رەمەزان

Friday, 01/04/2022, 0:41

8545 بینراوە


لەم مانگەدا، سەرەکیترین مافی هەر مرۆڤێک، کە بریتییە لە خواردن و خواردنەوەی ئازادانە، لێی دەسەنرێتەوە. لەبەر ئەوە، زۆربەی شارۆمەندانی ناموسوڵمانی دانیشتووی وڵاتانی ئیسلامی، ناچارن پەیڕەو و ملکەچی ئەم دەستوورە ببن، وە لە ئەگەری یاساشکێنیدا، دادگایی دەکرێن و پاش چێشتنی سزایێکی جەستەیی و دەروونی، غەرامەیەکی ماڵیش دەدەن بەبان سزاکەیاندا! سەرباری ئەم زوڵمە، بەهۆی هاڕاندن و قیژ و هۆڕی بانگخوێنی مزگەوتەکانەوە، حەوانەوەی شەوانەشیان لێ دەسەنرێتەوە، بەتایبەت لە نیوەی شەو و لە جەنگەی خەودا، وە بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی کە ماڵەکانیان لە دەوروپشتی مزگەوتەکانە، یان چینی کرێکار و پیشەساز کە بەهۆی ئیشی ڕۆژانەوە ماندوو دەبن و تەنیا خەوی شەوانە ماندوویەتییان بەدەر دەکات.
بە ڕۆژیشدا، فڕێدانی بەڵغەم و بۆنی دەمی ڕۆژووەوان، کە گوایه لە بۆنی میسک خۆشترە بەلای خوداکەیانەوە، دیمەنێکی تری نائاسایییە لە ڕەمەزاندا. لەولاشەوە، بەهۆی فشاری برسێتی و تینوێتی زۆرەوە، کە بەسەر ڕۆژووەواندا دێت، ژبۆ ئەوەی زووتر بۆ ماڵەوە بگەن و ڕۆژووەکەیان بشکێنن، بە هەڵپە و پەلەیێک لە کاتی بەربانگدا دەکەون، کە بایسی دروستبوونی پاڵەپەستۆ و ئاپوورە لە ڕێگاوباندا دەبێت، کە هەندێجار ڕووداوی هاتوچۆیشی بەدواوەیە! ڕووگرژی و هەجمەی سوکایەتی و توانج، کە لە جانیبی موسوڵمانەوە ئاراستەی شارۆمەندانی ناموسوڵمان دەکرێت، بە هۆی ئەوەی جەنابی بەو ئەرکە هەستاوە و ئەوان دەگەڵی هاودەنگ نەبوون، کێشەیەکی ترە کە دەبێت ناموسوڵمان لە ڕەمەزاندا دەستوپەنجەی لەگەڵ نەرم بکات! لەلایەکی ترەوه، بازاڕ بەهۆی سستی و بێ‌وزەییی ڕۆژووەوانەوە وێستاوە، بەتایبەت لە هەندێک وڵاتدا، بەهۆی داخستنی چێشتخانەکان، ڕێگرن لەو کەسانەی کە بژێوی ژیانیان تەنیا لەم ڕێگەیەوە دابین دەکەن، وە بەتایبەت وڵاتێک کە ڕووبەڕووی قەیرانی دارایی بووبێتەوە، کە ئەگەر ڕۆژێک بێڪار بمێنیتەوە، توانستی دابینکردنی خوانی ئێوارەشت نامێنێت.
ئەمانە و چەند نموونەیێکی تر، کۆمەڵێک لەو کێشه و ئاریشانەن، کە ساڵەوساڵ ڕووبەڕووی تاکی ناموسوڵمان دەبێتەوە. جگە لەوانە، بە چەواشەکردنی خەڵک هەڵدەستن بەوەی کە گوایە ڕۆژوو بۆ تەندروستیی مرۆ چاکە، لەحاڵێکدا تاکە هەدەفی واجبکرنی ڕۆژوو بۆ گەلی موسوڵمان، تەقواکارییە و هیچی تر، وەکو لەم ئایەتەدا ئاماژەی پێ کراوە:
البقره٫١٨٣ يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا كُتِبَ عَلَيْكُمُ الصِّيَامُ كَمَا كُتِبَ عَلَى الَّذِينَ مِن قَبْلِكُمْ لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ.
بەڵێ، چیرۆکی خودایێک، کە یازدە مانگ لە ساڵێکدا لە بێتەقواییی موسوڵمانان نائومێدە و، مانگێکی وەک سزایەک داناوە، بە ئومێدی ئەوەی تۆسقاڵێک دەست لە تاوان بپارێزن!
ـ زۆر جاران لەلایەن بانگخوازی دوازدە جەهلی ئیسلامییەوە دەبیسترێت، کە ڕۆژوو لە ڕووی زانستییەوە بۆ جەستە بەسوودە، بۆ ئەمەش پەنا بۆ وشەی (فەستینگ، Fasting) دەبەن و دەڵێن لە ماڵپەڕە زانستییەکاندا ناوی هاتووە و بە واتای ڕۆژووی ئیسلام دێت و گشتیان دەم لە قازانجی ڕۆژووی ئیسلامی دەکوتن و دەڵێن سەبەبی نۆژەنکردنەوە و ڕاماڵینی خەوش و ژەنگی جەستەی مرۆڤ دەبێت و کۆمەڵێک چەواشەکاری دی! ئاخر بانگخوازانی ئیسلام فێرن لە دەستپێکدا مانا و واتایێکی هەڵە بۆ دەستەواژەکان داتاشن، پاشان کۆمەڵێک قسەی لەرزۆکی لەسەر کەڵەکە بکەن، بۆ ئەوەی پەیامەکەیان زانستییانە پیشان بدەن، ئەگینا خۆشیان باش دەزانن کە نەخواردنی ئاو بۆ ماوەی سەروو دە کاتژمێر، لە هیچ قامووسێکی پزشکیدا بە باش نازانرێت، بەتایبەت لە ڕۆژگاری درێژی بەهار و گەرماگڕی هاویندا.
ـ پێناسەی فەستینگ لە ڕووی زانستییەوە بریتییە لە:
یەک یا چەند ڕۆژ برسێتی کێشان لە حەفتەدا.
each day, or a few days of the week starve.
ئەمە هیچ‌ پەیوەندییەکی بە ڕۆژووی ئیسلامییەوە نییە، کە یەک مانگی تەواو نەک خواردن، بەڵکوو نابێ ئاویش بخورێتەوە.
لەم فەستینگەدا کە بە (IF) ناسراوە، خواردنی ئاو، قاوە، چای و سەرجەم ئەو خواردنەوانەی کالۆرییان تێدا نییە، وا باشە کە بخورێنەوە. 
Water, coffee, tea and other non-caloric beverages are fine.
بەتایبەت قاوە بەدرێژایی ڕۆژ دەتوانێت سوودمەند بێت، چونکە کاریگەری برسێتی کەم دەکاتەوە.
Coffee can be particularly beneficial during a fast, as it can blunt hunger.
لە درێژەی ئەم باسەدا، بابەتێکی پرۆفیسۆر «ویلیام جەرڤیس»م وەرگێڕاوەتەوە، کە لەمەڕ ڕۆژوو بەیانی کردووە و باشە کە بخوێنرێتەوە. مامۆستای پێشووی زانکۆی پزیشکیی لۆما لیندای ئەمریکایە و پسپۆڕە لە واری تەندروستیی گشتی و ئاو و ڤاکسیناسیۆن. 
Fasting
William T. Jarvis, Ph.D
ڕۆژوو واتە دەستکێشانەوەی خۆویستانە لە خواردن و خواردنەوە، یان تەنیا خۆگرتنەوە لە خواردن بۆ ماوەیێکی دیاریکراو. لە مێژوودا پێشینەیێکی درێژی هەیە، کە بەهۆکاری جیاوازی دینی و سیاسی ئەنجام دەدرا. هەندێک لە پزیشکانی ئایینی، بۆ پاساو هێنانەوە و داتاشینی سوودمەندی ڕۆژوو لە ڕووی زانستییەوە، وەک خاوێنکردنەوەی جەستە، یا چارەسەرکردنی هەر دەردێک، یادی دەکەن. دەشێت لەوانە ئاماژە بکرێت به هێربێرت شڵتۆن، نووسەری کتێبی (fit for life) کە لە ساڵی ١٩٨١ بڵاو بووەوە و سیخناخ لە زانیاریی زانستیی هەڵە بوو.
بەپێچەوانەوە، ڕۆژوو پاکسازیی جەستە ناکات و نابێتە هۆی حەوانەوەی جگەر. بەڵکو بایسی کەڵەکەکردنی ژەهر لەناو جەستە و نەخۆشیگەلی جگەر دەبێت. چونکە فشارهێنان بۆ گورچیلە، دەبێتە هۆی کەڵەکەکردنی دەردانە ژەهراوییەکانی وەک یۆریا. دەبێت ئەوە بزانن، کە ئێوە ڕووبەڕووی هەوکردنی جگەر، نەخۆشییەکانی گورچیلە، خوێن، دڵ، هەوکردنی جومگەکان، نەخۆشی دەمار و نەخۆشی دەروونی، یان تەنانەت شێرپەنجە (بەپێی دۆخی بۆماوەیی‌، یان خاڵە لاوازەکانی پێکھاتەی لەشتان) دەبنەوە.
گۆڕانکارییە کیمیایییەکان لە خوێندا بەدرێژایی ڕۆژ، دەتوانێت کۆمەڵێک کاریگەری مەترسیداری لەسەر کۆسیستمی لەشدا هەبێت. لەوانە ئەگەری ژەهراویبوونی ئەستێمینەوفن، کە لەگەڵ هەندێک لە دەواکاندا ڕوو دەدات. شێواندنی هاوسەنگیی گەرمیی لەش، تینوێتی لەڕاددە بەدەر، لاوازی و کەمبوونەوەی خۆراکێک که پێویستە بۆ شانەکانی لەش، بەشێکی دیکەن لە لایەنە نەرێنییەکانی ڕۆژووگرتن. هەروەها دروستبوونی حاڵەتی عەسەبی دەگەڵ سەرئێشە و بێخەوی و ماندوویەتی لەڕاددە بەدەر، کۆمەڵێکی ترن لە زیانەکانی ڕۆژووەوانی.
ئەودەمەی بەیەن دووچاری کەمبوونەوەی وزە دەبێتەوە، لەپڕۆسەیێکدا کە ناوی کاتابۆلیسم‌ـه، دەست بە شکاندنی ماسولکەکان و شانە پڕۆتینییەکانی تر دەکات و دەیگۆڕێت بۆ وزە. ئەم کاتابۆلیسمە (لە حاڵەتی ڕۆژوودا)، لەڕاستیدا بەجۆرێک «خۆخۆری» هەژمار دەکرێت و بە دروستڪردنی (ئەمۆنیا و یوریا، Ammonia and urea) سەبەبی پتربوونی ترشێتی خوێن دەبێت. دەرەنجامی ترشێتی خوێن، دەبێتە هۆی لاوازی، ماندوویەتی زۆر، خولق وخووی توند، خەمۆکی، کەمکردنەوەی مەیلی جنسی و هەستکردن بەناڕەحەتی.
ڕۆژوو بەبێ لە ژەهراویکردنی خوێن بە کەرەستە ترشییەکان، ڕێگرە لە دەردانی تەواوی ئەو مادە ژەهراوییانەی لەجەستەدایه. ڕۆژوو دەبێتە هۆی زوو لەدەستدانی ئاو و پۆتاسیۆم و سۆدیۆم. کەمبوونەوەی ئاو، دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی خوێن و لە دەرەنجامدا دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی فشاری خوێن و بەدوای کەمبوونەوەی فشاری خوێنیشدا، تووشی سەرگێژە و هەست بە زوعف و بوورانەوە دەکەینەوە. پاشان لەدەستدانی زۆری پۆتاسیۆم، دەبێتە هۆی تێکچوونی ڕیتمی لێدانی دڵ و لەوانەیە لە کۆمەڵێک حاڵەتدا ببێتە هۆی مەرگی ڕۆژووەوان.
ئەو کەسانەی بەڕۆژوو دەبن، دەکرێت تووشی کەمخوێنی و لاوازی بەرگری بەیەن و زیانی گورچیلە و جگەر ببن. هەروەها برینی گەدە و ڕیخۆڵە، یان ناساغی کۆئەندامی هەرس دەکرێت تاکو چەند حەفتە، یا چەند مانگ دەوامی هەبێت. ڕۆژوو بەتایبەت بۆ منداڵان مەترسیدارە. لەدەستدانی زۆری ئاو، دەبێتە هۆی قەبزی و دروستبوونی بەردی گورچیلە و کەمبوونەوەی ئاستی هۆشیاری.
جگە لەمێشک کە پتر لەهەر ئۆرگانێکی دی لە لەشدا، بەردەوام پێویستی بە گلۆکۆز هەیە و کەمبوونەوەی گلۆکۆز دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە مێشک، هاتنەخوارەوەی زۆری شەکری خوێن لە دەرەنجامی ڕۆژوودا، دەبێتە هۆی ئەوەی جەستە لەبۆ دابینکردنی کالۆری پێویست، دەست بە شیکردنەوەی شانەی ماسولکەکان و پڕۆتینەکانی تری لەش بکات. ئەنجامی ئەم خۆخۆرییە، دەبێتە هۆی لاوازی و ماندوویەتی و خەمۆکیی ڕۆژووەوان.
لە کۆتاییدا، داواتان لێ دەکەم لە ڕۆژووگرتن بۆ ماوەیەکی درێژ خۆتان بپارێزن. ئەگەر ڕۆژووەکەتان ئاو نەخواردنیشی تێدایە، زیاتر لە ٦ سەعات ئیدامەی مەدەن، ئەگین چاوەڕێی زیانەکانی بن لەسەر تەندروستیتان.

لینکی بابەتەکە بەزمانی سەرەکی:


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە