له‌ ئه‌مریكاش داشی چه‌پی رادیكاڵ سوار بوو

Saturday, 26/11/2022, 22:00

828 بینراوە


گه‌نجانی  تازه‌پێگه‌یشتووی ئه‌مریكا  سه‌لماندیان كه‌ ده‌توانن هاوكێشه‌كان سه‌روژێر بكه‌ن و به‌كارهێنانی پاره‌ی سیاسی  فراوان و بێسنور بوار به‌ ده‌ستخستنه‌ نێو هه‌ڵبژاردنه‌كان بۆ گرتنه‌به‌ری رێچگه‌ چه‌وته‌كه‌ نادات و له‌ هه‌ڵبژارندنی نیوه‌یی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و پیرانی ئه‌مریكا، به‌شداری رێژه‌یه‌یكی باشی گه‌نجانی ته‌مه‌ن بیست بۆ سی وپێنج ساڵ زۆر خه‌ڵكی ئه‌و وڵاته‌ی شۆك كرد و باری پیرسالاری له‌ فه‌رهه‌نگی سیاسیی ئه‌مریكای جێ له‌ق كرد و سه‌ره‌تای گۆرٍانكاریه‌كانی رێره‌وی سیاسی ئه‌مریكای له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا ده‌رخست و له‌ ئاینده‌ شدا  بۆ هه‌موو لایه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ خه‌ڵك و به‌ تایبه‌تی گه‌نجان قسه‌ی یه‌كلاییكه‌ره‌وه‌ی خۆیان ده‌بێت له‌ هه‌موو هه‌ڵبژاردنه‌كاندا. 
گه‌نجان ئه‌و رێرٍه‌وه‌ كلاسیكیه‌ی ده‌یان ساڵی شێوه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌مریكایان تێكشكاند و زۆر به‌ چرٍی روویان له‌ سندوقه‌كانی هه‌ڵبژاردن كرد و ، به‌ تایبه‌تی كۆماریه‌كانیان تووشی شۆك كرد، به‌ زۆری ده‌نگیان به‌ دیموكۆراته‌كان _دا  و له‌و نێوه‌نده‌شدا به‌ چه‌په‌ رادیگاڵه‌كان ( نه‌ك به‌ بایدن كه‌ له‌ رووی جه‌ماوه‌ریه‌وه‌ توشی دارٍمان بووه‌).
 ئه‌گه‌ر ده‌نگدانی گه‌نجانی ته‌مه‌ن 18 بۆ 30 ساڵ نه‌بوایه‌، هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كان بۆ ئه‌ئوه‌ ده‌چوون كه‌ به‌ تێكرٍا كۆماریه‌كان سندوقه‌كانی هه‌ڵبژاردن پرٍبكه‌نه‌وه‌ و دایماڵن و به‌ زۆری بیبه‌نه‌وه‌. ئه‌وه‌ خه‌ڵكه‌ ته‌مه‌ن پیره‌كه‌ی سه‌روی 65 ساڵ بوون، به‌ 13 خاڵ زیاتر ده‌نگی كۆماریه‌كانیان پێشخشت. هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ی له‌ نێوان 45 بۆ 64 ساڵ بوون 11 خاڵیان پێشكه‌ش به‌ كۆماریه‌كان كرد. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئه‌و كه‌سانه‌ی ته‌مه‌نیان له‌ نێوان 30 بۆ 44 ساڵ بوو، شتێكی ئه‌وتۆیان پێشكه‌ش به‌ دیموكراسیه‌كان نه‌كرد جگه‌ له‌ جیاوازی دوو خاڵێك نه‌بێت. . به‌ڵام ئه‌وانه‌ گه‌نجانی نێوان 18 بۆ 29 ساڵ بوون، كه‌ جیاوازیه‌كه‌یان دروست كرد و 28 خاڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یان پێشكه‌ش به‌ دیموكراته‌كان و به‌تایبه‌تی به‌ چه‌په‌ دیاره‌كانیان كرد، واته‌ (نه‌وه‌ی زێد، ئه‌و گه‌نجانه‌ی له‌ نێوان ساڵی 1997 تاوه‌كو ده‌یه‌ی یه‌كه‌می پاش  هه‌زاره‌ی دووه‌م له‌دایكبوون)، ئه‌م نه‌وه‌یه‌ له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌رنجراكێش هاتنه‌ نێو دونیا سیاسه‌ته‌وه‌ و جێده‌ستی خۆیان دیاریكرد ، بۆیه‌ جێگه‌ی سه‌رسورمان نیه‌ كه‌ دیموكراسه‌ چه‌په‌كان سوودیان له‌م نه‌وه‌یه‌ وه‌رگرتبێت، به‌ تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی به‌ ئیسكواد ( به‌ كۆمه‌ڵه‌ په‌رله‌مانتاری رادیكاڵ و سۆشیالیست) ناسراون، ( ئه‌مانه‌ش له‌ پاش هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی یه‌كه‌می سیناتۆر بیرنی سانده‌رز ده‌ركه‌وتن، به‌ناوبانگترینیان:  ئه‌لسكه‌ندریا ئۆكاسیۆ كۆرتیز و ره‌شید تله‌یب و ئیلهان عومه‌ر و جه‌مال بۆمان و كووری بوش و ئایانا بریسلی  بوون)، ئه‌مانه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ بوون سودیان له‌ ده‌نگی ئئه‌و ده‌نجانه‌ وه‌رگرت. لێره‌دا ده‌كرێت باس له‌ هه‌ڵبژاردنی (سه‌مه‌رلی) بكرێت كه‌ حاڵه‌تی موفاجه‌ئه‌ی له‌ به‌نسلفانیا دروست كرد و به‌سه‌ر كاندیدی كۆماریه‌كاندا سه‌ركه‌وت، هه‌رچه‌ند لۆبی یه‌هودی ملیۆنێك دۆلاری بۆ ركابه‌ره‌كه‌ی سه‌مه‌ر لی خه‌رجكردبوو، كه‌چی نه‌یتوانی سه‌ربكه‌وێت .
ئه‌گه‌ر به‌ وردی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی ئه‌مریكا به‌ چاوێكی واقیعبینانه‌وه‌ ته‌ماشا بكه‌یت، ده‌زانیت چه‌پی راسته‌قینه‌ی ئه‌مریكی خۆی له‌ بیر و عه‌قڵی گه‌نجاندا مه‌ڵاس داوه‌ و له‌ ئاینده‌دا به‌ره‌ به‌ره‌ خۆی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌ ده‌رده‌خات و سه‌ره‌تای رۆژێكی نوێی دادپه‌روه‌ری كۆمه‌یه‌تی له‌ ئاسۆی گه‌ردونه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست