دەریایەک لە ورە بەرزیی

Monday, 19/12/2022, 17:37

5406 بینراوە


ئەو گەنجە لەو کورتە ڤیدیۆیەدا دەیبینن، لە ئیڕان بڕیاری ئێعدامی بۆ دەرچووە. هۆیەکەشی ئەوەیە بەشداریی لە خۆپیشاندانەکانی چەندمانگی رابوردوودا کردوە. کاتیك هەواڵنێرەکە لێی دەپرسێ لە وەسیەتنامەکەتدا چت نووسیوە لە جوابدا ئاوادەڵێ: نووسیومە، کە لە کوێم بنێژن، پێم خۆش نییە لەسەر مەزارم بگرین، پێم خۆش نییە نوێژم لە سەر بخوێنن، پێمخۆش نییە قوڕعانم لە سەر بخوێنن، پێم خۆشە، خۆشی وشادی بکەن و ئاهەنگی شادی بڵاو بکەنەوە. 
ئیتربۆ من گرینگ نییە کە ئەو گەنجە کوردە، فارسە، ئازەریە، بلووچە، عەڕەبی ئێڕانییە، ئیتر بۆ من گرینگ نییە کە سەر بەکام ئایینە. کام رەگەزە. ئەو قسانەی لە کاتێکدا لێی دەپرسن کە چەند ساتێکی ماوە تیرباران بکرێ. بۆ هەر وشەیەک لەو وەسیتنامەی دەریایەک بوێریی تێدا خۆی حەشارداوە. هەر وشەیەکی فیشەکێکە بەڕووی دواکەوتوویی ئەو سیستمەی کە ناوی خۆی ناوە  کۆماری ئیسلامی. لە داهاتووی زۆر نزیکدا دەردەکەوێ ئەو وەسیتنامەیە چۆن داوێنی گڵاوی کەمتیارەکانی کۆماری ئیسلامی دەگرێ. 
کاتێک ئەو دەستەواژانەم لەوشەهیدە گوێ لێدەبوو وەبیر زۆربابەتی مێژوویی خۆمان کەوتمەوە. وەبیرم هاتەوە چۆن سەرکردەی حیزبیی پاش بە کوشتدانی هەزاران ڕۆڵەی گەلەکەمان، یان خۆی رادەستی دووژمن کردوە یان فریوی دووژمنی خواردوە. هەر لە شێخ مەحموودو لە مەلا مستەفا ڕا بگرە تائەوانی دیکە. سەیروسەمەرەش لەوەدایە کە سەرکردە بەزیوەکانمان وەک قارەمان وپاڵەوانی سەیر دەکەین. ئێستێش خەڵكانی زۆر هەن کە چەک بۆ خۆفرۆشێکی وەک مەسعود بارزانی هەڵدەگرن وخۆیانی بۆ بە کوشت دەدەن! لێرەدا ئاماژە بە دوو سەرکردەی کورد دەکەم کە چۆن گەمەیان لە سەر بەرێوە بردین ولە کۆتاییدا بۆ پاراستنی گیانی خۆیان فریوی دووژمنیان خواردو باوەڕیان بە دووژمن هێناوتێداچون. 

قازی مەحەممەد وسمکۆی شکاک

پێگەی سیاسی وکۆمەڵایەتی ئەو گەنجەی کە لەو کورتە ویدئۆیەدابە چاوی بەستراوبەو شێوەیە قارەمانانە دژی کۆماری ئیسلامی دەوەستێتەوە، هیچکات بەڕادەی پێگەی سیاسی وکۆمەڵایەتی قازی محەممەد وسمکۆی شکاک نەبووە. 
قازی دوای ئەوەی فریوی گەمەی سیاسی و ستالین وئامریکای خوارد و هیچ زانیاریەکی لە سیاسەتی ناونەتەوەیی نەبوو، چون وای دەزانی بەڕاستی دەخوازن رێگا بدەن کۆمار بۆ کوردستان بێتە ئاراوە. کاتێك هیچ چارەیەکی بۆ نەمایەوە ٤٥ کیلۆمیترلە مهابادەوە بەرە میاندوواو، بەرەو پیلی سەرهەنگ هوماوینی ڕۆیی ومەڕی لە بەر قاچی کوشتەوە تا پێی بڵێ: گەورەم من هەڵەم کردوە کە کۆمارم راگەیاندەوە تکایە بمبوورە. بینرا پاشان چییان بەسەر هێناو، لە راستیدا قازی فریوی خوارد . ئەو گەنجەش زۆر ئازایانە ئەو وەسیەتەی نووسی وناوی تا سەر وەک قارەمان مایەوە. 

سمکۆی شکاک:

لە لایان هیندێك رووناکبیر و پێنووس بە دەست سمکۆ وەک باوکی ناسیونالیزمیی کورد ناوزەد کراوە. ئەگەرخۆبەدەستەوە دەرێک باوکی ناسیونالیزمی نەتەوەیەکی دابەشکرداوبێ، وادیارە ئەو نەتەوەیە قەت ناگاتە ئامانجەکانی. سمکۆپاش ئەوەی تەواوی دەرگاکانی سیاسیی لەسەرداخرا و بێچارە مایەوە زۆر هاسان فریوی رەزاشای ئیڕانی خوارد و رێک هاتە بەردەستی. ئەویش کە زیرەکانی پێلانی کوشتنی بۆ داڕشتبوو، بۆسەی بۆ سازکرد و گرتی. پاشان سەریان بڕی و وێنەیەکیش بەسەربڕاوی هەیە کە سەربازێکی ئێڕانی بەدەستەوەی گرتووە. ئەوە چارەنووسی ئەو سەرکردەیە کە لە بەر تێنەگەیشتن لە سیاسەت و ناشارەزایی لە سەر کۆمەڵگای کوردستان، بەوشێوەیە گیانی خۆیان لەدەستدا. سمکۆ و قازی هەردووکیان بە جۆرێک داوای لێىووردنیان لە دەسەڵات کرد تا بتوانن درێژە بە ژیان بدەن. بەڵام ئەو گەنجە دەریایەک بووە لە وەرە و خۆڕاگریی کە حازر نەبوو داوای لێبووردن لە کۆماری ئیسلامی بکات. 
یادی قەت لە بیر ناکرێ. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە