پەککەوتنی پەرلەمان

Friday, 30/09/2022, 22:21

3997 بینراوە


کاتی خۆی لە ڕەشنوسی دەستوری هەرێمی کوردستاندا، دەربارەی سیستەمی پەروەردەو پرۆگرامەکانی خوێندن، هەڵە کراوە، خۆشبەختانە تێپەڕ نەبووەو دەتوانرێت چارەسەر بکرێت. پەندێکی ئیسپانی هەیە دەڵێت: گەر کەسێک بە هەڵە سواری شەمەنەفەرێک بوو، باشترین کار ئەوەیە لە یەکەم وێستگە دابەزێت، ئەگەر نا، تا بڕوات لە چارەسەر یان گەڕانەوە بۆ شوێنی ڕاستەقینەی خۆی، دوور دەکەوێتەوەو کێشەکانی زیاتر کەڵەکە دەبن.
بۆ من جێی سەرسوڕمان نیە کە بەشی زۆری ئەندام پەرلەمانەکانی کوردستان، کە هەمیشە گوتاری یەکسانی و گۆڕانی بنەڕەتی و بوونی پەروەردەی دروستی کۆمەڵایەتی و زانستی دەکەن، بەڵام لەبەردەم ئیسلامگەراکاندا دەنگی دروشمە بریقەدارەکانیان نایەت و دەگەڕێنەوە ئەو ڕووە شارەوەیەی کەلەناو دەروون و ئەخلاقیاندا ڕەگی داکوتاوە.
ئەوەی ئێستا لە پەرلەماندا دەگوزەرێت، سەبارەت بە سیستەمی پەروەردەو پرۆگرامەکانی خوێندن و یاسای خێزانی، دەمەبۆڵەیەکی سەر شەقامەکان نیە ڕوو بدات کە لە ئەنجامی تێکچوونی باری دەروونی چەند کەسێکی شەڕانی دەست پێبکات و بە قسەی خێرو خۆش کۆتایی پێبێت، بەڵکو پەیوەندی بە ئایندەی چەندین ساڵەی کۆمەڵگاکەمانەوە هەیە، تێڕوانینە بۆ کرانەوەی کۆمەڵگا بەرەو ئازادی و سەربەخۆیی و پێشکەوتن و شارستانیەت، پەیوەستە بە منداڵەکانیان، یەکانگیرە بە چارەنووسی هەموو گوتارەکانی ئایین و ئایدۆلۆژیاو مەعریفە. 
هیچ بابەتێک هێندەی بابەتی پەروەردە گرنگ نیە، مادام مرۆڤ لە پەلەی یەکەمی بابەتە گرنگەکاندایە، دەبێت سیستەمی پەروەردەی منداڵەکانیشمان، لەسەرووی هەموو بابەتەکانی تر زۆرترین گرنگی پێبدرێت. ناکۆکی و ململانێی سیاسی و ئابووری بۆ بەڕێوەچوونی دەوڵەت و حزب و دامودەزگاکانی دەوڵەت، ناگەنە ئاستی ئاستی ڕێکخستنی سیستەمی پەروەردە، بۆیە بەرپرسیارێتی مێژوویی لەسەر شانی پەرلەمانەو دەبێت بە هەستوەریەوە لەسەر تەوەری پەروەردە بوەستن، چونکە خۆ هەر ئێمە منداڵمان نیە وا خەمی ئایندەیان دەخۆین، بەڵکو ئەندام پەرلەمانەکانیش منداڵیان هەیە!
ئەوەی ئێستا لە هۆڵی پەرلەماندا، دەربارەی سیستەمی پەروەردە، ڕوودەدات، مێژوو لەبیری ناکات، چەند ساڵێکی تر هەڵوێست و وێنەی ئەو ئەندام پەرلەمانانە بڵاودەکرێنەوە کە کێ لەگەڵ سیستەمی دروستی زانستیدا بووەو کێش لەگەڵ کوشتنی هێزو ڕوخاندنی شارستانیەت و چارەنوسی ڕەشی کۆمەڵگادا بووە.
بە داخەوە لەناو پەرلەماندا نوێنەری بەشێکی زۆر لە توێژە جیاجیاکانی تێدا نیە تا بتوانین دەنگی ڕاستەقینەو زانستی خۆمان بگەیەنین، کەواتە دەبێت ئازادیخوازانی ناو هۆڵەکە لەئاست بەرپرسیارێتی مێژوویی خۆیاندا بن، بە ئاگاییەوە لە خواستە بنەڕەتیە زانستیەکان بڕوانن، بابەتەکەش هێندە قووڵ و دوابڕاو نیە تا نەتوانن دەستەویەخەی لەگەڵدا نەکەن! ئەوەی ئێمە ئامانجمانە بوونی سیستەمێکی پەروەردەی دروستی زانستیە تا منداڵەکانمان نەبنە جوێنفرۆش، بەڵکو ببنە داهێنەر، تیرۆرو تۆقاندن و توندڕەوی نەمێنێت، بۆ ئەوەی ئاشتی کۆمەڵایەتی ئارامیمان پێ ببەخشێت، سوکایەتی بە ژنان بوەستێت، بۆ ئەوەی ڕق و کینەو گیانی تۆڵەسەندنەوە نەمێنێت و خۆشەویستی جێی بگرێتەوە. 
دەزگای پەرلەمان دەزگایەکی مۆدێرنەو پەیوەندی بە ئاکارە کۆنەکانەوە نیە، بۆ دانان یان گۆڕینی کۆمەڵێک یاسایە کە لەسەردەمانی پێشوودا بەرقەرار بوون و لەگەڵ پێکهاتەو شارستانیەتی ئەم سەردەمەدا ناگونجێن. ئەگەر نەتوانن گۆڕانکاری بنەڕەتی دروست بکەن، با بچنەوە بۆ ماڵەوەو مزگەوتەکان لەسەر کاری ١٤٠٠ ساڵەی خۆیان بەردەوام بن، بەم جۆرە کەمێک دارایی دەگەڕێتەوە بۆ خانەنشینان، تا لەسەرەی موچەدا نەمردن.
 پێشتر چەندین دەرفەت بۆ حکومەت و وەزیرو لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ چارەسەری ئەم قەیرانانە ڕەخساوە، بەڵام کەسیان لەبەردەم دەرفەتەکاندا بوێر نەبوون. بە پاساوی (جارێ کاتی نیە)و (وردە وردە)و (ئەمە هەنگاوی یەکەمە) (هێشتا ماومانە)و..تاد، وەڵامیان دەدایەوە.! دەبێت پەرلەمان بەو قسانە بارگراوی نەبێت کە دەیان و سەدان ساڵە ئەم ئایدیایە سەقامگیرەو جگە لە زیان بەرهەمێکی تری بۆ کۆمەڵگاکەمان نەبووە. کات و شوێن بۆ چاکردنی سیستەمی پەروەردە دیاری نەکراوە، تا زوو گۆڕانکاری تێدا بکرێت هێشتا درەنگە ….

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە