عێراقی دوای دەنگدان؟

Sunday, 08.29.2021, 19:55

1664 بینراوە


ئەم دەنگدانە خەڵک وافریو ئەدرێت گوایە ساختکاری و تەزویرات ناکرێت، ئەوانەی ئەم بانگەشەیە دەکەن سێبەرەکانی دەسەڵاتە بەناو ئۆپۆزسیوێن. 
ئەوانەی لە هەرێمی کوردستان و عێراق ساختەکاری دەکەن، هەم خاوەنی هێزی میلیشیان، هەمدیس فەرمانبەری ئێران و تورکیان. دۆخی عێراق بە دەنگدان چارەسەر نابێت، چونکە عێراق وەک دەوڵەت خاوەنی هێزی نیشتمانی نییە، خاوەنی ڕوئیایی سیاسی نیشتمانی نیە، هەموو سیاسی و خۆراک و داروبەردی ئەم وڵاتە هاوردەکراوە. هیچ هێزێک نیە لە ئازارەکانی خەڵکەوە لە دایک بووبێت، سیاسیەکانی عێراق و کوردستان وەک خەیار بن لایلۆن لە جەوێکی تردا دروستبون. 
ساڵی بیستەکان سەرۆک وەزیرانی عێراق خۆی دەکوژێت و لە دوای خۆی نامەیەک بۆ کوڕەکەی جێدەهێڵێت، دەنوسێت بۆ ئەوەی خەڵکی عێراق وەک خیانەتکار نەمبینین، بۆیە خۆم کوشت، چونکە من تەنها بەناوە سەرۆک وەزیرانم، ئەوەی وڵات بەڕێوە دەبات داگیرکەری بریتانییە.
لە عێراق ئەم سیاسیە دەستکردانە کە لە منداڵدانی سەرمایەداریەوە بەبلوری لە دایکبوون، ناتوانن و جورئەتی ئەوەیان نیە بڵێین ئێمە سێبەری دەوڵەتانین، یان دەست لە دەسەڵات بەردەن و یانیش خۆیان بکوژن.
عێراقی دوای ئەم دەنگدانە، عێراقێکی خراپتر ئەبێت، چونکە هەموو هێزەکان کورسیەکانیان بۆ دانراوە و بۆ دیاری کراوە، ڕەنگە لایەنێک کورسیەک زیاتر یان کەمتر ببات، دەنگدان تەنها شانۆگەریەکە بۆ فریودانی خۆیان. ساختەکاریەکان هەمووی ئامادەکراوە و بۆیە حکومەتی ئایندەش حکومەتی ساختەکار و میلیشیایی کوردی و عێراقی دەبێت. لەبەرانبەر داگیرکاری ئێرانی و تورکی دەست لەسەر سنگەبێت، وەک چۆن بەرانبەر تۆپبارانکردنی ناوچەی پێنجوێن نوزەیان لێوە نەهات. چونکە هێزەکان هەموو بارمتەی ئەو دوو دەوڵەتەن.
بۆچونم وایە سڵقانی گەورە لە عێراق ڕوودەدات، چونکە ڕوخانی بەعس و تاڵیبان بەرو دوای یەکتری بوو، ئەوە دۆخی ئەڤغانستانە تاڵیبان گەڕایەوە، عێراقیش کە هەمان مێژووی ئەو وڵاتەی هەیە لە گۆڕینی دەسەڵاتی بەعس، پێدەچێت وەک یەک خەتی بومەلەرزە ئێرەش بهەژێنێت.
دەنگدان لە عێراق هیچ شتێک ناگۆڕێت، گەندەڵ و مافیاکان وەک خۆیان ئەمێننەوە، گەلیش وەک هەمیشە بێخزمەت و لەژێر چەپۆکی میلیشیاکاندا ئەبێت، ئەمەش هۆکاری سەرەکی دەبێت بۆ تەقینەوەی عێراقی دوای دەنگدان.

تیبینی:

بۆیە نوسیومە دەنگدان، نەم نوسیوە هەڵبژاردن، چونکە هەڵبژاردن ئەوەی هەڵەبژێریت، دەنگدان ئەوەیە وەک کویلە وایت نەشڕۆیت دەنگەکەت دراوە.