دەڵاڵەکانی فرۆشتنی نیشتیمان

Friday, 01.28.2022, 4:03

3790 بینراوە


ناوچە داگیرکراو و وازلێهێنراوەکان!

هەر کەسێک بە نووسین و بە دەمیش بڵێیت: (ناوچە جێ ناکۆکەکان)، یان (کێشە لەسەرەکان)، ئەو کەسە تەنیا قسە ناکات، بەڵکو خیانەتیش دەکات، ئەو ناوچانە نیشتیمانی کوردن، کێشە لەسەر نیین، بەڵگەی مێژوویی گومان ناخاتە سەر خاوەندارێتی نیشتیمانی هیچ گەلێک.
-------------
زۆربەی ئەو هاوڵاتییانەی شاری رەققە، کە ئیستا دەربەدەر بوون، لەکاتی گفتوگۆدا باس لەوە دەکەن کە بۆ نمونە باپیری نەنکیان، یان باوکە گەورەی باوکیان کورد بوون.
رەققە ئەو شارەیە، کە لەسەر پێشنیاری تورکیا داعشەکان کردیان بە پایتەختی خۆیان، چونکە گۆڕی شا سلێمان باپیری شا عوسمانی دەوڵەتی عوسمانی لێ بوو. رەققە یەکێکە لەو شارە کوردییانەی کە سێ - چوار سەدە زیاترە لە بیرچۆتەوە، دانیشتوانی کوردبوون، لە دوای  رێککەوتنی ئینگلیز، فەڕەنسا و تورکیا و دروستبوونی دەوڵەتی سوریا، ئەو شارە زیاتر تەعریب کرا و لە بیر کورد برایەوە. بۆ زیاتر لەسەر ئەم باسە کلیکی ئەم لینکە بکە و بە عەرەبی مێژووەکە بخوێنەرەوە:
شارەکانی (حەلەب)، (ئەسکەندەرونە)، (تکریت)، (دیالە)، (شارەبان)، (موسڵ) و (هەمەدان)، (تەبرێز)، (ئەردەبیل)... و زۆر شوێنی دیکە، هەموویان کاتی خۆی شاری کوردی بوون، بەڵام ئەمڕۆ بوونەتە شاری (عەرەب)، (تورک) و (فارس)، ئەو نەتەوانەیان تێدا جێگیربووە.
کورد خیانەتی لە خۆی کردووە، ئەمڕۆش پارتیی و یەکێتیی درێژە بەو خیانەتە دەدەن.
دوای دروستبوونی دەوڵەتی عێراقیش، موسڵ وەک ناوچە و شارێکی کوردیی قسەی لەسەر دەکرا. نەوت، کە لەو ناوچانەدا دۆزرانەوە، ئیتر بە خەستی کار لەسەر تەعریبکردنی (موسڵ) و (کەرکوک) کرا، زووتر (تکریت) و (دیالە) بوو بوونە دوو شاری سوونەنشینی عەرەب، کوردیش ناسنامەی خۆی لە دەست دا. زۆربەی کوردەکانی ئەو ناوچانە، کە سەر بە مەزهەبی سوونە بوون، ئەمڕۆ بە ناوچەی عەرەبی سوننە مەزهەب دەناسرێن، ئەوانە لەژێر کاریگەری ئیسلامدا و لەسەردەمی عوسمانییەکاندا بوونە عەرەبی سوونە. هەرکەسێک لە دهۆک و زاخۆ و بادینان، چووبنە موسڵ، بە ئاسانی ناسنامەی عەرەبیان وەرگرتووە.
ئیسلامی سەلەفیی و بنەماڵە خائینەکانی کورد (بارزانی و تالەبانی)، هەموویان بە خێرایی بۆ نەمان و تواندنەوەی کورد لە عێراقدا هەنگاو دەنێن، عەرەبەکان مەترسییان نەماوە، پلانیان وا داناوە، تا بیست ساڵی دیکە بە تەواویی کەرکوک لە دانیشتوانی کورد چۆڵتر دەکرێت، هێدی هێدی هەولێر و سلێمانی ماوە، کە بە یارمەتی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی ئەو کارەش ئیستا بەڕێوەیە، رەنگە جارێ من و تۆ نەیبینین، بەڵام نەوەکانی دوای خۆمان ئەگەر مان و نەکوژران، ئەو کارەساتە دەبینن. کورد لە عێراقدا وەکو ئاشوریی و کلدانی لێدێت، کەم دەبێتەوە. کوڕ و نەوەکانی بارزانی بە دەوڵەمەندیی و بە پارە و سامانێکی زۆرەوە لە ئەمەریکا و نەمسا و وڵاتانی تر نیشتەجێ دەبن، دەبنە خاوەنی کۆمپانیای زەبەلاحی خۆیان، نەوەکانی پاڤێل و قوباد لەگەڵ نەوەی کچەکانی برایم ئەحمەد لە ئینگلتەرا دادەنیشن، بە دەوڵەمەندی گەورە و مندالەکانیان پەروەردە دەبن، کچ و کوڕەکانی نەوشیروانیش، بای باڵی خۆیان دەدەن و پاڵی لێدەدەنەوە، ئەوەی دەمێنێتەوە، میللەتی کوردە، کە دەبێتە قەرەج، ئەم وڵات ئەم وڵات دەکات بە دوای ناسنامەیەکی نوێدا دەگەڕێت.

ئەم پلانە چۆن بە ئاسانی بۆیان بەڕێوە دەچێت؟

ساڵێک پێش بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڕۆنا واتا (ساڵی ٢٠١٩ ) دوو جار قادری حاجی عەلیم لە نزیکەوە بینی، هەردوو جارەکەش، کە هاتە سوید خۆی پەیوەندیی پێوە دەکردم و لە قاوەخانەیەک پێکەوە دانیشین، دەیویست سەبارەت بە بزووتنەوەی گۆڕان و نەوشیروان مستەفا دەردی دڵی خۆی هەڵبڕێژێت، هەندێک زانیاریی نوێی پێدام، منیش گەرماوگەرم بۆ برادەرانم دەگێڕایەوە، تا بۆ دواڕۆژ وەک بەڵگەیەکی باوەڕپێکراو، ببێتە شایەتحاڵ و شایانی گێڕانەوە بێت، چونکە زۆر کەس دوای مردن و کۆچکردنی یەکێک، ئیتر بە زمانی مردووەکەوە بەسەرهات دەنووسنەوە و چیرۆک دەگێڕنەوە، بە ئارەزووی خۆیان قسە دروست دەکەن، ئەمەی لەسەر قادری حاجی عەلی، کە منیش دەیگێڕمەوە، خۆشبەختانە لای چەندین کەسی تریش باسی کردبوو، چونکە لەو کۆتاییەدا، کە وازی لە گۆڕان هێنابوو لەگەڵ زۆر کەسی تردا دانیشتبوو سکاڵای دڵی خۆی بۆ دەکردن، لای هەندێکیان هەمان نهێنی درکاندبوو.
یەکێک لەو زانیارییانەی کە قادری حاجی عەلی گێڕایەوە، ئەوە بوو، وتی: دەزانیت هەر کاتێک باسی ئەو بڕگە یاساییەی مادەی 140 کرابێت، کاک نەوشیروان رەنگێکی دەهێنا و رەنگێکی دەبرد، پێیخۆش نەبوو!
پرسیم: لەبەرچی؟
لە وەڵامدا وتی: چونکە مادەی 140 بۆ چارەسەری کێشەی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان، پێشنیاری نەوشیروان بوو! هەر ئەویش بوو، کە رەشنووسەکەی نووسیەوە! دوایی تێگەیشت، نووسینەوەی رەشنووسێکی وا و پێشنیاری مادەی (140) خیانەتێکی گەورەیە لە کوردی کردووە.
منیش بەشێک لەو قسانەی خوارەوەم لە فۆڕمێکی تردا، بە گوێی قادری حاجی عەلیدا دا، وتم:
- بە ئیستاشەوە هەر کەسێک بە هەر ناوچە و شوێنێکی خاکی کوردستان بڵێت: (جێ ناکۆک)، یان (کێشە لەسەر)، بە خودی ئەو پێناسەیەدا هیچی کەمتر نییە لەو خیانەتەی، کە راستەوخۆ کارەکە دەکرێت. دەشێت لە ناو خاکی کوردستاندا نەتەوە و غەیری کوردی تێدا بژی، ئەو ناوچانە نابنە ناوچەی (جێ ناکۆک) و (کێشە لەسەر)، ئەمە وەکو ئەوە وایە تۆ خاوەن سێ سەرخێزان بیت و خانووەیەکی گەورەت هەبێت، دوایی ژوورێکی بدەیت بە کرێ، یان کەسێکی بێ ماڵ و بێلانەی تێبخەیت، ئەوان چوار سەرخێزان بن. دوای ماوەیەک بیانوو بگرێت و بڵێت: ئەم ژوورە هی خۆمە و لێی دەرناچم. تۆش بێیت بڵێیت: وەرە با راپرسی لەسەر بکەین، بزانین هی کاممانە! ئەمەش ناوبنێیت (ماڵ و خانووە جێناکۆک و کێشە لەسەرەکە!)
پێشنیارێکی وا بۆ خۆی گەورەترین خیانەتە، کە تۆ خۆت کێشەیەکت دروستکردووە، دەزانیت تێیدا براوە نابیت و دەدۆڕێیت، چونکە ئەوان چوار سەر خێزانن و تۆش سێ کەس! ئەو ماڵەی کە ژورێکت داوە بە کرێ، یان جێگای کەسێکی بێلانەت کردۆتەوە،  هیچی کەمتر نییە لە نمونەی شاری کەرکوک، کە بە جێناکۆک و کێشە لەسەر ناوی دەهێنن.
کوردستان نیشتیمانی کوردە، کەرکوک شار و ناوچەی کێشە لەسەر نییە، کێشە لەناو کەللە و سەری کوردەکە خۆیدایە، نەک لە ناو شارەکە، ئەو کێشەیە سەرکردەی پارتەکان دروستیان کردووە. چونکە خۆیان بەکرێگیراو و خائینن، کەسانێک نیین  ئەرک و بەرپرسیارێتی گەلێکیان گرتبێتە ئەستۆ. نیشتیمانی گەلێک، مێژووەکەی دەیکاتە بەڵگە و خاوەندارێتی پێ دەدات، نەک مادەیەکی خیانەتکارانەی وەکو 140. هیچ میللەتێک رێگا نادات خیانەتی وای بەرامبەر بکرێت، خاک و نیشتیمانی خۆی بخاتە گومانەوە و بە موڵکی خۆی نەزانێت، پێی وابێت کەرکوک و خانەقین و هەر شوێنێکی دیکە، رەنگە هی خۆی نەبێت، هی تورکمان، یان عەرەب بێت و راپرسی لەسەر بکات! بیرکردنەوە بەو ئاڕاستەیەدا، کە ئایا کەرکوک بەشێکە لە خاکی کوردستان، یان نا؟ بۆ خۆی خیانەتە! ئیسڕائیلەکان دەڵێن: (ئێمە لە کەسێک خۆش نابین، کە بە خەیاڵیش بیر لەوە بکاتەوە خیانەت لە ئیسڕائیل بکات). ئێمەی کورد بەردەوام ئەم حیزب و بەرپرسانە خیانەتمان لێی دەکەن، کەچی تا بێت ورگ و دەماری ملی خائینەکانمان ئەستوورتر و خرپنتر و گیرفانیان پڕتر دەبێت، کە مردنیشن لەسەر گردێک بە بەرزییەوە دەیاننێژین و زیارەتیان دەکەین! ئەوانە چونکە ترسیان شکاوە بەرامبەر بە سزا و تۆڵەی گەل، لە کوردەکە ناترسن، بەردەوام زوڵم و ستەمیان بەرامبەر دەکەن. لەو هێزە دەترسن کە سەریان نەوی بکات، بۆیە خۆیان بە ملکەچیی و سەرشۆڕییەوە دەچنە بەردەمی دوژمن و داگیرکەرەکان، لە ئاست کوردیشدا سەریان بەرزدەکەنەوە و دەنەڕێنن.

- ساڵی 2008 جەوهەر نامیق هاتە سوید، پەیوەندیی پێوەکردم حەزی کرد لە نزیکەوە بمبینێت، کاتێک چوومە ستۆکهۆڵم، باسی چۆنێتی گرتنی کەرکوکی کرد، گێڕایەوە، وتی: لەگەڵ ئەمەریکییەکاندا ئێمە و یەکێتییش خۆمان گەیاندە کەرکوک، فەرمانبەری سوپای ئەمەریکی راستەوخۆ پێی وتین،  ئەوان بۆ ماوەی یەک دوو رۆژ کۆنتڕۆڵی کەرکوک دەکەن،  ئیتر بۆ ئێمەی جێی دەهێڵن (واتا بۆ عێراقییەکان)، ئەوەشی وت، کە کەمێک لەسەر مێژووی کورد شارەزایی هەیە بەتایبەتی لەسەر کێشەی ئەم شارە، وەکو هیمایەک بۆ کارەکانی ئێمە کە لەو ماوە کورتەدا چی بکەین. وتی ئێوە دەتوانن لە ماوەی ئەم یەک دوو رۆژەدا کاری خۆتان تەواو بکەن. 
جەوهەر نامیق وتی: کاتێک ئەمەم لە دەمی بیست، منیش تێگەیشتم مەبەستی چییە. چونکە ئەو کاتە زۆربەی عەرەبە هاوردەکانی کەرکوک و بەعسییەکان هەڵدەهاتن، کەرکوکیان جێدەهێشت و رایان دەکرد، منیش پەیامەکەم بە سەرۆک بارزانی گەیاند، مام جەلالیشمان لێ ئاگادارکردەوە، کەچی وەلامی ئەوان پێچەوانە بوو، وتیان: هیچ مەکەن، تەنیا بەڵگە و فایل و هەر دەستکەوتێکی سەربازیی و ئەمنی هەیە لە بارەگاکانی بەعس و حکومەت دەستی بەسەردا بگرن و بیهێنن. لەوە زیاتر هیچی تر مەکەن. ئێمەش ناچاربووین فەرمانی ئەوان بەجێ بهێنین، تەنیا عوسمانی حاجی مەحمود نەبێت، کە بەگوێی نەکردن.
عوسمانی حاجی مەحمود لەو بارەیەوە دەگێڕێتەوە و دەڵێت: لەو کاتەدا عەرەبە هاوردەکان دەهاتن و پێیان دەگوتین: وەرن ماڵەکانمان لێبکڕنەوە ئێمە کەرکوک چۆڵ دەکەین و دەچینەوە شوێنی خۆمان، 
عوسمان حاجی مەحمود بە هێزێکی کورە قارەمانەکانی گەرمیانەوە، تا نزیکی چیای حەمرین ئەو ناوچانەی لە عەرەبی هاوردە خاوێن کردبووەوە. ئەوانیش رایان دەکرد. چونکە دەیانزانی چ ناحەقیی و تاوانێکیان بەرامبەر بە کوردی ئەو ناوچانە کردووە و ماڵیان داگیرکردوون.
کاتێکیش جەلال تالەبانی مەبە دەزانێت، زوو پەیوەندیی بە عوسمانی حاجی مەحمودەوە دەکات و لێی توڕە دەبێت، دەڵێت: تۆ شەڕی کورد و عەرەبم بۆ دروست دەکەیت!؟
جەمال نەبەز گێڕایەوە، کە لەو کاتەدا نامەیەک بۆ جەلال و مەسعود دەنێرێت، دەنووسێت: کەرکوک بە هیچ شێوەیەک جێ مەهێڵن!
مەسعود بارزانی، کە کەسێکی درۆزن و دەبڵموڕاڵە، بە دوو شێوە وەڵامی جەمال نەبەز دەداتەوە، یەکەم بە فەرمی بە ناوی پارتییەوە دەڵێت: پارتییمان کەرکوک چۆڵ ناکات! دووەم بە نامەیەکی شەخسی بۆی دەنووسێت: جەلالییەکان پێش ئێمە چوونەتە ناو کەرکوک.
ئیسماعلی بێشکچی دەڵێت: کورد لەسەر ماچێک، کچی خۆیان دەکوژن. بەڵام دوژمن دێتە ناو خاکیانەوە و هەموو سوکایەتییەکیان پێدەکەن، هیچ ناکەن.

چارەسەر چییە؟

چارەسەر لای پارتیی و یەکێتیی نییە، ئەوان چارەسەریان پێ نییە، ئەرکی ئەوان دروستکردنی کێشەیە! 
بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی و نەوەکانیان وەکو کورد، بەرپرسیارێتیی مێژوویان هەڵنەگرتووە، سەرجەمی نەهامەتیی و کێشەکان، ئەوان دروستیان کردووە، ئەوان زیاتریان کردووە و کوردیان لەبەر دەم دوژمندا لاواز کردووە. ئیسلامە سیاسییەکانی کوردیش، کە ئەمڕۆ لەگەشەکردندان و مەترسییەکی گەورەن بۆ سەر (مان و نەمانی کورد)، پارتیی و یەکێتیی بە پلان رێگایان پێداون، بە ناوی ئاینەوە خیانەت و سیخوڕی بکەن، چونکە بارزانی و تالەبانی خۆیان ئیسلامی سیاسیی و سەلەفیان دروست کردووە، تا خەڵکی بخەنە بەر دەم دوو رێگا: ئەگەر بە ئێمە رازی نابن ئەوەتا ئەم ئیسلامیانە دێن و دەسەڵات دەگرنە دەست، لە داعش خراپترتان پێ دەکەن! پارتیی و یەکێتیی مەبەستیان ئەوەیە، لە نێوان خراپێک و خراپترێکدا، خەڵکی ناچاربن، کە خراپەکە هەڵبژێرن، کە پارتیی و یەکێتییە، تاوەکو خەڵکی باشوور دەرفەتی خۆکۆکردنەوە و یەکخستنی خۆیان نەبێت!.
ئیسلامە کوردەکان لە سلێمانی و هەولێر و دهۆک، وەکو داگیرکەر و مەترسیی بۆ سەر دواڕۆژی کورد سەیری ئەو هەموو عەرەبانە ناکەن، کە دێنە هەرێم، وەکو برایەکی لێقەوماوی ئیسلام پێشوازیان دەکەن، جێگایان دەکەنەوە، خواردنیان دەدەنێ، لە مزگەوتەکاندا لای خۆیان دایان دەمەزرێنن، کاریان پێدەدەن ماڵ و حاڵیان پێدەدەن. ئەمەش گەورەترین خیانەتی ئیسلامە کانی کوردە، کە بەرامبەر بە کورد و نیشتیمانەکەی دەیکەن.
- ناسر حەفید لە کتێبەکەی خۆیدا بەناوی (رێگایەک بۆ مرۆڤبوون)، دەڵێت:
چارەسەر لەوێوە دەست پێدەکات کە هەر یەکە لە ئێمە ماف و سەربەستی خۆی بەو شێوەیە وەربگرێتەوە، کە لە پێناوی هیچدا بەخشیوێتی بە دەسەڵات، ئەو دەسەڵاتەی کە بە درێژایی مێژوو هیچ کەسێک مەرجی لەسەریان نەبووە و ئەوانیش بە ئارەزووی خۆیان خیانەتیان لێکردوون. چونکە هەر کارەساتێکیش لەو نیشتیمانەدا روویان دابێت، ئەوان خاوەنی بڕیاربوون.
 بە کوردییەکەی چارەسەر وازهێنانە لەم بنەماڵە و بەرپرس و حیزبانەی باشوور. چارەسەر هەوڵدانە بۆ خۆکۆکردنەوە و دروستبوونی رێکخراوی سیاسیی سەربەخۆ. ئەوانەی بەم کارەش هەڵدەستن دەبێت کەسانی دڵسۆز و خەمخۆری خاک و خەڵک بن. نەک بەرماوەی بەردەمی پارتیی و یەکێتیی و ئەو حیزبانە بن. کورد دەبێت بیرکردنەوە و سیستەمی کاری رێکخستنی خۆی بگۆڕێت، ئەمەی خوارەوە بەشێکە لە بیرۆکەی بیرکردنەوەی مرۆڤێکی کورد، ئەگەر بیەوێت گۆڕانکاری بەسەر خۆی و عەقڵ و بیرکردنەوەیدا بهێنێت، دوژمنەکانی بناسێت، بزانێت چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات.

من بۆ خۆم وا بیردەکەمەوە!

- گرنگە بزانیت، دوژمنەکەت چۆن لە شەڕدا دەجەنگێت. لە کاری بازرگانییدا چۆن مامەڵە دەکات، لە خەباتدا چۆن تێدەکۆشێت. بۆ بەرەو رووبوونەوە، کە بڕیارت دا، یەکەم هەنگاو رێگای نەدەیت، وات لێبکات، وەکو ئەو بیربکەیتەوە، تۆ وا بکە بە ئاڕاسەتی تۆدا بیربکاتەوە، ئەوسا دەتوانیت، وای لێبکەیت بە ئاسانی تێکی بشکێنیت.
- ئەم رێنماییە بە کەسی لێهاتوو جێبەجێ دەکرێت، لەناو رێکخراوێکی سیاسییدا، کە ئامانجەکانی لە ئامانجی پارتیی و یەکێتییەوە دووربێت.
- هەرگیز رێگا مەدە ئەو کارەی دەستت داوەتێ، وازی لێبهێنی و بە بەتاڵی لێی بچیتە دەرێ . کاتێک مرۆڤ کارێکی لە دەست دەچێت، دوو رێگا دەکەوێتە بەردەمی: کۆڵنەدان و بەردەوامی تا سەرکەوتن، یان وازهێنان و تەسلیمبوون. بە وازهێنان مرۆڤ زیاتر دەڕوخێت. 
- درۆ لەگەڵ خۆتدا مەکە، ئەوەی لە تواناتدایە بەردەوامی پێ بدە. روسەکان وتەیەکیان هەیە، دەڵێن: مرۆڤ بە درۆیەک هەنگاوێک دەچێتە پێشێ، بەڵام  بەو درۆیە، یان بە درۆیەکی تر هەرگیز ناتوانێت بگەڕێتە دواوە.
-  گرنگە متمانەی خۆت نەدۆڕێنیت و خیانەت لەگەلی خۆت نەکەیت. چیت لە توانادایە بیکە، لە دوژمنەکانت خۆش مەبە. شوێن و لانەی خۆت چۆڵ مەکە، هەوڵ بدە تۆ بەوی چۆڵ بکەیت، ئەگەر دڵنیا نەبوویت، کە هەنگاوەکانت بەرەو پێشەوە دەچن، هەنگاو بەرەو دواشەوە مەنێ.
- ئەگەر دوژمنەکەت دڵرەق بوو، با وا بزانێت تۆ دڵت نەرمە، لە کاتی خۆیدا دڵت لەو رەقتر بێت دەستی لێبوەشێنە، تا ئازاری پێ دەگات و ناچار دەبێت واز لە دڵڕەقیی و ئازاردانی تۆ دەهێنێت.
- مانایەکی جوان بدە بە خۆشەویستی و لێبوردن، لە سەرانی پارتیی و یەکێتی و بەرپرسەکان خۆش مەبە، لێبوردن لەمان هیچی کەمتر نییە لە هەڵەی لێخۆشبوون لە داعشەکان. هەموویان دەبێت دادگایی بکرێن و سزا بدرێن. ئەگەر دوژمنەکەت باش نەناسیت، خۆشت دەبیتە دوژمنی خۆت و نەتەوەکەت.
- ئەگەر کورد ئەم رێنمییانە پەیڕەو بکات، دەبێتە گەلێکی سەرکەوتوو، مێژوو بە لای خۆیدا وەردەچەرخێنێت و بە شێوەیەکی دیکە دەتوانێت ببێتە هێزێکی کاریگەر و بەرەو رووی دوژمنەکانی ببێتەوە.