هێزی بزوێنەری مێژوو...  شۆڕش و راپەڕینە، نەک قسەکردن و رەخنەگرتن


بنەڕەتی دەسەڵات و چارەسەری لای ژۆن-ژاک ڕوسۆ

Thursday, 10.14.2021, 9:38

473 بینراوە


ڕوسۆ، کوڕی دەوڵەتشاری ژنێڤ، لێ نووسەر و هونەرمەند و فەیلەسوفی فەڕەنسی، زۆر بەقووڵی بەریەککەوتنەکانی کەسی خۆی و دەسەڵات بەهەند وەردەگرێت. خەریکبوونی تیۆرییانەی ئەو بەم پرسەوە قۆناغبڕە بە کاریگەیی قووڵەوە لە دەرەوەی فەڕەنساش. ئەمە بەوەدا ڕووندەبێتەوە کە زۆرینەی فەیلەسوفانی هاوچەرخی مەگەر تەنیا لەنێو کتێبەکانی مێژووی فەلسەفەدا ناوببرێن، بۆ نموونە ڤۆلتێر، لێ ڕوسۆ تا ئەمڕۆ هەنووکەییە.
     ڕوسۆ یەکێکە لە فەیلەسوفانی "تیۆریی مافی سروشتی"، کە ناسراوترین نوێنەرانی بریتین لە تۆماس هۆبس و جۆن لۆک. فەیلەسوف لەم شێوەیەی فەلسەفاندندا تیۆرییانە دەسەڵاتدارییەکی ڕەوا بە تێڕوانینی خۆی بنیاتدەنێت، بۆ ئەم مەبەستەش لە پەیوەندییە دەوڵەتییەکانی سەردەمەوە بەرەو پاش دەگەڕێتەوە بۆ نێو ڕەوشێکی سروشتی، واتا بۆ نێو پێکەوەژیانی مرۆڤان پێش دامەزراندنی دەوڵەت، تاکو ئیدی لەم ڕەوشەوە ئەرگومێنتەکانی خۆی بۆ بناغەڕشتنی دەوڵەتێکی ماف هەڵبهێنجێت. بێگومان هەر فەیلەسوفێکیان بەگوێرەی مرۆڤدیدییەکەی خۆی گۆڕان بە ئەنترۆپۆلۆژییەک (مرۆڤناسییەک) دەدات و تێیدا گریمانەی پەیوەندییە بەسروشتی بنیاتنراوەکانی نێوان مرۆڤان دەکات. دیدێکی کورت و پوخت لە هەر یەکەی تیۆرییەکانی هۆبس و لۆک گەرەکە یاریدەمان بدات ڕوونتر پرسی سوڤەرێنێتی (دەسەڵاتداری) لای ڕوسۆ ببینین.
     هۆبس و لۆک، وەک دوو فەیلەسوفی سیستەماتیکی ئینگلیزی، ئەزمونگەران، لێ ئەزمونگەری لای هۆبس پتر واتای سێنسوالیزم (سێنسگەرایی) دەگەیەنێت، واتا ئەم گریمانە دەکات کە سێنسەکان (حەواسەکان) بەسەر مرۆڤاندا سەروەرن و بەمەش دەیانکەن بە بەرژەوەندگەرا. جگە لەوە ئەم دوو فەیلەسوفە "مێژوو" ناناسن، بەڵکو لە سەرەتاوە گریمانەی ڕەوشێکی سەرجەمییانەی سروشتی دەکەن. بە شێوەیەکی دی ببێژین، هزرینی مێژوویی لە فەلسەفاندندا بۆ یەکەم جار لای ژۆن-ژاک ڕوسۆ سەرهەڵدەدات. 
     هۆبس لەو ڕۆژانەدا دێتە جیهانەوە کە فیلیپی ئیسپانی گەلەکەشتییەکەی خۆی بەناوی "ئەرماندا" بۆ هێرشبردنە سەر لەندەن ئامادەکردبوو و دانیشتوانی ئەو شارە لە ترسدا تۆقیبوون. هۆبس سەبارەت بە زایینی خۆی دەبێژێت: "دایکم دووانەی هێنایە جیهانەوە: من و ترس". ئەم هەستە خۆییە کە هۆبسی کامڵ دەریدەبڕێت، لە ئەنترۆپۆلۆژییەکەیدا وێنەدەداتەوە و مرۆڤ ناودەنێت "گورگ". ئەو لە سێنسگەراییەوە، لە ڕوانگەی بارگاویبوونی سێنسە مرۆڤییەکانەوە بە خواست و بەرژەوەندیی خۆیی، سەرجەم پەیوەندییەکانی نێو ڕەوشی سروشتی ناو دەنێت "دۆخی جەنگی یەک دژ بە یەک"، ئەمەش وەک سەرئەنجامی سروشتی مرۆڤی گورگ. لێرەدا گەرەکە ئاماژە بۆ ئەوە بدەین کە جەنگ لای ئەو تەنیا واتای شەڕی فیزیکی ناگەیەنێت، بۆ نموونە کوشتار بە چەکی جیاواز، بەڵکو بوختان، فیتنەیی، ماچ و پاشقول، زەمکردن، تا دەگات بە داگیرکردنی ناڕەوای زەوی و باخی کەسانی دی، یان سامانکۆکردنەوە لەسەر ورگی خەڵک و هتد، مۆرکی ئەم ڕەوشەن. ئاخر مرۆڤ وەک بەرژەوەندگەرا هەر شتێک وەردەگرێت کە بۆ ئەو شادیبەخش بێت، لێ هەر شتێک بۆ ئەو شادیهێن نەبێت یان بە بەرژەوەندییەکانی نەگونجێت، ڕەتی دەکاتەوە. بێگومان لە ڕەوشی سروشتیدا یاسای ئەرێنیی سروشتی هەن کە بڕێک ڕەوشی جەنگ هێوردەکەنەوە، وەک: سڵاوکردن، بەهاناوەچوون، هەستان لەبەر میوان و هاوشێوەیان، لێ پێکڕای ئەم ڕەفتارانە تەنیا بۆ بەرژەوەندیی خۆیی دەنوێنرێن. بەکورتی: ئەمە ڕەوشێکی هەژار، داماو و دازناوە کە تا سەر مرۆڤان بەرگەی ناگرن. لە حەوسەڵەیاندا نامێنێت. بۆیە زەروورەی پەیمانێکی جڤاکی ناچاریان دەکات هەڵوێست وەربگرن:
      "من بەو مەرجە دەستبەرداری مافی خۆم بۆ هەبوونی هەر شتێک دەبم، کە تۆش دەستبەرداری هەمان مافی خۆت بۆ هەبوونی هەر شتێک ببیت".
     لێ ئەم پەیمانە جڤاکییە هێشتا ناتەواوە، بەس نییە بۆ "هەڵبەستن"ی دەوڵەت. ئاخر تەنیا کاتێک بەرژەوەندچییان ڕادەگیرێن و بەمەش پەیمانە جڤاکییەکە وەک دەوڵەت کارایی خۆی وەردەگرێت، گەر سەرجەمی پەیماندەران مافی خۆیان تەسلیمی سوڤەرێنێک (سەروەرێک) بکەن کە دەبێت ڕەها (ئەب-سولوت = لێ-جیابۆوە) بێت، واتا خۆی لە دەرەوەی دەوڵەت ببینێتەوە، ئەوجا بە یاسا و زەبری چەک ژیانی ئاشتەوایی بسەپێنێت، سزای ئەوانە بدات کە پێویستە و پاداشتی ئەوانە بداتەوە کە شایستەیین.
     هەروەها جۆن لۆک ڕەوشێکی سروشتیی سەرجەمییانە دیاری دەکات. لەم ڕەوشەدا مرۆڤان بە یاریدەی ئاوەزی خودابەخش پێکەوە بەئاشتی دەژین، پێکڕا ئازادن و بە دەستوێژی سروشتی خەریکی ئاڵوگۆڕن (مەڕێک بە فەردەیەک گەنم). لەم ڕەوشەدا هیچ کەس مافی نییە هەبوونی ماف بۆ هەر شتێک لە هیچ کەس زەوتبکات. موڵکایەتی مافێکی پیرۆزی هەمووانە. وەلێ هەمووان وەک یەک ئاوەزیان بەگەڕناخەن و چوست و چالاک نین کە ئیدی تا ڕادەی شیان زەویی فراوان بۆ چاندن بەپیت بکەن. چالاک و ئاوەزمەندەکان بەم مۆرکەیان لە باقییەکەی دیکەی نێوەندە جڤاکی-سروشتییەکە جیادەبنەوە. جگە لەوە کرداری بەرزکردنەوەی ڕێژەی بەرهەمهێنان کە تایبەتە بە ئەوان، لە بەرژەوەندیی هەموواندایە، چونکە ئەو ئاوەزمەند و چالاکانە پەرە بە داهاتی گەلەکی دەدەن. بۆیە کێ تەمەڵ بێت و زەویی بۆ چاندن بۆ نەمێنێتەوە، مافی نییە گلەیی بکات، چونکە کەسی یەکەم بەهێزی ئاوەز و بازووی خۆی تا ڕادەی شیان زەویوزاری فراوانی بەپیتکردووە و زیاد لە پێداویستیی خۆی  بەرهەمی خستۆتەوە. بەم شێوەیە بە هاتنەئارای جیاوازی موڵکایەتی، بەتایبەتیش بە سەرهەڵدانی پارە وەک دەستوێژی ئاڵوگۆڕ کە نە بۆگەن دەکات و نە دەوەرێت، ڕەوشی سروشتیی پڕ لە ئاشتەوایی وەردەگۆڕرێت بۆ دۆخی جەنگی یەک دژ بە یەک، کە بەتایبەتی زیانی بۆ دەوڵەمەندەکان دەبێت، چونکە جارێ ئینستانسێک لەگۆڕێ نییە کە مافی موڵکایەتی دیاری بکات و ئاشتەوایی جڤاکی بسەپێنێت. لێرەوە ئیدی پەیمانی جڤاکی پێویست دەبێت و پێکڕا بە ڕێبەریی دەوڵەمەندەکان حکومەتێک پێکدەهێنن، لە نێوەندیشیدا، کەواتە نەک لە دەرەوە وەک لای هۆبس، سوڤەرێن خۆی دەبینێتەوە. سوڤەرێن بە دەنگی زۆرینە دێتە سەر حوکم و هەر بە دەنگی زۆرینە وەک پێویست لادەبرێت. ئەم تیۆرییە دەچێتە نێو دەستووری دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە.
     ڕوسۆ تیۆرییەکانی "مافی سروشتی"ی پێش خۆی چاک دەناسی. لێ ئەم، بۆ نموونە وەک هۆبس و لۆک، فەیلەسوفێکی ساردوسڕ نەبوو کە تەنیا بە داڕشتنی لۆژیکی، یان بە زمانی هۆبس ببێژین، "بەبێ خشڵ"، خۆی دەرببڕێت. هۆبس دەیگۆت، فەلسەفە وشک و ناشرینە، مەبەستیشی لەوە بوو کە نابێت لە فەلسەفەدا کەمترین "ڕەوانبێژی" هەبێت. لێ ئێمە بە نموونەی ڕوسۆ هاوکات بەر هزری "دێلیکاتێس"ی فەڕەنسی دەکەوین، کە واتای "بەچێژ، بەتام" دەگەیەنێت و لەم پەیوەندییەی هزرینیشدا ئاماژەیەکە بۆ داڕشتنی جوان کە لە بنەڕەتدا ئەدگاری ئەدەبە. بێگومان گەرەکە ئاماژە بۆ ئەوە بدەین کە ڕوسۆ خۆیشی نووسەری ئەدەبی و هونەرمەند بوو و ئەم ئەدگارەی لە نووسینەکانیدا وێنەدەداتەوە.
     ڕوسۆ لە "دیسکورزی نایەکسانی"دا (1755) گۆڕان بە ئەنترۆپۆلۆژییەکەی دەدات. بەم نووسینەی ئەو هزرینی فەلسەفەیی-مێژوویی دێتە نێو فەلسەفەوە بە کاریگەریی قووڵەوە نەک تەنیا لەسەر ئیدیالیزمی ئەڵمانی، بەڵکو لەسەر مارکسیزمیش. ئەنترۆپۆلۆژیی مارکسیزم کتومت ئەنترۆپۆلۆژییەکەی ڕوسۆیە.
     ڕوسۆ پەیوەند بە ڕەوشی سروشتییەوە پێشبینیی "ناتورێک"ی، یان زیندەوەرێکی مرۆڤیانەی ئاژەڵئاسا دەکات کە لەنێو خودی سروشتەوە دەر-چووە بەبێ ئەوەی خاوەنی ئاوەز و زمان یان ڕەوشت بێت. ئەم مرۆڤە تەنانەت خواستی بەکۆمەڵایەتیبوونی نییە، بۆیە پەیوەندیی تەنانەت بە هاوڕەگەزی خۆیەوە نییە، بەڵکو بۆ خۆی دەژی و تەنیا مشوری ساتارکردنی پێداویستییەکانى دەخوات، پێداویستییەکانیش بریتین لە خواردن و خواردنەوە، نووستن و جووتبون.
     گرنگترین مۆرکی مرۆڤ لە ڕەوشی سروشتیدا بریتییە لە ڕەمەکی "خۆخۆشویستن" کە سروشت بۆ مسۆگەرکردنى خۆهێشتنەوە پێیداوە. ڕەمەکى خۆخۆشویستن بە دیدی ڕوسۆ سیمایەکى باشى مرۆڤى سروشتە، چونکە بەهۆى ئەو ڕەمەکەوە بەردەوام خەریکى خۆیەتى و لێرەشەوە دەیبزوێنێت بۆ ئەوەی خۆی وەک تاک بپارێزێت. مرۆڤ بێگومان ترسى لە ئازار و برسێتى هەیە، ئەوە نەک بەهۆى مەرگەوە، چونکە ئاژەڵ هەرگیز نازانێت کەى دەمرێت. مرۆڤ لە ڕەوتی بەکۆمەڵایەتیبووندا بە مەئریفەی مەرگ و وەى دەگات.
     "بەزەیى" ڕەمەکێکى دیکەى سروشتییە و چە لاى مرۆڤ و چە لاى ئاژەڵ بەدى دەکرێت، بۆ نموونە لاى ئەسپ. بەزەیى "نەویستن ى مرۆڤە بۆ بینینى هاوڕەگەزەکەى لە ئازاردا"، بۆیە خێرا لە تەنگانەدا بەهانایەوە دەچێت، بەمەش بەزەیی دەبێتە هۆى هێشتنەوەى ڕەگەزى مرۆڤ، چونکە سنوورێک بۆ خۆخۆشویستن دادەنێت و نایەڵێت کاریگەرییەکى نالەبارى هەبێت. ڕوسۆ بەزەیى لە ڕەوشی سروشتیدا بەرانبەر ڕەوشت لە ڕەوشی جڤاکیدا دادەنێت.
     "خۆشەویستى" یەکێکە لەو ڕەمەکانە کە بەسەر هەموو بەربەستێکدا زاڵ دەبێت. لێ خۆشەویستی دوو جۆرە کە ڕوسۆ ناویان دەنێت جەستەیى و دەروونی. یەکەمیان ڕەمەکێکی گشتییە کە ڕەگەزێک بۆ لاى ڕەگەزەکەى دى دەبات، دووەمیان مەیلێکە کە ڕەمەکە گشتییەکە بە کەسێکى تایبەتییەوە بەند دەکات. مرۆڤى سروشت بە دیدی ڕوسۆ تەنیا خۆشەویستیى جەستەیى دەناسێت و دوای بەیەکگەیشتنی ڕەگەزەکان و جووتبوونیان، لە یەکدی دووردەکەونەوە، تەنانەت زارۆک دایکی خۆی جێدەهێڵێت دوای ئەوەی پێویستی پێی نامێنێت. بە پێچەوانەشەوە خۆشەویستیى دەروونى هەستێکە کە لەتەک کولتووردا دێتە ئاراوە، واتا لەتەک ئەو خو و نەریتانەدا کە کۆمەڵێک لەسەریان ڕێکدەکەوێت.
     ئێمە گەرەکە لای ڕوسۆ جیاوازی لە نێوان دوو قۆناغی ڕەوشی سروشتیدا بکەین: لە ڕەوشی سەرەتایی سروشتیدا نە "من"ی مرۆڤ و نە زمان لەگۆڕێن. لێ پەیوەندیی نێوان مرۆڤان و ژینگە، هەروەها کێشەی ساتارکردنی پێداویستییە مرۆڤییەکان، هێدی هێدی شێوەیەکی نزیککەوتنەوە لە یەکدی پێویست دەکەن. ئاخر درەختی بەرز هەن و مرۆڤ هێندە ئاسان دەستی بە بەری گرتوویان ناگات، ئاژەڵی دڕندە هەن و بە هەمان خۆراکی ئەو خۆیان دەژێنن، کەواتە ڕوودەکەنە ژیانی ئەو و ناچاری دەکەن فێری ڕاکردن یان بەرگریکردن ببێت، لێرەشدا چەکە سەرەتاییەکانی بەرد و لکی درەختن. بە خڕبوونەوەی ناچارەکیی مرۆڤان کۆمەڵگەلی بچووک دێنەئاراوە کە ئەندامانیان بە خواستی خۆیان لە یەکدی نزیککەوتوونەتەوە، جگە لەوە پێکڕا هاومافن، یەکسانن، ئازادن. هەموو هاوکاریی یەکدی دەکەن تاکو پێداویستییەکانیان ساتار بکەن.
ڕوسۆ لە ڕەوتی داڕشتنی پرۆسەی بەکۆمەڵایەتیبووندا ئێکسکورزێک دەکات بە خەریکبوونێکی زمانفەلسەفەییەوە لەتەک سەرهەڵدانی زماندا. ئەو بەم فەلسەفەیەی زمان خودای سەردەمەکەی، واتا ئاوەزی ئەزەلی، لەسەر تەختی دەسەڵات دادەگرێت و پێشانی دەدات کە چۆن هەموو تێگەکانی مرۆڤ "هێدی هێدی" لە ڕەوتی بەکۆمەڵایەتیبووندا سەریانهەڵداوە.
     یەکەم زمان کە لە ڕەوشى سەرەتایی سروشتیدا پێویستە، بریتییە لە "هاوار" کە ڕەمەکییانە بەهۆی مەترسى یان ئازارەوە لە مرۆڤ هەڵدەستێت و مرۆڤ بەو دەنگە داواى یارمەتى لە هاوڕەگەزى دەکات. پاشان لەتەک پەرەسەندنى گرفتەکانى ژیان و لە ڕەوتى بەکۆمەڵایەتیبووندا دەربڕین بە دەنگی جیاواز و گەیەنراو بە بزووتنێکى تایبەتیى لەش (بە ژست) دەوڵەمەند دەکرێت تاکو واتاکە ڕوونتر بکرێتەوە. مرۆڤ سەرەتا بابەتە دیار و بزێوەکان بە ئاماژە و بابەتەکانى بیستن بە دەنگ ڕوون دەکاتەوە، لێ تەنیا بابەتەکانى ئامادە دیارى دەکات، ئەویش نەک هەموو کات، چونکە بابەتەکان بە هاتنى تاریکى دیار نامێنن و چیدى شیاوى بەکارهێنان نابن. بۆیە ئێستا "سەرنج" پتر پێویست دەبێت. سەرەڕای ئەوە جارێ دەستوێژی دەنگ زەحمەتە بۆیان بەهۆی ئۆرگانە تورتەکانی زمانەوە، چونکە ڕاهێنانیان پێنەکراوە. لە سەرێکى دیکەوە دەبێت وشەکانیان واتایەکى زۆر فراوانیان هەبووبێت، دەبێت بە یەک وشە ڕستەیەکیان دەربڕى بێت، چونکە جارێ نەیان توانیوە ئاخافتن بەسەر ڕستەى تێگەیەنەردا بەش بکەن. مرۆڤ  بەدووى ئەمەدا و بە تەقەلایەکى زۆر و درێژخایەن فێر دەبێت، بکەر لە تەواوکەر و ڤێرب لە ناو جیا بکاتەوە، لێ ناوەکان جارێ ناوى خۆیى بوون و چاوگیش تاکە فۆرمى ڤێرب بووە. تێگەى ڕاناو زۆر درەنگتر دێتە ئاراوە، چونکە هەموو ڕاناوێک ڕوو دەکاتە واژەیەکى ئەبستراکت، هەروەها چونکە ئەبستراکتکردنەکان چالاکییەکى ناسروشتى و درێژخایەنى هۆشمانن. لە ڕەوتی کارابوونی زماندا هەر بابەتێک ناوێکى تایبەتیى لێ دەنرێت بەبێ گرنگیدان بە ڕەگەز و جۆرەکان. گەر داربەڕوویەک ناو بنرێت "ب"، ئەوا دەبێت دارگوێزێک ناوبنرێت "پ"، چونکە یەکەم تێگە کە مرۆڤ لە دوو شتەوە چێى دەکات، تێگەی "جیاوازى"یە، ئەمەش کاتێکى درێژخایەنى تێڕوانینى دەوێت، تا ئیدی مرۆڤ دەزانێت کە داخۆ ئەو دوو شتە لە چیدا جیاوازن یان یەکدەگرنەوە. ئاخر ناولێنانێکى بەم چەشنە ئاسان نییە، چونکە سەرەتا دەبێت مۆرکى بابەتەکان بناسرێت و ئەوجا ئەو لایەنە کە لە یەکیان جیا دەکاتەوە، ئەمانەش پێش پلەى جیاوازیکردن و ناولێنانن. جگە لەوە تێگەکان لە هۆشى مرۆڤدا ناچەسپێن گەر وشەکان یاریدەدەر نەبن، هۆشیش لە ڕستەدا نەبێت لێیان تێناگات. کەواتە مرۆڤ دەبێت فێری ئاخافتن ببێت، کە "هێدی هێدی" لەتەک بەکۆمەڵایەتیبووندا دێتەدی، بەتایبەتى لەنێو خێزاندا، لێرەش بەتایبەتى لاى زارۆک، چونکە ناچارە پێداویستییەکانى بە دایکى ڕابگەیەنێت.
     ڕوسۆ دوای ئەم ئێکسکورزە ڕوودەکاتەوە پرۆسەی بەکۆمەڵایەتیبوون. بە تەشەنەى ڕەگەزى مرۆڤ بەنێو جیهاندا گرفتەکانى مرۆڤان پەرەدەسێنن. جۆری زەوییەکان کە ئەوان لەسەریان دەژین و کەژەکانى ساڵ دەبن بەهۆى ڕێکخستنى شێوازى جیاى گوزەران. ساڵى نەهات، زستانى درێژخایەن و سارد، هاوینى گەرم و پڕووکێنەر، دەبن بەهۆی سەرهەڵدانی وزەى جیاوازی چالاکی لەنێو مرۆڤاندا. مرۆڤان لە کەنارى دەریا و ڕوبارەکاندا قولاپ دروست دەکەن و دەبن بە ماسیگر و ماسیخۆر؛ لە دارستانەکاندا تیروکەوان دروست دەکەن و دەبن بە ڕاوچى و شەڕانى؛ لە ناوچە ساردەکاندا دەکەونە بەخێوکردنى ئاژەڵ و بە پێستەکانیان خۆیان دەپۆشن، تا ئیدی جارێک بروسکەیەکى ئاگر هەڵگیرسێنەر ئاگریان پێدەناسێنێت و ئەوانیش بۆ خۆپاراستن لە سەرما بەکاری دەهێنن، پاشان فێرى دەستوێژێک دەبن بۆ ئەوەى ئەو توخمە بپارێزن و سەرلەنوێ ئاگر هەڵبگیرسێننەوە. ئەم گۆڕانە نوێیانە دەسەڵات بە مرۆڤان دەدەن مامەڵەیەکی دی لەتەک ئاژەڵاندا بکەن، کە ئیدی پتر بێدار دەبنەوە، ئەوجا فێرى "تەڵەنانەوە" و "فێڵ" ى دیکە دەبن، تا لە کۆتاییدا دەبن بە وەستاى "بەخێوکردن".
لێ خزانى مرۆڤ بۆ نێو هزرین لەوەش قووڵتر بڕ دەکات: مرۆڤ بە ڕوانینی بۆ دەرەوە هاوکات فێر دەبێت لە خۆى بڕوانێت، بەم ڕێیەشەوە میانەیەک لە نێوان خۆى و جیهانى دەرەوەیدا دەهێنێتە گۆڕێ. ئەمە دەسپێکی "نامۆبوون"ی مرۆڤە لە خۆی، چونکە بە ڕوانین لە خۆ یەکانەی مرۆڤ دەپچڕێت - دەبێت بە دوو بەشەوە. سەرەڕای ئەوە ئێستا لە ناخی مرۆڤدا ئارەزووى "نازین" دەپشکوێت و هاوکات خۆى وەک ڕەگەز لە سەرووى ئاژەڵەوە دادەنێت، کە پاشان لێرەوە فێردەبێت لەنێو ڕەگەزەکەى خۆیشیدا جیاوازی بکات. ئاخر تاکى مرۆڤ لە ڕوانینیدا بۆ دەرەوە هاوڕەگەزى خۆیشى دەکەوێتە بەرچاو. 
     ئەم گۆڕانانە زۆر درێژخایەنن و هەنگاوەکان هێواش دەنرێن، لێ توانا بە مرۆڤان دەدەن هەنگاوى خێراتر بنێن: تا چەند هۆش پێبگات، ئەوەندەش بەرهەمەکانى چالاکیى لەشیان کامڵتر دەبێت. ئێستا چیدى مرۆڤ لەنێو ئەشکەوتدا نانوێت، بەڵکو بە ئامرازى بەردین "خانوو" لە قوڕ و لکى درەخت دروست دەکات. ڕوسۆ ئەم گۆڕانە نوێیە ناو دەنێت "یەکەم شۆڕش (ڕێڤۆلوسیۆن)". مرۆڤان بەهۆی ئەم گۆڕانەوە بەسەر خێزانى جیاوازدا بەش دەبن، سەرەڕای ئەوە بەشداربووانى ئەم کۆمەڵە بچووکانە جارێ لە یەکێتیدا پێکەوەدەژین، چونکە ئازاد و یەکسانن. ئەم ڕەوشەی ئێستا ئەوەیە کە لە مارکسیزمدا ناودەنرێت "کۆمونەی سەرەتایی".
     لێ ئەم ڕەوشە لەنێو خۆیدا یەکەمین توخمەکانی سەرهەڵدانی نایەکسانیی لەخۆگرتووە، چونکە ئازاترین و جوانترین کەس، دەنگخۆشترین و باشترین سەماکەر و هتد بەزۆریی "دەرکیان پێدەکرێت"، بەمەش فێری "ناز" و "فیز" دەبن. ئەوجا گەرچی ئەم ڕەوشە هێشتا هەر "لاوێتیی ڕاستینەی مرۆڤایەتییە" و هیچ ناچارییەکی بۆ تێکچوون لە خۆ نەگرتووە، وەلێ کتوپڕ ڕوداوێک سەرجەم ژیان دەگۆڕێت، هەروەک ببێژین، "کودەتایەک" بەسەر ژیانی ئازادی و یەکسانی و خۆشەویستیدا ڕوودەدات، کە ڕوسۆ بەم شێوەیە دەریدەبڕێت:
     "یەکەم کەس کە بە بیریدا هات ببێژێت 'ئەم زەوییە هینی منە'، ئەوجا کەسانێکی زۆری ساویلکە بڕوایان پێکرد، ئەو کەسە دامەزرێنەری ڕاستینەی سیڤیلیزاسیۆنە / ژیارییە".
     کەواتە ئاگایی موڵکداری هۆکاری کۆتاییهێنانە بە ڕەوشی "سەرەتایی" سروشتی و دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی ئەو ڕەوشە. ئیدی هەرکەس دەیەوێت خاوەندار بێت، بەم ڕێیەشەوە ئێستا "خۆویستی" جێ بە خۆخۆشویستن لێژ دەکات، تەنانەت سەروەری بەسەریدا وەردەگرێت. ئەم هەستە تەواو نێگەتیڤە، چونکە مرۆڤ بەهۆیەوە گیرۆدەی خۆی دەبێت و هۆش و ئارەزووی تەنیا بە بەرژەوەندییە ماتەریەلەکانییەوە خەریک دەبن. خۆویستی دەردە و مرۆڤ بەهۆیەوە لە خۆی وەک بەشێک سروشت نامۆبووە.
     بەکارهێنانى زەوى بۆ کشتیارى و پاشان دابەشاندنى، ڕاستەوخۆ ماف بە خاوەنى دەدات بۆ ئەوەى بەرهەمەکەى بۆ خۆى هەڵبگرێت و پاشان زەوییەکە خۆیشى وەربگرێت. لێرەوە موڵکداریى بەردەوام سەرهەڵدەدات، کە ساڵ بە ساڵ دەگۆڕرێت بۆ خاوەنداریى تایبەتى. کشتیارى بە دیدی ڕوسۆ بریتییە لە بناغەى سەرهەڵدانى خاوەندارى و دامەزراندنى حکومەت و دانانى یاسا.
      لە ئەنجامى کارى دابەشدا کشتیار و کرێکارى مێتال لە یەکدى جیادەبنەوە، هاوکات ناچار دەبن بەرهەمەکانیان لەگەڵ یەکدیدا بگۆڕنەوە. لێ ڕادەى جیاوازى پێداویستییە ئابوورییەکان دەبێت بەهۆی سەرهەڵدانی ئاستى جیاوازى بەندبوونی نێویەکی لەنێو سەرجەم دانیشتواندا، تا لە کۆتایى ئەم گۆڕانە بەردەوامەدا موڵکدار و بێموڵک سەرهەڵدەدەن و بەرانبەر یەکدى دەوەستنەوە. موڵکدارەکان پشت بە "مافى سروشتی" دەبەستن، واتا بەو کاتە کە دەستیان بەسەر یەکەم موڵکدا گرت، لێ بێموڵکەکان جەخت لە "مافى بەهێزتران" دەکەن. سەرەڕای ئەوە موڵکدارەکان جارێ ناتوانن مافێک بسەپێنن کە بەو پێیە بێموڵکەکان لە "هەبوونى ماف بۆ هەر شتێک" بەدەربکرێن. سەرەنجامی ئەم بەدپەیوەندییە بریتییە لە "جەنگى یەک دژ بە یەک" کە بەتایبەتى زیان بە دەوڵەمەندەکان دەگەیەنێت، چونکە لە لایەک لەنێو خۆیاندا یەکگرتوو نین و لە لایەکى دى هێزێکى ئەوتۆیان نییە کە خۆیان و موڵکەکانیان بپارێزێت. ڕوسۆ لێرەشدا بە بۆهاتنێکی بلیمەتانە وەرچەرخانەکە ڕووندەکاتەوە: "دەوڵەمەند" پلانێکى "بێڕادە فێڵبازانە" دەچنێت: "پەیمانى جڤاکی". دەوڵەمەند ڕووی دەمی دەکاتە مرۆڤەکانى دەورى:
     "با یەک بگرین، تا لاوازان لە چەوساندنەوە بپارێزین و تەمائکاران بەگیربهێنین، تا بۆ هەر یەکەمان ئەوە مسۆگەر بکەین کە هینى ئەو خۆیەتى؛ با پەیڕەوەکانى ئاشتى و دادپەروەرى دابڕێژین، تاکو هەموومان بۆ پێکەوەژیان ناچار بکەن؛ بە کورتى، لەجیاتى ئەوەى هێزەکانى خۆمان بۆ تێکشکاندنى خۆمان بخەینە گەڕ، لە دەسەڵاتدارییەکى تاک و بڵنددا یەکیان دەخەین، تاکو بەگوێرەی یاساى دانایانە ڕێبەریمان بکات، ئەندامانى جڤاک بپارێزێت و بەرگرییان لێ بکات، دوژمن بشکێنێت و ژیانى گشتى لەنێو بەختیارییەکى نەگۆڕدا مسۆگەر بکات".
     بەم شێوەیە هەژارانی لەژمارەنەهاتوو بۆ پەیمانێک ناچاردەکرێن کە بەتایبەتی زیان بە خۆیان دەگەیەنێت، چونکە ئێستا بۆ هەمیشە ڕەوایەتی بە نایەکسانیی جڤاکی دەدرێت.
     "دیسکورزی نایەکسانی" بە سەرهەڵدانی دەوڵەتی بێدادی دەوڵەمەندەکان کۆتایی پێدێت. ڕوسۆ چەند ساڵێک دوای ئەو نووسینە (1762)، بە نووسینێکی دیکەی تیۆرییانە خۆی بە پرسی دەسەڵاتدارییەکی ڕەواوە خەریکدەکات: "پەیمانی جڤاکی".
     دەستپێکی ئەم نووسینە ڕستە بەناوبانگەکەیەتی کە دەبێژێت: "مرۆڤ بەئازادی دێتە جیهانەوە، لێ لە گشت لا لە کۆت و زنجیردایە". ئێمە بێگومان بۆ تێگەیشتن لەم ڕستەیە دەبێت پرسیار و وەڵامەکانی دوای ئەو بخوێنینەوە. ئاخر ڕوسۆ بەدوویدا دەپرسێت: "ئایا چۆن ئەوە هاتۆتە ئاراوە؟"، ئەوجا خۆی وەڵامداتەوە: "نازانم"؛ "ئایا چۆن ئەوە چارەسەر دەکرێت؟ باوەڕ دەکەم بتوانم وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە". ڕوسۆ بە "پەیمانێکی جڤاکی" وەڵامی کێشەی ئازادیی مرۆڤ و پێکەوەژیان دەداتەوە، وەلێ وەڵامەکانی گەلێک دژبێژی لە خۆ دەگرن. ئاخر وەک گۆتمان ئەو سیستەمگەرا نەبوو و دەرچەیەکی هزرینی لۆگیکی بچەسپێنێت.
     ئازادی پرسی ڕوسۆیە. لێ ئازادی هەردەم دەشێت وەک هەقیقەتێکی ناخەکییانەی مرۆڤ لەگۆڕێ بێت، واتا جیاوازە لە پابەندی مرۆڤان بە دەسەڵاتدارانەوە، بە ڕەوشە ئابووری و جڤاکییەکانەوە. ئەمەش قووڵترین کێشەی بنیاتنانی دەسەڵاتی سیاسییە.
لای ڕوسۆ بەبێ پێکەوەگرێدانی پەیمانی جڤاکی (دەوڵەت) و ئەخلاق نەشیاوە دەسەڵاتدارییەکی سیاسیی ڕەوا دابمەزرێنرێت، کە ئاشکرایە لەبرییەکە بۆ دەوڵەتی ستەمکاری دەوڵەمەندەکان. ئەم فێڵبازانە دواى تێکچوونى دۆخى ئاشتەوایى و ئاسایشی سروشتی خەڵکیان بۆ خاتری بەرژەوەندیى تایبەتییان فریو دا و لە خۆویستییەوە پەیمانێکى جڤاکییان بەسەردا زیتکردنەوە، وەک ستەمکار بەسەریانەوە زیتبوونەوە. ڕوسۆ بە پێچەوانەوە پەیمانێکی جڤاکیی دەوێت کە "لە نێویدا هەرکەس، کاتێک لەتەک هەموواندا یەکی گرتووە، تەنیا گوێرایەڵى خۆى بێت" و هاوکات وەک "ئەندام" هەمەکییانە (تۆتال) لەتەک جڤاکدا یەکبگرێتەوە. لێرەدا واژەی "هەرکەس" ئاشکرای دەکات کە ئەو مەرجە بەبێ جیاوازى چواندنی بۆ سەرجەم پەیمانبەستووان هەیە، کەواتە هیچ کەس بۆی نییە داوا بکات ئەو مافانەی بۆ بهێڵرێنەوە کە پێش بەستنی پەیمان هەیبوون، تەنانەت کەمترین بڕی لەو مافانەی پێشووی پێبدرێتەوە، پەیمانی جڤاکی هەڵدەوەشێتەوە.
     ئێمە لەم پەیمانە جڤاکییەی ڕوسۆدا کۆکردنەوەی مافەکانمان نییە، یان بە شێوەیەکی نێگەتیڤ ببێژین، گەلەکۆمەکێمان نییە، گەڕەلاوژێی سوننەتیمان نییە، بەڵکو بەستنی پەیمانێکمان هەیە لە پرنسیپی چەسپێنراوەوە. ڕوسۆ ئەم پرنسیپە ناو دەنێت "ویستی گشتی" وەک دەرهاویشتەی ویژدان.
     پەیمانی جڤاکی فاکتە، سەرهەڵدانێکی سیاسییە، لێ ویستی گشتی فاکت نییە، بەڵکو ئاڕاستەییە، بریتییە لە "گەرەک" و فۆرمێک دەچەسپێنێت کە لە دوو ڕووەوە کارایی وەردەگرێت: دەبێت لە ناخى هەر تاکێک و هاوکات لە ناخى هەموواندا هەبێت. واتا: ویست "گەرەکە" گشتی بێت پەیوەند بە هەر تاکێکی پیمانبەستووەوە، کەواتە هەمووان بەبێ جیاوازى بگرێتەوە، هەروەها "گەرەکە" ئاڕاستەى سەرجەم، واتا خۆی کرابێت. ئەوجا لەبەر ئەوەی ئێستا ویستێکى ئۆبژێکتیڤییە کە بە مرۆڤ نابێژێت "چى" ئەنجام بدات، بەڵکو فەرمان دەدات کە "چۆن" گەرەکە ئەو بڕیار بدات بۆ ئەوەی خۆی و کردارەکانی چاک بن، ئەوا بریتییە لە ئۆتۆنۆمى و ئازادى.
      ئێمە بۆ تێگەیشتن لە ویستی گشتی وەک ویستی سەرجەم گەرەکە لە پێکهێنانێکی دیکەی جڤاکی بڕوانین کە ڕوسۆ ناوی دەنێت "ویستى هەمووان" وەک کۆی ویستەکان. لێرەدا بەر تێزەکەی تیۆریی گێشتاڵت دەکەوین کە دەبێژێت: "سەرجەم / فۆرم گەورەترە لە کۆی کەرتەکان". بۆ نموونە فۆرمی خانوویەک کە بەنێو خانووەکەدا "هەڵهاتووە"، گەورەترە لە کۆی کەرتەکانی خانووەکە، وەک بەرد، دەرگە، پەنجەرە و هتد. ئەم فۆرمە سەرجەمییە ئامانجی پەیمانە جڤاکییەکەی ڕوسۆیە، بە پێچەوانەشەوە ویستى هەمووان تەنیا کۆى بەرژەوەندییە جیاکانە، چونکە هەر تاکێک پەیمانەکەی بە مەرجی ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییەکانی قبووڵکردووە. ئێمە لەم کێشەیە باشتر تێدەگەین، گەر لە هەڵوێستى ڕوسۆ بەرانبەر پارتى سیاسى و دەستە و تاقمە یەکگرتووەکان بڕوانین. هەموو پارێکی سیاسی دەشێت پەیوەند بە خۆیەوە ویستێکی گشتی، لێ پەیوەند بە سەرجەم جڤاکەوە ویستێکی تایبەتیی هەبێت. بۆیە ڕوسۆ داوا دەکات کە نابێت لەنێو دەوڵەتدا پارتى سیاسى هەبێت، چونکە پارت شوێن بەرژەوەندییەکانی خۆی دەکەوێت، بەو ڕێیەشەوە زیان بە دەوڵەت، واتا بە "گەلی یەکگرتوو" دەگەیەنێت. هەروەها جیاوازیکردنی ڕوسۆ لە نێوان "سیتۆیا" و "بۆرژوا"دا کلیلێکمان بۆ تێگەیشتن لە پەیمانە جڤاکییەکەی ئەو پێدەدات. ئەوانەی یەکەم پەیمانبەستووانن، ئەوانەی دووەم، واتا بۆرژواکان، دوای بەرژەوەندیی تایبەتییان، دوای ویستی تایبەتیی خۆیان، دەکەون.
     کەواتە ڕوسۆ لەم پەیوەندییەی پەیمانی جڤاکیشدا دەکەوێتەوە بەردەم کێشەی ئەو نامۆبوونەی نێو دۆخی سروشتییانەی جەنگی یەک دژ بە یەک کە لە "دیسکورزی نایەکسانی"دا دایڕشت. بێگومان ئەم کێشەیەی نامۆبوون هەر تاکێک دەگرێتەوە، کەواتە زۆر قووڵتر لە پەیوەندییە نوێ سەرهەڵداوەکانی نێو دەوڵەت بڕدەکات (کە لە خوارەوە ڕووتر دەبێتەوە). سەرەتا ئێمە لە دەوڵەتەکەی ڕوسۆدا کە ناوی دەنێت "ڕێپوبلیک / کۆمار"، لە لایەک پەیمانبەستووانمان هەن کە بەویژدانانە لە پێناوی بەرژەوەندیی گشتیدا لە ویستی گشتییانەوە کردار دەنوێنن، لە لایەکی دی "لە وڵاتدا" کەسان هەن کە گوێ لە دەنگی ویژدان ناگرن، بەڵکو خۆویستیى بێجڵەو وەک بناغەى تێڕوانین و ژیانیان دادەنێن. ئێمە لێرەدا بەڕوونی تیۆریی "سوڤەرێن"ەکەی ڕوسۆ دەبینین. لای هۆبس پەیمانبەستووان سەرجەم مافی خۆیان بە سوڤەرێنێک دەدەن کە لە دەرەوەی قەوارە سیاسییەکەوە، دەوڵەتەوە، بەسەریانەوە حوکم دەکات؛ جۆن لۆک سوڤەرێنێک بە دەنگی زۆرینە لە نێوەندی قەوارە سیاسییەکەدا بۆ حوکمڕانی دادەنێت؛ لای ڕوسۆ بە پێچەوانەوە یەکگرتووان خۆیان بریتین لە سوڤەرێن، کە لەسەر ڕێنومای ویستی گشتی سەرجەمە ویستێکی گشتی پێکدەهێنن، بۆیە ئەم سوڤەرێنە نەشیاوە بەرژەوەندییەکى جیاى لە هینى ئەوان خۆیان هەبێت. ئەوجا ئەنجامدانی ویستى گشتى بریتییە لە سوڤەرێنێتی و تەنیا ئەم بۆى هەیە دەوڵەت ڕووەو ئەو ئامانجە بەڕێوەبەرێت کە خودی دەوڵەت لە پێناویدا دامەزراوە: بەختیاریى گشتی. تیۆریی سوڤەرێنی ڕوسۆ بریتییە لە تیۆریی دێمۆکراتییەکی جەماوەری.
     لێ چۆن پەیمانی جڤاکی بەبێ پرنسیپی ویستی گشتی کارایی وەرناگرێت، بەهەمان شێوە سوڤەرێنێتی ناتوانێت بەبێ بنەڕەتێکی گشتگیر ئامانجەکانی چالاکبوونی خۆی بەدیبهێنێت. ئەم بنەڕەتە بریتییە لە یاسا کە گەرەکە دەوڵەت بەرەو ئامانجی دامەزراندنی ئاڕاستە بدات. لەم ڕوانگەیەوە پەیمانی جڤاکی یان دەوڵەت لای ڕوسۆ قەوارەیەکی چەسپێنراوی ویستی گشتییە، لێ هاوکات پرۆژەیە، واتا لە بزووتندایە ڕووەو بەدیهێنانی بەختیاریی گشتی، ئەمەش وەک نیشانەی ئاشتبوونەوەی، واتا یەکگرتنەوەی مرۆڤ لەتەک خودی خۆیدا  - وەک کۆتاییهێنان بە نامۆبوون (کۆمونیزمە یوتۆپییەکەی مارکسیزم).
     ڕوسۆ لەم پەیوەندییەشدا خزاوەتەوە نێو دژبێژییەوە، لێرەشدا بەر کێشەیەکی نامۆبوونی مرۆڤ لە خۆی و سروشت دەکەوین کە لە سەرەوە پێشانمان دا. ڕوسۆ یاسا وەک بەرجەستەبوونی ویستى گشتی، وەک یاسای سەرجەم "گەل"ی پەیمانبەستوو بۆ هەمووان دیاری دەکات، لێ هاوکات دەبێژێت: گەرچی "گەل" هەردەم چاکەی دەوێت، ئەویش چونکە لە ویستی گشتیی خۆیەوە کردار دەنوێنێت و هاوکات خۆی خستۆتە ژێر ڕکێڤی ویستی گشتییەوە وەک ویستی سەرجەم، سەرەڕای ئەوە هەموو کات لە لایەنى خۆیەوە کێشە ئاڵۆزەکان نابینێت و ئەو بڕیارانە ناناسێت کە ویستى گشتى بەڕێوە دەبەن. ئاخر بڕیارەکان ڕۆشن نین، بۆیە پێویستییەک بەرۆکیان دەگرێت: پێویستە ڕێگەى ڕاستی پێشانی گەل بدرێت و کێشە و بڕیارە ئاڵۆزەکانى بۆ ڕوون بکرێنەوە.
     لەم ڕوانگەیەوە دەوڵەت پێویستی بە "لێجیسلاتوێر"ە (یاسادانەرە)، واتا بە "مرۆڤێکى شاز" کە خاوەنى "ژیرییەکى نائاسایى" و "دەروونێکى میهرەبان"ە، کە هەموو سۆزەکانى مرۆڤ دەناسێت و لەژێر ڕکێفى هیچ کامیاندا نییە، کە بەختیارییەکی سەربەخۆی لە بەختیاریی گەل هەیە و سەرەڕای ئەوە مشوری بەختیاریى گەل دەخوات. ڕوسۆ پەیوەند بە لێجیسلاتوێرەوە تەنانەت دەبێژێت: "مرۆڤ پێویستیى بە خودایەکە تاکو یاسای بۆ دابنێت". لێ ئەم داواکارییەی ڕوسۆ پێویستی بە ڕوونکردنەوەی زیاتر هەیە.
     لێجیسلاتوێر یاسادانەر نییە. گەر ئەو دانەرى یاسا بێت، ئەوسا یاساکان هینى خۆى دەبن، کەواتە لە نێویاندا ویستی تایبەتیی خۆی بەرجەستە دەکات. لەم ڕوانگەیەوە تێگەی لێجیسلاتوێر تەنیا دەستوێژێکی کۆنستروکسیۆنە. ڕوسۆ دەبێژێت: "لێجیسلاتوێر کۆمار دادەمەزرێنێت، لێ خۆى لە دەستوور بەدوور دەگرێت. پێگەى ئەو ئاستێکى تایبەتى و بەرزترە و هیچ پەیوەندییەکى بە دەسەڵاتداریى مرۆڤەوە نییە". ئەو تەنیا بەڕێى داناییەکەیەوە ویست و بەختیاریى گەل دەناسێتەوە، هاوکات ئەرکێک لە ئەستۆیدایە کە هاوشێوەى پێگەکەى شازە: لەبەرئەوەی گەلى خۆیەکخستوو لە زمانى مۆرالپەروەرى و دانایى، واتا لە زمانى یاسادانەر (و فەیلەسوف) تێناگات، هەروەها لەبەر ئەوەی هەموو ئەندامێکى جڤاک تەنیا بەو پلانانە ڕازى دەبێت کە پێى هەڵدەسووڕرێن و تێیاندا سوودی خۆیی دەبینێت، ئەوا ئەرکى سەرەکیى لێجیسلاتوێر بریتییە لە پەروەردە. لێرەدا ئاشکرایە کە گەل دەبێت ئۆتۆرێتیی ئەوی ناساندبێت تاکو ئیدی بتوانێت ئەرکە یەکجار "مەزن و دژوار"کەی بەجێبگەیەنێت کە ڕوسۆ دەیخاتە ئەستۆی: لێجیسلاتوێر دەبێت پێکهاتەى ناخەکییانەی مرۆڤ هەڵبگێڕێتەوە و کەسێتییەکی دیکەی پێبدات؛ دەبێت لە مرۆڤ هێزە خۆییەکانى بسەنێت و هێزى دیکەى ئەوتۆى پێبدات کە بە ئەو نامۆن و بەبێ یارمەتیى کەسانى دى نازانێت بەکاریان بهێنێت؛ دەبێت فۆرمی هەر ئەندامێک کە لە خۆیدا سەرجەمێکى کامڵ و سەربەخۆیە، بۆ کەرتى سەرجەمێکى گەورەتر وەربگۆڕێت!
     ئامانجی ڕوسۆ لەم ئەرکە "مەزن و دژوار"ەی لێجیسلاتوێردا ئەوەیە کە "ئاگایی جڤاک ببێت بە بەرهەمى دەستوور". ئێمە لەم ڕوانگەیەوە گۆڕانێکى مێژووییمان لای ڕوسۆ هەیە بە ئامانجێکی دیاریکراوەوە: "پەرجوى یاسا" گەرەکە هاوڵاتییان بەو ئازادییە بگەیەنێتەوە کە لە دۆخی سەرەتایی سروشتیدا مۆرکی ئەوان بوو. لێ لەبەر ئەوەی دەشێت ئەو ئەرکە بۆ خودی لێجیسلاتوێر ببێت بە مایەی لێهزرین، یان ببێژین، تەنانەت ببێت بە مایەی سەرئێشە، ئەوا زۆر جار ناچارە لە پێناوی بڕواهێناندا بە ڕاڤەی کێشە زۆر و ئاڵۆزەکان هانا بۆ ئۆتۆرێتییەکى دیکە بەرێت کە بەبێ زەبر و گفتدان بڕواهێنەر بێت بە مرۆڤ، واتا هانا بۆ ئاسمان بەرێت، هاوشێوەی باوکانی گەلان (موسا، لیکروگ، محەمەد) کە هانایان بۆ ئاسمان بردووە و بانگى خودایەکیان کردووە، هاوکات دانایی خۆیان وەک پەیامى نێرراوى خودا ڕاگەیاندووە تاکو گەلەکانیان بڕوایان پێبکەن. مەسەلەکە لای ڕوسۆ لەم پەیوەندییەدا ئەوەیە، کە گەر مرۆڤ یاساکان وەک دەربڕینى ویستى خودایەکى ئەزەلى ببینێت، ئەوسا ناتوانێت لێیان لا بدات، هاوشێوەی یاساکانى سروشت کە هەرگیز مرۆڤ ناتوانێت وەریانبچەرخێنێت، کەواتە یاساکان هاوشێوەی یاساکانی سروشت وەک زەروورە وەردەگرێت و بە ڕێگرى ئازادیى خۆى دایان نانێت.
     گەچی سەرجەم دەسەڵات لای گەلی پەیمانبەستووە وەک سوڤەرێن، سەرەڕای ئەوە حکومەتێک بۆ بەڕێوەبردنی کاروبارە پێویستەکانی کۆمار پێویستە. لێ پرسی بەڕێوەبەرایەتی لای ڕوسۆ لاوەکییە، گرنگ ئەوەیە کە سوڤەرێن بەردەوام چالاک بێت: گەرەکە کۆمیتە جیاوازەکانی سەرجەم ناوچەکان لە کۆبوونەوەی بەردەوامی پێویستدا بن، گەرەکە "دێمۆکراتییەکی خۆسەری" بریتی بێت لە کەتواری جڤاک، هاوکات هەر سوڤەرێن خۆی چاودێریی هەر هەنگاوێکی حکومەت بکات تا دەرفەتی نەبێت لە ئەرکی پێدراوی کە خزمەتکاریی سوڤەرێنە، لابدات. ئەرکی حکومەتێکی بەم چەشنە ئەوە نییە کە هەژاران لە دەوڵەمەندان بپارێزێت، بەڵکو ئەوەیە کە ڕێ لە کۆکردنەوەی سامانی زۆر لە هەمووان بگرێت. بێگومان ڕوسۆ دژی خاوەنداریی تایبەتی نییە، بە پێچەوانەوە بە مافێکی نەشیاوی دەستبەرداریی دادەنێت. گرنگ ئەوەیە کە نابێت لە کۆماردا دەوڵەمەند و هەژار هەبن.
     کۆمار دوو زەمینەی ئابووریی پێویستە: کشتیاری کە یەکەم دابینکەری ئاسایشی جڤاکی و ئایندەی کۆمارە، ئەوجا پیشەی دەستی. ڕوسۆ دژی ئیندوستریی زەبەلاح بوو. ئێمە لێرەشدا سەرلەنوێ ئاماژەیەک بۆ گەلی پەیمانبەستوو وەردەگرینەوە. کشتیاران سەرجەم پێداویستییە خۆراکییەکانی کۆمار دابین دەکەن، پیشەگەرانی دەستی ئامرازە پێویستەکان بەرهەمدەهێنن. ئێمە لێرە لای ئەو توێژەین کە لە مارکسیزمدا ناودەنرێت "وردە بۆرژوا". ڕوسۆ لای ئەمان لە ماڵی خۆیدا بوو. ئاخر پیشەگەرانی دەستی بە داهاتی کەم ڕەزی دەبن، هاوکات کار بە کەسانی دیکە دەدەن، واتا بە شاگردەکانیان، بەمەش لە بەرژەوەندیی کۆماردا هەڵوێست وەردەگرن. ڕوسۆ لە ڕۆمانی "ئێمیل"دا ئامۆژگاریی ئێمیل دەکات کە گەرەکە لە تەمەنی گەنجێتیدا فێری پیشەیەکی دەستی ببێت، چونکە بەو ڕێیەوە ئازاد دەبێت: کەی قسەیەکی ناشرینی پێبگۆترێت، هەگبەکەی دەپێچێتەوە و دەڕوات، ئەوجا لەتەک خۆیدا "هەردوو دەستی دەبات". پیشەگەری دەستی وەک کشتیار نییە کە دەشێت ڕۆژی چەند جار لەسەر زەوییەکەی ڕسوا بکرێت. بێگومان ئاشکرایە لێرەدا ڕوسۆ لە کشتیارانی نێو ڕەوشی سروشتی دەدوێت نەک نێو ڕەوشی کۆماری.
     ئێمە لە سەرەوە بە نموونەی پەرجوی یاسا و رۆڵی لێجیسلاتوێر بینیمان کە ڕوسۆ زۆر ڕیشەییترە لەوەی تەنیا بە پەیمانێکی پراگماتییانەی جڤاکی قایل بێت. ئێستاش بە هەمان شێوە، دوای دیاریکردنی سوڤەرێنێتی و رۆڵی حکومەت و ئابووریی دەوڵەت، بنەڕەتێکی دیکەی شوناسی "کۆمارەکەی" دەچەسپێنێت کە بەڕاستی شۆڕشگێڕە: کۆمار زەمینەیەکی ڕەوانیی پێویستە، واتا ئاینێک وەک لەبریی بۆ ئاینی کریستیانی. ئاخر هەموو دەوڵەتێک پێویستی بە ئاینە وەک بناغەیەکی شوناسییانەی یەکێتیی دەوڵەت. ڕوسۆ ئەم ئاینە ناو دەنێت "ئاینى هاوڵاتى" کە تەواو جیاوازە لە ئاینی کریستیانی (یان ئاینە ئاسمانییەکانی دی). ئاینی کریستیانی داوای ملکەچی لە مرۆڤان دەکات و ڕێنوما ئاینییەکانی خۆی بەسەریاندا دەیسەپێنێت، ئەوانیش دەبێت بێچەندوچوون ڕازی بن پێیان، هەروەها دەبێت ڕێکخراوە دامەزراوەییەکەی قبووڵ بکەن، کەواتە ڕێیان پێنادات وەک هاوڵاتیی ئازاد ئەرکەکانیان گونجاو بە توانستیان ڕابپەڕێنن. "ئاینی هاوڵاتی" بە پێچەوانەوە گەرەکە پاڵهێز بێت بۆ ئەوەی هاوڵاتیان فرمانەکانى خۆیانیان "خۆشبوێت"، ئەمەش بەواتای، گەرەکە ڕێنوماکانی وەک لاى کریستیانەکان "دۆگم نەبن"، بەڵکو دەرهاویشتەی "هەستى جڤاک" بن و بەمەش بە هەر هاوڵاتییەکی پەیمانبەستوو ئاشنابن. تەنها بەڕێى ئەم هەستەى سەرجەم جڤاکەوە دەرفەت دەڕەخسێت بۆ ئەوەى هەر ئەندامێک بتوانێت "هاوڵاتییەکى چاکى دەوڵەت و ژێردەستەیەکى دڵسۆزی یاساکان" بێت. بۆیە گەرەکە بنەماکانى ئاینى هاوڵاتى بە ژمارە کەم بن، هاوکات ڕوون بن و پێویستیان بە ڕاڤەکردن نەبێت. گرنگترینی بنەما پۆزەتیڤەکانى ئیمان بریتین لە: هەبوونی خودایەتییەکى ئاوەزمەند، پیرۆزیى پەیمانى جڤاکى و یاساکان.
     بێگومان چۆن لەنێو کۆماردا کەسان و گروپی جیاواز هەن کە دوای ویستی تایبەتیی خۆیان دەکەون، بۆ نموونە "بۆرژواکان" یان تاقمە سیاسییەکان، بە هەمان شێوە مەرج نییە لە پرسی ئاینی هاوڵاتیشدا هەمووان بڕوای پێبهێنن. ڕوسۆ لەم ڕەوشەدا ماف بە سوڤەرێن دەدات ئەو کەسانە لە دەوڵەت بکاتە دەرەوە کە بڕوایان بە ئاینی نوێی کۆمار نەهێناوە، لێ نەک وەک بێئیمان (ئەمە هەڵوێستی کریستیانەکان بوو لەدژی کەسانی دی)، بەڵکو وەک "دوژمنى جڤاک" کە یاساکان و دادپەروەرییان خۆشناوێت، یان ژیانیان لەکاتى پێویستدا بۆ فرمانەکانیان بەخت ناکەن. ڕوسۆ هەر لەم پەیوەندییەدا هەڵوێستێکی توند لەدژی ئەو کەسانە وەردەگرێت کە بەرواڵەت، نەک ناخەکییانە، بڕوا بە بنەماکانى ئاینی نوێ دەهێنن و هاوکات تا ڕادەی شیان بە پێچەوانەی ئەوانەوە کردار دەنوێنن. سوڤەرێن گەرەکە سزاى مەرگ بەسەر ئەم جۆرە کەسانەدا بسەپێنێت.
      گەرچی ڕوسۆ دژبەری شۆڕشی بگۆڕی پەیوەندییە جڤاکییەکان بوو، بەڵکو تەنیا تیۆرییەکی جڤاکی بەداد دادەنێت، سەرەڕای ئەوە لە ڕووی هزرییەوە ڕوسۆ دەبێت بە یەکێک لە ڕێخۆشکەرانی شۆڕسی فەڕەنسی، هاوکات کتێبی "پەیمانی جڤاکی" دەبێت بە ئینجیلی ژاکۆبییەکان و ڕۆبسپیا بەتایبەتی کە تەنانەت لە "ئاینی هاوڵاتی"یەکەی ڕوسۆوە ئاینێکی نوێ بۆ دەوڵەتی فەڕەنسی بنیاتدەنێن و ڕایدەگەیەنن.