ژنی نەرگسی و تایبەتمەندییەکانی لەگەڵ چۆنێتی مامەڵەکردنیان (بەشی یەکەم)

Wednesday, 15/02/2023, 12:28

4641 بینراوە


لەم باسەمدا هەوڵ دەدەم ژنی نەرگسیتان پێ بناسێنم، گرنگترین تایبەندییەکانیان بخەمەڕوو، هەروەها چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵیاندا ڕوون بکەمەوە. بۆ ئەمە سەرەتا پێویستە ئەوە بزانین کە نەرگسی چییە ؟ خوود ویستی یان خوود زل بینین، هەستکردن بەگەورەیی خوود، زیادەڕۆییە لەگرنگیدان بەخوود. دیارە نەرگسی لەڕووی کلینیکییەوە بە جۆرێک لە تێکچوونی کەسێتی دەست نیشان کراوە، کە خاوەنەکەی هەڵگری کۆمەڵێک تایبەتمەندی نائاساییە، خۆبەگەورەزانن (Grandiosity)، دان بەهەڵەکانیاندا نانێن، بەردەوام کەسانی تر بۆ هەڵەکانیان تاوانبار دەکەن. خۆیان بەگرنگ و بەبایەخ تر لەکەسانی تر دەزانن، لەبازنەی داخراوی بڵندێتیدا (Superiority) دەخولێنەوە. بێ ئەندازە حەزیان بەسەرنجدان و پیاهەڵدانی کەسانی تر هەیە، هەروەها ناتوانن هاوسۆزی بۆ کەسانی تر دەرببڕن، یان لاوازن لەتوانای هەستکردن بەئازاری کەسانی تر و دەربڕینی هاوسۆزی بۆیان.
دیارە تێکچوونی کەسێتی نەرگسی (Narcissistic Personality Disorder) زۆرێک لەخەڵکی بەدەستییەوە دەناڵێنن، دەرەئەنجامی توێژینەوەکان ئەوەی دەرخستووە کە (4٫8٪) ی ژنان و (7٫7٪)ی پیاوان تێکچوونی کەسێتی نەرگسییان هەیە.
دیارە مەبەستی باسەکەمان ژنی نەرگسییە، ژیان لەگەڵیاندا تا ئەندازەیەکی زۆر قورس و ئەستەمە. ئەگەر زانیاریت نەبێت و بەوریاییەوە مامەڵەیان لەگەڵدا نەکەیت، ئەوە باجەکەی بە داڕمانی تەندرووستی دەروونی و جەستەیت دەدەیت. ژنی نەرگسی هەڕەشەی بەردەوام و ئاستەنگن لەبەردەم ئاسایشی دەروونی و جەستەیدا، ڕاستەوخۆ کاردەکەنەسەر ئاستی متمانەبەخۆبوون (Self-Confidence) 
و ڕێزگرتنی خودیت (Self-Esteem) و دایدەڕمێنن.  لێرەدا هەوڵ دەدەم گرنگترین تایبەتمەندییەکانیان بخەینەڕوو:-
1- ناتوانێت سنووری کەسێتیت بپارێزێت یان سنووری کەسێتیت قبوڵ بکات:  ژنی نەرگسی ڕێز لەسنووری نێوانتان ناگرێت،  بەردەوام سنووری کەسێتیت دەبەزێنێت. هەروەها پێی وایە کە ئەو کەسێکی تایبەتە و لەسەروو تۆوەیە، دەبێ زۆر بەڕێزەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکەیت. بەچاوێکی کەم سەیرت دەکات و بێ ڕێزی بەئامانج و پێداویستییە کەسییەکانت دەکات. چێژ لەوە دەبینێت لەوەی سنوور کەسێتیت ببەزێنی و بێ ڕێزیت بەرامبەر بکات.
2- چێژ دەبینێ لەوەی کە ئازار دەکێشیت: ژنی نەرگسی دەناڵێنێ بەدەست لاوازی ڕێزگرتنی خوودەوە، بە بەردەوامی لەناوەوەیدا هەست بەکەمی و بێبایەخی دەکات. بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەوە، هەوڵ دەدات کەسانی تر بهێنێتە خوارەوە بۆ ئاستی خۆی، تاوەکو هەست بەباشی بکات. بۆ ئەمە هەڵدەسێت بە ڕەخنەگرتنی لەڕادەبەدەر و حوکمی نادرووست و چەواشەکارانە لەڕەفتار و کارەکانی مێردەکەی. تا ئەویش هەست بەکەمی و بێ بایەخی بکات. ئەگەر ژنێکی نەرگسیت هەبێت و باسی دەستکەوتێک یان سەرکەوتنێکی خۆتی لەگەڵدا بکەیت، ئەوە ئەو لەگەورەیی دەستکەوتەکەت کەم دەکاتەوە، بە ناگرنگ و بێبایەخ وەسفی دەکات.
3- هەوڵ دەدات پەیوەندییەکانت لەناوببات: ژنی نەرگسی حەزێکی لەڕادەبەدەر و بێ کۆتای هەیە بۆ کۆنترۆڵکردنی کەسانی تر، دەیەوێت بەهەر نرخێک بێت مێردەکەی بخاتە ژێر ڕکێف و دەسەڵاتی خۆیەوە. بۆیە سەرەتا درز و کەلێن لەنێوان تۆ و خێزان و هاوڕێکانتدا درووست دەکات.  بەشت دروستکردن و شت دانەپاڵی تۆ. دیارە ئامانج لێی کەمکردنەوەی ڕێز و نرخی تۆیە لەلای ئەوان، بەردەوام دەبێ تا دەگاتە ئەوەی هەڵە تێگەیشتن یان کێشە لەنێوان تۆ و ئەواندا درووست دەبێت، ووردە ووردە لێت دەتەکن و پەیوەندییەکانت کەم دەبنەوە و بەرەو نەمان دەچن.
4- تەنها لەبارەی خۆیەوە دەدوێت: ژنی نەرگسی حەزێکی لەڕادەبەدەری هەیە بۆ قسەکردن و باسکردنی خۆی و تواناکانی،  هەروەها دەستکەوتەکانی، وێنەیەکی نایاب لەسەر خۆی و ژیانی دەکێشێت.  بڕوات پێ دەهێنێت کە ژنێکی خوازراوە و پەسەندە لای هەمووان،  هەمووان ئاواتەخوازن کە کەسێکی وەک ئەو هاوسەری بان، بۆیە تۆش پێویستە سەرسام بیت پێی و سوپاسگوزار بیت.
5- خۆی وەک قوربانی پیشان دەدات: بۆ ژنی نەرگسی ململانێ و ئازارەکانی ژیانی، لەهەموو کەس و شتێک گرنگتر و گەورەترە. کاتێک دەدوێیت لەگەڵیدا و باسی کێشەکانی خۆتی لەگەڵدا دەکەیت، بەئامانجی دۆزینەوەی چارەیەک بۆیان. بەڵام ئەو بابەتە بۆ باسکردنی کێشەکانی خۆی دەگۆڕێت، خۆی وەک قوربانییەک لەبوونی کێشە کەڵەکە بووەکانیدا پیشان دەدات.
6- دان بەهەڵەکانیدا نانێت و کەسانی تر تاوانبار دەکات: لەمێشکی ژنی نەرگسیدا ئەوە چەسپیوە، کە ئەو هەرگیز هەڵە ناکات. بۆیە کاتێک هەڵەیەک دەکات یان بەربەستێک دێتە ڕێگەی. بەدڵنیاییەوە کەسانی تر تاوانبار دەکات، ئەوان بەهۆکار دادەنێت. هەرگیز دان بەهەڵەکانیاندا نانێت، بەدوای ڕێگایەکدا دەگەڕێت تا تاوانەکە بخاتەسەر کەسێکی دیکە.
7- بەرگەی ڕەخنە ناگرن: ژنی نەرگسی هەرکاتێک بینی کەسانی تر کەموکوڕییەکانی باس دەکەن و ڕەخنەی لێ دەگرن یان شتی خراپی لەبارەوە دەڵێن. ئەوە ووڵامدانەوەیەکی تووندی دەبێت بۆیان، زیادەڕەوی دەکات و کاردانەوەی بەجۆرێکە سنوور دەبەزێنێ، هەندێ جار دەگاتە ئاستی سوکایەتی و ئیهانەکردنی کەسی ڕەخنەگر.
8- ڕێز لەهەستەکانت ناگرێت: نەنواندنی هاوسۆزی یان هاوسۆزنەبوون یەکێکە لەتایبەتمەندییە سەرەکییەکانیان. ژنی نەرگسی ناتوانێت هاوسۆزی دەرببڕێت لەکاتێکدا هاوسەرەکەی پێویستی بەسۆز و گرنگی پێدانی ئەوە. لەوانەیە تۆ نەخۆش بیت و لەجێگەدا کەوتبیت، کەچی ئەو هێشتا گلەی و بۆڵەبۆڵ دەکات، لەوەی کە بۆچی هەرکاتێک ئەو بیەوێت ڕۆژەکەی لەگەڵدا بەسەرببەی و بیبەیتە دەرەوە، تۆ نەخۆش دەکەویت، گلەیی لەنەخۆش کەوتنت دەکات، لەوانەشە تاوانبارت بکات بەوەی کە شتەکان بەوشێوەیەی کەخۆی دەیەوێت ئەنجامی نادەیت.
9- نەرگسی لەنێوان بەباڵاکردن(Idealizing) و بێ بەهاکردندا(Devaluating) دەسوڕێتەوە: لەڕۆژانی سەرەتای هاوسەرێتیدا ژنی نەرگسی  لەڕادەبەدەر گرنگیت پێ دەدات،  تەواوی کاتەکانی بۆ تۆ تەرخان دەکات و سەرنجی دەخاتەسەر تۆ،  خەرقی خۆشەویستی و سۆزت دەکات، تا تەواو گیرۆدەی سۆز و هۆگری خۆیت دەکات. هەرکاتێک هەستی کرد کە وابەستەی بوویت و بەبێ ئەو ناتوانیت بژیت. ئەوە دەستبەجێ بەڕەکە لەژێر پێتدا دەردەهێنێت. ئەم تاکتیکە پێی دەوترێت بۆمبی خۆشەویستی (Love Bombing)، ئەو چێژ دەبینێ لەیاری کردن بەهەستەکانت لەنێوان بەباڵاکردن و بێ بەهاکردندا. هەندێ جار وات لێ دەکات هەست بکەیت بە بایەخترین و بە بەخترین کەسیت ، هەندێ جاریش وات لێ دەکات هەست بکەیت بێ بایەخترین و بەد بەخترین کەسیت لەم دنیایەدا، تەواوی ژیان بەم شێوە ژیانە لەگەڵیدا دەژێیت. 
10- مادەگەرایی بوون: ڕووگەی ناو خەڵک و ڕووکەشی دەرەکی بۆ ژنی نەرگسی لەڕادەبەدەر گرنگە. بۆیە خۆشەویستی نەرگسییەکان  بەدەوری مادە و مەسڵەحەتی مادیدا دەخولێتەوە، کاتێک سوود و مەسڵەحەت نامێنێ، خۆشەویستی ئەویش کۆتای پێ دێت. ئەوان پەیوەندی لەگەڵ کەسێکدا درووست ناکەن کە هیچی نەبێت، تا پێشکەشیان بکات. بۆیە ئاساییە کاتێک مێردە بازرگانەکەی ئیفلاس بکات، بەجێی بهێڵێت و بچێتە دادگا و داوای جیابوونەوە بکات.
11- هەمووان ئیرەیی پێ دەبەن: پەیوەندی درێژخایەن و پاراستنی هاوڕێیەتی کارێکی ئێجگار قوورسە بۆ ژنی نەرگسی، چونکە لەمامەڵەکردن لەگەڵیاندا بەردەوام ئەو هەستە لەناخیدایە، کە ئەم باڵاترە لەوان و ئەوان ئیرەی پێ دەبەن. بەوپێیەی کە خۆی بەباڵاتر دەزانێت خۆی لەداننان بەسەرکەوتن و دەستکەوتەکانی ئەوانیتر بەسەر ئەمدا دەپارێزێت، ئەمەش زیان بەپەیوەندییەکانی دەگەیەنێت، ناتوانێت پەیوەندییەکانی بپارێزێت.
12- سێکس وەک چەکێک بەکاردەهێنێت: ئەگەر هاوسەری ژیانت نەرگسییە، داوایەکی هەبووە و بێ ئومێدت کردووە، ئەمە دەکاتە کێشە و ڕێگایەک دەدۆزێتەوە بۆ سزادانت. بەقسەنەکردن لەگەڵت و  دووربوون لێت، بە ڕاگرتنی سێکس سزات دەدات، تاوەکو جارێکی تر هەرگیز بەبێ بایەخ لەداواکانی نەڕوانیت و کەمتەرخەم نەبیت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە