جەمال تاهیری شەهیدی تێکۆشەر و مامۆستام یان ئەشکەنجەدەری منداڵیم

Monday, 20/03/2023, 15:18

4862 بینراوە


(چەند لاپەڕەیەك لە یادەوەریەکانم)


پاش ڕێکەوتنی ١١ی ئازاری ١٩٧٠ نازانم بە چ هۆکارێك بوو باوکم وەکو ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی لقی چوار وازی لە کاری حیزبی هێنا و لە کارگەی چیمەنتۆی سەرچنار وەکو بەڕێوەبەری فرۆشتنی چیمەنتۆ دامەزرێنرا.
ئەگەرچی باوکم بڕوانامەی شەشی سەرەتاییشی نەبوو، هەرچەندە پارتیی لە پارتی پێدیادا وەکو درۆی هەمیشەییان نووسیویانە، کە ئیسماعیل عارف قۆناغی ئامادەیی تەواو کردووە!.)، بەڵام راستییەکەی ئەوەیە، کە باوکم بەهۆی ١١ ساڵ زیندانیی، توانیبووی چەند زمانێکی وەکو عەرەبی و ئینگلیزی فێر ببێت و لە بواری ژمێریاری شارەزاییەکی باش بەدەست بهێنێت. بۆ ئەوەش دەبێت سوپاسگوزاری ئەندامانی زیندانکراوی حیزبی شیوعی ئێراقی بێت، کە زۆربەیان کەسانی بەتوانا بوون و پۆلی خوێندنی جیاوازیان لە زیندانەکانی ئەبو غرێب و نوگرەسەلمان بۆ کردبوونەوە و بە بێ گرنگیدان بەوەی کێ سەر بە چ حیزب و لایەنێكە وانەیان پێ دەگوتنەوە.
 پاش وەرگرتنی ئەو پۆستە باوکم لە سەرچنار لە لایەن کارگەی چیمەنتۆوە خانویەکیان پێدا، منیش لە قوتابخانەی سەرچناری سەرەتایی دەمخوێند. ئەگەرچی باوکم ڕاستەوخۆ کاری حیزبی نەدەکرد، بەڵام وەکو بەرپرسێکی ڕابردوی دیاریی ناو پارتی، بە لایەنگرێکی سەختی بارزانی تێدەڕوانرا و لەراستیشدا هەر بەو شێوەیە بوو.
لە قوتابخانەی سەرچنار لە پۆلی پێنجی سەرەتایی دەمخوێند و تەمەنم ١١ ساڵان بوو. سەبارەت بە مامۆستایانمان وەك زۆربەی مامۆستایانی ئەو سەردەمە، کەسانی توند، تا ئاستی درەندەیی و ترسێنەر مامەڵەیان لەگەڵ قوتابیاندا دەکرد. لە یادمە یەکێك لەو مامۆستایانەم بەناوی (مامۆستا نەزیف) چەند جار تەنیا لەسەر پژمین، کە پزمین لەدەستی مرۆڤدا نییە، زللەی توند و لێدانی پر لە ئازارم خواردووە!. 
یەکیكی دیکە لە مامۆستایانی تر، کە وانەی بیرکاریی پێدەگوتینەوە، بە داخەوە ناوەکەییم لە یادنەماوە لە ئەشکەنجەدانی قوتابیەکانیدا داهێنانێکی زۆر تایبەتی کردبوو، لەگەڵ بچوکترین هەڵەماندا بە ڕاکێشانی لاجەنگ بەرزی دەکردینەوە، وەك ئەشکەنجەدەرێکی پیشەیی مامەڵەی لەگەڵدا دەکردین. 
مامۆستایانی تری هەمان قوتابخانەی سەرچنار، کە کەسایەتی سەرەکی بابەتەکەمە تاکو ئەمڕۆ بە هۆی ناسراوی خۆی و ناوهێنانی بەردەوامی خۆی و کوڕەکانی، کە بونەتە میراتگری ڕابردوی سیاسی باوکیان، لە میدیا و تۆرە کۆمەڵایەتیەکاندا پیشان دەدرێت، ڕوخسار و مامەڵەی هەمیشە لەگەڵمایە و لەیاد ناچێتەوە. ئەو مامۆستایەش کەسایەتییەکی ناسراوە بە ناوی مامۆستا جەمال (شەهید مامۆستا جەمال تایەر)، مامۆستا جەمال یەکێك بوو لەو جەلالیانەی، کە لە ڕێکەوتنی ١١ی ئازار وهەڵوەشاندنەوەی باڵی جەلالی وەك هەموو بەرپرسو ئەندامان و لایەنگرانی ئەو باڵە کاریگەریەکی گەورەی لەسەر کردبوو.
مامۆستا جەمال زۆر جار بە شێوازی ئاسایی مامۆستایەکی ئەو سەردەمە لێی دەدام، بەڵام بە بەراورد بە قوتابیەکانی ترهەستم دەکرد هەندێك جار لێدانەکانی توند تر و بە قینتر و زۆر زیاتر بوون. جارێك بەتەواویی ئازاری دابووم و دەست و شانم شوێنەواری لێدانەکانی پیوە دیاربوون، بە ڕێکەوت لە وەشاندنی یەکێك لە دارەکانی، دارەکە بەر کاتژمێرەکەی دەستم کەوت و بەتەواوی تێكی شکاند، ئەگەرچی هەوڵم دا ئەمە لە باوکم بشارمەوە، بەڵام دوایی زانی و بینی کاتژمێرەکە لەدەستمدا نەماوە، پرسیاری لێکردم کە کوا کاتژمێرەکەم؟ ناچار منیش بۆ باوکم باسکرد، کە مامۆستا جەمال لە کاتی لێداندا، کاتژمێرەکەی شکاندووە، هەروەها ئەوەشم بۆ باس کرد، کە بەردەوام بە بیانوی ناڕەوا لێم دەدات و ڕۆژانە بیانوم پی دەگرێ و جنێوم پێدەدات. پاش ئەوەی باوکم کاتژمێرە شکاوەکەی بینی، پرسیاری زیاتری دەربارەی مامۆستا جەمال لێکردم. پاش چەند ڕۆژێك نامەیەکی دامێ بۆ بەڕێوەبەری قوتابخانەکەمان، پاشان زانیم داوای لێکردووە مامۆستا جەمال بنێرێت بۆ ماڵەوەمان و لەگەڵیدا قسە بکات. کاتێك مامۆستا جەمال هات زۆر هێمن بوو لەبەر دەمی باوکم، ئەوەندە تێگەیشتم، کە ئەم دووانە وەکو مەلایی و جەلالییەك ناڕێکی و کێشە و ڕقی زۆریان لە نێواندایە، هەستم دەکرد مامۆستا جەمال زۆر بە ئارامییەوە گوێگری قسەکانی باوکم بوو، لە ئاست باوکم سەرکز و بێدەسەڵات دەهاتە بەرچاوم. باوکم لە کۆتایی ژووری میوانەکەمان و مامۆستا جەمال لە خوارەوەی ژوورەکە و نزیك دەرگاکە دانیشتبوو. چاک لەیادمە باوکم بە توڕەییەوە و هەندێك جار بە هێمنی و بە ڕێزەوە پێی دەوت: مامۆستا ئەگەر کێشەی حیزبایەتی و ناکۆکی حیزبایەتیتان هەیە بەو منداڵەی مەڕێژە و ... هتد.
دوای ئەوە منیان بانگ کرد و منیش سەری خۆم کزکردبوو نەمدەزانی لە نێوای ئەم دوو خوایەمدا چی بڵێم و چی بکەم!
پاش ئەو چاوپێکەوتنەی باوکم و مامۆستا جەمال، هەستم دەکرد ئیتر رەفتاری لەگەڵمدا ئاسایی بۆتەوە و لە منداڵەکانی تر زیاتر بەرامبەرم لێبوردەبوو، دوورنییە ئەوەش ترس و سڵەمینەوە لە باوکم نەبووبێت، چونکە باوکم کەم تا زۆر بە نەرمی و بەڕێزەوە لەگەڵی دەدوا و کاتێك جێیهێشتین تاکو دەرگای دەرەوە و سەرشەقامەکەش لەگەڵیدا هات و بەڕێی کرد. من لەو باوەڕەدا بووم، کە ئەو نەرم و هێوربوونەوەی مامۆستا جەمال ئەوەشیان بووبێت، کە هەستی بە نارەوایی و کردارەکانی پێشووتری خۆی کردبێت بەرامبەرم.
 چەندین ساڵ بەسەر ئەم رووداوانەدا تێپەری، گەورەتر بووم و منیش بوومە یەکێک لە ئەندامە چالاکەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان، هەمیشە بووبوومە جێگای پرسیار و سەرسامی ئەوانەی سەرەوەی خۆم، بۆیە کە مامۆستا جەمالم دەبینی لە ڕادەبەدەر ڕووخۆش و دۆستانە مامەڵەی لەگەڵمدا دەکرد، دەوەستا و باس وخواسی هەمە جۆرەی لەگەڵمدا دەکرد، بە ڕێزەوە دەستی دەگوشیم، لەیەکتری جیادەبوینەوە ئەملاو ئەولای ماچ دەکردم و خواحافیزی لێم دەکرد. منیش لە بەرامبەرەوە هەمیشە هەستم بە پەشیمانی دەکرد، کە بە منداڵی لای باوکم ‌سکاڵام لێکردووە و توشی ئەو شەرمەزارییەم کردبوو. 
پاش ئەوەی مامۆستا جەمال شاری بەجێهێشت و چووە شاخ بۆم دەرکەوت، کە بەرپرسی سەرکردایەتی شاری سلێمانی کۆمەڵەی ڕەنجدەران بووە. بێگومان ئەو کاتە من بەرپرسی پۆل و ئەندامی کەرت بووم، لە نێوان هەردوکماندا تەنیا بەرپرسی کەرتمان لە نێواندا بوو، ئەو لەسەروی منەوە بووە، هەڵبەت منی ناسیوە و ئاگاداری ووردەکاریەکان و هەڵوێست و چالاکیەکانم بووە، بە بێ ئەوەی من کەمترین زانیرییم هەبێت، کە ئەو کاری ڕێخراوەیی دەکات و بەرپرسی کۆمیتەی سەرکردایەتی شارەکەمانە . 
تاکو ئەمڕۆ کە باسی مامۆستا جەمال تاهیر دەکرێت، لە ناخی دڵمەوە ئەو پرسیارەم لە لا دروست دەبێت و دەپرسم: بۆچی ئەو کاتە سەرباری منداڵیم ئاوا بێبەزەییانە ڕەفتاری لەگەڵمدا دەکرد و بۆچی پاشان کە لاوێکی پێگەیشتوی سەرو بیست ساڵی بووم ئاوا بە سۆزەوە ئەملاولای ماچ دەکردم و مامەڵەی لەگەڵما دەکرد؟ بە دڵنیاییەوە قینەکانی بۆ مەلایی بوونی باوکم و خۆشەویستیەکەی بۆ بیروباوەڕی دوایی خۆم بوو!
تەواوی ئەم رەفتارانە جگە لە ڕەنگدانەوەی کەسایەتی و دڕندەیی ئەو مامۆستایانە و نەبوونی زانستی پەروەردەیی و هەندێك جاریش کێشەی دەرونی خۆیان و کێشەی حیزبی نادروست و پڕلەقین، ناکرێت کە بە شتێکی تر لێکدانەوەیان بۆ بکرێت. 
پاش تێپەربوونی نیوسەدە لەو ڕووداوانە، ئیستا و بەردەوام لە خۆم دەپرسم، کە نازانم چۆن لە مامۆستا جەمال تاهیر بڕوانم؟
ئایا مامۆستا جەمال ئەشکەنجەدەرێکی دڕندە بوو بەرامبەر بە منداڵێکی بێئاگا، کە لە سەر کێشە حیزبایەتیەکان، ئاوا رەفتاری لەگەڵ کوڕی مەلاییدا دەکرد؟ یان کەسێکی پڕ لە ڕێز و سۆز و خۆشەویستی بوو، کە دواییش بۆی دەرکەوت، ئێستا ئەو منداڵە گەورە بووە و وەکو خۆیان بیردەکاتەوە ؟!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە