سیستەمی پارێزگاری لای دزە پیرۆزەکان لە هەرێمی کوردستان(کلیک)


کە هیچ دادپەروەرییەک نەبێت بۆ ئێمە، با هیچ ئارامییەکیش نەبێت بۆ ئەوان

Tuesday, 21/12/2021, 16:13


خوێندکاران توێژێکی گرنگی کۆمەڵگەن، هەڵگری مەشخەڵی زانست و پێشکەوتنن، داینەمۆی گۆڕانکارییەکانن،  هوشیار و بەئاگان، زیاتر لەهەر توێژێکی تر هەست بەنالەباری و خراپی باروودۆخی سیاسی و  کۆمەڵایەتی و ئابوری کۆمەڵگە دەکەن. ئەم توێژە سرووشتی خوێندکاربوونیان ئەو بەرپرسیارێتیەی تێدا درووست کردوون کە نەتوانن لەبەرامبەر نایەکسانی و نادادپەروەری دەسەڵاتداران بێ دەنگبن، خۆیان لەپرس و کێشە سەرەکییەکانی کۆمەڵگە بدزنەوە و بەشێوەیەکی سەرەکی هەوڵی چارەسەرکردنیان نەدەن.  هەربۆیە دەبینین لەسەرجەم کۆمەڵگە جیاوازەکاندا، خوێندکاران داینەمۆی شوڕشەکانن، شۆڕش لەڕێگەی ئەوانەوە پەل دەهاوێژێت و دەتەقێتەوە، هەر لەڕێگەی ئەوانیشەوە دەگاتە ئەنجام، واتە بڕیاری دەستپێک و کۆتای لەدەستی ئەواندایە.
ئاشکرایە لەکوردستاندا مەغدورترین توێژی کۆمەڵگە، توێژی خوێندکارە، بەگشتی خوێندکاران لەدۆخێکی خراپدان، ڕۆژانێکی بێزارکەر بەسەردەبەن و ئایندەیەکی نادیار چاوەڕێیانە، دەیان هەزار دەرچووی ساڵانی پێش خۆیان دەبینن کە بەشێکی زۆریان بێ ئیش و بەتاڵ لەماڵەوە، بەوپەڕی نائومێدییەوە جوانترین کاتەکانی ژیانیان تێدەپەڕێنن. بەشێکی تریان ڕێگەی هەندەرانیان گرتووەتەبەر، لەسنووری ووڵاتان لەسەرما و لەبرسا چەندینیان لێ ڕەقبووەنەوە و مردن، یان ڕێگەی ئاویان گرتەبەر و دەیانیان لەدەریای سپی ناوەڕاست و لەکەناڵی ئینگلیزی خنکان و بێسەروشوێن بوون. ئەمانە ترسێکی گەورەی لەناخی هەریەک لەخوێندکاراندا درووست کردووە، ترس دەربارەی داهاتوو، دەربارەی ئایندەی ژیانیان، کە تووشی دڵەڕاوکێی کردوون. ئەمە بووەتەهۆی ئەوەی هەست بەنائارامی بکەن، خەوێکی ناڕێک و جەستەیەکی ماندوویان هەبێ، بەدیار هیواو ئاواتی کەڵەکەبوویان کە بەدیهاتنی ئەستەمە ڕۆژگار تێپەڕێنن، هیچ شتێکی تازە لەژیانیاندا بوونی نەبێت، جگە لەدووبارەبوونەوەی بێزارییەک کە هەر هەبووە.
لەماوەی ڕابردوودا بینیمان خوێندکاران لەزانکۆ و پەیمانگاکان بۆ داواکردنی مافێکی سەرەتای خۆیان (دەرماڵە و خزمەتگوزاری لەبەشە ناوخۆییەکان)  هاتنەسەر شەقام و بەشێوەیەکی مەدەنیانە خۆپیشاندانیان کرد. بەداخەوە دەسەڵاتدارانی هەرێم لەهەوڵێکی نادیموکراسی و لەدەرەوەی چوارچێوەی یاسا کارپێکراوەکان کەوتنە لێدان و سەرکوتکردنی خوێندکاران و بەدەیان گەنج و خوێندکاری زانکۆیان دەستگیر کرد، بەزەبری هێز و لەڕێگەی چەکدارانی حیزبەوە کەوتنە پەلاماردانی کۆی ئەو جوڵە مەدەنیانەی خوێندکاران ئەنجامیان دەدا. هەروەها هەردوو حیزبی دەسەڵاتیش لەڕێگەی  ڕاگەیاندنەکانیانەوە کاریان لەسەر لەبیربردنەوەی خۆپیشاندانەکان و لەباربردنی هەڵوێستەکانیان دەکردەوە. سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەشی نەدەچوونە ژێرباری داواکارییەکانیان، کە خۆی لە (٥) ملیۆن دۆلارێکی مانگانەدا دەبینییەوە، ئەمانە وایکرد خۆپیشاندانەکان درێژە بکێشن، خوێندکارانیش هەڵوێست وەربگرن، تووندتر و چاونەترسانەتر ڕووبەڕووی بەڵتەچی و شەقوەشێنەکانی حیزب ببنەوە، بەشێوەیەک ترس و نائارامی لای سەرانی دەسەڵات درووست بکەن، سەرەنجام هەوڵەکانیان سەریگرت و حکومەتیان ناچارکرد ڕازی بێت بەجێبەجێ کردنی داواکانیان.
 ئەگەر لەووتەکەی سەرۆکی حکومەت و بەیاننامەی هەردوو حیزبی دەسەڵات سەبارەت بەخۆپیشاندانەکان ووردبوویتایەوە، تێ دەگەیشتی کە حکومەت نییەتی چارەسەرکردنی نییە، سەرۆکی حکومەت ملنادات و ناچێتە ژێرباری جێبەجی کردنی داواکانیان، بەڵام سووربوونی خوێندکاران و بەردەوامییان و جورئەتی ڕووبەڕووبوونەوەی بەڵتەچی و شەقوەشێنەکانی حیزب، دەسەڵاتی ناچارکرد، ڕازی بن بەجێبەجێ کردنی داواکانیان.  لەم خۆپیشاندانانەوە، ئەم ڕاستییانە دەرکەوتن، بەچەند خاڵێک دەیانخەمەڕوو :-
٭گەرچی دەسەڵات نەگەیشتبێتە ئەو ئاستەی کە باش خۆی بناسێت، بەڵام ئێستا گەیشتووەتە ئەو قەناعەتەی کە میللەت باشی دەناسێت. ئەمەش بەدەلیلی ئەوەی چەند موماتەڵەی بەداواکانەوە دەکرد و یاری بەکاتەوە دەکرد، هەوڵی بەلاڕێدابردنی خۆپیشاندانەکانی دەدا، بەڵام سەرەئەنجام بۆیان دەرکەوت هەوڵەکانی بێسوودن و میللەت تێگەیشتووە و باشیان دەناسن، باوەڕ بەپاساوەکانیان ناکەن. 
٭حیزبی کوردی هەستێکی دێوەزمانەی لای گەنجی کورد درووست کردووە، بەشێوەیەک خوێندکاری کورد بەترسەوە مومارەسەی مافە سیاسییەکانی دەکرد، لەم خۆپیشاندانانەدا ئەو ترسە شکا، دەتوانین پشت بەخوێندکاران ببەستین کە جورئەی ئەوەیان هەیە، کۆمەڵگە ئاراستە بکەن.
٭دەبێت گەنجان و خوێندکاران شەڕی داواکردنی مافی خۆیان لێرە لەکوردستان بکەن، نەک هەڵبێن و لەڕێگەدا لەسەرما و لەبرسا ڕەقبنەوە، یان لەدەریادا بخنکێن.
٭گۆڕینی تێڕوانینی بەشێکی زۆری خەڵک لەسەر خوێندکاری زانکۆ، بەوەی کە بەتوێژێکی ناکارا و بێ ئاگا لەژیانی کۆمەڵگە، دایان دەنان.
٭ ئەو بەشدارییە کارایەی کچانی خوێندکار لەخۆپیشاندانەکاندا، بەگۆڕوتین و بەوورەیەکی بەرزەوە، چاونەترسانە داوای مافی خۆیان دەکرد، ڕووبەڕووی بەڵتەچی و شەقوەشێنەکانی دەسەڵات دەبوونەوە، لەهەندێ شوێن و جێگەدا ڕۆڵی پێشڕەویان دەبینی، گەشبینیەکی گەورەی لای هەمووان دروست کرد، کە بەڕای من ئەمە جوانترین لایەنی خۆپیشاندانەکان بوو.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە