کۆمەڵگەی ئەفغان و کۆڕەوی کورد؟

Monday, 23/08/2021, 8:06

2378 بینراوە


کاتی خۆی کە رژێمی گۆڕبەگۆڕی سەدام حسین لەشەڕی کەنداودا لە نەوەدەکان هێرشی کردەوە سەر کوردستان، گەلەکەمان بە کۆمەڵ بەرەو سنورەکانی تورکیا و ئێران"باکور و رۆژهەڵات"هەڵهاتن و لەقاموسی سیاسی حیزبەکانیشدا و لەگەڵ ئێستاشی لەگەڵدا بێت بەناو حکومەتی هەرێمی باشوری کوردستانیش ئەو کۆڕەوە وەکو ناڕەزایەتیەک و کاردانەوە و خۆ نەچەماندەوە لەبەرامبەر بەدوژمن بەناو کرا و دەکرێت، واتا کۆڕەوی 1992ی باشوری کوردستان هاوشێوەی کۆچەکەی حەزرەتی موسی لەدەستی فیرعونەکانی میسرەوە پێناسە دەکرێت. ئەمەش وەکو فۆرمێک لەبەرخۆدانی کۆمەڵگە بەناو کراوە، بەڵام پشتی چل ساڵ لەو بەروار ئاخۆ جارێکی تر کۆڕەو دروست ببێتەوە مرۆڤ دەتوانی چە ناوێک بۆ بدۆزێتەوە. 
کۆمەڵگەی کوردی و بزوتنەوەی کوردی بەدرێژایی تەمەنی، یانیش بەدرێژایی مێژووەکەی زۆر هەڵدێر و هەڵبەزی بینیووە و بەگوێرەی خۆشی ئەم هەڵدێر و هەڵبەزەشی بەواتا کردووە و هەوڵی داوە، بەو واتایانەی داویەتی بەو نەشیووە و هەورازەی خۆی لەسەرپێ رابگرێت و برەو بەژیان و گۆزەرانی خۆی بدات و هیچ نەبێت پاراستنی هەبوونی فیزیکی خۆی مسۆگەر بکات لەبەرامبەر بەنەیارەکانی. بەڵام لەئێستادا ئێدی ئەو پاراستنە فیزیکەی هیچ واتایەکی نەماوە و زەمەن وای کردووە کە هەبوونی مرۆڤەکان و کۆمەڵگە تەنیا بەپاراستن و بۆنیادنانی ستاتۆی سیاسی و ئیداری و کەلتووری و ئابوری و ژینگەیی و پێشخستنی نۆرمەکانی دیموکراسی بەستراوەتەوە. ئەگەر کۆمەڵگای ئێمەی کوردیش بیەوێت هاوشێوەی کۆمەڵگەکانی دنیا خۆی لەسەرپێ رابگرێت، دەبێت پێش هەرشتێک فۆرمی ژیانی و بیرکردنەوەی بۆ جیهان بگۆڕێت. دەبێت بزانێت ئێدی ئەو دنیابینیەی"پارادایم"ی بۆ خۆی وەکو خۆلیای ژیانی داڕشتبوو ئیفلاسی کردووە و دەبێت دنیابینیەکی کراوەتر و بەهێزتر بۆ خۆی هەڵبژێرێت. دەبێت بزانێت کە نۆرمە ئەخلاقیەکانی کۆمەڵگە لەوەی کە ئەو بیری لێدەکردەوە هەتا ئێستا زۆر گەورەتر و بەرفراوانترە، دەبێت بزانێت کە نۆرمە ئینسانی و نەتەوەیی و سیاسی و دینیەکان لەوەی ئەوی پێ گۆشکراوە زۆر زەوەندتر و بڵاوترن و جیهانیترن. دەبێت بزانێت کە سیاسەت هەڵقوڵاوی کۆمەڵگە بۆ خۆیەتی، نەک نۆخبەی سیاسی و دەستەبژێری کۆمەڵگە، دەبێت بزانێت ئەخلاق لەیاسا بەهێزترە و کۆمەڵگە بەئەخلاقەوە  بەرێوە دەچێت نەک بەداڕشتنی یاسا و ریسای دەسەڵاتەوە.
با کەمێک بگەڕینەوە بۆ ناو باسەکەی خۆمان و ئەو گۆزارەشتەی بۆ کۆڕەو کراوە لەروانگەی کۆمەڵناسی گشتیەوە شیتاڵ بکەین. بۆچی بەکۆمەڵ. هەڵهاتنی تاکەکەسی و هەڵهاتنی بەکۆمەڵ چە جیاوازیەکیان هەیە. لەروانگەی تیۆری کۆمەڵناسیەوە مرۆڤ دەتوانێت وەکو یەک پێناسەیان بۆ بکات. بەبێگۆمان هەڵهاتنی تاکەکەسێک لەشوێنێکەوە بۆ شوێنکی تر ئەوەندەی رەهەندێکی بەرژەوەندیخوازی و تاکەکەسی سرفی هەیە، ئەوەندە پەیوەست نییە بە خۆلیای بەدیهێنانی جیهانێکی باشتر. بەڵام هەڵهاتنی بەکۆمەڵ رەهەندێکی کۆمەڵایەتی قوڵ و مێژوویی هەیە، حەزرەتی موسی لەدەستی فیرعونەکانی میسرەوە هەڵهات، بەڵام تاکەکەسی بوو، هەڵهاتنەکەی حەزرەتی مۆحەمەد بۆ ئەشکەوتی حەڕا و گیرساندنەوە بۆ ماوەی چل ساڵ تاکەکەسی بوو، هەڵهاتنی حەزرەتی عیساش بەهەمانشێوە هەڵهاتنێکی تاکەکەسی بوو و پاشان توانیان کاریگەری گەورە لەسەر کۆمەڵگەکانی دووروبەری خۆیان دروست بکەن، بەڵام هەڵهاتنی بەکۆمەڵی کورد ناتوانێت جارێکی تر هیوای گەورە و جیهانێکی باشتر و رەفاهیاتی باشتر بۆ نەوەکانی دوای خۆی دەستبەربکات، بۆیەش کۆڕە لەبێ هیوایی و ترسە لەبەرامبەر، ئەم ترس و بێ هیوایەش وای لەتاکی کورد کردووە کە لەسێبەرەکەی خۆی دەترسێت و هەڵبێت. زۆر نموونەی هاوچەرخمان هەیە کە پێویست بە بیرهێنانەوەیان ناکات، چونکە بیرەوەیەکی تاڵ و ئازاربەخشن. کۆمەڵگای تاڵەبانیش کاتی خۆی لەدەستی تاڵەبانەوە هەڵهاتن، ئێستاش کە جارێکی تر ناوی تاڵەبان کەوتەوە سەر لێو و زمان جارێکی تر فوبیای تاڵەبان وای کردووە کۆمەڵگە بەکۆمەڵ هەڵبێن، ئەم هەڵهاتنەش لەرۆژی ئەمڕۆدا ئێدی ناتوانی ناوی بەرخۆدان و کۆڵنەدانی لێ بکەیت. جا ئەگەر هاوشێوەی ساڵانی نەوەدەکان جارێکی تر کوردستان"باشوری کوردستان"رووبەرووی پەلامارێک بوویەوە، کۆمەڵگا چی دەکات، دەیەوێت چۆن چۆن مێژوو بنوسێتەوە. ئایا دەیەوێت هاوشێوەی کۆمەڵانی ئەفغانی هەڵبێت، یان هاوشێوەی عۆمەر مۆختار بەرخۆدان بکات. کامیان دەبێت رەوایەتێکی راستەقینە و مێژوو و گەلەکەمان دەیەوێت کام لەو بژاردانە بۆ خۆی هەڵبژێرێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە