هێشتا (ژان بەلەدایکبوونێکی نوێ) وە دەبینین

Friday, 11.04.2022, 21:54

661 بینراوە


"با خۆشەویستی مەزنیش بێ، با ژیانیش بێ خۆشەویستی تفت و تاڵ بێ، بەڵام نەخۆشەویستی و نە هیچ شتێکی دیکەش خاوەنی نرخی راستەقینەی خۆیان نابن، ئەگەر لە ژێر ئاسمانی فراوانی ئازادی دا نەبن. مرۆڤ ئازاد نەبێ، نەئازادانە بیردەکاتەوە و نەبڕیاری دروستیشی پێ دەدرێ."  لاپەرە ١٢٢
بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی تێکۆشان و خەباتی هەموو شۆڕشەکانی دنیا لە پێناوی ئازادی و سەربەخۆییدا بووە. لە کەشێکی ئازاد و سەربەخۆدا مرۆڤ تەندروست بیردەکاتەوە و توانای بڕیاری تەندروست و دروستی دەبێ. نەبوونی ژینگەیەکی ئازاد ترس لە ناخی مرۆڤەکاندا دەچێنێ، ترسیش هێزی دەستپێشخەری و داهێەرانە دەکوژێ. رێگاگرتن لە ئازادی و سەربەخۆیی کچان و ژنان، نەک هەر هێز و توانای داهێنەرانەیان لێ زەوت دەکات بەڵکو بڕواو متمانە بە خۆشیان دەدۆرێنێن. 
کتێبی ئافرەت و ژانی لە دایکبوونێکی نوێ، لە نوسینی نوسەر و شاعیر کاک هەڤاڵ کوێستانی، لە هاوینی ٢٠٢٢ دا، لە چاپێکی نوێ دا، لە دوای تێپەربوونی چل و سێ ساڵ بەسەر چاپی یەکەمیدا، کەوتەوە بەردەست خوێنەران.  لەم چاپە نوێیەدا, ئەو لاپەرانەی کە باس لە پێگەی ژن دەکا لە دینی ئیسلامدا و لە سانسۆری رژێمی ئەو کاتەی ئێراق رزگاری نەببوو، شوێنی خۆیان دۆزیوەتەوە.
کتێبخانەی کوردی تا ئەو کاتە،  ساڵی ١٩٧٩ ، زۆر هەژار بوو لە هەبوونی ئەدەبیات لەسەر پرس و پێگەی ژن لە کۆمەڵدا بە زمانی کوردی. کتێبی ئافرەت و ژانی لە دایکبوونێکی نوێ، دەکرێ بڵێم، شۆڕشێک بوو لەم بوارەدا. تەنانەت بۆ پرس و پێگەی ژن لە کۆمەڵ و لە خەباتی رزگاریخوازی نیشتمانیدا، ئەو کاتانە، لە خانە نهێنیەکانی رێکخستنەکانی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان دا، وەک مانیفێستێک وتووێژ و گفتوگۆی لەسەردەکرا. 
ساڵی ١٩٧٩، کاتێک کە کتێبی (ئافرەت و ژانی لە دایکبوونێکی نوێ) چاپکرا و بڵاوکرایەوە، پێشوازییەکی زۆر گەرمی لێکرا و لە ماوەیەکی زۆر کەمدا، هەر سێ هەزاردانەکەی لە بازاردا نەما. لە کۆتایی هەمان ساڵدا، واتە ساڵی ١٩٧٩ بۆ جارێکی دیکە، ئەم کتێبە لە شاری مەهاباد چاپکرایەوە. لە نێوان هاوین و پایزی  ٢٠٢٢، سێ جاری دیکە چاپکراوەتەوە. 
ئەم کتێبە لێکۆڵینەوەیەکی زانستیانەیە، تۆژینەوەیەکە بەشێوازێکی پێداگۆکی و واقیع بینیانە و زمانێکی پاراو، تیشک دەخاتە سەر پێگەی ژن لە سەرەتای گۆرڕان و گەشەکردنی هۆیەکانی بەرهەمهێنان لە قۆناغە جیاوازەکانی مرۆڤایەتیدا، هاوکات کاک هەڤاڵ بە وردی بە دوای چارەسەر، بۆ ئەم پرسە گرنگەی کۆمەڵدا دەگەڕێ.
پەیامی دروست و گرنگی ئەم کتێبە بە شێوەیەکی گشتی، لە ساڵی ١٩٧٩ دا کە بۆ یەکەمجار چاپکرا و بڵاوکرایەوە، بە دڵنیاییەوە بۆ ئەمرۆش، هەوڵدان بووە و هەوڵدانە بۆ گۆرینی دیدی پیاو لەسەر ژن و گۆڕینی دیدی ژن لەسەر خودی خۆی. تا ژن بە مافەکانی خۆی هوشیارنەبێ و یاخی نەبێ لەو کۆت و بەندەی کە کۆمەڵ و دین و دەسەڵات لە هزر و دەست و پێی ناوە هەرگیز ناتوانێ ئازادانە بیربکاتەوە و وەکو مرۆڤێکی خاوەن بڕیار و خاوەن هەڵوێست رۆڵی خۆی لە کۆمەڵ دا ببینێ. ژن دەبێ خۆی وەک مرۆڤێکی تەواو ببینێ نەک وەک بەو شێوەیەی کە پیاو دەیبینێ.
"لاوازیی ئافرەت بۆ ئەو هۆکارە زگماکیانە ناگەرێتەوە کە لە سروشتی دا هەن، بەڵکو بۆ ئەو دۆخە گشتیە دەگەرێتەوە کە کۆمەڵگە هەر لە سەرەتای منداڵیەوە تا دوارۆژەکانی ژیانی بەسەریدا دەسەپێنێ"  سیمۆن دی بۆڤوار، لاپەرە ٦٢ 
لە کۆمەڵگەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست تاکەکان دەکرێنە قوربانی کۆلێکتیڤ و هەموو هەوڵەکان لە پێناوی پاراستنی بیری خێڵەکی و تێروانینە عەشایەری و کۆنسەرڤاتیڤەکاندایە. لەم کۆمەڵگەیانەدا، بە کۆمەڵگەی کوردیشەوە تێروانینی دینی و بیری خێڵەکی کاریگەری راستەوخۆی لەسەر هزری تاکەکان دروستکردوە، کچ و کوڕ جیادەکرێنەوە، لە پەروەردە و مامەڵەکردندا، لە نێو قوتابخانە و لە کۆمەڵدا. وەک مرۆڤی تەواو سەیری کچ ناکرێ، تەنانەت لەبەردەم یاساشدا. "هیچ کاتێک کۆمەڵگە ڕێی بە ئافرەت نەداوە وەک ئەوەی ڕێی بە پیاو داوە تێکەڵاوی کۆمەڵگە و چالاکیەکانی ناو کۆمەڵگە بێ، یەک لەو هۆکارانەی ئەم ڕێگریەش، ئەو جیاوازییانەیە کەوا کۆمەڵ خستونیەتە نێوان شەرەفی ئافرەت و پیاوەوە، لای ئێمە شەرەفی ئافرەت تا بڵێی کورتە، لە تەمەنی ئەو دەسڕە کاغەزە دەچێ کە تا بەکارنەهاتووە جوان و پاکە کەچی هەر ئەوەندە جارێک بەکارهات ئیدی کەڵکی مانەوەی پێوە نامێنێ... لە بەرامبەردا شەرەفی پیاو چون دەسماڵ، نەک بە جارێک و دووان و بەدەیان جاریش بایەخی خۆی لەدەست نادا." لاپەرە ٦٨. 
هەر بۆ پاراستنی ئەم بیری خێڵەکی و عەشاری و دینییەیە کە تا ئەمرۆش کچان و ژنان بەناوی "پارێزگاری لە شەرەف" دەکوژرێن و دەکرێنە قوربانی بیری کۆنەپەرستانەی خێڵەکی. تەنانەت زۆر لە کچان و ژنانی کورد، لە نێو کۆمەڵگەی دیموکراسی ئەوروپاشدا، لەژێر فشاری کولتووری شەرەفپارێزیدا ژیان بەسەردەبەن و مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە.
لە دوای ساڵی ١٩٧٩ کۆمەڵگە لە زۆر بواردا گۆرڕانی بەسەرداهاتوووە و کاریگەری لەسەر رۆڵی ژن و پێگەی ژن بەجێهێشتووە، هەروەک بەرزبوونەوەی رێژەی کچان لە خوێندن و بەردەوامیان، بەشداریکردنی ژنان لە کاری دەرەوەی ماڵ بەرادەیەکی لەبەرچاو، کردنەوەی کۆمەڵگەی کوردستان بە دنیای دەرەوە و گەشەکردنی تەکنەلۆجیای سەردەم و هەبوونی ماڵپەرەکانی سۆشیال میدیا ئەمانە کاریگەری ئەرێنین بۆ پێگە و گوزەرانی ژن.  هاوکات لە چەندین لایەنەوە گوزەران و پێگەی ژن بەرەو دواوە گەڕاوەتەوە. ئەو گۆرانکارییە سیاسییانەی کە لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا، لەدوای ساڵی ١٩٧٩ وە،  روویانداوە،  کاریگەری نەرێنی لەسەر پێگە و گوزەرانی ژن دروستکردوە. شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ دا و گەشەکردنی ئیسلامی سیاسی لە دوای رووخاندنی شوورای بەرلین  لە ساڵی ١٩٨٩ دا، وایکردوە کە چەندین بەهای دینی و خێڵەکی بگەڕێتەوە نێو کۆمەڵگە و پرسی ئازادی و هاونرخی ژنی ئاڵۆزتر و سەخت تر کردوە. 
ساڵی ١٩٧٩، کاتێک کتێبەکە بۆ یەکەمجار چاپکرا، ئەو بەشەی کە باس لە پێگە و پرسی ژن دەکا لە دینی ئیسلامدا، بەر مقەستی لیژنەی سانسۆری ئەو کاتەی رژێمی ئێراق کەوتبوو. لەو لاپەرانەدا (٧٣ - ٩٠ )   بە کۆمەڵێک حەدیس و ئایەت، کاک هەڤاڵ کوێستانی، زۆر بە وردی پێگەی ژن لە نێو دینی ئیسلامدا، دەخاتە ژێر تیشکی سەرنج و تێرامان و رەخنەوە. "... ئایینی ئیسلام لە هەردوو ئایینەکەی دی زیاتر، بەرخوردی زیاتری لەگەڵ پرسی ژندا کردووە... ئەو بەرخوردەش لەو ئایەت و فەرموودانەدا دەردەکەون کە ژنیان تێدا بەسەرکراوەتەوە. لە زیاتر لە ١٥ سورەتی قورئاندا باسی ژن کراوە.." لاپەرە ٧٥.
"پێگەی ئافرەت لە دینی ئیسلامدا خەڵکی بەسەر دووبەرەدا دابەشکردوە" لاپەرە٧٦، لە دەروازەی ئەم دوو تێروانینەوە، خوێنەر، بە پشتبەستن بە ئایەت و سورەتەکان دەچێتە نێو  پانتایی هەردوو تێروانینەکە.  تێروانینەکانی بەرەی یەکەم، واتە لایەنگرانی دین، بروایان وایە کە دینی ئیسلام بە گشتی و پێغەمبەر بەتایبەتی گرنگی بە ژن داوە. بۆ پشتراستی بیروبۆچوونەکانیان هەندێ لەو سورەت و فەرموودانە، کە باس لە ژن دەکەن، دەهێننەوە، لاپەرە ٧٥¬- ٨٢. لەم سورەت وئایەتانەدا، لەگەڵ ئەوەی کە ئەم بەرەیە بۆ بەرگری لە بۆچوون و بۆ پشتگیری لە تێروانینەکانی خۆیان دەیانهێنەوە، هاوکات لێرەشدا ژن وەک مرۆڤێکی تەواو و بەتوانا مامەڵەی لەگەڵ دا ناکرێ، بەڵکو هەمیشە ئەم ئایەت و حەدیسانە روودەکەنە پیاو: "... کە رەفتاری جوان لەگەڵ ژنەکانیان دا بنوێنن" لاپەرە ٧٨. یا لە وتاری (حەجی ماڵئاوایی)،" پێغەمبەر ئامۆژگاری موسڵمانان دەکا کە ئاگایان لە ژنەکانیان بێ" لاپەرە ٨٠.
 " دین ژن و پیاوی لە بەجێهنانی ئەرکە دینیەکانیاندا یەکسان کردووە بەڵام لە مافەکانیاندا نا... ژن و پیاوی لە بەردەمی خوادا یەکسان کردوە بەڵام لە بەردەمی پیاو دا نا". لاپەرەی ٨٣.  ژن و پیاو هەر لە مافەکانیاندا نین کە جیاوازن و دین یەکسانی نەکردوون، بەڵکو لە  روانگەی دینی ئیسلامدا، لە سزا و پاداشتیشدا جیاوازن. ئایەتی ٢٢٣ ی سورەتی (البقرە)ش ژنان وەک کێڵگەی پیاوان وێنا دەکا وهەقیان پێ دەدا، چؤن و لە کوێوە بیانەوێ، لەوێوە بچنە ناو کێڵگەکانی خۆیانەوە." لاپەرە٨٤   
جگە لەو ئایەت و فەرموودانەش کە ماف بە پیاو دەدات چوارژنی هەبێ، یان ژن نیوەی ئەو میراتەی بەربکەوێ کە بەرپیاو دەکەوێ یان لە مەسەلەی شاهیدیدا کە دووژن و پیاوێک بە شاهید قبوڵ بکرێ و ... هتد 
لە کۆتایی ساڵانی حەفتاکاندا، ئەو سەردەمەی کە ئافرەت و ژانی لە دایکبوونێکی نوێ بۆ یەکەمجار بڵاوکرایەوە، مەلاکان لە وتارەکانی نوێژی هەینیاندا باسی ژن و فرەژنی، و شووکردنی مناڵ، و پەیوەندی ژن و پیاویان نەدەکرد. ئەمرۆ لە زۆرینەی مزگەوتەکانەوە هەفتانە لە رۆژانی هەینیدا، لە کاتێکا بە سەدان پیاو و کوری لاو گوێبیستی وتاری مەلاکانن، زۆربەی وتارەکان لە دەوری ژن و فرەژنی و شووکردنی کچی مناڵ و پەیوەندی نێوان ژن و پیاودەخولێتەوە، وتاری مەلاکان دەچێتە ماڵی هەمووکەسێکەوە تەنانەت نێو ژووری نوستینی خەڵکیش. لە کاتێکا کە ئەم مەلایانە باس لە دایک و خوشک و هاوسەری ئەو پیاوانە دەکەن کە دانیشتوون و گوێرادێری مەلاکانن، کەچی پیاوێک لە ئامادەبوان، هەڵنەستایە سەرپێ و نیشانەیەکی پرسیار بخاتە سەر وتەکانی ئەم مەلایانە، و رەخەنەیان لێبگرێ. بەم شێوازە ئەو لایەنە تاریکانەی کولتوور و ئەو بۆچوونە توندرەوییانەی نێو دین بۆ نەوەی دواهاتوو دەگوێزرێتەوە و لاوەکانیش بەردەوامی بە هەمان دیدوبۆچوون دەدەن. "جارێکی تریش دەیڵێنەوە کە کۆمەڵگە ژینگەی هەڵهێنانی گەرای هەموو ئەو جیاوازی و بەرزی و نزمیانەیە کە لە نێوان ئافرەت و پیاو دا هەن..." لاپەرە٦٢
یاساکان، لە کۆمەڵگەی کوردستاندا، بناغەکەی شەریعەتی ئیسلامین، کاتێکیش یاساکان لەسەر بنچینەی ئەم شەریعەتە دارێژرابێ ئەو کات ژن لەبەردەم یاسادا و لە سیستەمی دادوەریدا وەک مرۆڤێکی خاوەن دەنگ و رەنگی خۆی مامەڵەی لەگەڵدا ناکرێ. خۆ ئەگەر یاسایەکیش هەموارکرابێتەوە وبەرگێکی مرۆڤدۆستی بەبەرداکرابێ، هێشتا هەر یاسا سەروەر نیە و کاری پێناکرێ. بەڵکو لە زۆرینەی ئەو تاوانانەی کە بەرانبەر ژنان دەکرێ پەنادەبرێتە بەر چارەسەری خێڵەکی و عەشایەری.  ئەم دید و بۆچوونانە کە لە دینەوە سەرچاوەکەی هاتووە، وا بە ناخی کۆمەڵدا رۆچوون کە لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکاندا زۆربەئاسانی بەدەردەکەون. زۆرن ئەو بەربەستانەی کە رێگرن لەبەردەم پێشکەوتنی ژنان دا.  دەسەڵاتی سیاسی، دینی و ئابووری و کۆمەڵایەتی، لە زۆرینەی حاڵەتدا وەک رەگەزی دوو مامەڵە لەگەڵ ژن دا دەکات. "لەناو دەقی ئایەتی ٢٢٨ دی سورەتی (البقرە)شدا هاتووە کە پیاوان پلەیەک لە ژنان سەرووترن." لاپەرە ٨٥
کەمی رێژەی بەشداریکردنی ژنان لە تێکۆشان و خەبات بۆ پرسی رەوای خۆیان رێگای گەیاندن بە ئامانجی هاونرخی و یەکسانی لە کۆمەڵدا، دوورودرێژتر دەکاتەوە و هەنگاوەکان ئاڵۆزتر و سەختر دەکات.
کتێبی ئافرەت و ژانی لە دایکبوونێکی نوێ لێکۆڵینەوەیەکی زانستیانەیە کە بە شێوازێکی پێداگۆکی پێگەی ژن لە کۆمەڵگەدا هەڵدەسەنگێنێ.  دەکرێ ئەم کتێبە ببێتە سەرچاوەیەکی گرنگ لە هوشیارکردنەوەی لاوان، کچان و کوڕان، لە کۆمەڵگەدا. دەکرێ رێکخراوەکانی ژنان لە تۆری یەکبینن و کۆڕوکۆبوونەوەکانی خۆیاندا، لە روانگەی ئەم کتێبەوە پێگە و پرسی ژن لە تێڕوانینی دین و دەسەڵات و بیری خێڵەکیەوە هەڵسەنگێنن و وتووێژی لەسەربکەن.
هەوڵ و تێکۆشانی خودی ژن خۆی، بۆ شکاندنی ئەو کۆت و بەندە و چەسپاندنی بنەماکانی ئازادی و یەکسانی، مەرجی سەرەکیە بۆ ئەوەی ژن لە بەردەم یاسا و لەدیدی کۆمەڵگەدا هاونرخ و یەکسان و سەربەست بێ. کچان و ژنان دەبێ ڕێچکەشکێن بن و یاخی ببن لە دیدو تێروانینە کۆنسەرڤاتیڤەکانی نێو دین و نێو کۆمەڵگە. دیارە ئەم تێکۆشان و خەباتەش پشتگیری پیاوان، بەتایبەتی پشتگیری رۆشنبیران و نوسەران و هونەرمەندانی پێویستە. 
پێگە و گوزەرانی ژن لە کۆمەڵدا پێوەری گەشکردن و پێشکەوتنی ئەو کۆمەڵگەیەیە. تا ژن لە هەموو ماف و ئەرکێکی دا لەگەڵ پیاو یەکسان نەبێ، ژن وەک مرۆڤێکی تەواو و ئازادو و سەربەست لە کۆمەڵدا نەبینرێ، کۆمەڵگە، کۆمەڵگەیەکی تەندروست و سەربەست نابێ.
پرسی ژن پرسی کۆمەڵە، مافی ژن مافی مرۆڤە.