ئێران و حەشد دڵنیایی دەدەنە کورد!

Monday, 23/08/2021, 7:58

2348 بینراوە


رۆژی سوێندخواردنی سەرۆکۆماری نوێ ئێران"ئیبراهیم رەئیسی"، سەرۆکی هەرێمی باشوری کوردستان"نەچیرڤان بارزان"یش بانگهێشتکرابوو، لەکاتی دابەزینی نەچیرڤان لەتەیارەکەی و لەریزی پێشوازیەکەی سەرۆکی هەرێمی باشوری کوردستان"ئاڵای"هەرێمی کوردستانیش هەڵکرابوو، هەندێک کەسایەتیش بەتایبەتیش نوێنەری حکومەتی هەرێمی باشوری کوردستانیش"نازم دەباغ"یش رایگەیاند کە هەمان ئاڵا لەهۆلی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانیش هەڵکرابوو، هەر زوو زۆڕناژەنەکان و راگەیاندنە گوێڕایەڵەکانیش لەباشوری کوردستان کەوتنە هەڵدان بەشان و شەوکەتی سەرۆکی هەرێمی باشوری کوردستان"نەچیرڤان بارزانی" و گوتیان، ئێدی ئێران دەرکی بە رئالیتەی هەرێمی باشوری کوردستانی کردووە و دەیەوێت پەیوەندیەکیەکان لەگەڵ کورددا لەباکوری عێراق پتەوتر و بەهێزتر بکات، تەنانەت راگەیاندنەکان لەوەش زیاتر پێداچوون و رایانگەیاند کە لەزەمانی کۆماری کوردستان لەمەهابادەوە ئەمە یەکەمجارە ئێران ئەم ئاڵایەی بەفەرمی هەڵکردووە، هەرچەند چەند کاتژمێرێک بەسەر ئەو پێشوازی و هەراوهورایە تێپەڕ نەبوو کە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبرۆسکەیەکدا هەڵکردنی ئەو ئاڵایە وەکو کەم و کوڕیەکی پرۆتۆکۆلی بەناو کرد و دووپاتیان لەسەر یەکپارچەیی خاکی عێراقیان کردەوە.
لەراستیدا چەند رۆژ پێش ئێستاش کازمی بەدەمی خۆی بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئێران هاوبەشێکی راستەقینەیە لەعێراق. واتا ئێران عێراق و هەرێمی کوردستان بەماڵی خۆی دەزانێت و کەێ چوونی بوێت ئاوا مامەڵەی لەگەڵدا دەکات. رژێمی ئێران ئامادەکاری بۆ دوای کشانەوەی ئەمریکا دەکات لەکۆتاییەکانی ساڵدا، هەرچوون لەساڵی 2008دا کە ئەمریکا لەعێراق کشایەوە، هەرێمی کوردستان پشتی بەتورکیا بەست و هەموو هێڵکەکانی خستە سەبەتەی تورکیاوە، ئێستاش ئێران دەیەوێت ئەو هەلە بقۆزێتەوە و سۆز و عەتفی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتدارانی کورد لەباکوری عێراق بۆ لای خۆی راکێشێت. ئێران باش دەزانێت یەکێک لەو لایەنانەی لەدژی دەرکەوتنی ئەمریکایە لەعێراق دەسەڵاتدارانی کوردن، بۆیەش دەیەوێت ئەو گەرەنتیە بەکورد بدات کە لەغیبای ئەمریکا من دەتانپارێزم و ئێوەش بەشێکن لەئێران و سیاسەتی رژێمی ئێران؛ لەبەرامبەر بەو ئاڵایەش هەر لەهەمان رۆژدا ئەندامێکی کارای مەکتەب سیاسی"حدک"لەهەولێر بەرۆژی رۆشندا تیرۆر دەکەن و داواش لەنەچیرڤان بارزانیش دەکەن کە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان"کوردستانی ئێران"بەزۆرترین کات دەبێت لەباکوری عێراق دەربکرێن و نەچیرڤانیش لەساڵیادی حیزبەکەیدا و لەبەیاننامەی فەرمی حیزبەکەشیدا رایانگەیاندبوو کە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیان ئاگادارکردووەتەوە لەوەی کە ئێران ئیستیفزاز نەکەن و دەست لەچالاکی و کاری رێکخراوەیی لەئێران بەردەن.
هەرچی وتەبێژی عەلی حسێنی میحوەری باکوری عێراقی حەشدی شەعبیش، ڕەتیدەکاتەوە لە حاڵەتی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکادا لە عێراق، مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان دروست ببێت. حسێنی ئەوەش دەڵێت کە گوایا ئەم قسانە تەنیا بۆ پەرچەکرداری هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتدارانی کورد دەکرێت، وەگەرنا هیچ مەترسیەک لەسەر ستاتۆی هەرێمی کوردستان دروست نابێت و رەوشی عێراقیش هاوشێوەی ئەفغانستانی لێ نایەت؛ چونکە حکومەتی عێراق لەکورد و سووننە و شیعە پێکهاتووە. حسێنی بەم پەیامەی دەیەوێت دڵنیایی کوردان هاوشێوەی رایەدارانی ئێرانی بۆ دەسەڵاتدارانی کورد لەهەرێمی کوردستان و لە باکوری عێراق دووپات بکاتەوە و لەراستیشدا بەم پەیامەی دەیەوێت کوردان لەئەمریکا ئێدی خۆیان بەدوور بگرن و ئێدی ئەوانیش هاوشێوەی شێعەکان داوای دەرخستنی ئەمریکا لەعێراق بەرز بکەنەوە. 
لێرەدایە کە دەبێت هەم راگەیاندنە کوردیە گوێڕایەڵەکانی حیزب زوو نەکەونە ژێر کاریگەری رووداوە شکلیەکان و پشت پەردەی رووداوەکان بەباشی هەڵسەنگێنن و بخوێننەوە. 
لەم رووەوە دەگەینە ئەو قەناعەتەی کە نە ئێران لەنزیکبوونەوەی کورد و نەش حەشدی شەعبی جێگای متمانەن لەوەی کە کوردان قەبوڵ بکەن و نەبنە مەترسییە بۆ سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان و لەئەگەری کشانەوەی ئەمریکاش لەعێراق، پێش هەموو، قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە بەر مەترسی و لەناوچوون و عێراقیش یا دەکەوێتە دەست حەشدی شەعبی، یا هاوشێوەی 2014 جارێکی تر داعش خەلافەتی خۆی دادەمەزرێنێتەوە یا عێراق لەنێوان تورکیا و ئێراندا"سەفەوی و عوسمانی"جارێکی تر دابەش دەکرێتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە