گوندێك هەبوو کە کرابووە دوو بەشەوە

Monday, 06/11/2023, 22:23

795 بینراوە


لە سەرو تەنها سەرچاوەیەکی ئاوی هەبوو(چاوگی بارزانی)،لە خواروش بەهەمان شێوە دانەیەک هەبوو(چاوگی تاڵەبانی).
هەردووك سەرچاوە دەستکردو خاوەنداربوون،خاوەنی چی؟! بێ ویژدانو زۆردارو ستەمکار لە هەمان کاتدا بەهێزو پڕچەك،بەڵام سەرچاوەکان!،هەردووك سەرچاوە پیسو ناڕوونو لێڵو بۆگەن کە کەڵکی خۆشتنیشی نەبوو چجای خواردنەوە!
ئەم دوو چاوگە لەوەتەی درووستکراون لەلایەن باوکو باپیریانەوە کە بە میراتی بۆیان ماوەتەوە هەر لێڵو پیسو بۆندارو تامداربوون!
ئەوەی نەهامەتیبوو هەموو ماڵێك لەم گوندە سەرچاوەی ئاوی بۆ ڕاکێشرابوو لەلایەن چاوگی ئاوی زۆنەکەیەوە.

ئەی باشە دانیشتوانی ئەم گوندە نەیاندەزانی ئەم ئاوە شیاوی بەکارهێنان نییە؟

با!،بگرە چەندینجار گردبوونەوەو خۆپیشاندانیان کردبوو دژی ئەو وەستایەی ئاوەڕۆو بۆری ئاوی گوندەکەی بەستبوو،بگرە بەردەوام باس باسی ئەو ئاسنگەرەبوو کەوەستای تەنکی ئاوەکانبوو.
 دایمە خەڵکی ئەم گوندە دەمیان ئەکردەوە قسەی نەشیاویان بە وەستای بۆری ئاوو وەستای تەنکی سەربانو هی بەلۆعەو،کورە لەم دوا دواییانەوە فێربوبون جنێویان بەو کارگەی ئاسنە ئەیا کە بەرپرسبوون لە بەرهەم هێنانی ئاسن بۆ وەستای تەنکی و وەستای بۆریو بەلۆعەی ئاوەکەیان!،پێیانوابوو کێشەی ئاوی گوند ئەوانن.

جارێ کەسێکی بەناو بیرمەندی بەحساب فەیلەسوف هەبوو کە لە سەرو دەژیا

جنێوی بە دارو بەرد ئەیا!،چ دەم پیسێکبوو؟!،ئیمانی بەلۆعەچی و بۆریچیو تەنکیچی دەرهێنابوو بە جنێوو توانجو ڕەخنە!
کەچی کە دەهاتە سەر بابەتی شیاویو نەشیاوی ئاوی چاوگی بارزانی!
فەیلەسۆف چاویلکەی دادەناو هەردەستاوە سەر پێو دەستی بە سنگیوە دەناو دەیگۆۆ:"قوررربانی بارزانیبم کە نەیهێشتییە خەرک لە تێنەتییان بخنکی″

میلەتی گەڕو چڵکنو تینوو ئەوە فەیلەسوفەکەیانبوو!

هەرچی بەناو بیرمەندی زۆنی سەروبوو نەفرەتیان لە خواروو دەکرد کە چ بۆگەناوێك دەخۆنەوەو پێشی دەڵێن ئاو!،بۆخۆشیان بۆگەناویان دەخواردەوە!
بەناو ڕۆشنبیرانی خوارووش لەسەر هەمان هۆکار جنێوو سوکایەتیان دەکرد بەوانەی سەروو!(وەك ئەوەی خۆیان کە دەنگیاندایە حەوتسەدو سی ئاویان بۆکرا بە بیبسی!)،داماوانە ئاوەکەشیان چڵکاوبوو!
ئەم ململانێیەی سەروو خواروو لەسەر دوو چڵکاوکە وایکرد کە لەڕووە کۆمەڵایەتییەکەوە ناتەبایی درووست ببێت لەنێوان کۆمەڵگای سەروو خواروودا.
وە بەهۆی ئەم دوو چاوگەوە
زۆرێك دەمردن!،زۆرێك نەخۆش دەکەوتنو تەنانەت گەڕ دەبوون!
بەڵام لە هەمووی سەیرتر دوو میراتگری دوو چاوگەکە بەردەوام کە خەڵک هاواری لێ هەڵدەستا بەهۆی مردنی کەسێکەوە یان گەڕبوونی کەسێکی نوێوە،یەکسەر بە پەلە کۆدەبوونەوەو مشەوەش دەبوونو خەڵکیان لە گوندەکە کۆ دەکردەوەو زۆر بە کاریگەریو بە حەماسەوە دەیانگووت:″ڕێگا بە هیچ کەسێك نادەین ئاوی ئەم گوندە پیس بکاتو بۆنو تامی ئاوەکە تێکبات،لەکەسی قبوڵ ناکەین ئاوی پیس دەرخواردی دانیشتوانی ئەم گوندەبات!″.
وەك ئەوەی میراتییەکەی ئەوان سەرچاوەی پیسی نەبێت!،پیسی ئەم چڵکاوە لە ڕادەیەکدابوو کە بۆریو تەنکیو بەلۆعەکانیشی پیس کردبوون!
کەچی بەوپەڕی ڕوو قایمیەوە خۆیان بەری دەکرد لە قوربانیانی دەستی چڵکاوەکانیان!
ئەمەیە ڕوو قایمی؟!
 خۆ چەندین پسپۆڕی بیانی لە بواری چاوگی ئاوی هاتبوونە ئەم گوندەو پاش تاقیکردنەوەی ئاوی هەردوو سەرچاوە دەگەڕانەوە ناوچەکانیانو دەیانگووت:″ئاوی ئەم گووندە کەڵکی خواردنەوەی نییە،هۆشداری دەدەینە هاووڵاتیانی بەڕێز کە گەشت نەکەن بۆ ئەم گوندە لەبەر سەلامەتی گیانی خۆیان″.
کەچی میراتگری چاوگی سەروو دەیگووت:″شۆرو گوندۆنی درۆوسێ ئۆگۆدۆر دەکێینەوەو دڵنیۆیۆن دەکێینەوە کە ئۆوی گوندەکەمۆن شیۆوی خوۆردنەوەیەو بڵۆو کردنەوەی ئەم پڕوپۆگەندۆنە کۆری خیۆنەتکۆرۆنە″.

دیاربوو کە مەبەستی لە وشەی (خیانەتکاران)  ئامۆژگاریکەرەکانبوون.

چوونکە لەم گووندە تاکە تاکە ″ئامۆژگاریکەر″هەبوون ڕاستەوخۆ دژ بە سەرچاوەی بارزانی و تاڵەبانی قسەیان دەکردو بەلۆعەچیو بۆریو تەنکیچییەکانیان بە هۆکاری دووەمی کێشەکان دادەنا،چوونکە لە بنچینەدا ئەوان(بۆریچیو تەنکیچی و بەلۆعەچی)ەکان تەنها هۆکارێکبوون بۆ گەیاندنی ئاوەکە،تاوانی  ئەوان گەیاندنو بڵاوکردنەوەی ئاوی پیسبوو بەناو خەڵکیداو بانگەشەکردنبوو بۆ ئاوێکی پیس،ئەگەرنا ئەوان لە ڕاستییا پیسییان لە دوو چاوگەکەوە بۆ مابوەوەو هۆکاری یەکەم نەبوون.
وە بە خەڵکی چڵکنی گوندیان دەگووت: با قسەی باقو بریقی دوو میراتگرەکە هەڵتان نەخەڵەتێنێ!،سەرچاوەی پیسی ئاو لە چاوگەکانی ئەوانەوە سەرچاوەی گرتووەو شۆڕ بووەتەوە بۆ بەردەستەکانیان کە بە بۆریو بەلۆعەو تەنکی دەیگەیەننن بە ئێوە
باوەڕ بە خۆ بەری کردنیان لە قوربانیان مەکەن،بۆ؟
چوونکە...
-گەر لە زۆنێك تەنها یەك سەرچاوەی ئاوی لێبێت،مانای وایە هەموو ماڵێك لە دانیشتوانی ئەم زۆنە هەمان ئاو دەخۆنەوە.
کەوایە لۆژیك نییە ئاوی سەرچاوەکە پاک بێت کەچی ئاوی ناو تەنکی ماڵەکان پیسبێت!
-گەر ئاوی پیس لە تەنکی ماڵانبێت مانای وایە سەرچاوە ئاوییەکە پیسە.
-گەر سەرچاوە ئاوییەکە پاکە بۆ هەر ڕۆژەو کەسێك گەڕ دەبێو دەمرێو سەبەبکارەکەشی دیار نییە؟
((لە هەرشوێنێك کەسێك کوژراو بکوژەکەی نەدۆزرایەوە،ئەوە بزانن دەستی دەسەڵاتی لە پشتە))″نێڵسن ماندێلا″
دەی ڕۆژێکمان پێ بڵێن کە کەسێک بەهۆی خراپیو پیسی ئاو نەخۆش نەکەوتبێ یان نەمردبێت؟!
کوا کێ بەرپرسە؟! ،کوا بۆریچیو تەنکیو بەلۆعە چییەک بهێنن سزا درابێت لەسەر ئەم کەیسی چڵکاوەی کە بە ئاو بە ئێمەی دەفرۆشن!
وە ئامۆژگاری خەڵکیان دەکرد کە بەدوای سەرچاوەیەکی خاوێن بگەڕێن وە لە هەوڵدابوون بۆ دۆزینەوەی ئاوێك کە شیاوی خواردنەوەبێت.
بەڵام چەندین لەمانە تیرۆر کران (لەلایەن خاوەنانی دوو چاوگەکە)کە لە هەوڵدابوون بۆ سەرچاوەیەکی خاوێن،وە هەندێکیشیان بە تۆمەتی خیانەتکارو تیرۆرست بەبێ دادگایی زیندان کران،هەندێکیشیان هەڵهاتنو گوندە کاولبووەکەیان جێهێشت.
بەڵام لەناو ئامۆژگاریکەرانو خەڵکی گوند مقۆ مقۆیەک هەبوو دەیانگووت گوایە لە زۆنی سەرووی گوندەکە  ئامۆژگاریکەرێکیان بەناوی س.ع  ڕفاندووە بردوویانەتە سەرچاوەی بارزانی لەوێ دیار نەماوە، بەڵام پاش بێسەروشوێنبوونی س.ع لە لەسەر چاوگی بارزانی ئاوەکە پیسترو لێڵتربوو تا ماوەیەکیش رەنگێکی سوورباوی هەبووە!

هەمان شتیش لە خوارو ڕویدابوو کەگوایە کاوە ناوێکیان بە هەمان دەردی س.ع بردبوو.

ئەمە بەشێکبوو لە میراتی دوو میراتگرەکە!
واتە کوشتنی ئامۆژگاریکەران هاوتا لەگەڵ دوو چاوگەکە هەردووکیان بە میراتی وەرگرتبوو لە باوکیان،وە کوشتنی ئامۆژگاریکاران  نهێنی مانەوەی چاوگەکانبوو بۆ نەوە دوای نەوە،ئەمە نهێنی مانەوەی بارزانی و تاڵەبانیبوو بۆ چەندین نەوە تا ببنە تاکە سەرچاوەی سەرەکی ئاوی گوندەکە. بەڵام ئێستە دانیشتووانی چڵکنو ستەملێکراوی گوندەکە وا شوێن فریادڕەسێک کەوتوون کە گوایە لە نێوان سەروو خوارووداو لە ناوەڕاستی گوندەکە  وەک ناڕەزاییو دژایەتییەک بۆ هەردوو چاوگە پیسەکە خەریکە بەدوای شوێنێکی گونجاو دەگەڕێت تا بیرێکی دەستی لێبات بۆ ئەو خەڵکە ڕەشو ڕووتەو تێر ئاویانکات. بەڵام ئەوەی زۆر نالۆژیکییە ئەوەیە کە ئامۆژگاریکەرەکان تەنها لەسەر قسەو ڕەخنە کوژرانو زیندانی کرانو ئەشکەنجەدرانو لە خاکیان وەدەر نران!،کەچی ئەم فریادڕەسە بە ئازادی لە سەروو دێتە خواروو دەشگەڕێتەوە!،بە ئازادی خەڵك کۆ دەکاتەوەو ڕەخنە لە ئاوی پیسی دوو چاوگ بگرە خاوەنەکانیشیان دەگرێت!، بە ئازادی بانگەشەی ئەوە دەکات کە لە نێوان هەردوو زۆن چاوگێکی خاوێنو نوێ دا دەمەزرێنێت نەک هەرخۆی بگرە لە ئێستەوە بەلۆعەچیو بۆریچیو تەنکیچی لەخۆی کۆ کردووەتەوەو ئامادەیکردوون!،کەچی میراتگرانی دوو چاوگەکەش وەک ئەوەی سەیری شانۆیی بکەن دانیشتوون بێ هیچ کاردانەوەیەك لە ئاست ئەم فریادڕەسە خۆیان کڕوکپ کردووە!
کوا لۆژیك؟!
بەداخەوە بۆ خەڵکی گوند کە کرانە شانۆکارێك لەو شانۆییەی کە دەرهێنەرەکەی دوو میراتگرکەبوونو ڕۆڵی فریادڕەسیان دایە خۆفرۆشێکی خۆیانو ڕۆڵیان بە ئێوەش گێڕاو لەکۆتاییشدا بێهیوایانکردن لە گەیشتن بە سەرچاوەیەکی خاوێن!
داخخخ بۆ ئێوە خەڵکی تینوو چڵکنو ستەملێکراوی گوندەکەمان،کە فریادڕەسە کارتۆنییەکەتان لە هەردوو چاوگی بارزانی و تاڵەبانییەوە بەژێر زەویدا بۆری ڕاکێشاوەو هەمان ئاوتان دەرخوارد ئەیاتەوە لەژێر ناوی چاوگێکی نوێوە دەتانکاتەوە موشتەری دوو میراتگرەکەو هیواتان لە ڕەگەوە دەر ئەهێنێو دەنگی ناڕازیشتان کپ ئەکات!
داخخ بۆ ئێوە کە تاهەتایە دەبێ ئاوێك بخۆنەوە کە سوور بووە بە خوێنی شەڕی براکوژیو ١٦ی ئوکتۆبەرو ٣١ی ئاب!.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە