پێویستی کوردداندنی تیۆرییەکان

Tuesday, 07/02/2023, 11:38

3268 بینراوە


دەرسگەلێک لە شۆڕشی کوردستانیی ژیناوە/ بەشی دووەم / کۆتایی

بۆچی ڕاپەڕینی مەزنی کوردستانیی باشوور ناکام بوو؟!

لە ڕاپەڕینی باشووردا، ئەو بەشە لە نەتەوەکە باری گرانی سەدان هەزار شەهیدیی ئەنفالی بە کۆڵەوە بوو کە ڕۆحی ماندوو و بیرکردنەوەی لێڵ کردبوو، بەو پێیەش کە شۆڕشەکانی باشوور لەسەر گردبوونەوە لە دەوری کەسایەتی و کە سایەتییەکانیش چەندبارە ببوونەوە و هەمیشە لە ڕیزی پێشەوە دەبینران، پلانێک و ئامانجێکی دیاریکراو بۆ ڕاپەڕین نە بوو و نەیشدەزانرا کە ئەم هەستانە سەرپێیەی ئەو بەشە لە نەتەوەکە پێکڕا، بەرە و کوێیان دەبات. بۆیە زۆر بە سانایی ئەو سەرکردەیەتییەیانەی تەنانەت خیانەتی نەتەوەییان کردبوو بێ ترس لە لێپرسینەوە دیسان بوونەوە بە فەرمانڕان و قسەی یەکەم و دووەمیان لە چارەنووسی نەتەوەکەدا دەکرد  و ئەوەی بەرهەمهێنا کە دەیبینین. لە نێوان هێرشی سپای ئیسلامیی ئاخوندەکان بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەشداری فراوانی قیادە موەقەتە و بوونە کەواسووری بەرلەشکری ئاخوندی  و ڕاپەڕینی ئەو بەشە بندەستەی نەتەوەکە لە باشووردا، بیست ساڵی نێوانە، تەنیا بیست ساڵ، کە بە بەرواردکردنی لەگەڵ ئازاری سەدان ساڵەی نەتەوەکەدا، وەک (زەمان) بەرچایی تا فراڤینە و وەک (ماوە) ڕێگای ماڵێکە لە گەڕەکی بەختیارییەوە تا بەردەرکی سەرای سلێمانی. چۆن ئەم مێژووە کورتە لە یادی خەڵک چۆوە؟! بە چ هیوا و ئومێدێک خیانەتمەندانی نەتەوەیی قبوڵکرانەوە بۆ بوونە فەرمانڕان و چارەگەریی ئەو هەزاران هەزار برینەی ناو ڕۆحی ئەو بە شە لە نەتەوەکە؟!
ئەمانە ئەو پرسیار گەلە بوون کە لە سەرەتای شۆڕشە کوردستانییەکەی ژینادا، لەبەر دەم ڕۆشنبیرانی کوردستانپەروەری دڵسۆزی دەرەوەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتدا زەق بوونەوە و داوێنی هۆشی هەموو ئەو دڵسۆزانەی گرت و ناچاری کردن بە ڕامان، بەرواردکردن، وەستان و دەنگ هەڵبڕین. من کە بۆ فەرمانڕانیی سی و دوو ساڵەیی سەرکردەیەتی مەلایی و جەلالی دەڕوانم لە ئاوێنەی ئەم شۆڕشە کوردستانییەی ژینادا، هەست دەکەم، ئەو فەرمانڕانییە وەک مۆتەکەیەکی ناشرین و قێزەوون دەرکەوتووە لە پاشخانی بیرکردنەوەی ئەو ڕۆشنبیرە کوردستانپەروەرانەی ڕۆژهەڵاتدا، بۆیە هەر زوو نزیکەی بەیەک دەنگ و لە گۆشەنیگای جودای فەلسەفییەوە کە هێزێکی فرە مەزنی دا بە گفتوگۆکان و نرخ و بەهایەکی گەوهەرینی خستە سەر داواکاری کچان و لاوانی کوردی ڕاپەڕیوی لە سەرکردەیی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات یاخی، لە سوشیاڵمیدیاکاندا دەنگێکی زوڵاڵ و هاوارێکی بەرز بوون. 
ئەوان دەستیان بۆ ڕیشەکە برد، لێکدانەوەکانیان ڕیشەیی و ڕوانینیان بە فراوانیی کلتووری نەتەوەکە بوو، لەبەر ئەوەش کە بیری کوردبوون ( کوردەواری) لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا پوختە ببووەوە، زەمینەیەکی گەورە و پتەوی دروستکردبوو کە ڕۆشنبیرانی کوردستانی ئەو بەشە لە نەتەوەکە، دەنگە زڕ و هەڵوێستە فاشیستییەکان بناسنەوە و هەر زوو لە قاوی بدەن و بە بەڵگەی زانستی سەلمێندراو پووچی بکەنەوە، زۆر دەمێکە لە ڕۆژهەڵاتی نیشتماندا کار لەسەر بەها، نرخ و نۆرمە نیشتمانی و نەتەوەییەکان دەکرێت، لەو کاتەدا کە سەرانی حیزبەکانی باشوور شەڕی نەتەوەکەیان دەکرد لە ڕێگای ناشتنی تۆوی گومان لە نێوان لاوانی کوردا و برەودان بە کلتووری نەتەوە سەردەستەکانی داگیرکەری کوردستان، هونەرکار و ڕۆشنکارانی ڕۆژهەڵات، بەدوای ڕەسەنایەتی فکری کوردی و بەستەری هەنگاونانیان لە خاڵە هاوبەشە نەتەوەییەکانەوە قایمتر و جێگیرتر دەکرد، بەو مانایەی کە هەوڵیان دەدا نۆرمە کوردە ڕەسەنەکان دەستنیشان بکەن و بیکەنە خاڵی گفتوگۆیان لەگەڵ کوردەکەی بەرانبەریان، کە ساڵانێکی زۆر بوو، بە نۆرم و دنیا بینی کلتووری نەتەوەی سەردەستەوە گۆشدەکران، چوونکە زۆر ناماقوڵ و بێ بنەمایە ئەگەر ئێمە ڕامانمان وا بێت کە دنیابینیی داگیرکەر و داگیرکرا و هەمان سەرنج و هەمان تێگەیشتن و هەمان دەرهاویشتەیان هەبێت، تەنیا لەو حاڵەتەدا نەبێت، کە هۆش و زەین و عەقڵ ڕەتبکەینەوە و شوێن کۆمەڵێک چیرۆکی هەڵبەستراوی هەزاران ساڵە بکەوین و بیکەینە پێوەری بڕیاردانەکانمان لەسەر ژیانی ئەوی تر، ئەو کارەی کە زانا، نووسەران، دەزگای سیخوڕخانەی داگیرکەران، پێشەوایانی ئاینی نەتەوەی سەردەست و هەڵسوڕێنەرانی کلتووری نەتەوەی سەردەست کردوویانە. واتە بەکارهێنانی زۆر، زێڕوزیو، توانای ئابووری، لەشکری و دەزگاکانی فێرکردن، هەم بۆ چەسپاندنی نۆرمەکانی نەتەوەی سەردەست، هەم بۆ گومان دروستکردن و سڕینەوەی نۆرمە ڕەسەنەکانی نەتەوەی بندەست. 
ئەم هەوڵانە تەمەنیان سەدان ساڵە و لە باکوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژاڤای نێشتماندا بە شێوەیەکی پلاندار وبەرنامەی داڕیژرا و بۆ ئەو ماوە دوور و درێژە کاری لەسەر کراوە. لەم بەستێنەی هزر و لەگەڵ کلتووری داگیرکەر و نەتەوەی سەردەست کەوتنەدا، توانای چەندین تاکی نەتەوەی بن دەست و داگیرکراو (لێرەدا نموونەکەی من کوردە) چۆتە خانەی خزمەتکردن بە کلتووری نەتەوەی سەردەستەوە، نموونەکان زۆرن: لە باکوور یەشار کەمال، ئەحمەد کایا، برایم تاتڵیساز، لە ڕۆژهەڵات محەمەدی قازی، برایم یونسی، شەهرامی نازری، لە ڕۆژئاوا سەلیم بەرەکات و....دەیان و سەدانی تر لە بوارە زانستی و سەربازیی و ئابووریەکەدا. لە بواری ئابووریدا کە خاڵێکی هەرە بنچینەییە، سەرمایەداری کورد، زۆر جاران هیچ هەستێکی نەتەوەیی نەبووە و لە داڕزاندنی ئابووریی کوردیدا، ڕۆڵی باڵای بینیووە. بۆیە باسی باشوورم نەکرد، چوونکە هەر لە ساڵی ١٩٥٨ وە گۆڕانکاریی لە دەستوور و یاسا بنەڕەتییەکانی عێراقدا ڕوویاندا، سەبارەت بەو بەشەی نەتەوەکە لە عێراقدا، بە تایبەتی سەرکردەیەتی مەلایی و جەلالی و ڕەفتارەکانیان بەرانبەر بەو بەشە لە نەتەوەکە، بەربەست و ڕێگرێکی خۆیی بەردەوام بوون کە نەیانهێشت نەتەوەکە بپەرژێتە سەر داخوازییە ڕەسەنەکەی دەروونی کە سەربەخۆیی بووە، گا بە چەواشەکردن بەوەی کە روخسارێکی کوردایەتیان بەبەر ڕەفتارە دژە نەتەوەکەیاندا پۆشییوە، گا ڕاستەوخۆ دەستیان بە خوێنی باشترین تاکی کورد سوور کردووە، من ئەم پێوانەیە دەخەمە بەر دیدی وردبینیی ئێوە: مامۆستای بیرمەندی کوردایەتی ڕەفیق حیلمی، مامۆستا دەبێت لە قوتابخانەیەکی دوا ناوەندی لە شاری موسڵ ( نەینەوا)، دەرسی فیزیک و بیرکاری دەڵیتەوە، ڕۆژێک قوتابییەکی کورد کە لەو قوتابخانەیە دەخوێنێت، دەچێتە لای مامۆستا ڕەفیق حیلمی و بۆی دەگێڕێتەوە کە چەند قوتابی عەرەب بێزاریان کردووە و ئازاری دەدەن و گاڵتەی کوردبوونی پێدەکەن، قوتابییەکان بۆ مامۆستا دەستنیشان دەکات، مامۆستا یەک یەک ئەو قوتابیانە دەگرێت و تەمێیان دەکات، کە جارێکی تر ببڕای ببڕ ناوێرن لەو قوتابییە کوردە نزیک بکەونەوە، ئێستا ئەم هەڵوێستەی مامۆستا گەورە بکە و بەراوردی بکە لەگەڵ دەیان هەڵوێستی دوژمنکارانەی سەرکردەیەتی پارتەکانی باشوور لە دەیان قۆناغی تێکۆشانی کوردستانی ئەو بەشە لە نەتەوەی کورددا، کە چەندە دڕندانە و بێباکانە بەرانبەر خوێنی لاوانی(تاک)ی کورد، ڕەفتاریان کردوە. 
کوردایەتی کۆمەڵێک نۆرمی بیرکردنەوەی قوڵ و ڕەفتارکردنە و پێوانە گەلێکە بۆ هەڵوێستی کورد بەرانبەر هەڵویستی ئەوی تر، هەڵوێست لە بەرانبەر کلتووری داسەپاوی داگیرکەر و ڕەسەنایەتی کلتووری داگیرکراو، کە بەهیچ پێوانەیەک و بەهانەیەک ناتوانێت یەک بێت و یەک دەرهاویشتەی ڕوانین و جیهانبینیشی هەبێت، مەگەر لە تاکێکی داگیرکراو بوەشێتەوە، کە لە خۆیی و نەتەوەی خۆی نامۆ بووبێت بەو هۆیانەی لەسەرەوە باسم کردن. ئەم نامۆ بوونەی تاکی داگیرکراو لە کۆمەڵگا بە کۆلۆنی کراوەکاندا فراوانە، لە هەمووشی کوشندەتر نامۆ بوونی سەرانی کلتووری نەتەوەی داگیرکراوە. 
ئەم وێنەگەلە لە خەبات و تێکۆشانی کوردستانی نەتەوەکە، لەبەر زەین و هۆشی وشیاری ڕۆشنکارانی ڕۆژهەڵاتدا هەمیشە بەرجەستە دەبوو، چوونکە لە تێکۆشانی کوردستانی ئەو بەشەی نەتەوەکەش لە ڕۆژهەڵاتدا، ئەم ڕووداوە مەترسیدار و ئەم خیانەتمەندیانە چەند بارە ببووەوە و ترسیان لەوە هەبوو کە ئەگەر هەر لەسەرەتای شۆڕشی کوردستانی ژیناوە ئاگاداری نەتەوەکە نەبن و دەنگیان بەرز نەکەنەوە، سەرانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات وەک سەرانی حیزبەکانی باشوور، دەستی نەتەوەکە بکەن بە زاخدا و شۆڕشی ژینا لەبار بەرن. ئەم تێگەیشتنە عاقڵمەندانەیە و ئەم شیکارییە زانستییە بۆ ڕووداوەکانی شۆڕشی کورد، بووە گفتۆگۆیەکی چڕی فەلسەفی و سیاسی کە تەنگی بە سەرکردەیەتی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات هەڵچنی و وشیاری کردنەوە کە ئەوان ناتوانن هێڵەسوورە نەتەوەییەکان ببەزێنن، چوونکە ئاماژە گەلێک لە سەرانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتەوە دەرکەوت لە لێدوانەکانیاندا لەگەڵ فارسەکان کە لاواز و لە کەسایەتی نەتەوەکەی زۆر دەهێنایە خوارەوە، ئەم خەسڵەتانە لەلای ڕۆشنبیرانی باشووری، جگە لە ژمارەیەکی کەمیان نەبێت، خۆی نیشان نەدا و نەبووە خەمی ڕۆژانەیان و زۆر جاران ساکار و سادە بێ دودڵی و ڕەخنە و لێپرسینەوە، سوار ئەو گالیسکەیە بوون کە سەرکردەیەتی مەلایی و جەلالی دەیان ئاژووت، تەنانەت حاڵەتەکە گەیشتە پلەیەک کە چاویان لە خیانەتە نەتەوەییەکان دەپۆشی و ئاواتیان دەخواست ئەو سەرکردەیەتییانە پێیان بڵێن کە دەتوانن لەو گالیسکەیەدا بن کە ئەوان دەی ئاژوون!.
ئێمە لە مێژووی دوای کۆماری کوردستانەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕێکخراوی نەتەوەییمان نەبووە، بەڵام بیری قوڵی خەمڵێنراوی نەتەوەیی زۆر فران و گشتگیرمان لە ڕۆژهەڵاتدا هەبووە. بەراوردی ئەو بەهۆشهاتنەوە نەتەوەییەی ڕۆژهەڵات کە لە ماوەیەکی نە چەندان زۆردا، لە گروپە ئەدەبی و دەستە مەدەنییەکاندا خۆی نیشاندا، ئاماژە بە بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی گشتگیربوو کە بێگومان دینەمۆگەلێک، چ وەک تاک و چ وەک دەستەی بچووک لە تاودان و بەرەو پێشەوە بردنیدا ڕۆژانە کاریان کردووە، ڕووکەش و بنیادنراو نەبوو لە سەر دروشمگەلێکی (ئاماڵ کوردایەتی) کە لە ئاستێکی تەنک و بێ ڕیشەدا کار بکات، بەڵکو ڕیشەی کوورد بوونی دەبزواند و تاکی ئاخێنراوی دەخستە سەر بیرکردنەوە و پرسیارکردن لەوەی کە باپیر و باوان کردبوویان. واتە لەگەڵ ئەو بزواندنەدا پرسیاری دروست دەکرد و بۆ وەڵامەکان دەگەڕا. 
ئەم حاڵەتە لە باشوور بە دروستبوونی هەرێمێک، کە دوو سەرکردەیەتی بێ بەرنامە و ئاشووفتە، کەوتن بەسەر فەرمانڕانییەکەیدا، پێچەوانە بووەوە، زمان وێرانکرا، بەهاونرخە کوردەوارییەکان بێ نرخ کران، لاسایکردنەوە بووە مۆدێل و گروپ و دەستە مەدەنییەکان کە لە ژمارە نەدەهاتن، بوونە کۆمپانیای بچووکی بازرگانی بە کلتووری نەتەوەکەوە و......هتد لە وێرانکردنی هەموو نۆرمە کوردەوارییەکان، کە پێشەنگی ئەو نۆرمە کوردەواریانە (بیری سەربەخۆیی نیشتمان) بوو، کە لە باشوور بە پولێکی قەڵب کەس نەیدەکڕی و بووە مایەی گاڵتەجاڕیی، ئەم نۆرمە تەنیا لە جل و جامانە و هەڵوێستی ڕۆژانەی کەناڵەکانی تیڤیدا کۆنابێتەوە، کە لە باشووردا بۆتە خۆراکێکی گەنییوو و قوماشێکی پواوی حەفتاساڵەیی!!!. تەنانەت لە پەیڕە و پڕۆگرامی نووسراوەی سەر کاغەزی پارتێکیشدا، تا نەبێتە پراکتیک و ئاکامێک بەدەستەوە نەدا، لە حاڵی تیۆریی تاقینەکراوەدا دەمێنێتەوە، خۆ ئەمە تەنانەت بۆ تیۆرییە زانستییە ڕووتەکانیش هەر بە دروست دەگەڕێ.  
لەگەڵ ئەو هاوارە جوامێر، بەرز، ڕەسەن و ئاشکراو ڕوونەدا کە ڕۆشنکارانی ڕۆژهەڵاتی هێنایە دەنگ و بوونە بەربەستێکی کێوئاسا بۆ پشتیوانی و ئاگاداربوون لە شۆڕشی کوردستانی ژینا، دەنگگەلێکی کزی تاقی کراوە بەڵام خۆ لە پێشنەر و زۆرجاران، گوێنەگر و حەزکەر لە چەلەحانێ و بەهانەگر، کە بەهانەکانی خۆیان دەبەنەوە سەر تیۆریگەلێکی کەسانێکی سەر بەنەتەوەی سەردەستیش، دەبیسترێ، کە مافی خۆیانە سەرنج و ڕەخنەیان هەبێت و بەربەرەکانیش بکەن چوونکە بیریان لە سەرچاوەیەکی دی ئاودەخواتەوە و باوەڕیان بەوەی خۆیان هەیە، دەبێت گوێیان لێبگیرێت و تا ئەو کاتەی گفتوگۆکان نابنە قەوانێکی لێدراوەی سواو، ئازادیخوازانی کوردستانی دەبێت بەڕیزەوە گویان بۆ بگرن و شیکارییەکانیان شی بکەنەوە، بەپێی سوودی گشتی نەتەوەکە، چوونکە ئەوانیش هەن و بەشێکن لە نەتەوەکە بە بیروڕای جودا، یەکێکیش لە بنەماکانی دەرکەوتنی ڕاستییەکان، گفتوگۆی ئارام، بەڵگەدار و ڕیزگرتن لە بۆچوونەکانی بەرانبەرە، زیندوویەتی نەتەوەیەک لە زیندوویەتی بیروبۆچوونی جودا دایە، کە کوردێکی تری خاوەن بڕوایەکی تری قبووڵە. هەموو فەرمانڕانە تاکڕەوە دیکتاتۆرەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین، لە چاوپێکەوتنە تیڤییەکانیاندا، باسی ماف و یەکسانی و دیمۆکراسی دەکەن و پێدا هەڵدەڵین و بیست ساڵ و چل ساڵ و تەنانەت شەست ساڵیش لە سەر کورسی فەرمانڕانی ماونەتەوە و هیچ مێشێکی مافی خەڵک و یەکسانی چینەکان و دیمۆکراسیش میوانیان نەبووە!!.
پشتبەستن بە تیۆریگەلی جۆرواوجۆری ئەم سەردەمە جەنجاڵەی ئێستای ئێمە و ڕۆچوون لە تیۆرییەکاندا، ڕەنگە بمانگەێنێتە کۆڵانێکی بنبەستراو کە ڕێگەی گەڕانەوەمان لێ بزر بکات. تیۆریسێنە زۆر و زەوەندەکانی سەرەتای شۆڕشەکەی حەفتاونۆی ئیران، تا ئاوڕیاندایەوە، خومەینی سوار پشتی شۆڕشەکەیان بوو، هەموویانی بۆڕدا و لەت و پەتی کردن و ئەوە چل و دوو ساڵە، بە دڵی خۆی دەئاژوێ و هێشتاش کەسانێک ماون کە لەو شۆڕشە دەرسێک فێرنەبوون و باسی یەکپارچەیی(زەویەکان) ی ئێران دەکەن!! ئەگەر تاکەکانی نەتەوەی سەردەست دڵیان بەم گوتارە خۆشکردووە، دەبێت و (ئەرکی نەتەوەییە) کە ئازادیخوازی کوردستانی نەتەوەکەی ئێمە وەک قەوانێکی سواو لێی بڕوانێ و هیچ نرخێکی لەسەر دانەنێت، کاری شۆڕش و ڕزگاریی گەلان، گۆترەکاریی و پەیمان و سەودای دۆڕاو نییە، کە کوردێکی بندەست و داگیرکراو تۆزقاڵیکیش دڵی خۆی پێخۆش بکات. 
من لە گوتاری ( ئەم فاکتانە) ی حەوت مانگ پێش شۆڕشەکوردستانییەکەی ژینا نووسیم: ئەزموونی فیدراڵی باشوور، ئەزموونێکی قێزەوون و ناشرینە و نابێت ڕێگا بدرێت، بەو جۆرەی باشوور لە ڕۆژهەڵات دووبارە ببێتەوە، چوونکە نە سەرکردەیەتی کورد لە ئاست مۆدێلی فیدرالییەتدا بوون، نە فیدراڵییەت بە قوڕگی عەرەبی عێراقیدا چوو، فارسەکانیش لەم فاکتە ڕیزپەڕنین، بە شارستانەتی درۆینە و ئەفسانەکانی ڕاست و چەپیان دەستخەڕۆ مەبن. 
ئێمە بینیمان، سەرکردەیەتی کۆمەڵە و دیمۆکرات، هەر کە دەمیان کردەوە لەگەڵ فارسەکان، یەک ودوو باسی فیدرالییەت و ئیرانێکی فیدرالیان کرد، ئەمە لە کوێوە هات؟! بێگوومان ئەوان وێنەکەی فەرمانڕانییە قێزەونەکەی فیدراڵییەکەی مەلای و جەلالی باشوور لە زەین و پاشخانی خەون و ئاواتەکانیاندا بەرجەستە بوو، دەنا هەر هیچ نەبایە بەر لەوە یان پاش ئەو پێشنیازەیان، دەبوو بیانگوتبایە، مۆدێلی بەڕێوەبردنی وڵاتان جۆری زۆرە و ئێمە کەمینەیەکین لە نەتەوەی کورد و ناتوانین بێ پرس و گەڕانەوە بۆ نەتەوەکەمان، بڕیاری بنجبڕ لە جیاتی نەتەوەکەمان بدەین!! لەناو نەتەوەکەی ئێمەدا چەندین جۆری بەڕێوە بردن تاوتوێ دەکرێت و لەوانە سەربەخۆیی و خۆ بەڕێوەبردن کە پێیان وایە لەهەموو هەڵبژاردەکانی تر گونجاوترە بۆ حاڵی کورد.
 ئەسلەن ئەوان بەر لە هەر شتێک ئەگەر مەبەستیان بووایە و لە پاشخانی بیرکردنەوەیاندا، وێنەیەکی دیاریکرا و نەبایە، دەبوایە بۆ بەهێزکردنی کەسایەتی نەتەوەکە، لەگەڵ فارسەکان بەکوردی قسەیان بکردایە، ئەوە گرفتی فارسەکانە کە دەبوو وەرگێڕیان بۆ وەرگێرانی وەڵامە کوردییەکان هەبایە، هەر هیچ نەبایە لایەنێکیان ئەم کارەیان کردبایە. ئیسماعیل بیشکچی لە زیندان ئامۆژگاریی بەندکراوە کوردەکانی دەکرد کە لەکاتی توێژینەوەدا داوای وەرگێڕ بکەن تا پیشانی بدەن زمانی ئەوان تورکی نییە، ئەم حاڵەتە بۆ سەرکردەیی حیزبەکان کە بە حسابی خۆیان باسی چارەنووسی میللەتێک دەکەن، سەد بەرانبەری زیندانییەک کە لەسەر کوردبوونی بەند دەکرێت، گرنگتر و کاریگەرترە. 
ئەوانەی لە وەڵامدا پێم دەڵێن، کە ئەوان سیاسەتیان کردووە، لە وەڵامدا پییان دەڵێم: بۆچی دەبێت سیاسەتی کوردی بە فارسی و تورکی و عەرەبی بکرێت؟! ئەگەر مەسەلەی نەتەوەکەی تۆ بۆ ئەو لایەنە بیانیانە گرنگن کە ئێستا تۆی کوردی سیاسەتکارییان بانگهێشت کردووە تا ڕێگا چارەیەک بۆ ئایندەی ئێرانی دوای کۆماری سێدارە بدۆزنەوە، دەبێ بەر لە هەر شتێک لەوە حاڵی بووبن و قەناعەتیان بە خۆیان هێنابێ کە زمانی تۆ کوردییە و تۆ فارس نیت!! بۆ تۆش وەک سیاسەتکارێکی کورد بەر لە فارسەکان دەبوو  گرنگتر بوایە کە نەتەوەکەی خۆت لێت حاڵی ببێت کە چی دەڵێیت و چۆن باسی ئایندەی نەتەوەکە دەکەیت!! یان ئەوان تەنیا بۆ وەرگرتنی دڵنییایی (تەئید) و گەرەنتی دان کە تۆ لەگەڵ ئەوان هیچ هێڵێکی سووری نەتەوەییت نییە، تۆیان بانگهێشت کردووە، ئەگەر وابێ لەم حاڵەتەدا باسەکە دەچێتە قاڵبی لێپرسینەوە و تەنانەت هەڕەشە لێکردنەوە.
ئێستا شۆڕشێکی سەرتاسەری کوردستانی، سەرتاپای نیشتمانی بە کۆلۆنی کراوی کوردی گرتۆتەوە و لە هەموو زەمانێک زیاتر وشیاربوونەوەی نەتەوەیی گەشاوەتەوە و نەتەوەکە بۆ خۆی دەگەڕێتەوە. هەزاران ساڵ بوو کە کورد لە خۆیی و لە کلتووری کەونارای خۆی دابڕابوو، هەرچی دەیکرد، تۆزقاڵێک پەیوەندی بە شاخ و داخ و نیشتمان و بیری کوردی و خواستی کوردی و باوەڕی کوردییەوە نەبوو، چوونکە ئەگەر وا نەبوایە و کورد بە شێوە سروشتییەکەی وەک مرۆڤەکانی تر گەشەی کردبا، ئێستا ئێمە بەو جۆرە نەدەبووین کە هەین و یاساکان ئەوە نەدەبوون کە هەن، زانستەکان ئەوە نەدەبوون کە هەن و باوەڕەکان ئەوە نەدەبوون کە هەن!! وەک نموونە: ئایا ئەو جوگرافییایەی لە قوتابخانەکانی کوردستانی داگیرکراودا بە زمانێکی بێگانە زارۆکی ئێمەی پێڕا دەهێنن، ئێمە وەک کورد هیچ ڕۆڵێکمان لە لێتوێژینەوە و دارشتنیدا هەبووە؟ نەخێر. ئەو مێژووەی کە دەرخواردی زارۆکی ئێمە دەدرێت و ناچاردەکرێن باوەڕی پێ بێنن، ئێمە وەک کورد چ ڕۆڵێکمان لە ساغکردنەوە و خوێندنەوەیدا هەبووە؟ نەخێر...وانەکانی تری قوتابخانەکانیش بەهەمان جۆر، کەواتە ئێمە هەرچی هەوڵ و بەرهەمێکمان بووە و هەرچی توانەیەکمان نیشان داوە چۆتە سەبەتەی بەرژەوەندی نەتەوەی سەردەست و ئەو ڕژێمگەلەوە کە نوێنەرایەتی ئەو نەتەوانەی کردووە، تەنانەت هێزی بازوومان کە لە کێبەرکێ وەرزشییەکاندا پیشانمان داوە لە کۆتایدا هەر بەناوی خەڵکی ترەوە تەواو بووە، بەو مانایەی هەموو توانا فکری و جەستەییەکانمان، لە خزمەتی گەشەکردنی کلتوور و پیشەسازیی و زانستی و سیاسی ئەوی تردا بووە!.
ئەم نۆرمی بیرکردنەوە و وشیار بوونەوەیە، گەڕانەوە بۆ سەر خۆ، لە شۆڕشی ژینادا بە ڕوون و ئاشکرایی بەرجەستە بوو، ئەو چینەش کە پێشەنگی ئەم هاوارە دادخایی و یەکسان ویست و ڕەسەنایەتیەی کرد و هەموو حیزبی کلاسیکی و باوەڕی کۆن بووی بۆڕدایەوە و هاوارێکی نوێیان دا بە گوێی نەتەوەکە و دوژمنانی نەتەوەکەدا، ئەوانە ژنان، کچان و کوڕانی کورد بوون، کە لە باوانیان ناچن و وەکی وان بیرناکەنەوە و پرسیارگەلی زۆریان لەوان هەیە و لێپرسینەوە لە هەموو ڕەفتارەکان دەکەن و ئەمڕۆ بە پێوەری دوێنی ناپێون و ڕێز لە ماندووبوونەکان دەگرن و دڕێژە بە جوانییەکان دەدەن، بەو جۆرەی خۆیان خوێندنەوەی بۆ دەکەن، بۆیە هێز لە بەرانبەریاندا نووشووست دێنی و واقعیان کردۆتە ئامڕازیی بۆ پێشەوە چوونیان، لەو باوەڕەدان کە ئەگەر مارکسی ١٨٦٠ مارکسی ٢٠٦٠ بایە، کتێبێکی نوێی ( سەرمایە) یەی دەنووسی و بە مارکسییەکانی دەووت: من ئەو کاتە وەک مرۆڤێکی واقع بین، کرێکارەکانم دەبینی لە ناو قوڕوچڵپاوی کارخانەکاندا، بە بێ هیچ ئامرازێکی خۆپاراستن لە ڕۆژهەڵاتنەوە تا خۆرئاوادەبوو گیان دەدا تا نانی خیزانەکانیان دەستەبەر بکەن، منداڵەکانیان لە ناو لیتاوی کارخانەکاندا گەمەیان دەکرد، چوونکە نە قووتابخانەیەک هەبوو بۆی بچن و نە جێگایەک پشووی تێدا بدەن، ئێستا ئەوسا نییە، ژنان و كچانی کورد بە سەرکردەیی حیزبەکان دەڵێن، وێنەکان گۆڕراون، بیر دەبێ لە بزووتن و گۆڕاندا بێت!! بیر ئەگەر لە چەقێکدا وەستا و بەپێی ئەو یاساگەلە دارێژراوە کە وەک یاساگەلی ئەبەدی وێنە دەکرێن لە خۆیدا مایەوە و ٣٦٠ پلە دەوری خۆی نەبینی، هێشتا لە سەرەتای ڕێدایە و لە خانەی کەمێ بەرزتر لە سفرەوەیە.  بە ئەکادیمیستە کوردەکانیشیان گووت، مەرج نییە هەر فکر و تیۆرییەک لەوبەری ئاوەوە هاتبێ، قاڵبی نەگۆڕ و هێژای کۆپیکردن و سەرسپاردن بێت پێی. 
ئەمە مشتێک لەو بیروباوەڕ و نۆرم و دەستکەوتە نوێیانە بوون کە من لە شۆڕشی ژینادا بەم هەزاران وشەیە نووسیمنەوە و ئەو وانەگرنەگانە بوون کە لەم شۆڕشەوە فێریی بووم و ئەو هاوارە زوڵاڵە بوو کە لە ڕۆشنکارانی کوردستانیی ڕۆژهەڵاتی دڵسۆزیی دۆزی نەتەوەکەم بیستم و ڕۆحی گەشاندمەوە و منیشی کردە شەپۆلێکی بچووکی زنەیەک کە دەچێتەوە سەر ئەو زەریا کوردستانییە خرۆشاوەی داری ئازادی سەربەخۆیی نیشتمان ئاودێردەکا و نەتەوەیەکی کەونارای خاوەن شارستانەتی قەدپاڵەکانی زاگرۆس و قەندیل دەژێنیتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە