سیخوڕ و خائینەکانی کورد، یەکتری دەدۆزنەوە

Sunday, 24/10/2021, 13:54

4701 بینراوە


لەسەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی عێراقدا رەمزی فەتاح مامی برایم ئەحمەد، یەکەم هەڵبژاردەی ئینگلیزەکان بوو، کە  کردیان بە سیخوڕ و ئەویش لەگەڵ خۆیدا برایم ئەحمەدی برازای بۆ ئەو کارە راکێشا.
هەر لەو سەردەمەوە ئەمانە کاری زۆریان بۆ دوژمن و داگیرکەرانی کوردستان کرد، بەهۆی رەمزی ئەفەندیەوە ژمارەی خۆفرۆشەکان هەڵکشا و گەیشتە لوتکە، بە شێوەیەک وەزیر، ئەفسەر و فەرمانبەرە باڵابەرزەکانی سەردەمی مەلیکی لە عێراقدا زۆربەیان کورد بوون و خزمەتێکی زۆری ئەو دەوڵەتە نوێیەیان کرد، لەوێدا دەستی رەنگینی خیانەتی کورد لە ناو ئەو دەوڵەتە دروستکراوەی عێراقدا دیاربوو.. رۆڵی زۆریان هەبوو بۆ پتەوکردنی سوپا و ئیدارەی حکومەتی عێراقی، لەوە بەدواوە ئیتر مەسەلەی نیشتیمانیی و کوردبوون لەناو دەوڵەتی داگیرکەردا توایەوە.
ئەمڕۆ بە هەمان شێوە نەوەکانی رەمزی ئەفەندی لە باشووری کوردستان دووبارە ئەو رۆڵە دەبیننەوە، زیاتر و ترسناکتر لەوەی پێشتووتر. بنەماڵەی بارزانییش وەکو دروستکراوی ئینگلیز و دەوڵەتە داگیرکەرەکانی تری کوردستان، لە رێگای سیخوڕە و خائینە کوردەکانی ئەو سەردەمەوە، بەتایبەتی برایم ئەحمەد دروستبوون، کردیان بە رابەری کورد.
دوای رووخانی سیستەمی پادشایی و دامەزراندنی کۆماری عێراق  شاندێکی تایبەت لە سیخوڕە خائینەکانی کورد لە رۆژی 18 / 7 / 1958 لەسەر داوای ئینگلیز، کە تێیدا برایم ئەحمەـەد و جەلال تالەبانی چوونە سۆڤیەت و داوایان لە بارزانی کرد تا بۆ عێراق بگەڕێتەوە، وەکو سەرۆکی پارتیی دیموکراتی کوردستان و گەلی کورد دیارییان کرد، پاش تێپەڕبوونی سێ ساڵ بە سەر شۆڕشەکەی عەبدولکەریم قاسم، دیسان ئەم خائینانە یاخی بوونەوە. لە کاتێکدا عەبدولکەریم قاسم عێراقی بە نیشتیمانی کورد عەرەب دانابوو، بەبێ شەڕ و خوێنڕشتن لەسەردەمی بەعس زیاتر مافی بە کورد دابوو.
لە شاخیش برایم ئەحمەد نەک وەکو سکرتێری حیزب، بەڵکو وەکو  کارمەندێکی بەردەستی مەلا مستەفا کاری دەکرد و رێزی دەگرت، تەنانەت کاتێک چادریان لە تەنیشت چادرەکەی مەلا مستەفاوە بۆ هەڵدابوو، لە پێشمەرگەکان تووڕە دەبێت، دەڵێت مەلا مستەفا لە من گەورەترە، دەبێت چادرەکەی من لە خوار سەرۆکەوە بۆم دابنێن، چونکە پلە و پۆستی مەلا مستەفا لە ئێمە گەورەترە.
خائینەکان بۆ ئەوەی ناپاکی خۆیان تێپەڕێنن و جوانی بکەن، چاک یەکتر دەدۆزنەوە و یەکتر لە شوێنی یەکتر دادەنێن و بەسەر ئەو میللەتەیدا  دەیسەپێنن و گەورەی دەکەن، بۆیە ئەمڕۆ کوڕەکانی تالەبانی هەر بە شێوەیەی باپیریان مامەڵە لەگەڵ نەوەکانی مەلا مستەفادا دەکەن، تا خیانەت لە ناو کورددا برەو پێبدەن، بنەماڵەی مەلا مستەفا کە هەڵبژاردەی دوژمنانی کورد و پەروەردەی دەستی برایم ئەحمەد بوو، وا ئەمڕٶ  بۆڕی بنەماڵەی برایم ئەحمەد و تالەبانییان داوەتەوە، بۆیە مەترسی ئەوەش دەکرێت، بە یەکجاری کورد لە باشوور بەرەو تێداچوون و نەمان بچێت، کە بە پلانی داگیرکەرانی کوردستان (30) ساڵە کاری لەسەر دەکەن.
ئەوەی جێگای سەرنج و تێڕوانینە، ئەوەشیانە، کە لەگەڵ ئەو هەموو خیانەت و دزیی و تاڵانییەی بنەماڵەی بارزانی دەیکەن و ئەنجامیان داوە کەچی بازاڕیان گەرمە، بە لێشاو کەسانی سەر بە پارتەکانی تر و کەسانی تر خۆفرۆشێ دەکەن و دەچنە باوەشی پارتیی و بنەماڵەی بارزانییەوە، چونکە لەوێدا هەست بە ئارامی دەکەن، یەکێتیی، گۆڕان، ئیسلامە توندڕەوەکانی کورد، هەموو لە ژێرەوە دەبنە پارتیی و بەشێکی زۆریش لەوانەی کە خۆیان بە نەتەوەیی و پاسۆک دەزانن، لەگەڵ کۆنەشیوعییەکاندا راستەوخۆ  دەبنە ئەندامی دەزگا بەدناوەکەی پاراستنن.
تا ئەم بنەماڵانە  بمێنن، کورد نامێنێت و بەرەو نەمان و قڕتێکەوتن دەچێت.. دوژمن و داگیرکەرانی کوردستان لە رێگای ئەم خائینانەوە  نیشتیمانی کورد  داگیر دەکات و وەکو موسڵ و کەرکو و ناوچەداگیرکراوەکانی دیکە پاکتاوی کوردیی تێدا دەکرێت، عەرەبەکان بە یەکجاری لە کوردستان نیشتەجێ دەبن، بستێ خاکمان بۆ نامێنێتەوە پێی بگوترێ نیشتیمانی کورد.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە