خۆپاراستن لە دەستدرێژی سێكسی

Sunday, 15/01/2023, 22:32

3976 بینراوە


دیاردەی دەستدرێژی سێكسی لەسەر ژنان و منداڵان، یەكێكە لەو دیاردە قێزەونانەی كە لە هەموو دونیا بوونی هەیە، كاتێك ژن/منداڵ رووبەڕووی گێچەڵی سێكسی دەبێتەوە، توشی چەندین حالەتی دەروونی و جەستەیی نەخوازراو دەبێت، زۆرجار بەهۆی ئەم دەست درێژیە قوربانییەکە گیان لەدەست دەدات.  پاڵنەری ئەم بابەتە زۆرن، بۆ نمونە خراپی سیستمی پەروەردەی فەرمی و نا فەرمی لە هەمبەر كەمكردنەوەی ئەم دیاردەیە. هەروەها كارێكی جددی لەلایەن حكومەتەوە لەسەر ئەم پرسە نەكراوە چ لە لای ڕێكخراوەكانی مافی منداڵان و ژنان و مافی مرۆڤ بەگشتی چ لەڕووی دادگاوە. هاوكات هۆشیاری تاك لەئاستێكی ئەوەندە باڵا نییە، كە کەسی بەرامبەر پێش ئەوەی وەك ئامرازێكی سێكسی سەیر بكات وەك مرۆڤ بیبینێت،  ماف بەخۆی نەدات مافی بەرامبەر پێشێل بکات.
 تا ئێستاش لە كۆمەڵگە بابەتێكی زۆر هەستیارەو كەمترین گفتوگۆی لەبارەوە ئەكرێ هەوڵ ئەدرێت بە شاراوەیی، بابەتەكە قەتیس بكەن، بێگومان لایەنی فەرمی هۆكارن، خێزان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی بەرپرسیارن.
لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ی ساڵی ١٩٦٩ لە ماددەی 393 هاتووە هەركەسێك كارێكی لەم جۆرە بكات، بەسزای زیندانیكردنی هەتا هەتایی، یان ئەگەر کەسی قوربانی تەمەنی لە خوار هەژدە ساڵ بێت وە توندوتیژی بەکار هاتبێت یاخود کەمئەندام بوبێت ئەوا لەم حاڵەتانەدا سزایەكەی توندتر دەبێت و تەنانەت لە هەندێک حاڵەتی نامۆدا کە قوربانیەکە ئەندامی خێزانی تاوانبار بێت، ئەوا سزاکە دەگاتە ئاستی لە سێدارەدانیش. بەڵام جێگەی داخە کە سزاکان وەکو خۆی جێبەجێ ناکرێن، چونکە لە توێژینەوەکاندا دەرکەوتووە زۆرینەی دەستدرێژیکارانی سێکسی کەسانی دەسەڵاتدارن یاخود کوڕی دەسەڵاتدارانن. بۆیە چاوپۆشی لە قەزیەکە دەکرێت و زۆر جاریش کەسی قوربانی دەترسێندرێت و هەڕەشەی لێدەکرێت کە بێدەنگ نەبێت دەکوژرێت. بۆیە تەنانەت دادگاکانی هەرێمی کوردستان وەکو مەجلیسێکی عەشائیر بڕیار لەم کەیسانە دەدەن و زۆر جار بە کەسی تاوانبار دەڵێن ئەگەر ژنە قوربانییەکە مارە بکەیت و بیکەیت بە ژنی خۆت ئەوا هیچ سزایەک نادرێیت، بە حیسابی خۆیان ئابڕو بۆ ژنە قوربانییەکە دەگێڕنەوە، بەڵام بەپێچەوانەوە ئەمە کوشتنی ڕۆحی ژنەکەیە. 
ساڵێک لەمەوبەر سەعدی ئەحمەد پیرە کە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەو کەسێکی خاوەن دەسەڵاتە دەستدرێژی سێکسی دەکاتە سەر کچێکی پەنابەری سوریایی کە تەمەنی ١٧ ساڵان بووەو بەهۆیەوە پاکیزەیی لەدەست دەدات و ماوەی سێ ڕۆژ بێسەروشوێن دەبێت، چونکە توشی حاڵەتی نەزیفی دەبێت و لە نەخۆشخانە چارەسەری بەنهێنی بۆ دەکەن و دواتر دەیگێڕنەوە بۆ ماڵی باوکی و هەڕەشەی کوشتنیش لە تەواوی خێزانەکە دەکەن لەئەگەری باسکردنی ئەم بابەتە. ئەم خێزانەش دەگەڕێنەوە بۆ سوریاو دواتر لە تی ڤییەکی سەر بە پەکەکە دەرکەوتن و باسیان لەم قەزیەیە کرد. بەڵام هێشتا کەس نەیوێرا هیچ سزایەک بۆ داوێن پیسێکی وەکو سەعدی ئەحمەد پیرە دابنێ، بۆیە ئەم و تەواوی دەسەڵاتدارە داوێن پیس و هەتککارانی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبن لە فیعلە بەدڕەوشتییەکانیان، چونکە دەزانن کە یاسا ئەوان ناگرێتەوە. 
نمونەیەکیتر ئەم مناڵە نۆ ساڵانە بوو کە دوو ساڵ بەر لە ئێستا لەگەڵ باوکی لە هەولێر لە تی ڤییەکان دەرکوتو وتی چوار گەنج کە گشتیان کوڕی دەسەڵاتداران بوون دەستدرێژی سێکسییان کردۆتە سەر ئەم کچە نۆ ساڵانەیەو کچێنیی لەدەست داوەو داوای یاسایی تۆمارکردو چەندین جار لە ڕاگەیاندنەکان دەرکەوت لەگەڵ باوکی داوای سزادانی تاوانبارانیان دەکرد، بەڵام لەکۆتاییدا باوکی کچەکە سزاو زیندانی کرا بە تۆمەتی ئەوەی ناوی تاوانبارانی هێناوە. ئا ئەمەیە موعجیزەکانی ژێر سێبەری دەسەڵاتی کوردی، تفففووو بە نەعلەت بن. تاوانبار بەسەر یاسادا باز دەدات و قوربانیش سزا دەدرێت. 
ماوەتەوە لەکۆتاییدا بڵێم، کە هەندێک تەکنیک هەیە بۆ خۆپارێزی لە دەستدرێژی سێکسی کە پێویستە هەموو مناڵان و ژنان بیزانن کە لەکاتی ڕوبەڕوبونەوەیان لە دەستدرێژی سێکسی دەتوانن خۆیان ڕزگار بکەن. توێژینەوەکان ئەوەیان سەلماندووە. کاتێک کەسێک ڕوبەڕوی دەستدرێژی سێکسی دەبێتەوە. ئەوا ئەگەر کەسی قوربانی چوار ڕێگە بگرێتەبەر، ئەوا بە ڕێژەی لە ٩٥% خۆی دەپارێزێت لەم تاوانەو ڕزگاری دەبێت. جا کەسی قوربانی دەشێ مناڵ، کچ یان ژن بێت. ئەم ڕێگایانەش ئەمانەن یەکەم: کاتێک کەسێکی داماڵراو لەڕەوشت دەیەوێت دەستدرێژی سێکسی بکاتە سەر کەسێکیتر، ئەوا کەسی قوربانی واچاکە خۆی بڕشێنێتەوە، ئەگەر نەڕشایەوە، ئەوا پێویستە پەنجەیەک بخاتە ناو قورگیەوە، ئینجا دەڕشێتەوە. ئەگەر ئەم ڕێگەیە سەرکەوتو نەبوو. ئەوا ڕێگەی دووەم: کەسی قوربانی پێویستە لەم کاتەدا هەوڵبدات میز بەخۆیا بکات، بۆئەوەی کەسی دەستدرێژیکار قێزی بێتەوەو دوربکەوێتەوە. ئەگەر ئەمەش هەر سەرکەوتوو نەبوو ئەوا ڕێگەی سێیەم: لەم حاڵەتەدا کەسی قوربانی پێویستە بەزۆریش بێت پیسایی بکات و پیساییەکەشی پیادا بێتە خوارەوە. بەم جۆرەش کەسی بەدڕەوشت قێز دەکاتەوە، بەمەش سێکسی لەبەرچاو دەکەوێت و زەوقی نامێنێت. ڕێگەی چوارەم: کەسی قوربانی بەهەموو هێزییەوە شەق یان هەر زەبرێکیتری بەهێز بکێشێت بە ناو گەڵی بەدڕەوشتەکە، چونکە زۆرترین هەستەوەری ئازار لەناو جووتە گونی پیاودایە. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە