ڕوونکردنەوەیەک بۆ ئەوانەی پێم دەڵێن بۆ دژایەتی ئاینەکەم دەکەی!

Saturday, 19/02/2022, 22:44

5662 بینراوە


 ئاشکرایە کە زۆربەی هەرە زۆری بابەتەکانم زانستین و یان ڕەخنەی زانستین لە قورئان، ئەمەش هەمووی وەک کاردانەوەیەکە بۆ ئەوانەی دەڵێن قورئان پڕە لە زانست.
 من هیچ کێشەیەکم نییە لەگەڵ ئەو موسڵمانەی وەک پرسێکی باوەڕداری (ئیمانی) دەڕوانێتە بابەتەکانی ئاینەکەی و دەقی کتێبە (پیرۆزەکەی)، هەروەها مرۆڤانە ڕەفتار و هەڵسوکەوت دەکات لەگەڵ هەمووان.
 گرفتی من تێکەڵکردنی ئاین و زانستە، کێشەی من درۆکردنە بەناوی زاناکان و پینەکردن و ملبادانی دەقە ئاینییەکانە بۆ بەزۆری گونجاندنیان لەگەڵ بوارە زانستییەکان.
 بەم نموونە سادەیە مەبەستەکەم ڕوون دەکەمەوە؛
 - من کێشەم نییە موسڵمانێک بڵێت: پێغەمبەرەکەمان وەک موعجیزەیەک مانگی دوولەت کرد و پاشان بە ویستی خوا بەتەواوی وەک خۆی لێهاتەوە.
 - من کێشەم ئەوەیە موسڵمانێک: درۆ بەناوی زاناکانەوە بکات و بڵێ سەلماندوویانە کە لە ڕۆژگارێدا مانگ دوولەت کراوە و شوێنەوارەکەی ئێستەش ماوە!
 ﴿اقْتَرَبَتِ السَّاعَەُ وَانْشَقَّ الْقَمَرُ﴾ {1 القمر}
 کاتەکە نێزیک بووەوە و مانگ لەت بوو.
 پێش ماوەیەک کەسێک بە مەبەستی پشکنین و لێکۆڵینەوە لە ڕاستییەتی ئەو بانگەیەشەیە پرسیار لە ناسا دەکات، ئایە ڕاستە خوا لەسەر داوای موحەمەد مانگی دوولەت کردووە؟ دەرەنجامی ئەمە زانا (بڕاد بایلی) پسپۆڕ لەم بوارەدا، وەڵامێکی یەکلاییکەرەوەی موسڵمانانی دایەوە و بەتەواوی ئەو مشتومرییەی نەهێشت، کاتێک گوتی: "هەرچەندە پێشتریش وەڵامی ئەم پرسیارە دراوەتەوە، بەڵام با بۆ جارێکی دیکە دووبارەی بکەمەوە. ئامۆژگاریم بۆتان ئەوەیە باوەڕ بە گشت شتێک مەکەن کە لە ئەنتەرنێتدا بڵاو دەکرێتەوە. تەنیا ئەو تۆژینەوانەی زۆر بەوردی لەلایەن زاناکان و شارەزایان لەو بوارانەدا دەپشکندرێن و هەڵدەسەنگێنرێن ئەوانە ڕاستن و دەکرێ وەک سەرچاوەیەکی زانستی باوەڕ پێکراو وەربگیرێن.
هیچ بەڵگەیەکی زانستی نییە، لەسەر ئەوەی مانگ لە سات و سەردەمێکی ڕابردوودا بووبێتە دوو لەت، یان زیاتر و پاشان وەک خۆی لێ هاتبێتەوە." (بڕاد بایلی، ئەندامی دەستەی زانایانی ناسا بۆ زانستی مانگ، 21/6/2010)*


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە