جەوانمێر مارابی

https://www.facebook.com/profile.php?id=100041381628594


چەند سەرنجێک سەبارەت بە کۆنگرە رۆژنامەنووسییەکەی مەلا بەختیار

Tuesday, 16/11/2021, 0:45

6463 بینراوە


-  مەلا بەختیار دەڵێ: لە باشترین نەخۆشخانەی ئاڵمانیا بوومە (بەجۆرێک تاریفی دەکات کەس نەزانێ پێی وایە بەدەستی خۆی و لە شاری سلێمانی بۆ گەلەکەمانی دابین کردوە)!!! ئەمانە چەند دەیەیە بەناوی دەرمانەوە ژەهر دەرخواردی گەلی باشووری کوردستان دەدەن و خۆشیان بۆ ددان ئێشەیەک سواری تەیارە دەبن بەرەو باشترین نەخۆشخانەکانی ئوروپا!!! شەرمەزارییە بۆ بەرپرسانی هەر وڵاتێک کە نەتوانێ سیستەمێکی دەواو و دەرمانی وا لە وڵاتەکەیدا دابین بکات کە خۆشی ناچار نەبێت بڕواتە دەرەوە. 
- لە سەرەتای کۆنگرە رۆژنامەنووسییەکەیدا باسی کۆچبەرانی کورد لە سەر سنووری وڵاتانی بلارووس و پۆلۆنیا دەکات و سەرکۆنەی وڵاتە ئوروپاییەکان دەکات کە بۆچی درگاکانیان بەڕووی پەناخوازاندا ناکەنەوە!! مرۆڤێک وەکوو مەلا بەختیار کە بەقەولی خۆی بە یازدە کەسەوە شەڕی ٢٢ کۆپتەری کردوە تا ئەم وەزعەی هێناوەتە دی!! واتە بەچاک و خراپییەوە بەرپرسە. بەڕێز ئەو خەڵکە لە دەست ئەو دۆخەوە هەڵاتوون کە تۆ یەکێک لە پێکهێنەرە سەرەکییەکانی بوویت. ئەگەر زەڕەیەک هەستی بەرپرسیارەتیت هەبایە، دەبوو بەجێگەی مانەوە لە تورکیا، یەکڕاست سەردانی ئەو خەڵکە سەرگەردانەت بکردایە و هەر لەوێشەوە داوای لێبوردنت لە گەلی باشوور بکردایە و دەستت لە کار بکێشایەتەوە. سەرکۆنەی وڵاتانی ئوروپایی مەکە و شەرم لە خۆتان بکەن. تۆ وات وت و من لێرەوە شەرمم کرد.
- باسی دابەزینی دەنگەکانی یەکێتی دەکات. مەلا زیرەکە، چۆن نازانێ ٦٠% گەلی باشوور لە هەڵبژاردندا بەشدارییان نەکردوە و ١٠% خەڵکیش دەنگاکانی خۆیان سوتاندوە و دڵنیام نیوەی ئەو ٣٠%کەش بەناچاری و لە ژێر هەڕەشەدا دەنگیان داوە. ئیتر بیهێنە پێش چاوت بزانە ئێوە نوێنەری چەند لە سەدی گەلی باشوورن!!! بەڕێز چەواشەکاری ناوێت، گەلی باشوور نیشانیدا کە متمانەی بە ئێوە نەماوە. با یەک شتیش بڵێم، هۆکاری سەرەکی دابەزینی دەنگەکانی یەکێتی ساز کردنی کێشەکانی هەشتی تەمووز و لاواز کردنی لایەنی دژبەری پارتی بوو. ئەوەی لە کاتێکی هەستیاری ئاوادا کێشەی هەشتی تەمووزی ساز کرد، لە پێناو هەمان ئامانجدا کاری کرد. 
- پرسیارێک، بۆچی لەو هەموو کەناڵە راگەیاندنەی باشوور و خودی یەکێتی-ش، تەنیا رووداو لە لای مەلا بەختیار بووە و یارمەتیان داوە و بە قەولی خۆی هەر ئەوانیش راستییەکانیان دێکۆمێنت کردوە بۆی؟! بەختیار ئاڵمانیا دەوری سەرەکی هەیە لە پارچە کردنی کوردان لە ئێستادا، ئاڵمانیا هاوپەیمانی تورکیایە و یارمەتیدەرێکی سەرەکی دەوڵەتی فاشیستی تورکە. جا تماشا بکەن، نێچیرڤان بارزانی، مەلا بەختیار، ئاڵمانیا، رووداو، مانەوە لە تورکیا و هێرش بۆ سەر خەتی نەیاری پارتی لە ناو یەکێتی!!!
-  بەختیار تۆ بۆچی لە دۆخێکی ئاوادا کە ژەهرخوارد!! کراوی و ... دوو شەو لە تورکیا دەمێنیتەوە؟!! بۆ تورکیا؟ بۆ وڵاتێکی دیکەنا؟
- لە کۆتاییشدا ئێمەش حەزمان دەکرد جیوەمان تێبکەن با تۆزێک قیت و قۆز بین. 
مەلا بەختیار ئێوە وڵاتێکتان وێران کرد، خۆشەویستی بۆ نیشتمانتان کوشت، هیواتان کوشت، ژینگەتان وێران کرد، ژنانتان کوشت، باشووری کوردستانتان کردە گەورەترین ناوەندی تەڕاتێنی دەزگا ئەمنی و موخابراتییەکانی دنیا، سیمای کوردتان ناشیرین کرد، کەرامەتی گەلی ئێمەتان لە باشوور شکاند و ژەهری دنیا نەما نەیدەن بە گەلەکەمان و تۆش یەکێک لە کاراکتەرە سەرەکییەکانی پێکهێنەری ئەو دۆخەی. ئێستا تۆزێ جیوە چییە گیانت سەلامەت بێت.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە