ئەرکی نەتەوەیی ئێستای ئێمە لە باشووردا

Monday, 26/09/2022, 12:07

3677 بینراوە


ئێمە وەک بەشێک لە نەتەوەیەکی دابەشکراو، کە لە باشوورداین، ئێستا ئەرکی نەتەوەییمان داوامان لێ دەکات کە:
ئەلف: سەرکردەیەتی ئەو گرووپانەی ناویان لە خۆیان ناوە (حیزب) وەک بەڕێوەبەرانی کۆمپانیای ( فرۆشتنی زەوی و زار ) چاو لێ بکەین، نەک سەرکردەی سیاسی خاوەن پڕۆژەی نەتەوەیی، دەنا گومڕا و ڕووڕەش و ڕەنج بەخەسار دەبین.
بێ: ئەم کۆمپانیایانە، بە ھۆی بارودۆخێک کە دەیان ڕێکەوتی ناوچەیی و نێودەوڵەتی خوڵقاندنی، ھەمووئامڕازەکانیان کەوتۆتە ژێر دەست، لەوانە ھێزی چەکدار و خەزنەی بەشێک لە خاکی نەتەوەیەکی دابەشکراو.
پێ: بۆ خۆمانی ساغ بکەینەوە، کە ئەم کۆمپانیایانە ڕێککەوتوون لەسەر فرۆشتنی نیشتمانی ئێمە، سەردەمانێک بەکلکایەتیان بۆ دەسەڵاتێکی کۆلۆنیالیستی داگیرکەری بەشێک لە کوردستان و ئێستایش بە ئاشکرا بوونە کەواسووری بەر لەشکری دوژمنان.
تێ: کاتێک ئەم لایەنانەی بیرمان ڕوون بوونەوە و وێنە سیاسی و نەتەوەییەکەمان بۆ ئاشکرا بوون، ھەڵوێست وڕەفتارمان دەگۆڕێت و ڕێڕەوە دروستەکە دەدۆزێنەوە و بەرەو پێش دەچین، ھیچ پرۆسەیەکیش وەک دەرککردنی حەقیقەت، کە مەحاڵە لەگەڵ لۆژیکیشدا ڕێک دێتەوە، نابێتە ھۆی گەشەیەکی خێرا و بەرەوباڵا چوونی دەروونی مرۆڤ، مەگەر کەسانێک نکوڵی لێ بکەن کە زاتیان نەخۆشە، ئاشکرایە زاتی نەخۆشیش، ھیچی لێ چاوەڕوان ناکرێت، ئەو خراپیانە نەبێت کە ھەڵقوڵاوی زاتە نەخۆشەکەن.
-   کاتێک ئەم بناغانە، بوونە پێوانە و ئەم تەرازووانە ڕێک بوونەوە، لە ناخەوە مرۆڤ بوون و کوردبوون، ئەرکگەلێک دەخاتە ئەستۆی مرۆڤەکە، کە بەرەوباڵای دەبا و دەبێتە بەرنامەی ژیانی ڕۆژانەی، ئێستا ئەو پرانسیپە نەتەوەیی وئەو بنەما کوردستانیانە، داوامان لێ دەکەن، بەھەر ئامڕاز و ئامێرێک کە لەبەر دەستماندایە، ببینە بەربەست و ڕێگەبگرین، لە فرۆشتنی نیشتمانمان و بە سووتماک کردنی لانەکەمان، چ دژ بە دەڵاڵانی خۆماڵی بەڕێوەبەرانی کۆمپانیای حیزبەکان عەلمانی و ئاینیان، چ دژ بە داگیرکەرانی دوژمنانی دێرینەی دەرەکیمان، چوونکە کورد ( نەتەوەکە) لە ئێستادا وەک: 
” کاروانێکە ڕێگر دەستی بەسەردا گرتبێت، بۆ دەربازبوون، ھەرچی بیڵێ و بیکا لە چاک و بەد و ڕەوا و ناڕەوا نەک ھەر درووستە بەڵکو واجیبە و نەکردنی دەبێتە ڕووڕەشی”*.
-   لەو چاک و بەد و ڕەوا و ناڕەوایانەی، دەربازی دەکات لە قۆناغی کۆیلایەتی و خێڵ پەرستی و سەگپەرستی وخۆپەرستی و ڕێبازپەرستی و کەسپەرستی!
-  مەگەر مرۆڤی کورد پێویستی بە چەند حەفتا ساڵی ترە کە تێبگات، ڕۆگەی ئازادی ئەوێ نییە؟.
———————————
سەرنج * وتەی بیرمەندی کورد مامۆستا مەسعوود محەمەد.
ئەو وێنە دەگمەنەش، بیریاری کوردە، وەک تاقانە بیرمەند، وەک نموونەش بۆ کوردێکی شەنگ و جوان و بەھەیبەت، چ وەک بیر و چ وەک قیافەی کوردەواری.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە