... ماندوو بووم هێندە خەریکی دایبی گۆڕین گەڵوقنگی منداڵان بوم پاکی بکەمەوە).
8. (ئاوات):- دایکی ئەو کوڕەی کە لە رۆژی 1 / 3 / 2012 لە سلێمانی لە قوتابخانەی میدیای نمونەیی مامۆستا ئەمەریکییەکەی کوشت، کوڕەکەی بە ناوی (بەیار) کە تەمەنی 15 ساڵ بوو، وەکو کارمەندێک موچەی دژە تیرۆری بۆ بڕابووەوە، مامۆستا ئەمەریکییەکەی لە سلێمانی کوشت، بە دوایدا خۆشی کوشت، زۆر کەس پرسیاری ئەوەیان دەکرد، کە ئەو دەمانچەیەی لە کوێ بوو؟ بۆچی لەگەڵ خۆیدا بردوویەتی بۆ قوتابخانە؟ لەبەر ئەوەی کە دەمانچەی لاهوری خاڵی بوو، بۆ ئەوەی نەدۆزرێتەوە و جۆری دەمانچەکە ئاشکرا نەبێت، کەیسەکەیان داخست. چونکە لاهور تاوانبار دەبوو.
ئاواتی خوشکی لاهور ئیستا بۆ خۆی دانیشتووە و وەک دەڵێن هێندەی موچەی خانەنشینی وەزیرێک پارە وەردەگرێت.
--------------------
9. بێگەرد تالەبانی (کچی پۆریانە) سەرۆکی فراکسیۆنی پەرلەمانی کوردستانە.
10. ئاڵا تالەبانی: سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی بوو لە پەرلەمانی عێراق. دوایی خۆی کرد بە عەرەبی شیعە و لەگەڵ حیزبە عەرەبییەکاندا کار دەکات، ژنی سەرهەنگی نوری بەگە، کە ئامۆزای چیا عەباسە. کاتی خۆی نەوشیروان مستەفا لە رقی هێرۆی برایم ئەحمەد، ئاڵا تالەبانی بۆ سەرهەنگ هێنا.
11. حەمە تەحسین تالەبانی (هەرزەکار و قوتابی زانکۆ یە) لە دەزگای زانیاریی کراوەتە جێگری ئاکۆ شێخ جەنگی.
12. رەنج شێخ عەلی تالەبانی، کوڕی ئاواز شێخ جەنگی جێگری دەزگای دژە تیرۆرە.
13. دەیان کەسی تر، کە هەڵگری ناوی تالەبانین، یان خزم و کەسوکاری خۆیانن هەموویان لە ناو ئەو دەزگا و شوێنانەدا کار دەکەن.

هەندێک زانیاری نوێی دیکە:

- ژنەکەی پۆڵاد شێخ جەنگی، کچی جەبار فەرمانە، بە ناوی (کڵپە). لەیەک جیابوونەتەوە، لە بەرامبەر ئەوەدا پۆڵاد لە ئەڵمانیا (شتۆتگارت) بە بڕی ملیۆن و نیوێک ئێرۆ، خانوویەکی بۆ کڕیوە، لەگەڵ شوقەیەک بە 400 هەزار ئێرۆ. ئیستا کڵپە لە ئەڵمانیا دادەنیشێت و پۆڵادیش لە کوردستانە. جیابوونەوەکەیان لە سەردەمی تیرۆرکردنی ئامانج و ژن و مندالەکەی رووی دا، کە گومانی ئەوە هەبوو منداڵەکە هی پۆڵاد بێت. لە دواییدا بە سینارۆیەک کوشتنی ئامانج و ژن و منداڵەکەی پەردەپۆش کرا.
- کچێکی تری جەبار فەرمان ئەویش شووی بە ئاسۆی شێخ جەنگی برایان کردووە.
- سەبیحەی ژنی جەبار فەرمان، کە دەکاتە خەسوی پۆڵاد و ئاسۆ ی شێخ جەنگی ئەویش لە ئەڵمانیا خانوویەکی بۆ کڕدراوە بە 300 هەزار ئێرۆ.
- ئەمڕۆ شەش برا و دوو خوشک وەکو هەموو بەرپرسە خائین و گەندەڵەکانی تر بوونەتە خاوەنی ملیۆنەها دۆلار. لە ناوەوەی کوردستان و دەرەوە ماڵ و خانوو و پارەی کاشیان لە بانکەکاندا هەیە. لاهور لە سەرچنار کۆشکێکی گەورەی دروست کردووە. ئەوان کە خەڵکی سلێمانی نیین، تا بگوترێ لە باو باپیریانەوە ماڵ و موڵکیان بۆ جێماوە، لەگەڵ بنەماڵەی برایم ئەحمەد و کوڕەکانی تالەبانی لایەکی سلێمانییان داگیرکردووە و بوونەتە خاوەنی سلێمانی.
- دەزگا هەواڵگرییەکانی یەکێتیی و زۆربەی شوێنە هەستیارەکان هەمووی بە دەست کوڕەکانی شێخ جەنگییەوە بوون، ئەوان بەڕیوەیان دەبرد. سەرچاوەیەک کە هێشتا پشتڕاست نەکراوەتەوە بە کوردستانپۆستی راگەیاند، کە تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی بە پلانی لاهور شیخ جەنگی بووە، لەو کاتەشدا بووە، کە مەحمود سەنگاوی هەڕەشەی کوشتنی لە کاوە گەرمیانی کرد،لاهوریش جێبەجێی کرد.
(تێبینی): ئەم هەواڵە بۆ ئەوە نییە، کە تەوێڵی مەحمود سەنگاوی پێ خاوێن بکەینەوە، گەڕان بە دوای راستی رووداوەکەدا و ئەوانەی کە بەو کارە هەڵساون بۆ رۆژی خۆی دەمێنێتەوە، کەسیش لەو تاوانە مێژووییانە قوتار نابێت، درەنگ یان زوو دەردەکەوێت، لێ ئەوەی راستیشە ئەوەیانە، کە زانیاریی تەواو لەسەر ئەم کەیسە لای (لاهوری شیخ جەنگی و مەحمود سەنگاویی)یە. لەبەر ئەوەی مەحمود سەنگاوی هەرەشەی کوشتنی لە کاوە گەرمیانی کردبوو، لاهوریش کە خۆی و براکانی بەرپرسی دەزگای دژەتیرۆر و زانیاریی بوون. ئاگاداربوون، ئەگەر تاوانەکەشیان نەکردبێت، بەڵام زانیاریی تەواویان لەلایە.
دەزگای دژە تیرۆری یەکێتی لەگەڵ کوڕەکانی تالەبانی هەروەک دەزگای دژەتیرۆری پارتی و دەزگای هەواڵگری پاراستن کاریان کردووە هەموویان بەرپرسن لەوەی کە بەرپرس و کوڕەکانیان دەستدرێژییان کردۆتە سەر کچ و ژنانی کورد. بە تایبەتی پۆڵادی شێخ جەنگی، وەکو کوڕەکەی کۆسرەت رەسوڵ دەستدرێژی زۆری کردۆتە سەر کچان و هەتکی کردوون. هەروەها لەسەردەمی ئەماندا قومارخانە و دەروازەی ژنە لەشفرۆش و شەوانی سووری رابواردن، بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر و بازرگانی و دزینی نەوت برەوەی پێدراوە و زیادی کردووە.