مه‌هێڵن مۆركی تایبه‌تیی خه‌ڵكی خانه‌قی بشێوێت

Tuesday, 27/12/2022, 20:55

4772 بینراوە


كه‌ تۆقه‌یه‌كم له‌گه‌ڵدا كرد و له‌ ته‌نیشتیه‌وه‌ دانیشتم، یه‌كسه‌ر زانی من كورٍی ئه‌و پیاوه‌ حه‌ماڵه‌م له‌ پێش ته‌رحیل كردنی بۆ باشووری عیراق،  عه‌ره‌بانه‌كه‌ی له‌ نزیك دوكانه‌كه‌ی ئه‌ودا راده‌گرت و حه‌ماڵیی پێده‌كرد. كه‌وته‌ قسه‌ و باسی ئه‌وسا و كورتی كرده‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ته‌نها تایبه‌ت بێت به‌ شاره‌كه‌ و مۆركی خۆی پێ ببه‌خشیبێت و ئنجا باسی له‌ شوێنه‌وار و مه‌زارگه‌ و یاده‌ تایبه‌ته‌كان به‌م شاره‌  و جێگه‌ دێرینه‌كانی كرد، پاش پشودانێكی كورت و هه‌ناسه‌هه‌ڵكێشانێكی قووڵ و ئاخێك كه‌وته‌ باسی مۆركی تایبه‌تی خه‌ڵكی شاره‌كه‌ی خانه‌قین و ئه‌و به‌ره‌نگاریه‌ی ئه‌م شاره‌ دژ به‌ به‌عس كردی و  دواتر ئه‌و گۆرٍانكاریه‌ی له‌ قۆناغی ئازادیدا و تا ئێستا به‌سه‌ردا هاتووه‌ و ئێستاش كه‌س فریای ناكه‌وێت بۆ رزگاربوون له‌ ناوچوون. به‌ڵێ ئه‌م پیاوه‌ی كه‌ مۆركی هه‌موو تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی ئه‌م شاره‌ی تێدایه‌( ئه‌حمه‌ده‌ خه‌جه‌یه‌)، كۆنترین كه‌بابچیه‌ له‌ شاره‌كه‌ و به‌ خۆرٍسك هه‌ژار دۆست و ئاژه‌ڵ دۆستی شاره‌كه‌یه‌، واته‌ چه‌پێكی خۆرٍسكی واقیعی. یه‌كه‌م قسه‌ی  ئه‌وه‌بوو كه‌ ده‌یوت؛ ئێستاش له‌ هه‌موو كه‌س هه‌رزانترین كه‌بابم هه‌یه‌ له‌ خانه‌قی و شیشێك كه‌باب به‌ هه‌زار دینار زیاتر نافرۆشم و ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ی بزانم نه‌داره‌ و پاره‌ی پێ نیه‌ چاوپۆشی له‌ وه‌رگرتنی ئه‌و هه‌زار دیناره‌ش ده‌كه‌م، له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ زۆر ئاسوده‌م كه‌ هه‌موو ساڵێك سه‌دان كیلۆ گه‌نم له‌و سه‌ربان و ده‌شته‌ رۆ ده‌كه‌م بۆ مه‌ل و باڵنده‌ و كۆتر و چۆله‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ناونه‌چن و تایبه‌تمه‌ندی شاره‌كه‌م  نه‌شێوێت و وه‌كو خۆمان بمێنینه‌وه‌. دواتر كه‌ گوێم له‌ ده‌نگێك بوو ، وتم ئه‌وه‌ چیه‌؟ وتی كورٍم ئه‌وسا ساڵێك یه‌كجار یادێكی پیرۆزمان هه‌بوو كه‌ هه‌موو نه‌ته‌وه‌ و ئایین و مه‌زهه‌به‌كان به‌شداربوون له‌ یادكردنه‌وه‌كه‌دا، به‌لام ئێستا هه‌ر رۆژێك شتێك و یادێكی له‌دایكبوون و مردنێكی نازانم كێ ده‌دۆزنه‌وه‌ بۆ زه‌قكردنه‌وه‌ی مه‌زهه‌بگه‌رایی له‌ شاره‌كه‌.
كه‌ كه‌وتمه‌ رێ چاوم كه‌وته‌ سه‌ر پیاوێكی ئه‌و نه‌ته‌وه‌ی تر و ته‌ماشای شێوه‌ و ره‌فتار و چۆنێتی قسه‌كردن و په‌یوه‌ندیی به‌ خه‌ڵكه‌ ره‌سه‌نه‌كه‌ی خانه‌قینه‌وه‌ كرد، زانیم ئه‌و كه‌سه‌ چه‌ند نامۆیه‌ به‌و شاره‌و تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی و هیچ شتێكی به‌وخاكه‌ نایبه‌ستێته‌وه‌ جگه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی كه‌سی و خێزانی و ژیان گوزه‌راندن و مافخواردنی ئه‌ویتر له‌م شاره‌ و خۆشگوزه‌رانی خۆی له‌سه‌ر حیسابی خه‌ڵكه‌كه‌ی. هه‌ر له‌نزیك ئه‌وه‌وه‌ كه‌ كرێكارێكی كوردی ره‌سه‌نی ئه‌و شاره‌م بینی، وه‌كو خۆی له‌ پێش چل و دو ساڵ له‌وێدا بینیومه‌، گۆرٍانێی گه‌وره‌ له‌ سه‌رو سیمایه‌وه‌ روویدابوو، كه‌ گوێبیستی قسه‌ ره‌سه‌نه‌ پر له‌ چه‌مك و زاراوه‌ تایبه‌تیه‌ خانه‌قینیه‌كه‌ی بووم زانیم كه‌ چه‌ند به‌و له‌شولاره‌ هیلاك و شه‌كه‌تیه‌وه‌ له‌م ماوه‌یه‌دا چه‌ند ئازاری چه‌شتووه‌ ، به‌ڵام له‌ مۆركدا وه‌ك خۆی ماوه‌ته‌وه‌، 
شارێك خاوه‌ن. میّژوویه‌كی دێرین و ئاسه‌واری هه‌زار سالًه‌ دادی نه‌دات و له‌ قه‌راغی شێوان و تێكچون و ته‌نانه‌ت نه‌ماندابێت وكه‌س ئاورٍی لێنه‌داته‌وه‌ و كه‌س كه‌س به‌زه‌یی پێدا نه‌یه‌ت و فریای له‌ناوچوونی نه‌كه‌وێت، نازانیت چۆن خه‌می نه‌مانی مۆركی تایبه‌تی ئه‌م شاره‌ بخۆیت كه‌ ته‌نها گرنگترین ئه‌ركی خانه‌قینیه‌كان نیه‌ به‌ڵكو ئه‌ركی سه‌ره‌كی لایه‌ن و سه‌ركرده‌ و دارا و به‌توانا و دڵسۆزی كوردستانه‌ به‌ گشتی. 
ئه‌گه‌ر كاریگه‌ریی شه‌رٍی هه‌شت ساڵه‌ی ئێران و عیراق له‌سه‌ر شاره‌كه‌ و ، شه‌هیدبونی رۆَڵه‌كانی و زندانیكردنیان و راوه‌دونانی باوك و دایكی پێشمه‌رگه‌ و ته‌رحیل و ته‌بعیس و ته‌سفیری خه‌ڵكی ئه‌م شاره‌ لای خه‌ڵك ئاسایی بوبێت و كه‌س به‌ قوربانی دانه‌نێت و باس نه‌كرێت و  بخرێته‌ لاوه‌ ، ئه‌وا ئه‌مرٍۆ ململانێی مه‌زهه‌بی نێوان خه‌ڵكی هاورده‌ و ئه‌و ژماره‌ كه‌مه‌ ماوه‌ی خه‌ڵكه‌ ره‌سه‌نه‌كه‌ی هاتۆته‌ سه‌ری و پشتی ئه‌م شاره‌ی چه‌ماندووه‌ و گه‌وره‌ترین كیِشه‌یه‌ بۆ ئاینده‌ی شاره‌كه‌ و كه‌س بیری لێناكاته‌وه‌ , هه‌مووان سه‌رقاڵی خۆیان و حزبه‌كانیان و به‌رژه‌وه‌ندیه‌ ته‌سكه‌كانیانن، حگه‌ له‌ بارودۆخی ژێرده‌سته‌یی.
بۆیه‌، ته‌نانه‌ت به‌جیا له‌ شاره‌ كانی دیكه‌ی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمیش ،گۆرانكاریه‌كی سه‌یر به‌سه‌ر ئه‌م شاره‌دا روویداوه‌ و وا هه‌ست ده‌كه‌یت بێخاوه‌نه‌ و هه‌موو لایه‌ك ده‌ستی لێ شۆردووه‌ و راده‌ستی قه‌ده‌ر كراوه‌. ئه‌گه‌ر دۆست و دڵسۆزان و لایه‌نه‌ سیاسیه‌ كوردستان دۆسته‌كان فریا نه‌كه‌ون هیچی لێ نامێنێته‌وه‌، به‌ تایبه‌تی ئه‌و مۆركه‌ تایبه‌تیه‌ خانه‌قینیه‌ی كه‌ ته‌نها له‌ روحی خه‌ڵكی ئه‌م شاره‌ ده‌یبینیت، به‌ڵام وا ئێستا له‌به‌رده‌م گۆرٍانی ته‌واو و له‌ناوچوندایه‌. تكایه‌ تكایه‌ خه‌ڵكی به‌وه‌فا و كورد دۆستان، مه‌هێڵن مۆركی تایبه‌تی ئه‌م شاره‌ وه‌كو خۆی نه‌مێنێت و بشێوێنرێت و كاریگه‌ریی ئایینی و مه‌زهه‌بی و فرتوفێڵه‌كانی سیاسه‌ت و مه‌زهه‌بگه‌رایی و بۆچونی ره‌گه‌زپه‌رستی تێكیبدات و به‌و شێوه‌ زه‌قه‌ هێزی ده‌ره‌كی و ناوه‌كی به‌ بێ هیچ رێگریه‌ك ده‌ستی تێ وه‌ربده‌ن و بیشێوێنن. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە