دۆخی ئێستای عێراق و پارتی چۆن عێراقێکی دەوێ ؟!

Wednesday, 31/08/2022, 20:31

4235 بینراوە


دۆخی عێراق لە دوای پێکهێنانی هاوپەیمانێتی ڕزگاری نیشتیمانی لە نێوان ( سەدرو بارزانی و حەلبوسی و خەنجەر) ناسەقامگیرترەو و هیچکات عێراق دۆخی وا ترسناکی وەکو ئەوەی ئێستا بەخۆوە نەدیووە  ،هاوپەیمانێتی ڕزگاری نیشتیمانی پاڵپشتی گەورەی ئیقلیمی هەبوو هەریەک لە وڵاتانی ( تورکیا و ئیمارات و سعودیە ) ڕۆڵیان هەبووە لە دروستکردنیداو ئامانجیشیان لە دروستکردنی ئینقازی نیشتیمانی بۆئەوەبوو کە زیاتر دەستکراوەبن لە دەستێوەردان لە کاروباری سیاسی لەعێراق داو توانیان ململانێ نێوخۆییەکانی نێوماڵی شیعە و پێکهاتەو هیزە سیاسیەکانیان تۆختر بکەنەوە، بۆیە ئینقازی نیشتیمانی هێندەی کاری لەسەر لێکترازانی سیاسی دەکرد هێندە کاری بۆ یەکڕیزی و تەبایی سیاسی لە عێراق نەدەکرد لەپاڵ ئەمانەشدا  سیمای ئەجێندای دەرەکی بە هاوپەیمانەتییەکەوە دیار بوو وە بێ ئاگابوون لەوەی کەوتبونە ناو گەمەیەکی ئیقلیمی و لە پیناو مەسلەحەتی حیزبی و خیزانی و تائیفی رێگربوو لە هەلبژاردنی سەرۆک کۆمارو سەرۆکێکی نوێی وەزیران بۆ عیراق کە دواجار عێراق کەوتە ناو بۆشایی یاسایی و دەستورییەوە و بەم دۆخەی ئیستا گەیشتووە! 
دابەشبوونی کوردو شیعەو سوننە بەسەر بەرەی ئێرانی و تورکی  بە ئەگەری زۆرەوە نەک کێشەو ئاڵنگارییەکان لە عێراق  چارەسەر ناکات ، بەڵکو ئەگەری ئاڵۆزتریشی لێ دەکرێت ،لەپاڵ ململانێی نێوماڵی شیعە کە هەموو پرەنسیپ و وادە دەستوورییەكانی شكاندووە ململانێی و عوقده‌ی تائیفی پارتی دیموکراتی کوردستانیش لە بەغداد گه‌وره‌ترین كێشه‌ی نێوماڵی كورد و هێزە سیاسییەکان بووە ، ڕێکەوتنێکی بارزانی لەگەڵ (سەدرو حەلبوسی و خەنجەر) بە ناوی تێکشکاندنی سیاسەتی تەوافوقی سیاسی و دروستکردنی حکومەتی ئینقازی نیشتیمانی قسەی قۆڕو بێ مانا بوو نەک نەیتوانی حکومەتی زۆرینە پێکبهێنێت بەڵکو ڕۆڵێکی خراپی گێرا لە تێکدانی ئەو تۆزە هاوسەنگییەی کە بە هۆی تەوافوقەوە بونیاد نرابوو ، کورد هیچ سودێکی لەو ڕێکەوتنە ژێر بە ژێرانەی پارتی نەبینیووە کە لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان ئەنجامی ئەدات ، تاکە خەم و خەونی پارتی لە بەغداد پاراستنی بەرژەوەندیی حیزبی و خێزانی و خەونی پارتیش بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆککۆماری عێراقە کە لە هەموو هەلبژاردنێکدا بەربژێری هەبووە . 
هاوپەیمانەتیەکەی (بارزانی و سەدرو حەلبوسی و خەنجەر) توانیان دانیشتنەكانی پەڕلەمانی عێراق  پەك بخەن و وڵات بکەوێتە ناو بۆشایی یاسایی و دەستورییەوە ، واتە نە سەركۆمار هەڵبژێرن و نە حكوومەتیش دێتە پێكهێنان کە دیوی پشتەوەی نە سەرۆککۆمارو نە حکومەت سیناریۆو ئەجێندایەکی تورکی بوو کە هاوپەیمانەتیەکەی کۆتوبەند کردبوو پارتیش وەک بەرەیەکی هاوپەیمانەتیەکە ئەلقە لەگوێی ڕاسپاردەکانی تورکیا بوو لە بارەی عێراقەوە و ترسیان هەبوو لە هەنگاوەکانیان کە دڵی تورکیا نیگەران بکات ،بۆیە هێشتنەوەی دۆخەكە بەو شێوەیە رەنگە بۆ پارتی باشتر بێت ، تێکچوونی پەیوەندییەکانی عێراق و تورکیا هەتا لەشکرکێشی تورکیا بۆ سەر شنگال و ئابڵوقەدانی موسڵ بە پاساوی پەکەکە  هەر لە سودی پارتی و بەشێک لە سوننەکانەو ئەم هاتنەی تورکیایان پێباشە ! هەموو ئەمانە دەرخەری ئەوەن کە عێراق لاوازە پڕە لە دەستێوەردانی هەرێمایەتی و ڕێگاش بۆ دەستێوەردانی زیاتر خۆش دەکرێت . 
پارتی لە واقیعدا دەیەوێت کە عێراق بە جۆرێک هەبێت کە توانای دەوڵەتداری و لێپرسینەوەو کۆکردنەوەی داهات و سەروەری یاساو سزادانی تاوانباران و پاراستنی سنورەکانی لەگەڵ دراوسێکانیدا نەبێت، مەسەلەن هەمان ئەزموونی شکستخواردی کابینەی نۆیەم لە شەڕی نان و ئاوو کارەباو سوتەمەنی و بێکاری و ئازادی و نەبوونی موچە بگوازنەوە بۆ عێراق و لە واتا ڕاستەقینەکەی حکومەتداری دایبماڵن و هەموو پرەنسیپ و موراڵ و بەها دیموکراتیەکان  ژێر پێ بخرێت و خەسڵەتی فرەیی لە عێراقدا نەمێنێت و جێگای ئەو تۆزە لە جیاوازی ئاین و کەلتورو نەتەوەو گروپی جیاوازی تێدا نەمێنێتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە