کوڕەکانی شەیتان!

Sunday, 17/10/2021, 22:20

4359 بینراوە


نووسینی: جەعفەر عەلی‌


منداڵێک هێشتا تام شیری خاو لە زاری دێ، دەمانچەیەک دەکەن بە قەدییەوە و وەنەوشەیەکی جام تاریکی دەدەنە دەست، کۆڵان و شەقامەکان وەک تاپۆی باوک و باپیری دەبینێ و هەر شتێک بە دڵی ئەو نەبێ دەست بۆ دەمانچەکەی دەبات و دەبێ بە ئیزرائیلی کێشانی رۆحی گەنجێک، یان سوکایەتی بە خەڵک و یاسا!
نە باوکانیان لە بەتاڵانبردنی سامانی ئەم هەرێمە تێر دەبن، نە کوڕەکانیشیان لە کێشانی رۆحی گەنجەکانمان!
ئێوە چ ئینسانێکن، لە کوێ پەروەردە بوون، کوڕی کام ئەشکەوت، کام بیابانی وشک و تاشەبەردی رەقی عەقڵن!
باوکانی (مەسئول) لە کەرکوک ئامۆژگاری کوڕەکانیان دەکەن پابەندی یاساکانی حەشد بن، تا نەکەونە بەر رەحمەتی شەق و تێڵای حەسەن پلایسەکان، لە شارەکانی هەرێمیش دەیانکەن بە خودا و دەسەڵاتی رۆح کێشانی گەنجانی شاریان پێدەسپێرن!
نەفرەت لە خۆتان، لە خەبات و تێکۆشانتان، لە پەروەردە و ئەخلاقی سیاسیتان، نەفرەت لەو حیزبەش لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا منداڵێکی چنگ بە خوێن، مرۆڤکوژێک، تاوانبارێک، راپێچی بەردەم قانون ناکات و دەرگای هەموو دەرفەتێکی دەستوەردان لە دادگا و سوڵحی خێڵەکییانەش کڵۆم نادات!
ئێوەی باوکانی شەیتان کە بە تاڵانی سامانی سەرزەوی و ژێر زەوی ئەم نیشتیمانە تێر نابن، خەریکە هەر رۆژە و لە شەقامێک، کۆڵانێک، شارێکدا، کوڕەکانتان، خوێنی گەنجەکانمان دەکەنە پیاڵەی مەستبوون بە غروری شەیتانەکان و نەوەیەکی شەیتانی تا دواڕادە چەقۆکێش و سەرسەری!



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە