هەولێر (بەشی دووەم)

Monday, 11/04/2022, 23:28

7464 بینراوە


لەوەش زیاتر، پاش ئەوەی هەردوو حیزبەکە لە هەڵبژاردنەکەی ١٩٩٢ دا، هەر یەکەو پەنجا کورسی پەرلەمانە هەرێمییەکەیان بۆخۆیان برد، مەکتەبی سیاسی حیزبەکان دابەشکردنی یەکسانی کابینەی وەزاریان سەپاند، هەروەها لەراستییدا، لەتەواوی پۆستە نوێیە ئیدارییەکانی دیکەش. بەتایبەتی لە ریزەکانی پۆلیس و مامۆستایان. سیاسەتی فیفتی-فیفتی، پێگەی هەردوو حیزبەکەی لەکۆمەڵگادا بەهێزکرد. پارلەمان و حکومەت تەنیا لەپیاوەکانی پارتی و یەکێتی پێکدەهاتن. لەدانیشتنێکی پارلەماندا لە ئابی ١٩٩٤دا، لەلایەن نوێنەرانەوە هەردوو سەرکردەی حزبەکە بەتوندیی رەخنەکران بەهۆی ئاکاریانەوە کە نەیانتوانیوە ململانێی چەکدارییان بۆ هەتاهەتایە وەلابنێن. هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆ لەمایۆی ئەو ساڵەدا، نەک هەر تەنیا رکابەری و ململانێی نێوان پارتی و یەکێتی هەڵکشان، بەڵکو هەروەها کاریگەریی لەسەر زێدەبوونی ناهاوسەنگیی هێزو دەسەڵات هەبوو لەنێوان دەزگا هەڵبژێردراوەکان و مەکتەبی سیاسی حیزبەکان. (Leezenberg 1997b; cf. Aytar 1995)  .
زۆربەی هێزەکانی دیکە، دەرفەتی کەمتریان لەبەردەستدابوو بۆ ئەم جۆرە مەحسوبییەتە، تەنیا بزوتنەوەی ئیسلامی لەکوردستانی عێراق ئەو لایەنەی دیکە بوو کە سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێنابوو لە تەیارکردنی دانیشتووانە شارەکییە هەژارەکە، بەوابەستەکردنیان بەخۆیەوە لەرێگەی هەندێک چالاکی خێرخوازییەوە.
بەدەر لەو دەرفەتانەی کار لەبواری پێشمەرگایەتیی و فەرمانبەریی کە بەحیزبەکانەوە پەیوەستبوون، ئەم حیزبانە بۆئەوەی وەک هەوڵێک بنکەی جەماوەری خۆیان فراون بکەن، هەستان بەشێوەیەکی گشتیی خۆیان گرێدا بە موستەشارە کۆنەکانی بەعس و سەرۆک عەشیرەتەکانەوە. هەر لەساڵی ١٩٩١بەرەو سەر، ئەو دوو حیزبە کەوتنە رکابەرییەکی توند بۆ هاوپەیمانی لەگەڵ کەسایەتییە دەسەڵاتدارو لۆکاڵییەکان، جا سەرۆک عەشیرەتەکان بن یان ئەوانەی کە لەساڵانی ١٩٨٠کاندا پێگەی گرنگیان وەدەستهێنابوو. حیزبەکان بۆ بەئامرازکردن و سوودلێوەرگرتن لەتۆڕەکانی مەحسوبییەت، بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئەو ناوەندگیرە دەسەڵاتدارە نێوخۆییانەی بەهێزکردن، هەرچەندە ئەم وەفادارییەی بەو شێوەیە دروستبوو تاڕادەیەک لەبەردەم مەترسییدا بوو. رێکەوتی وا هەبوو کە بەشێک لەعەشیرەتێک لەگەڵ یەکێتی و بەشەکەی تریان لەگەڵ پارتی دەکەوتن (تەنانەت هەندێک لەعەشیرەتەکان لەهەمان کاتدا پەیوەندیی خۆیان لەگەڵ بەغداش دەپاراست) هەروەها خێڵ و عوشیرەتەکانیش توانای ئەوەیان هەبوو هەڵوێستی خۆیان بەئاسانیی بگۆڕن، کاتێک هەستیان دەکرد کە لایەنەکەی دی شتێکی زیاتری هەیە پێشکەشیانی بکات. ئەم سەنگەر گۆڕینە چەندین جار دەبوو هۆی هۆکاری هەڵگیرساندنی شەڕو پێکدادانی گەورە لەنێوان پارتی و یەکێتیدا. بەم شێوەیە شەڕی ناوخۆ لە مایۆی ١٩٩٤دا، لەنێوان هەردوولادا هەڵگیرسا، بەهۆی ناکۆکیی لەسەر پارچە زەوییەک لەقەڵادزێ، لەنێوان موڵکدارێکی خێڵەکیی و جووتیارانێکی ناخێڵەکیی. بەهەمان شێوە لە نۆڤەمبەری ١٩٩٤دا، ئەو راستییەی کەبەشێک لەعەشیرەتی هەرکی، سەنگەری خۆیان لەنێو پارتییەوە گۆڕی بۆناو یەکێتی، ئەوەش رووداوێکی سەرەکیی بوو بۆ ئەو شەڕەی کە دواتر بۆ کۆنترۆڵکردنی هەولێر هەڵگیرسا.  (Leezenberg 1997b: 66; cf. McDowall 1996: 386-7). بەگشتیی، بۆ سەرۆک خێڵ و عەشیرەتەکان سوودی زیاتر لەوەدا بوو کە پێگەیەکی دژبەیەک لەنێوان هەردوو حیزبەکەدا بپارێزن.
لەنێوان پارتی و یەکێتیدا، بەدەگمەن جیاوازییە ئایدیۆلۆژییەکان و کاری چینایەتیی لەبنەڕەتدا رۆڵێکی گرنگی لەرکابەری سیاسی نێوانیاندا بینیوە لەپێش هەڵبژاردنەکەو پاش ئەویش. زۆر لەحیزبە کۆمۆنیستەکان ئۆفیسیان لەهەولێر هەبوو وەک (حیزبی شیوعی عێراق ، حیزبی زەحمەتکێشان، هەروەها چەند گروپی کۆمۆنیستی جیابۆوەی دیکەی وەک پارتی کاری سەربەخۆی کوردستان و رەوتی کۆمۆنیست) بەڵام ژمارەی ئەوانە ئاماژەیە بۆ ئەو کارەکتەرە وەهمییەی کە ئەم هێزانە هەوڵی ئەنجامدانی کاری یەکگرتوو بدەن بەقازانجی چینە هەژارەکان. هەندێک لەم پارتانە وایان بەباش زانی کە بۆ زێدەکردنی نفوزی سیاسی خۆیان ، خۆیان لەگەڵ هەڵوێستی زلحیزبەکان بگونجێنن.  
تەنانەت پارتی پارێزگارانیش کە حسێن ئاغای سورچی سەرکردایەتی دەکردن و لەلایەن بریتانیای مەزنیشەوە پاڵپشتیی سیاسی  و رێکخراوەیی دەکرا، زۆر بە زەحمەت دەتوانرێت بوترێت کە لەسەر بنەمای چین دامەزراوە. وێڕای ئەو راستییانەی کە دەوترا ئامانجی سیاسی سەرەکی راگەیاندراویان بریتیە لە پاراستنی رۆڵی سیاسی سەرۆک خێڵەکان. هەروەها بەشێوەیەکی بایەخدار، راکێشانی وەبەرهێنانی بیانییش. ئەو پارتە بەشێوەیەکی سەرەکی لەو سەرۆک خێڵ و عەشیرەتانە پێکدەهات کە پێشتر موستەشاربوون و نەیاندەتوانی یان حەزیان نەدەکرد خۆیان بدەنە پاڵ پارتی یان یەکێتی.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە