چوار دیاردە لە گەردووندا لە خێرایی تیشک خێراتر بەڕێوە دەچن

Monday, 13/03/2023, 20:24

4286 بینراوە


زانای مەزن و ناوداری ماتماتیک و فیزیا ئەینشتاین (Albert Einstein)، بە بیردۆزی ڕێژەیی توانی گەلەک بنەمای ڕیشەیی و بنچینەیی لە فیزیازانیدا بگۆڕێت. ئەم بیردۆزە تێڕوانینە چەسپاو و نەگۆڕەکەی (نیوتن)ی دەربارەی جووڵە هەڵگێڕایەوە و سەلماندی گشت جووڵەیەک ڕێژەیییە. هاوکات چەمکی کاتی لە ڕەهایییەوە بەرەو ڕێژەیی برد، پێی گوتین کات بەندە بە خێرایی تەنەکان و تووندی ئەو کێشکردنەی کە تەنەکان تێیدا دەجووڵێنەوە، یەکبوونێکیشی هێنایە کایەوە بۆ کات و شوێن، بەمەش کورتبوونەوە و درێژبوونەوەی کات کرایە چەمکێکی هەرە سەرەکیی بۆ تێگەیشتنمان لە گەردوون.
ئەینشتاین بۆ یەکەمین جار لە زانستدا پێشبینی ئەوەی کرد تیشک لە سەرانسەری بۆشایی گەردووندا هەمان خێرایی هەیە و ناگۆڕێت بە گۆڕانی خێرایی چاودێریکەران و سەرچاوەی تیشکەکە. ئەو خێراییەش خۆی لە 300 هەزار کیلۆمەتر لە چرکەیەکدا (299792 كم/چ) دەدات. واتە دەکارین بە یەک چرکە نێزیکەی 8 جاران بە دەوری زەوی بخوولێینەوە.
لەڕاستیدا ئەمەیان هەموو چیرۆکەکە نییە، بگرە تەنیا سەرەتایەکە بۆ پرسێکی گەلەک گرینگ.
پێش هاتنی ئەینشتاین بارستایی، واتە ئەو گەردیلانەی تۆ و من و هەموو بوونەوەرانی لێ پێک هاتووە لەگەڵ وزە وەک دوو شتی جیاواز دەبیندران، بەڵام لە ساڵی 1905دا ئەینشتاین بیروڕای تێکڕای زاناکانی فیزیای بۆ هەتاهەتایە گۆڕی. ئەمەش لەڕێی بیردۆزەکەی بوو، لە پێکبەندی هەمیشەیی بارستایی و وزە، لە بەناوبانگترین هاوکێشەدا لە مێژووی فیزیازانی کە دەڵێت: وزە یەکسانە بە لێکدانی بارستایی و دووجای خێرایی تیشک (E=MC²)، هەرچەندە هاوکێشەیەکی زۆر سادە کورتە بەڵام یەکجار بایەخدارە.
بە پشتبەستن بەم هاوکێشەیە هیچ شتێکی خاوەن بارستایی ناتوانێت بگاتە خێرایی تیشک، یان تێی بپەڕێنێت. نێزیکترین هەوڵی مرۆڤ بۆ گەیشتن بە خێرایی تیشک، ئەوانەیە لەناو خێراکەری تەنۆلکەکان ڕوو دەدات بەناوی پێکدادەری هادرۆنی مەزن (Large Hadron Collider‏ - LHC)، لەم ئامێرەدا تەنۆلکە ژێر گەردیلەییەکان خێراییان دەگەیندرێتە پتر لە %99.99ی خێرایی تیشک. وەک زانای خاوەن نۆبڵ دێڤید گرۆس (David Gross) پێمان دەڵێت، ئەمانە هەرگیز ناگەنە خێرایی تیشک، لەبەرئەوەی پێویستمان بە وزەیەکی بێکۆتا هەیە تا بکارین تا ئەو ئاستە تەنۆلکەکان خێرا بکەین، بەڵام بۆ تیشک کە لە فۆتۆنەکان پێک دێت ئەو خێراییە ئاسایییە، چونکە بارستایییان نییە. 
لەگەڵ هاتنی ئەینشتاین تا ئەمڕۆکە زاناکانی فیزیا چەند دیاردەیەکیان دۆزیووەتەوە، لە تیشک خێراترن و هیچ یاسا و ڕێسایەکی گەردوون نابەزێنن، پابەندیشن بە بنەماکانی ڕێژەیی تایبەت.
ئەو دیاردانەش؛

1- هەڵاوسانی گەردوونیی (cosmic inflation)‏

بڕ و یەکەکانی تیشک تاکە شت نین لە گەردووندا خاوەن بارستایی نەبن، چونکە بۆشایی ئاسمان هیچ ماددەیەک لەخۆ ناگرێت و بارستایی نییە.
زانای فیزیای تیۆریی میچیۆ کاکو (Michio Kaku) دەبێژێت، بۆشایی بەتاڵ لە شتگەلە ماددەیییەکان دەتوانێت لە خێرایی تیشک پتر فرەوان ببێت. ئەمەشە بیروڕای زاناکانی بیردۆزی هەڵاوسانی گەردوونیی، بەوەی کە ڕووی داوە ڕاستەوخۆ پاش تەقینەوەی مەزن لەو چرکەساتانەی بە هەڵئاوسان، یاخۆ فرەوانبوون دەناسرێت، ئەوەی بۆ یەکەمین جار لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو دوو زانای فیزیایی ئالن گەت (Alan Guth) و ئەندرێی لیند (Andrei Linde) پێشبینییان کرد. لە کاتێکی بەشێک لە تریلیۆنی چرکەیەکدا قەبارەی گەردوون چەندان جاری یەک بەدوای یەک فرەوانبوونی بەخۆوە دیت، بە خێرایییەکی گەلەک زۆرتر لە خێرایی تیشک.

2- پێکبەندی کوانتەمی (Quantum entanglement)

بۆ ئەم دیاردە ناوازەیەش کاکو دەڵێت: بەگوێرەی بیردۆزی کوانتەم، ئەگەر دوو ئەلیکترۆنی لە یەکەوە نێزیکمان هەبێ، ئەوا بە لەرینەوەیەکی ڕێک کاریگەرییان لەسەر یەکدی دەبێت، هەر دەمێک هەوڵ بدەین ئەو دوو ئەلیکترۆنە لێک دوور بخەینەوە بۆ دوورییەکی سەدان، یاخۆ هەزاران ساڵی تیشکیش، دەبینین پێکبەندی لە نێوانیاندا دەمێنێت، جووڵە و لەرەی یەکیان وا لەوەی دیکە دەکات ڕاستەوخۆ هەستی پێ بکات، مەبەست لە وشەی ڕاستەوخۆ ئەوەیە پێوەندییان بەیەکەوە هاوکاتەکییە، واتە بەبێ ڕەچاوکردنی کات و دووری نێوانیان.
ئەینشتاین وای بۆ دەچوو ئەمەیان بیرۆکەیەکی شێتانەیە، چونکە هیچ دیاردەیەک ناتوانێت خێرایی تیشک تێ بپەڕێنێت، بۆیەش بەگاڵتەپێکردنەوە ناوی دەنا بە کاری لە دوورەوەی تارمایییەکی (spooky action at a distance).
پێکەبەندی کوانتەمی بابەتی تۆژینەوەی سێ زانا بوو، ئەینشتاین (Albert Einstein) و پۆدۆلسکی (Boris Podolsky) و ڕۆزن (Nathan Rosen)، ئەوەی ناسرا بە دژیەکی ئپڕ (EPR paradox)، بەڕای ئەم زانایانە، پێکبەندی تەنۆلکەکان هەرگیز ڕوو نادات و کارێکی ئەستەمە و دژی سروشت و بنەمای هۆیەتییە، بەمەش ناتوانین میکانیکی کوانتەم بە زانستێکی تەواو هەژمار بکەین. لەڕاستیدا ئەینشتاین و هاوڕاکانی بەهەڵە خرانەوە، چونکە پێکبەندی بەکردارەکی لە چەندان ئەزموونگەی جیهانیدا سەلمێندرا.

3- کونە کرمییەکان (Wormholes)

لەبەرئەوەی زانیمان هیچ شتێک نییە خێرایی تیشک تێ بپەڕێنێت، کەواتە ئەگەر لە ڕوانگەیەکی ئاسایییەوە سەرنج بدەینە فڕین و خێرایی کەشتییە مووشەکییەکان، دەبێ گەشتکردنی نێوان ئەستێرەکان هەتاهەتایە لەبیر بکەین.
هەرچەندە ئەینشتاین بە بیردۆزە ڕێژەیییە تایبەتییەکەی بەتەواوی بێهیوای کردین بۆ ئەو جۆرە گەشتانە، بەڵام بە بیردۆزەکەی دیکەی ناسراو بە بیردۆزی ڕێژەیی گشتی لە ساڵی 1915دا جارێکی دی هیوامانی ژیاندەوە. ئەو دەمەی ڕێژەیی تایبەتی بارستایی و وزەی لێکگرێ دا، هاوکات رێژەیی گشتی هات و کات و شوێنی یەک کرد. کاکو لەبارەی ئەمەوشەوە دەبێژێت: تاکە شێواز بۆ تێپەڕبوونمان لە بەربەستی تیشک، لەڕێی بیردۆزی ڕێژەیی گشتی و نوشتاندنەوەی شانەی کاتشوێنەوە دەبێت. هەر ئەم نوشتاندنەوە و چەمانەوەیەیە ناومان ناوە بە کوونی کرمیی، ئەمەش شتێکە بە تیۆریی بوارمان پێ دەدات خێرایی تیشک ببەزێنین و بە کاتێکی یەکجار کەم بۆ شوێنێکی گەلەک دوور بڕۆین لە گەردووندا.
زانای فیزیای تیۆریی کیپ تۆرن (Kip Thorne) لە ساڵی 1988دا بە پشتبەستن بە هاوکێشەکانی ئەینشتاین لە بیردۆزی ڕێژەیی گشتی، پێشبینی بوونی کوونە کرمییە هەمیشە و هەتاهەتایە کراوەکانی کرد کە دەشێ دەست بدەن بۆ گەشتە ئاسمانییەکانمان. بۆ ئەوەش بتوانین لەو کوونانەوە تێ بپەڕین، پێویستمان بە جۆرە ماددەیەک دەبێ خاوەنی چەند ڕەفتارێکی ناوازە و نائاسایی بێت، تا بکارێت جێگیریی کوونەکان و کرانەوەی بەردەوامیان بپارێزێت. تۆرن لە کتێبەکەیدا لەژێر ناوی زانستی نێو ئەستێرەکان (The Science of Interstellar) دەڵێت: ڕاستییەک تەواو سەرساممان دەکات ئەوەیە، خۆشبەختانە ئەمڕۆکە بە بوونی یاسا سەیر و سەمەرەکانی فیزیای کوانتەم ئەو ماددە نائاسایییانەمان لەبەر دەستن، بەکردارەکیش لە ئەزموونگەکاندا بەبەرهەم هاتوون، بەڵام بە ڕێژەیەکی یەکجار کەم.
کاتێک تۆرن بیردۆزەکەی دەربارەی جێگیریی کوونە کرمییەکان پێشکێش کرد (ساڵی 1988)، داوای لە کۆمەڵگەی فیزیایی کرد بۆ یارمەتیدانی لە دیارکردنی ئەگەری بەدەستهێنانی بڕێکی زۆر لەو ماددە ناوازانە کە بەڵگەن لەسەر بوونی کوونە کرمییەکان لە گەردووندا. تۆرن دەبێژێت: ئەم داوایەم بووە هاندەرێکی بەهێز بۆ ئەنجامدانی تۆژینەوەی زیاتری زاناکانی فیزیا، هەرچەندە پتر لە 30 ساڵ بەسەر ئەو بابەتە تێپەڕ دەبێت و هەتا ئێستە هەر چاوەڕێی وەڵامین، بەڵام دیسانەوە گەلەک دوورین لە بڕیاری کۆتایی و یەکجارەکی بۆ وازهێنان لەو بابەتە.

4- تیشکەکانی چێرێنکۆڤ (Cherenkov radiations)

ئەو دەمەی تەنێک خێرایی دەنگ تێ دەپەڕێنێت ئەوا تەقینەوەیەکی دەنگدار دروست دەکات، لە ڕوانگەیەکی تیۆرییەوە هاوشێوەی ئەمە جۆرە تەقینەوەیەکی تیشکیی ڕوو دەدات کاتێک شتێک خێرایی تیشک دەبەزێنێت.
لەڕاستیدا ئەم دیاردەیە ڕۆژانە لە چەندان شوێنی دیارکراوی جیهاندا دەبیندرێت و دەتوانین بەچاوی خۆمان لێی بڕوانین، ئەوەی بە تیشکی چێرێنکۆڤ دەناسرێ و بە شێوەی تیشکێکی شینی درەوشاوە لە کارلێککەرە ناوکەیییەکان بەدەر دەکەوێت. ناونانی ئەو تیشکانە بۆ بەرزنرخاندنی کارەکانی زانای سۆڤیەتی پاڤڵ چێرێنکۆڤ (Pavel Cherenkov) دەگەڕێتەوە، ئەوەی لە ساڵی 1934دا بۆ یەکەمین جار توانی پێوانەی بکات، بەم دۆزەوەیەش خەڵاتی نۆبڵی فیزیای ساڵی 1958ی پێ بەخشرا.
تیشکەکانی چێرێنکۆڤ دەدرەوشێنەوە لەبەرئەوەی چەق و ناوەڕاستی کارلێککەری ئەزموونی پێشکەوتوو (Advanced Test Reactor - ATR)، لە ئاودا نوقم دەکرێت بە مەبەستی ساردکردنەوە، لەم نێوەندەدا تیشک بە خێرایی 75%ی خێراییەکەی لە بۆشایی ئاسمان ڕێ دەکات، کەچی ئەلیکترۆنەکانی لەناو کارلێککەرەکەدا سەرهەڵ دەدەن، خێراییان زیاترە لە خێرایی تیشک لەناو ئاودا. بە تێپەڕبوونی تەنۆلکەکانی لە جۆری ئەلیکترۆنەکان لە ئاودا، یان لەناو نێوەندەکانی دیکەی هاوشێوەی شووشە، ئەوا دەبنە هۆی دروستکردنی شەپۆلێکی بەهێز لە بەرتەک دانەوە، وەک ئەوەی لە بڕینی بەربەستی دەنگەوە دێتە کایەوە.
بۆ نموونە، کاتێک موشەکێک لە هەوادا ڕێ دەکات، هەڵ دەستێت بە بەرپاکردنی شەپۆلەکانی پەستان لەپێش خۆیدا کە بەخێرایی دەنگ لێی دوور دەکەونەوە. واتە چەندەی موشەکەکە لە بەربەستی دەنگ نێزیک دەبێتەوە، هێندەی ئەوە شەپۆلەکان پێویستیان بە کاتی کەمترە بۆ دوورکەوتنەوە لە موشەکەکە، هەر دەمێک موشەکەکە گەیشتە خێرایی دەنگ، شەپۆلەکان کەڵەکە دەبن و شەپۆلێکی بەهێزی بەرتەک دانەوە لەپێشیاندا پەیدا دەبێت و تەقینەوەیەکی خاوەن دەنگێکی بەرز بەبەرهەم دێت.
هەمان دیاردە ڕوو دەدات کاتێک ئەلیکترۆنەکانی خێراتر لە تیشک لەناو ئاودا دەجووڵێن، شەپۆلێکی تیشکیی دروست دەکەن لە شێوەی تیشکێکی شین، یاخۆ هەندێ جار تیشکی ژوور وەنەوشەیی. ئاشکرایە ئەو ئەلیکترۆنانە لە ئاودا خێراییان لە خێرایی تیشک تێپەڕ دەبێت، بەڵام لە سروشت و بۆشاییدا هەرگیز ناتوانن خێرایی تیشک ببەزێنن.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە