شۆڕشی هێلکەباران

Sunday, 24/04/2022, 22:46

12644 بینراوە


لەمەودوا ئیتر هێلکە دەبێتە سمبول و دروشمێکی پیرۆزو گرنگی شۆڕشی نوێی دژە گەندەڵی. ٣١ ساڵە تەنها چەکی دەستی هاوڵاتیانی مەزڵوم و چەوسێندراو، تەنها قەڵەم و لافیتەو موکەبەڕەی خۆپیشاندانەکانە. بەڵام لەمەودوا هێلکەش کەرەستەیەکی کاریگەری ئەو شۆڕشە مەدەنیە دەبێت، کە دژی مافیاو بکوژو چەتەو جەللادەکانی وڵاتەکەمان بەرپابووەو ڕۆژ دوای ڕۆژ فراوانتر دەبێت. هێلکە لە فیشەک گرنگترو کاریگەرترە. چونکە فیشەک یەک جار مرۆڤ دەکوژێت، بەڵام ئەو هێلکانەی بە مەسڕور بارزانییەوە نران، هەموو دەقەیەک دەیکوژێت. ڕاستە هێلکە بە جەستە مەسڕوڕی نەکوشت. بەڵام بەڕای من لە ناخەوە بەجۆرێک وێرانی کرد کە هەڵچونێکی دەرونی زۆری لادروست بووە. بەڕادەیەک بۆ دامرکاندنەوەی ئەم هەڵچون و ئازارە ڕۆحییەی مەسڕوڕ بارزانی، ئەوا بەر لە گەڕانەوەی بۆ کوردستان، حیزبەکەی بەهەزاران لایەنگری خۆیان بردە پێشوازی و بە گوڵ پێشوازییان لە مەسڕوڕ کرد، بۆئەوەی کەمێک لەو ئازارە ڕۆحیەی بۆ کەم بکەنەوە، کە بەهۆی هێلکە بارانکردنەوە لەلایەن ڕەوەندی کوردی لە بەڕیتانیا لەبەرامبەری کرا. 
ئاخر کاتێک تۆ ٣١ ساڵە هاوڵاتیان فیشەکباران دەکەیت، نەوت و تەواوی سەروەتەکەی دەدزیت، ئازادیت خنکاندووە، چالاکوانانی مەدەنی و سیاسییت بە ناهەق سجن کردووە. شەش ملیۆن کەس دەچەوسێنیتەوە. دەی دەبێت چاوەڕێش بکەیت کە لە فرسەتێکا هاوڵاتیان هێلکە بارانت بکەن. دەبێت ئاوا ئابڕوت بەرن و شەرمەزاری بەردەم وڵاتانی ئەوروپات بکەن. 
لایەنگرانی حیزبەکەت پێتدەڵێن برا گەورە، بەڵام من پێت دەڵێم کەری گەورە. ئاخر ئێستا تێگەیشتیت ناخی پەنگخواردوی پڕ لە ناڕەزایی هاوڵاتیانی وڵاتەکەت چەندەو چۆنە؟ ئێ خۆ هەموو ئەوانەی لە بەریتانیا هێلکەبارانیان کردیت و ئابڕویان پێتەوە نەهێشت، هەمووییان ڕزگاریان بووە لە دەستی بکوژ و جەللادەکانی تۆ. بەڵام ئەوان دەبینن تۆو حیزبەکەت چۆن ڕۆژانە کەسوکاری ئەوان دەچەوسێننەوەو خۆتان لە ڕیزبەندی ملیاردێرەکانی جیهان ناوتان جێگیر بووەو دایکو باوکی پیرو پەککەوتەی ئەم گەنجانەش ڕۆژانە لەسەڕەی وەرگرتنی بڕێکی کەمی موچەی خانەنشینیدا دەبورێنەوەو هەر لەم دوو مانگی ڕابردوشدا چوار بە ئیختیاری خانەنشینکراو لەسەرەی وەرگرتنی موچەدا کەوتنە بەر پێی خەڵک و قەڕەباڵغی و مردن. 
دەی ئاخر ئەم گەنجانە با خۆشیان لە ئەوروپا بن و لە مەترسی تۆو لایەنگرانت ڕزگاریان بوبێت، بەڵام ناتوانن ئەم ناهەقییە هەتا سەر لە تۆ قبوڵ بکەن. ناتوانن هێلکەت تێنەگرن، لەکاتێکدا زۆر زۆر دڵنیان ئەگەر لە ژێر دەسەڵاتی تۆ بونایە، ئەگەر تەنانەت هێلکەیان گرتبایە وێنەکانیشت ئەوا گوللە باران دەکران. چونکە بینیمان لە ١٧ی شوباتدا کە گەنجانی سلێمانی تەنها بەردیان گرتە جام و دیوارەکانی بارەگای لقی ٤ی حیزبەکەت، کەچی بەفەرمانی باوکت تەقەیان لێکراو دەیان گەنجتان خەڵتانی خوێنکرد. 
کەری گەورە، ئەم جارە بەهێلکە شەرمەزار کرایت و ئاگری توڕەیی هاوڵاتیان لەناو ناخی خۆتدا کڵپەی سەند، بەڵام دڵنیابە ئەمجارە بکەویتە تەڵەی توڕەیی گەنجانی کورد لە ئەوروپا تف باران دەکرێیت. چونکە بۆئەوەی تێبگەیت کاتێک تۆی جەللادو بکوژ ناتوانیت تەقە بکەیت ئیتر ئاوا خەڵکی ناڕەزایی خۆی دەردەبڕێت و بۆئەوەی ئەوە بزانیت، کە ئەگەر لەکوردستانیش تەقە لە خۆپیشاندەران نەکەیت، ئەوا بەوجۆرە ڕیسوات دەکەن. ئەمەش لوتکەی دیموکڕاسییە. ئەم دیموکڕاسیەی خۆت و باوکت خنکاندوتانە. بۆیە ئێوە بە دیکتاتۆری و گوللەباران کردن نەبێت هەرگیز ناتوانن حوکم بکەن. بەڵام میللەت خوێن ڕشتنی ناوێت. بەڵکو شۆڕشی هێلکە هەرجارەو بەشێوازێک و لە سوچێکی ئەم دونیایەدا خۆیتان نیشان دەدات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە