یادگارێکی مێژوویی (بۆ ئەوانەی پێیان وایە هەموو کەسێک وەکو ئەرسەلان بایز ترسنۆک و لەرزۆکە)

Tuesday, 01.25.2022, 18:01

3451 بینراوە


دوای ئاشبەتاڵەکەی بارزانی و نسکۆی گەلی کورد، گەڕامەوە، لە سلێمانی تا ساڵی 1981 فەرمانبەر بووم، رژێمی بەعس زۆری بۆ هێنام کە دەبێت لەگەڵیاندا کار بکەم، دەست و دەممیان بەوە چەور دەکردم، ئەگەر قبوڵم کرد، ئەوا دەمکەنە بەڕێوەبەری (تقاعد و ضمان لە دهوک)، کاتێک زانییم کارەکە گەیشتۆتە ئاستێکی مەترسیدار و هەموو مێژووی کەسایەتیی خۆمی پێدەسڕێتەوە، چونکە پێشتر برادەرێک بە ناوی (فەهمی قەرەداغی) کە پێکەوە فەرمانبەر بووین و کارمان دەکرد، گواستیانەوە بۆ هەولێر دوای هەفتەیەک لەوێ تیرۆریان کرد (لە خوارەوە وێنەکەی ببینە):

جگە لەوە خۆشم پێش ئاشبەتاڵەکە لە رادیۆی دەنگی کوردستان لە چوارتا گیرسابوومەوە، دوا ویزگەی کارم بوو، لەگەڵ (ئەحمەد رێبوار) کە شاعیریکی سەردەمی روانگەش بوو، کاتێک لە ئاشبەتاڵەکە پێکەوە گەڕاینەوە بۆ شار،بەداخەوە ئەو هەر زوو تەسلیم بووەوە، دوایی بووە بەعسی و کردیان بە قائیممەقامی پێنجوین، لە چالاکییەکی پێشمەرگە بۆ سەر  پێنجوین،  سەری خۆی تێدا ناو کوشتیان. ئیستا ناوی ئەحمەد رێبوار لە کولەکەی تەڕیشدا نەماوە. (وێنەکەی ببینە).
بۆیە من بڕیاری خۆم دا، کە تاکە رێگا راکردن و چوونە دەرەوەیە، بۆ ئەمە پەیوەندییم بە دڵشاد مەریوانی هاوڕێمەوە کرد، چونکە دەمزانی لە ژێرەوە پەیوەندیی بە یەکێتییەوە هەیە و کاریان بۆ دەکات، ئەو یارمەتیی دام و لە بەیانییەکی زوودا خۆم و خێزانمی تا نزیک پیرەمەگرون بەڕێکرد، تەسلیمی کەسێکی کردین (وێنەی ئەو کەسە ببینە). دوای رۆژێک وەک بیستمەوە، کە پیاوەکانی ئەمن دابوویان بەسەر ماڵی باوکمدا، هەواڵی منیان پرسیبوو، وایان زانیبوو هێشا لە سلێمانی ماوم.
پاش یەک دوو رۆژ گەیشتمە توژەڵە. سێ چوار مانگ لەوێ مامەوە، بە دوایدا رێگای هەندەرانم گرتەبەر. (لەسەر ئەمە زۆرم نووسیوە.) ئەوەی کە نەمنووسیوە و نەمگێڕاوەتەوە، پەیوەندیی من و ئەرسەلان بایزە.
 ساڵی 1981 (دوای ئەوەی دڵشاد مەریوانی لە سلێمانی دەربازی کردم،
منی تەسلیمی ئەم کەسە کرد، ئەویش گەیاندمییە توژەڵە)
کاتێک گەیشتمە توژەڵە لوتم بە لوتیی ئەرسەلاندا تەقییەوە. سەرەتا تا ماوەی یەک دوو هەفتە پەیوەندییمان باش بوو، ئەویش بە حوکمی ئەوەی لە بەغدا لە یەک کۆلێژ خوێندبوومان، من لە بەغدادەوە ئەو کوڕەم وا دەناسی، هەروەک سلێمانییەکان دەڵێن، کەسێکی گێژ و حۆل و مێش لە دەمی خۆی دەرناکات، (ببورن ئەوە بۆچوونی ئەو کاتەی ساڵانی ١٩٧٠)کان بوو، ئەرسەلانم وەها ناسیبوو، کە کەسێکی وریا و زیرەک و کۆمەڵایتیی نەبوو، وەکو کوڕە ئاغایەک هەڵسوکەوتی دەکرد، ئەمجارە کە لە توژەلە بینیمەوە، هەستێک لەلام دروست بوو، پێموابوو توانای بەڕیوەبەردنی ئەو دەزگا راگەیاندنەشی نییە، کە نەوشیروان و یەکێتیی پێیان سپاردبوو، بۆیە بە حوکمی پەیوەندیی رابردوو ویستم داهێنانێک بکەم و لە بەرنامەی رادیۆکەدا، یارمەتییەکی بدەم، چیرۆکێکی ناسر حەفید هەبوو، ئەویش لە دەرەوە نووسیبووی، ناوەکەییم لە بیر نەماوە. ویستم بە چەند زنجیرەیەک بڵاوی بکەمەوە. بۆ ئەمە چەند کەسێکم هێنا، هەریەکەیان سەرو رۆڵی پاڵەوانی ناو چیرۆکەکەم پێسپاردن، ئەوانەی لە بیرم مابێت هاوبەشییان تێدا کرد:
1- کەریم عوسمان. ئەوەی لە 31 ئابدا پارتیی لە هەولێر سەریان بە بلۆک پان کردەوە.
2- دوو کچی تر، بە ناوی (نازەنین و بەیان) ئەوانیش تازە رایانکردبووە دەرێ.
3- فەرهاد سەنگاوی، تازە هاتبووە دەرێ. بەر لە 13 ساڵ پێش ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ کوردستان،  لە دانیمارکەوە قسەی لەگەڵمدا کرد، وتی لە بیرم نەماوە.
ئەو چیرۆکەم بۆ رادیۆکەی یەکێتیی ئامادەم کردبوو، تەنیا یەک بەشی لێ بڵاوکرایەوە. دوایی ئەرسەلان کەوتە منجەمنج و لەوە زیاتر رێگای نەدا بەردەوامی پێ بدرێت، بیستمەوە، گوایا لەوە ترساوە، من جێگای پێلێژ بکەم، منێک کە هیچ پەیوەندییەکم بە یەکێتییەوە نەبوو، وای دەزانی ئەگەر نەوشیروان مستەفا بزانێت، کە من لە کاری راگەیاندندا لەو بەتواناترم ئیتر من دەخەنە شوێنی. بۆیە ئیتر پەیوەندیی من و ئەرسلان لەوێدا وەستا، تا ئەمڕۆش چارەییم نەبینیوەتەوە.
سلێمانی بەهاری ساڵی 1981 (چەند مانگێک پێش چوونە دەرەوەم)
ئەرسەلان بایز کەسێکی بێتوانا و بێ بەهرە بوو، بیرکردنەوە و زیرەکی سنوردار بوو، هەرگیز بە عەقڵمدا نەدەچوو، ئەو کەسە لە دەرەوە وەک بەرپرسی راگەیاندنی یەکێتیی ببینمەوە.
کاتێکیش لە دوای راپەڕین شەرواڵپیس و کڵاشدڕاوەکانی شاخ گەرانەوە بۆ شار، یەکێک لەوانەی خولیای ئەوەی بوو ببێتە خاوەنی ژنی تازە و بڕونامەی بەرز، ئەم ئەرسەلان بایزە بوو. بەهۆی پۆست و پێگەی سیاسیی، توانی بڕوانامەی ساختە بەدەست بهێنێت، کە دکتۆر عێزەدین مستەفا رەسوڵ و کاوێس قەفتان سەرپەشتی تێزی دکتۆراکەیان بۆ کرد و یارمەتیان دا.
کارێکی قێزەوەندی دیکەی ئەرسەلان بایز ئەوەبوو، دەیویست تۆڵەی سوکایەتییپێکردنی نەوشیروان مستەفا کە لە شاخ و لە شار بە ئەرسەلانی کردبوو، ئەم لە خەڵکی سلێمانی بکاتەوە، هەر دەستدرێژییەکی کردبێتە سەر ژن و کچێک یەکسەر لەگەڵ سەعدی ئەحمەد پیرەدا دەیان وت ئێمەش حەقی خۆمان لە سلێمانییەکان کردەوە، لۆچی کاک نەوشیروان گاڵتە بە هەولێرییان دەکاتن؟
ئەم رق و کینەیەی ئەرسەلان بایز بەرامبەر بە نەوشیروان و خەڵکی سلێمانی، ئەرسەلانی تووشی نەخۆشی دەروونی کردبوو، دەیویست بەهەر شێوەیەک بێت تۆڵەی خۆی بکاتەوە.
 ویستی دەستبەرداری (پەخشان شێخ جەلال حەفید)ی هاوسەری بێت، کە خەڵکی سلێمانی بوو، لە ژێرەوە لەگەڵ کچێکی تردا رێککەوتوبوو. بۆ ئەمە پلانێکی جەهەنەمی داڕشت، تا پەخشان ژنی لەناو بەرێت. 
پلانی وا دانابوو، ئەو ماشێنەی بەکاری دەهێنێت، تەقەمەنی تێدابنرێت، لە کاتێکدا خۆی لەگەڵی نابێت بە بیانوویەک پەخشانی ژنی پێش بکەوێت و سەیارەکە بتەقێنرێتەوە. ئەمە لەو سەردەمەدا بوو، کە پارتیی و یەکێتیی پلانی تیرۆرکردنیان دژی بەرپرسەکانی یەکتر دادەنا، ئەرسەلان ئەمەی بە فرسەت زانی، خۆ ئەگەر سەیارەکە تەقییەوە ئەوا دەیخاتە ملی پارتیی، بە بیانووی ئەوەی پارتی ویستویەتی ئەرسەلان تیرۆر بکات، بەڵام ژنەکەی بەرکەوتووە، ئەمەش بۆی دەبێتە لاپەرەیەک لە خەبات و تێکۆشان، ژنەکەش تێدا دەبێتە قوربانی بە تیرێک دوو نیشان دەپێکێت، دەتوانێت بێ گێرمەوکێشە ژنێکی دیکە بهێنێتەوە.
بەڵام خۆشبەختانە پلانەکە سەری نەگرت، بەڵام ژنهێنانەکەی چەند ساڵێک دواخست و پەخشانی خێزانی تەڵاق دا.
ئەم هەواڵە کاتی خۆی بەرپرسێکی باوەڕپێکراوی یەکێتیی بۆی باسکردم، چەند برادەرێکی ستافی کوردستانپۆست بە باشیان نەزانی لەو کاتەدا بڵاوبکرێتەوە، بۆیە لەلای خۆم تا ئەمڕۆ پاراستوومە.
بەم هەموو رووداوانەدا دەردەکەوێت، ئەرسەلان بایز جگە لە لاوازیی و بێ توانایی و نەفامیی، کەسێکی تاوانبار و خائین و ناپاکیشە، بەهۆی نەوشیروان مستەفاوە رقی رەش و تاڵی لەسەر خەڵکی سلێمانیی هەڵگرتبوو، بەشێک لە ژیانی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی بۆ تۆڵەکردنەوە دانابوو، لەدوایین چاوپێکەوتنی کە ئیسماعیل کوردە لەگەڵی ئەنجامی داوە، بەناوی: (د. ئەرسەلان بایز لە چاوپێکەونێکی مێژووییدا) بڵاوکراوەتەوە، کە دەیەوێت دوای مردنی نەوشیروان مستەفا لەو گرێکوێرە دەروونییە خۆی دەرباز بکات.
بۆ زیاتر قسەکردن لەسەر ئەم بابەتە بڕوانە نووسینەکەی خاتوو ئاشتی برایم ئەفەندی
 ئەم بیرەوەرییەی منیش پێشکەشە بەوانەی، پێیان وایە، کە وەکو ئەرسەلان بایز ترسنۆکم، ئەگەر نەوشیروان مستەفا لە ژیاندا بمایە چ قورەت بوو، دژی بمنووسیایە و قسەم بکردایە. ئەوانە بێئاگا کە تا لە ژیاندا بوو دەیان وتارم لەسەری نووسیوە، بە خۆییم راگەیاندووە، کە تۆ وەکو دکتۆری شێتخانەکە وایت، خەڵکی ئۆپۆزیسیۆن بە شێتی شێتخانەکان دەزانیت و دەیانبەیتە نێو باوەشی دەسەڵات. چەندین جار نەوشیروان مستەفا داوای لێکردووم، لەسەر تالەبانی نەنووسم، چونکە سەرۆکە، وەکو کوردێک شکۆی دەشکێت و لەسەر بەرهەم ساڵحیش نەنوسین چونکە دایکی نەخۆشە. ..... هتد