ئەو پەرلەمانتارانەی کورد لە بەغدا کە دژی میللەتەکەیان وەستاونەتەوە

Monday, 31/08/2020, 0:26

2231 بینراوە


حەمە رەشید هەرەس لە نامەکەدا کە تایبەت بۆ (باسنیوز)ی ناردووە، نووسیوویەتی:


چەند دەنگێکی نەفرەتیی کوردی لە کوردستانەوە تۆمار کراون و لە بەغدای پایتەختی نەگبەتی بۆ کورد، لێ دەدرێنەوە، ئەویش دژایەتیی ھەموو ھەبوونێکی کوردە و نھێنگرانە لاقی ھەنگاوە نەتەوەییەکانی کورد ئەگرن کە پارتیی رابەرایەتیی دەکات و ئامبازی پیرۆزییەکانی نەتەوەکەمان دەبن کە جەنابی سەرۆک بارزانی نوێەرایەتی دەکات. ئەوەی جێگەی داخە ئەم پەرلەمەنتارانەی کورد لە بەغدا لە ھیچ دژایەتییەک و بیانوویەکی قێزەون ناپرنگێنەوە”‌.
 ئەمانە: ”ئەو بێ دایک و باوکانەم بیر دەخەنەوە كە لە سەردەمەکانی ئەتاتورکدا، كاتێك جینۆسایدی شۆڕشەکانی کوردی دەکرد، زۆر لە منداڵانی کورد بێ باوک و کەسوکار دەمانەوە، ئەتاتورک خۆی بەخێوی دەکردن و ناویان لێ دەنان کەمال (بە ناوی کەمال ئەتاتورکەوە)، کە گەورە دەبوون، بە دوژمنایەتیی کورد گۆش دەکران و ئەمانە گەورەترین زیانیان بە بزووتنەوەی ئازادیخوازیی کورد دەگەیاند”.
”ئەم کوردە ناپاکانەی ئێستاش کە کەس نازانێت کوڕی کێن؟ لە چ خانەوادەیەکن؟ مێژووی ژیانیا‌ن لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە؟ بە چ نەجابەتێکەوە لەجیاتی کورد قسە دەکەن؟ چ سەرمایەیەکی ھەڵوێستی جوانی ئیستا و داھاتوویان ھەیە؟ ئەی بە چ مافێک دژایەتیی ھەموو ھەبوونیکی کورد دەکەن؟ ئەی بە چ مافێک رەنجی ئەو ھەموو خەباتەی کورد بە با دەدەن کە جەنابی سەرۆک بارزانی خەباتی بۆ کردووە؟ ئەم ئەزموونەی ئەمانە دژی بوونەتەوە، زادەی خوێنی ملیۆنەھا خێرنەدیوی کو‌ردە، ئەی بە چ سەروەرییەکیانەوە دەستیان ناوەتە بینی نەتەوەکەمانەوە؟”.
 “لە سەردەمی شێخ مەحموودی نەمردا، ئەو کاتەی جاڕی دەوڵەتی کوردی درا، ھەندێک خویندەوار بە دنەی ئینگلیز و وەستاکانی سایکس بیکو، نامەیەکیان ئاراستەی (ساحیب) ئینگلیز لە بەغدا کرد، کە ئەمان لەگەڵ دەوڵەتی کوردی نین و دەیانەوێت لەژێر دەسەڵاتی عێراقدا بن، نامەیەکی پڕ شەرمەزاری، ھەر کوردێکی ئابڕومەند بیخوێنێتەوە عارەق دەردەدا، ھەموو پاساوێکی ئەم ناپاکانەش ئەوە بوو ھاواریان دەکرد، ئەگەر لە عێراق بێینە دەرەوە، تووتنەکانمان بە کێ بفرۆشین؟”.
 ”ئەوانەی ئەو ناماقووڵییەیان کرد، لە خانەوادە ناودارەکانی کورد بوون، حەسوودییان بە شێخی نەمر دەبرد، ئاخر ئەو قوڕەی ئەوان بوو بۆ کوردیان گرتەوە و بۆردومانی سلێمانیی بەدوای خویدا ھێنا و دوای ئەوەش ئەو ھەموو کوشتار و کیمیاباران و ئەنفالەی بە دوای خۆیدا هێنا، ئەوان بیانووە سەرەکییەکەیان فرۆشتنی تووتن بوو. ئەی ئەمان بیانوویان چییە؟ خۆم وەڵامیان دەدەمەوە، بیانوویان فرۆشتنی ئابڕومەندی و سەرفرازی و بەرزیی دەروونییانە، کە خاوەنی نین و نابن”.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە